په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠٢٤

نۆڤیلێتی سارا، نوقڵانەی شێوە فۆڕمێکی تر لە نووسینی ''بەکر ئاڵەیی''دا.


ئەرسەلان مەحمود    


لەخوێندنەوەی نۆڤیلێتی 'سارا'دا زۆر هەوڵمدا خۆ لەهاوڕێیەتی یا نزیکی و ناسکردنی نووسەرەکەی بەدور بگرم، بەڵام پێکداچونە زۆرەکانی نێوانیان هەوڵەکەمی قورستر کرد، 'بەکر ئاڵەیی' هەر خۆی نۆڤیلێتێکە جوان، رۆمانێکە سەرنجڕاکێش، ئەدەبێکە ئاست بەرز، دوانەیەکی دەرونسازی پێکەوە لکاوو بەیەکەوە گریدراون.

• نۆڤیلێتی سارا .
هەڵبەتا نۆڤیل'ـێت بەزاراوە، ئینگلیزییەو بەئیتالی'ـش دەبێت بە'نۆڤیلا' کە بەرەچـەڵەک لاتـینیـیەو بەواتای 'نوێ' دێت، وشەی 'رۆمان'ـیـش بەڕەگەز فەرەنسییەو لەئێستادا بەشێکی زۆر لەزمانەکانی جیهان بەزمانی کوردیشەوە، ناوی ئەم ژانرە ئەدەبییە پتر هەر بە'رۆمان' دەهێنن کە لەرابردووی دووردا وەک ئاماژە بۆ کورتە چیرۆکی خۆشەویستی و پیلانگێڕی بەکاربراوەو لەڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بووە بەگرینگترین و بەناوبانگترین ژانری ئەدەبی.

ئەگەرچی ویستی رۆمان هەمان ویستی نۆڤیلێت نیە، نۆڤیلێت خواستی ئەو شتانەی نیە رۆمانێک دەیخوازێ، خواستی رۆمان هێنانە ئاراوەی دونیایەكە هاوتەریبی دونیای ئێستا بێت، نۆڤیلێت لەو پانتایی و ڕوبەرە سنوردارەی هەیەتی هەرچەند ناوەناوەش گەر مەیلی تەجاوزێک بکات دواجار ئەو هێزو وەزەیەی نیە، نۆڤیلێت لەهەناوی شتەکانەوە وێنە دروستدەکات و رۆمان لەودیوی شتەکانەوە.

نۆڤیلێتی سارا' کە لەنیوەی دووەمی٢٠٢٠ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، هەمان ئەو تێگەیەی سەرەوە، لەخۆیدا بەرجەستە دەکات، هەر وەکچۆن هەندێجاریش مەیلی ئەو بازدانەی تیادا بەدی دەکرێ بەڵام هێندە ناڕوا دەگەڕێتەوە شوێن و پێگەکەی خۆی.

نۆڤیلێتی سارا، بەدیالۆگێک دەست پێدەکات کە نەکاتەکەی دیارەو نەشوێن، دیالۆگێک لەنێوان دوو کارەکتەردا بەدوو کەرەستەی جیا بەڵام بگۆڕ لەڕوبەڕوبوونەوەی تاریکیدا، با بەیەکەوە ببینین و بزانین وێڵگەی ئەم نۆڤیلێتە چییەو بەرەو کوێمان دەبات.

سارا، ئەم نۆڤیلێتەی 'بەکر ئاڵەیی' لە'١٨٩' لاپەڕەی قەبارە مامناوەندو 'دە' بەش پێکهاتووە، هەر بەشێکیشی چەندان دیمەن و تابلۆی شیعری و هونەری تەواوکاری لەخۆی گرتوە، تەواوی رەگەزەکانی چێژو خۆشی، فانتازیاو جوانی، قوڵبونەوەی ئەندێشەو پانتایی هونەری، شۆڕش، تراژیک، ئەفـسوونی مناڵی و هەرزەکاری لەخۆ گرتووە، وردو عاشقانەیش بەزمانێکی شیعری، کێشەکانی ژن و ژیان لەقۆناغی تاریکە سەڵاتی زەمەنێک لەململانێی نێوان باش و خراپ، شەڕو ئاشتی، هیواو خەونەکانی مرۆڤ شەن و کەو دەکات.

نۆڤلێتی سارا، هەندێجار خوێنەر تا ئەوسەری روانین دەباو لەو جەنجاڵی و بێماڵێ و بێماناییەی ئەمڕۆ بەهەر هۆیەک بووە تێیکەوتووە دادەبڕێ و دەیخاتەوە ناو گەڵاو گوڵ و چیاو چۆڵ و کانیاوە رون و سازگارەکان، سارا خۆمی مناڵی و خۆمی هەرزەکاری و ئەو ساتە سەرکێشیانەی خۆمئ بیر هێنامەوە وەک نووسەر خۆی دەڵێ منیش تەریقدەکەنەوە لەخۆم، خەسار! دەکرا بەرگێکی لایەق ترو کارێکی ناوازەی هونەری لەناوەوەیدا بۆ بکرایە.

نۆڤیلێتی سارا، زنجیرە رووداوێک یان زنجیرە چیرۆکێکی بەدوای یەکدا لەخۆیگرتووە، لەدوو توێی باسکردن لەژیان و عەشقێکی ناکامدا رۆژانی شۆڕش و ژانگرتوو بەخوێندنەوەی کتێب دەهێنێتەوە بەر قسان، سارا کارێکە پتر بەرهەمی ئەزمون و خەیاڵ و خوێندنەوەو تێگەی نووسەر، دەتوانم بڵێم ئیلهامی نووسینی پتر لەسەرچاوەیەکەوە وەرگیرابێ کە سەرەکیترینیان خەیاڵە.

خەیاڵ رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لەنەخش و داڕشتنی هەموو روداوکانی ناو نۆڤیلێتی سارادا هەیە کە لەیەککاتدا هەم گوزارشـت لەزیهنیەت و هزرین و روانینی نووسەر دەکـەن هەم ئاست باشییەکەیشی لەبەرجەستەو وێناکردندا دەردەخەن.

بێگومان هەموو ئەمانە مانای ئەوە نین کە خەیاڵ، بیرۆکە، بابەت، گرێ، کەسایەتییەکان، کات، شـوێن، روداوەکان، زمان، شـێواز، دیالۆگ، وەسـف، گۆشەنیگا، شێوازی گێڕانەوەو زمانی گێڕانەوە لە'نۆڤیلێتی سارا'دا بێکێشە تێپەڕیانکردبێ، سارا کارەکتەری سەرەکی ناو نۆڤیلێتەکە هێندەی ئازار شکێنە ئەوەندە توخمێک نیە هەڵگری چارەسەری کێشەو ئاریشەکان بێ، مەیلی شکاندنی داب و نەریتە بـاوەکان و کاری لۆژیکبەدەرکاری کەمتر ئامادەییان هەیەو وەسف و گێڕانەوە زاڵترینن.

• پوختەی سەرنجەکان لەنۆڤیلێتی سارا دا.
بابەت/ ئەگەرچی یەکەیەکی بابەتی باش بوونی هەیەو خوێنەری زیندوو دەتوانێ لەبنەماو ئامانجی نۆڤیلێتەکە تێبگات، بەڵام زیاتر خولانەوەی نووسەر بەدەوری وەسفە سروشتییەکەی روداوەکاندا رەنگە خوێنەر لەو یەکە بابەتییە بترازێنێ یان ماندوو بکات، پێویستە نووسەر زۆر وریاو بەئاگاو هەستیار بێت لەهاوسەنگ ڕاگرتنی یەکەی بابەتی بابەتەکەی لەوەها فۆڕمێکی نووسیندا.

روداوەکان/ زنجیرە روداوەکانی ناو نۆڤیلێتی سارا، دەکرا هەڵگری وردەکاری و لێوردبوونەوەی زیاتری نووسەر بوان، هەر روداوێک پێویستی بەدیاریکردنی کات و شـوێنی تایبەت بەخۆی هەیە، چونکە یەکێک لەڕەگەزە هەرە گرینگەکانی بەیەکەوە گرێدانی روداوەکان دیاریکردنی کات و شوێنە.

پاڵەوان و کارەکتەرەکان/ ئاسایی بەدرێـژایی رەوتی روداوەکان سیماو تایبەتمەندی و خەسڵەتی کارەکتەرەکان دەشێ نەگۆڕێت، بەڵام کاری سەرنجڕاکێش تر ئەوەیە لەکوێ و کەی روداوەکان دەگۆڕێن سیماو خەسڵەتی پاڵەوان و کارەکتەرەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، سارا وەک پاڵەوان و کارەکتەری تەوەری لە'نۆڤیلێتی سارا'دا لەسەرەتاوە تاکۆتایی کەسایەتیکی نەرم و نیان و جێگری هەیەو کەمترین گۆڕانکاری بەسەردا دێ یان کەمترین تواناکانی بۆ هێنانە ئاراوەی گۆڕانکاری بەدی دەکرێن لەدەستپێشخەری و هێنانە ئاراوەی چارەسەری کێشەکان.

کات/ لەهەموو روداوێکدا دوو جۆرە کات هەن، یەکێکیان کاتێکی گشتییە کە روداوەکانی تیادا رودەدەن، وەک؛ قۆناغێکی دیاریکراو، یان سەدەیەک یان ساڵێک لەساڵەکان، دووەمیان ئەو کاتانەن ماوەیەکی دیاریکراو دەخەنەڕو، کە روداوەکانی تیادا رودەدەن وەک؛ کات و ساتی روداو، یان رۆژێـک لەرۆژان و مانگێکی دیاریکراو، لەنۆڤیلێتی ساردا ئەوەی زۆر غائیبە ئەمەی دووەمیانە.

شـوێن/ ئەمە پێـویستییەکی زۆر گرنگە، نووسەر گەر خۆی لەشوێنی روداوەکەدا نەژیابێ، پێویستە ئەو شوێن و ژینگەیە بەسەربکاتەوەو ببینێت، تا باشتر بتوانێ خوێنەران کێش بکاو وابکا لەگەڵ رەوتی روداوەکاندا بژیەت، بەکر ئاڵەیی نووسەری نۆڤیلێتی سار ئەگەرچی خۆی لەشوێن و ژینگەی روداودا گەورە بووە، بەڵام پێدەچێ کەوڵە نەرێتییەکە رێگر بووبێ لەبەردەم رونتر دیاریکردنی شوێن و ژینگەی روداوەکانی سارادا.

شـێوازی نۆڤیلێت/ تەکنیک و ئەو کۆمەڵە ئامرازە هونەرییانەی نووسەر لەنۆڤیلێتی ساردا بەکاری بردون بۆ گەیاندنی چیرۆکەکان، تا ئەندازەیەکی باش خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆسەرن، ئەمەش سەلیقەو توانستەکانی نووسەر لەبوارەکەدا باشتر دەردەخەن.

دیالۆگ/ گفتوگۆو ئاڵوگۆڕی بیروڕا بنەمای بنەڕەتی هەر دیالۆگێکی سەرکەوتون، نووسەر زۆر زیرەکانە خۆی لەهەڵەو کەموکورتییەکی کوشـندە پارستووە، چونکە جگە لەدیالۆگی راستەوخۆ هەندێجار پەنای بردوەتە بەر مۆنۆلۆگ و وایکردوە پاڵەوان یان کارەکتەر خۆی لەگەڵ خودی خۆیدا بدوێ، دیارە ئەوەی لەمەیشدا جۆرە بێشوێنییەکی هەیە دیالۆگی قسە بەقسەی راستەوخۆیە.

هەڵبەت بەهۆی لەنزیکەوە ناسکردنی نووسەر، هەستدەکەم هۆکارەکەی ئەو بۆشاییە نەزانی نەبێ بەڵکە هێشتا پتر بۆ شاردنەوەی کەسێتییە راستەقینەکەی 'سارا' بێت.

گێڕانەوە/ ئەگەرچی لەگەڵ ئەو زۆرینەیەدا نیم زمانێکی پەتی بۆ گێڕانەوەی روداوەکان بەپەسەند تر دەزانن، پێموایە جیایی زمانەکانی ئاخاوتن و نووسین پتر بەتایبەتمەندییەکانیانەوە دەبێ لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام نووسەری نۆڤیلێتی سارا ئەوەی لەهونەری گێرانەوەی روداوەکاندا بەبنەمای گرتووە زمانە پەتییەکەیە، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەوەی وایکردوە ئەم کەم و کورتی و کێماسییەی داپۆشێ زیرەکانە زاڵکردنی زمانە شیعرییەکەیەتی لەگێرانەوەکاندا.

زمان/ ئاشکرایە ئامرازو کەرەستە هەرە سەرەکییەکەی دەربڕین و گەیاندن زمانە، هەر نووسەرێک شارەزاییەکی باشی لەزمان و رێزمانی گەلەکەی گەرەکە، تایبەت ئەو نووسەرانەی لەبوارەکانی ئەدەبدا دەنووسن، هەر نووسەرێک لەیەککاتدا توانانی ناسینەوەو بەکارهێنانی دروستی وشەو زاراوەو تۆنی دەنگەکانی نەبێ یان توانای تێکشکاندنی بنەما سوننەتی و باوەکانی زمانی نەبێ، ئەگەر زۆرم نەوتبێ بەشێکی کۆڵەواری و باقیاتەکەی کەمخوێن و هەژارییە.

مرۆڤی ئەم سەردەمە ئەو مرۆڤە باوان بەجێماوە نەماوە لەگوێگرتن و ئاخاوتن و خوێندنەوەدا خۆیان نەبن، باوەڕیان بەهێزە نەبیندراوو ئەفسانەییەکان نەماوە، سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمی نالی و مەحوی و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوش نییە، جیهانی ئەمڕۆ جیهانی روانگە مرۆییە مۆدێرنەکانە کەبەپێی یاسا دەرونییەکان رێکخراوە.

ئەرکی نۆڤیلێتنووس و رۆماننووساکانی ئەمڕۆ گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی شێوازی نوێ لەنوسین و گێڕانەوەدا، ئەم بەرهەمە بەهادارەی بەکر ئاڵەیی 'نۆڤیلێتی سارا' ئەگەر لەپاڵ زمانە شیعرییە ئاست بەرزەکەیدا شـێوازە نوێیەکەی زمانی نووسینی لەگێڕانەوەو داڕشتنەوەو رستەو بەستە سازییەکەیدا پەیڕەو بکرابایە، بەرهەمەکەی بەدڵنیاییەوە سەرنجڕاکێش و ناوازە تر دەبوو.

لێرەدا نامەوێ ورد بڕۆمە ناو ئەم باسەوە، ئەگەرنا لەخودی ئەم فۆڕمە پەتییە نووسینەی نۆڤیلێتەکەدا هێشتان وردە هەڵەی باو زۆر هەن، لەوانە بەکار هێنانی پیتەکانی (ڕ) و (ر) یان (غ) و (خ) و شتانی تریش لەڕستەو بەستە سازی و خاڵەبەندییەکاندا.

ئەو پەڕەگرافەی سەبارەت بە "شیعرییەت لەنۆڤیلێتی سارا'دا" بڕیار بوو هاوپێچی ئەم باسەی بکەم، لادەبەم، چونکە هێشتا کاری زیاتری دەویست و ئەم باسەشمی زۆر لەوەختی خۆی بۆ بڵاوکردنەوە دواخست، ئەگەر تەمەن باقی بێ و ژیان بوار بدات، هەوڵئەدەم ئەم کارە بۆ رۆمانە نوێیەکەی نووسەر بەناوی' یاقووبی چەرموو' وە، بکەم.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک