په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٦

نووسەر چۆن بنووسێ، خوێنەر چی بخوێنینەوە.

بەنگین پیرۆت    


ئەگەر بوویتە خوێنەر، چێژ لەوەدایە، دەخوێنیتەوە، بیرت نیە کێ دەخوێنیتەوە، بۆ دەخوێنیتەوە، چۆن دەخوێنیتەوە چی دەخوێنیتەوە. کە بوویت بە نووسەریش، خۆشی لەوەدایە، دەنووسیت، ھەرگیز بیرت نیە بۆ کێ دەنووسیت، بۆ دەنووسیت، چۆن دەنووسیت، چی دەنووسی.


خوێنەر چی لە نووسەر دەوێت؟ خەیاڵی بۆ بکات بە واقیع، واقیعی بۆ بکات بە خەیاڵ, نووسەر چی لە خوێنەر دەوێت؟ ڕەخنە بگرێت، یاخوود بێدەنگ بێدەنگ ئەوەی نووسەر نووسیویەتی بیخوێنێتەوە.


لەدۆخێکی ئاوادا، ناکرێت خوێنەر بیت وەک بوونەوەرێکی زیندوو نەزانیت و نەتوانیت مامەڵە لەگەڵ دەقێکدا بکەیت. یا نووسەر بیت و قسەیەکت نەبێ بۆ گووتن لە لایەک، نووسین، پەرجوویەکی بەھێزە بەسەر بیرکردنەوەدا، ئەگەر خوێنەر بیەوێت لەڕێگەی خوێندنەوە، دەستی بگات بەنووسین و بیری قوڵ و بیرکردنەوەی خۆی فراوان بکات. لەلایەکی تریش، لەکاتی خوێندنەوەدا، نابێت بیرکردنەوە ھزریە خۆرسکەکان پەرتەوازە ببن و بیری نووسەر لەبری بیری تۆی خوێنەر بیر بکاتەوە. نووسین قتووی عەتارد نیە فاڵگرەوەی بەخت بێت، نە ھەموو نووسەرێکیش دێوە فریاد ڕەسەکەی عەلادینە. نووسەر کە دەنووسێت بۆ ئەوە دەنووسێت خەیاڵ بکات بە واقیع، واقیع ناکات بەخەیاڵ. نووسەری چالاک لەکاتی نووسیندا، کورت و پوخت مانادار دەنووسێت، ھەرگیز بیری نیە بۆ دەنووسێت، چۆن بیر دەکاتەوە، چی دەنووسێت، بەو خەیاڵە دەنووسێت کە دەنووسێت و ھیچی تر. ئەگەر نا، نووسینێکە، خاڵیە لەبەھرەی فکریی، پڕۆژەی نووسین نیە بۆ نووسین، ھەڵپەیەکی سەرپێیانەیە کەسێک دەینووسێت و ھەر دەنووسێت، دەنووسێت بۆ بەناوبانگ دەنووسێ.


بەبڕوای من، ئەوەی خوێنەر لەنووسەری دەوێت، نووسەر لەبری خوێنەر بۆ خۆی بنووسێت، یەکەم کەس خۆی خوێنەری نووسینی خۆی بێت، بۆ کەسێکی دیاریکراو نەنووسێت، چونکە نووسین کەسانی جیاواز خوێنەریەتی، باشترین خوێنەریش نووسەر خۆیەتی، خۆی خوێنەری نووسینەکەی خۆی بێت، مەگەر وانیە خوێنەر چی داوا لە نووسینێک خاڵی بێت لەخەیاڵی نووسەر. ھەرەوەھا لەکاتی نووسیندا دەبێ شتێک ھەبێت نووسەر، لەبارەیەوە بنووسێت تا بتوانێت بنووسێ.


لەوەش گرینگ تر، نووسەر خوێنەری جدی و خوێنەری ھەمەچەشن بێت، زیاتربخوێنێتەوە لەبری ئەوەی زۆرتر بنووسێت، خۆی زیاتر خوێنەری نووسین بێت، خوێندنەوە خۆراکی نووسەرە بۆ نووسین، منداڵدانی ھزری نوێ و بیری نوێ و وشەیە، خوێندنەوە پژانی زمانی بیر و ترومپای ھەڵێنجانی ئاوی زانیاریە بۆ فراوان بوون و قوڵ بوونەوەی ئەندێشەی نووسەر. ئەگەر نووسەر خوێنەر نەبێت، چی داوە لە نووسین، چی لەچیەتی ژیانی نووسین دەزانێت، چۆن دەبێت بەنووسەر، ھەر بنووسێت و نەخوێنێتەوە چۆن نووسینێکی بەپێزمان پێشکەش دەکات خۆی خاڵی بێت لە ڕۆحیەتی خوێندنەوە؟!


خوێنەری جدی لەنووسینی باشەوەیە، نووسینی باش لەخوێندنەوە و ڕامانی بیر قوڵی نووسەرەوەیە، خوێنەر کە بابەتێکی باش و بەسود دەخوێنێتەوە ھەست دەکات خۆی نووسەرێکی چاکە بابەتێکی باشی نووسیوە،کاتی باش تێپەڕیوە، لەبری کات بەسەر بردنێکی پڕ و پووچ. ھەوڵدەدات ڕِۆژانە دووبارەی بکاتەوە بەسوود وەرگرتن لەکاتەکەی ببێتە خوێنەر، ئەگەر بۆ تێپەڕاندنی کاتیش بێت سوودی لەوە زیاترە سەرقاڵی کاری بێ سوود بێت.


نووسەری چالاک چاک دەنووسێت، نووسینی بەپێزە، خوێنەری جدی، خوێنەری نووسینی نووسەری چاک و باشی پەرتووکە.

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک