١\٧\٢٠١٣
نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان.

رەزا ساڵح
منداڵانی ئەمڕۆ ، هیوای دواڕۆژن .. گرنگترین و بەنرخترین سامان و
سەرمایەی هەر گەل و وڵاتێکن .. چارەنووس و داهاتووی هەر گەلێک ، بەندە
بە رادەی گۆشکردن و پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی راست و دروستی منداڵە
چاوگەشەکانی ئەمڕۆیانەوە .
لە ئەمڕۆدا ، رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان ، ژمارەیەکی زۆری لە نووسەران
و ئەدیبان و دەروونناسان و پسپۆرانی بواری پەروەردە و توێژێنەران و
رەخنەگران و میدیاکان و گەلێ دامەزراوە و دامودەزگای جیهانیان بە
خۆیانەوە سەرقاڵ کردوون .
نووسەری فەرەنسی ( فەرەنسیس ڤیداڵ ) دەڵێ : " نووسەرانی منداڵان ،
دەتوانن تام و چێژی جیهان بگۆڕن .. بەڵکو دەتوانن جیهان خۆشی بگۆڕن ..
".
ئەدەبی منداڵان ، بەر لە هەموو شتێ هۆنەر و ئەدەبە .. ئەدەبی منداڵان ،
بەشێکە لە ئەدەب و ، گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی
منداڵان .. پڕلەئاوترین و بەخوڕترین زێیە لە زێیەکانی رووباری
رۆشنبیریی منداڵان .
ئەدەبی منداڵان ، شێوازێکە لە شێوازەکانی گوزارشتکردنی هونەری ، کە
دەستوور و بنەما و رێبازی تایبەتیی خۆی هەیە .. ئەدەبی منداڵان
کاریگەرییەکی گرنگ و بەهێزی هەیە لە بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان
و ، لە وروژاندن و لە گەشەکردنی بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووە
هەمەچەشنەکانیان .. چونکە ئەدەبی منداڵان ، سەرەڕای تام و چێژە
ئەدەبییەکەی ، چەندین ئامانجی زانیاری و ، پەروەردەیی و ، رەوشت بەرزی
و ، دەروون دروستی و ، نیشتمان پەروەری و ، کۆمەڵایەتی دەهێنێتەدی .
لەم سەردەمەدا ، ئەدەبی منداڵان تەنها هۆیەک نییە بۆ شادی و خۆشنوودیی
منداڵان ، بەڵکو هۆیەکیشە بۆ داهێنان و بۆ گەشەکردنی رۆشنبیری و ، بۆ
دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی منداڵان و ، بۆ وەرگرتنی زانست و
زانیاریی هەمەڕەنگەی نوێ .
لە ئەمڕۆدا ، ئەدەبی منداڵان بۆتە پێویستییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی ..
بووە بە مژدەبەخشی گزنگدانی ئاسۆیەکی رووناکتر و ، ئایندەیەکی گەشتر و
شیاوتر .
ئەدەبی منداڵان ، تەنها چیرۆک و هۆنراوە و سروود و لایلایە و گۆرانی و
شانۆ و رۆمان و پەخشان نییە .. بەڵکو هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە ،
کە منداڵان دەیان خۆێننەوە ، دەیان بینن ، دەیان بیستن ، بەمەرجێک لە
جیهانی پاک و سنوورداری منداڵییانەوە ، نامۆ و دوور و بەدەر نەبن .
رەخنەگری ئەدەبی منداڵان ( لینە گۆڵدبرگ ) دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان ،
ئەو جۆرە ئەدەبەیە ـ پەخشان یا هۆنراوە ـ کە لە ناوەڕۆک و شێوازدا ،
لەگەڵ توانا و درک و هەستکردنی منداڵانی تا تەمەنی نزیکی سیانگزە
ساڵاندا بگونجێت .. شێوازی ئەم ئەدەبەش دەبێ ئاسان و روون بێت ، لە
گرانی و پڕ لە گرفت دووربێت ، بەپێی گەشەکردنیان بێت و ، لە توانای
تێگەیشتن وەرگرتنی منداڵان دوور نەبێت .. "
.
لە بارەی بایەخی ئەدەبی منداڵانیشەوە ، شاعیری بولـگاری ( ران بوسیـلیک
) دەڵێ : " ئەدەب بۆ منداڵان ، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە ، کە
پێویستە هەبن .. ".
هەر لە بارەی پێویستی و گرنگیی ئەدەبی منداڵانەوە ، دکتۆر ( ناسرەدین
ئەلئەسەد ) دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان ، وەکو ڤیتامینەکانە بۆ بیر و هۆش
، کە هۆش و ئەندێشە ، پێویستیان بە جۆرە جیاوازەکانی هەیە ، هەر
جۆرێکیش لایەنێکی بیر و هۆش و ئەندێشە مەست دەکات .. "
.
( دۆن مورایە ) ش دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان ، کاریگەرییەکی گرنگ و ،
بایەخێکی جیاوازی لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوودا هەیە .. ".
مێژووی ئەدەبی منداڵان ، دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا
ـ ئەگەرچی ئەدەبێکی نەنووسراو بووە ـ بەڵام ئەدەبی منداڵان ، بەم شێوە
سەردەمییە و ، لەم فۆرم و بەرگە تازەیەیەدا ، دەگەڕێتەوە بو سەدەی
حەڤدەیەمین .. لە نووسینی داهاتوومدا ، مێژووی ئەدەبی منداڵان بەسەر
دەکەمەوە .
گرنگترین بنچینە و ئەو مەرجە بنەڕەتییانەی ، کە پێویستە نووسەری
سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان بیانزانێ و ، لەکاتی نووسینی هەر بابەتێکدا
بۆ منداڵان لە بەرچاویان بگرێت ، بە کورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا ،
ریزبەندمان کردوون :
یەکەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، بەر لە هەموو شتێک ، دەبێ ئەوە
بزانێت کە بۆ منداڵان دەنووسێت و ، پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکات ..
دەبێت لە خەسڵەتەکانی قۆناغەکانی گەورەبوون و ، لە تایبەتمەندییەکانی
جیهانی منداڵان لانەدات .
دووەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە بایەخێکی زۆر بە لایەنی
پەروەردەی سایکۆلۆژیای منداڵان بدات .. بەڵکو پێویستە نووسەری ئەدەبی
منداڵان پەروەردەکار بێت و ، شارەزاییەکی باشی لە پەروەردەی نوێدا
هەبێت ، چونکە گرنگترین ئامانجی ئەدەبی منداڵان ، پەروەردەکردنی دروستی
منداڵانە .. وەکو دەڵێن :
" منداڵان خۆشەویستن .. بەڵام پەروەردەکردنیان خۆشەویسترە .. "
.
سێیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە شارەزاییەکی باشی لە
قۆناغەکانی گەورەبوون و گەشەکردنی منداڵان و لە نیشانەکانیان هەبێت ..
ئەم شارەزاییەشی توانای ئەوەی پێ دەبەخشێت ، کە بۆ هەر قۆناغێکی منداڵی
، چ بیرۆکەیەک بکات بە هەوێنی بابەتەکانی ، بە چ شێوازێک بابەتەکانی
دابڕێژێت ، چ جۆرە وشە و رستە و زمانێکی ساکار و گونجاو هەڵبژێرێت ..
چونکە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان جیاوازن و ، تایبەتمەندی و پێویستی و
پێداویستیی خۆیان هەیە .. رادەی بڕکردنی بیر و هٶش و ئەندێشە و ،
رووبەری ئاسۆی بیرکردنەوە و ، توانای رۆشنبیریی خۆیان هەیە .
چوارەم : کاری هونەری و کاری پەروەردەی دەروونی ، دوو چمکی ئەدەبی
منداڵانن ، یا بڵێین هەردوو باڵی ئەدەبی منداڵانن .. ئەگەر باڵێکیان لە
دەست بدات ، دەکەوێ و ناتوانێت بفڕێت .. بۆیە پێویستە نووسەری ئەدەبی
منداڵان ، هاوسەنگییەک لە نێوان ناوەڕۆک و فۆرمدا دروست بکات .. هیچ
لایەنێکیان فەرامۆش نەکات و ، نەیکات بە قوربانی لایەنەکەی تریان .
پێنجەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، نابێت خۆی راداو و ، باڵادەستی و
فەنتازی خۆی لە نووسینەکانیدا دەربخات و ، چی دەوێت و چۆنی دەوێت و ،
بە هەوەس و بە میزاجی خۆی بنووسێت ، بەڵکو پێویستە بیر لەوە بکاتەوە ،
کە منداڵان چییان دەوێت و ، چیان پێخۆشە و ، خولیا و تامەزرۆی چین و ،
تام و چێژ لە چ جۆرە بابەتێک وەردەگرن .
شەشەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە نووسینەکانی ، بە شێوازێکی
ئاسان و ، بە زمانێکی پەتی و ، ناسک و شیرین و ، روون و رەوان دابڕێژێت
. وشەکانی سادە و ساکاربن و ، رستەکانی کورت تەڕ و پاراوبن و ، لە
فەرهەنگی زمانی منداڵانەوە وەریان بگرێت .. بیرۆکەی نووسینەکانی بێ گرێ
و گۆڵ بن و ، وشک نەبن و ، گرێ کوێرە و پێچ و پەنایان تێدا نەبن ..
پێویستە لە ئاستی هۆش و گۆش و بیر و ئەندێشە و توانای منداڵاندا بن ..
نووسینەکانی لە جیهانی پاک و سادە و ساکاری منداڵانەوە دوور نەبن .. کە
جیهانی وەنەوشەیی پڕ لە خولیا و هیوا و خەونی سەوز و شیرینە ، لەو
بابەتانەبن کە سۆز و خۆشەویستی بخەنە دڵە قنجەکانیانەوە و ، زاخاوی بیر
و هۆشیان بدەن و ، هیوای ژیانێکی خۆشتر و ، ئایندەیەکی باشتر و گەشتر
بخەنە دڵیانەوە .. ئەگەر نووسینەکانی وانەبن ، منداڵان لێیان لووتەلا
دەبن و بە ئەدەبی خۆیان نازانن .. بۆیە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، ئەگەر
بیەوێت لە نووسینەکانیدا سەرکەوتووبێت .. پێویستە ئەو راستییانە
لەبەرچاوبگرێت .
حەوتەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە رەچاوی جیاوازییەکانی نێوان
منداڵان بکات ، چ لە رووی تەمەنەوە ، لە ئاستی رۆشنبیری و وەرگرتنەوە ،
لە رووی شوێن و ژینگەوە . بۆ نموونە : ئاستی رۆشنبیری و توانای
وەرگرتنی منداڵانی تەمەن حەوت و نۆ ساڵان ، لەگەڵ توانا و ئاستی
رۆشنبیریی منداڵانی تەمەن یانگزە و ، دوانگزە ساڵاندا ، وەکو یەک نین و
جیاوازیان هەیە .. هەروەهاش ئاستی زانین و رۆشنبیریی منداڵانی
گوندنشینی ژینگە کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی تەسک و سنووردار ، ناگاتە ئاستی
رۆشنبیریی منداڵانی شارنشینی پێشکەوتووی شارستانیی ژینگەبڵاو و
بەختەوەرتر .
هەشتەم : سەرەڕای بوونی بەهرە و توانای باشی ئەدەبی ، پێویستە نووسەری
ئەدەبی منداڵان ، شارەزایەکی باشی بواری دەروونزانی منداڵان بێت ..
ئەوە بزانێت کە منداڵان هۆگری چین .. دەبێ نووسەری منداڵان ، هیوا و
خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی منداڵان بقۆزێتەوە و ، ببن بە ئیلهام بۆ
بابەتی نووسینەکانی .
نۆیەم : هەر وەکو چۆن بەرد و برونز کەرستەی پەیکەرن ، رەنگەکان کەرستەی
وێنەن ، دەنگەکان کەرەستەی موزیکن .. هەروەهاش زمان گرنگترین کەرەستەی
دەربڕین و گوزارشتکردن و گەیاندن و نووسینە .. بەڵام زمان کەرەستەیەکی
رەق و مردوو نییە کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت .. زمان لە داهێنانی
خودی مرۆڤە ، لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەکردن و داهێنانی نوێدا .. زمانیش
گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و ، وشەی تازە لەدایک دەبن .. پێویستە
نووسەری ئەدەبی منداڵان ، تا رادەیەکی باش شارەزای زمان و رێزمانی
زمانی گەلەکەی بێت .. بە تایبەتیش زمان و فەرهەنگی منداڵان .. شارەزای
وشەسازی و جوانسازییەکانی زمانەکەی بێت .. چونکە بە هۆی شارەزایی و
توانای زمان پاراوییەوە ، نووسەری ئەدەبی منداڵان ، دەتوانێت بە
جوانترین شێوە و لە فۆرمێکی رازاوەدا ، نووسینەکەی پێشکەش بە منداڵان
بکات .. ناوەڕۆکێکی باش ، لە فۆرمێکی خراپدا ، نووسین بێ پێز و لاواز
دەکات و دەمرێت .
لە رێی ئەدەبی منداڵانیشەوە ، فەرهەنگی زمانی منداڵان رەنگینتر
ودەوڵەمەنتر دەبێت . منداڵان بە هۆی زمان پاراویشەوە ، دەتوانن باشتر و
جوانتر گوزارشت لە بیر و هزر و ئەندشە و ، لە سۆز و خۆشی و خۆشەویستیی
خۆیان بکەن .
دەیەم : بەپێی پێوەرەکانی جوانسازی ، بە جوانی داڕشتن و ، رازانەوەی
بابەتی نووسینەکان ـ هۆنراوە بن یا چیرۆک و شانۆ و پەخشان ـ
کاریگەرییان لەسەر هۆگربوون و وروژاندنی حەزی خوێندنەوە و گوێگرتن و
سەیرکردنی منداڵان هەیە .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ، نووسەری ئەدەبێ
منداڵان ناوەڕۆک بکات بە قوربانی فۆرم و تەکنیکی داڕشتن و جوانسازی ..
پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوانیادا دروست بکات .. شاعێرێک دەڵێ : " تا
ئەمڕۆش نازانم ، چۆن ئەدەب دەتوانێت لە خەمەکان شتی جوان دروست بکات ..
" .
هەر ئەم نهێنییەشە ، هەندێ چیرۆک و هۆنراوە هەن ، کە چەندین ساڵ بەر لە
ئێستا وتراون و نووسراون کەچی تا ئەمڕۆش تام وچێژی خویان لە دەست
نەداون و منداڵان لە گوێگرتن و لە خوێندنەوە ولە دووبارەکردنەوەیان
بێزارنابن .
یانزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، دەبێ ئەوە بزانێت کە منداڵانی
ئەمڕۆ منداڵانی دوێنی و پێرێ نین .. منداڵانی ئەمڕۆ زۆرزانتر و بلیمەتر
و چاوکراوەترن .. منداڵانی سەردەمی داهێنانی شتی سەیر و سەمەرن ،
سەردەمی ئینتەرنێت و ، گۆشکردووی پەروەردەی نوێن .. وەکو ( کۆنفۆشیۆس)
دەڵێ : " منداڵانمان ، منداڵانی چاخی ئێمە نین .. منداڵانی چاخی خۆیانن
.. " .. ئەدەبی منداڵانیش نەچەقیوە و ریچکەی کۆنی شکاندووە و .. لە
گۆڕانکاری و هاوچەرخی و پێشکەوتندایە .. بۆیە نووسەری ئەمڕۆی ئەدەبی
منداڵانیش ، نابێت لاسایی شێوازی کۆن بکاتەوە ، رێبازی تەڵقین ئاسایی
بەسەرچوو ، کە لە شێوەی فەرمان پێ کردن و ئامۆژگاریی وشکدا بیرۆکەی
بابەتەکانی دادەڕشت .. شوورەی درکەزێی بە دەوریاندا دەکێش .. پێویستە
سەردەمییانە بیربکاتەوە و ، نووسینەکانی لە ئاستی خواست و رۆشنبیری و
پێویستییەکانی ، منداڵانی ئەم سەردەمەدا بن .
ئەمەو پێویستە ، نووسینەکانی دووربن ، لە شەڕانگێزی و شەڕخوازی ، لە
توندوتیژی و زەبر و زەنگ و لە ترس و تۆقین ، لە رەشبینی و هیوابڕان و
نائومێدی ، لە فروفێڵ و تەڵەکەبازی ، لە درۆ و دەلەسە و لەخشتەبردن ،
لە رق و کینە و بوغز ، لە دژایەتی و دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوە ، لە
ستەمکردن و زۆرداری و ئازاردان و بێ بەزەیی و چەوساندنەوە ، لە
چەقاوەسوویی و بێ رێزی و بەدڕەوشتی و ، ... هتد . بەڵکو بە پێچەوانەی
ئەم خەسڵتە نێگەتیڤانە .. پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، بە پرانسیپ
و بەها جوانەکان و ، بە رەفتاری باش و کاری خێرخوازی و ، بە پاکی و
راستگۆیی و ، بە باوەڕبەخۆبوون و گەشبینی و ، بە ژیری و هیواخوازی و
تێکۆشان و کۆڵنەدان و ، ئازادیخوازی و نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دوستی و
هاوڕێتی و یەکسانی و ، بە دڵسۆزی خۆنەپەرستی و ، ... هتد . لە رێی
نووسینەکانییەوە ، منداڵانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەرە بکات .. بەزمانێکی
نەرم و شیرینی لە گەزۆش شیرنتر ، لەگەڵیاندا بدوێت .. تا ببنە تاکی
سەرکەوتووی خێرەوەدەر و ، کۆمەڵگایەی باش و دروست و بەختەوەریان لێ
بێتە کایەوە .. پێویستە ئەدەبی منداڵان لە پێناوی هێنانەدیی ئەم
ئامانجە پیرۆزەدا بێت.
( مەکسیم گۆرگی ) دەڵێ : " دەتوانین بە زمانێکی شیرین و گونجاوی ..
دوور لە شێوازی راپورتەزانیاری ، بە راشکاوی بۆ منداڵان بدوێین .. "
.
دوانگزەیەم : لایەنی نیشتمان پەروەریی و سۆزی نەتەوەیی و ، دڵسۆزی و
ئێنتیمابوون بۆ نیشتمان و ، رێزگرتن لە مرۆڤ و ، دوستایەتی و پێکەوە
ژیان و یەکتری قبۆڵکردن و ، رێزگردن لە سەروەریی یاساکان و ، زانین
ئەرک و مافەکان ، داکۆکیکردن لە راست و رەوا ، لە ئامانجەکانی ئەدەبی
منداڵانن .. پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، لە نووسینەکانیدا ئەو
ئامانجانە فەرامۆش نەکات و .. نووسەر خۆشی ببێ بە پێشەنگ و ، بە
نموونەنەیەکی باش لەم رووەوە .
سیانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە لە نووسینەکانیدا بێ
لایەن بێت و ، لەژێر کاریگەریی هیچ ئایدیایەکی مەبەستداری سیاسیدا
نەبێت .. بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی ، منداڵانی ساویلکە و دڵپاک ،
چاوبەست بکات و لاڕێیان بکاتەوە .
چواردەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە رۆشنبیرێکی گشتیی باش بێ
و ، خوێنەرێکی بابەت هەمەڕەنگەی هەمیشەش بێت .. بە تایبەتیش زیاتر ئەو
بابەتانە بخوێنێتەوە ، کە پەیوەندییان بە رۆشنبیری و ئەدەب و
پەروەردەکردنی منداڵانەوە هەیە .. داهێنەر بێت و ، بیر لە داهێنان
بکاتەوە .. وێڵی دوای بابەتی تازە بێت .
پانزەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، زۆر دڵنیابێت لە دروستی
و راستیی بیرۆکە و ناوەڕۆکی نووسینەکەی .. دڵنیابێت لە راستیی هەر وشە
و رستەیەک ، کە دەینووسێت .. چونکە هەر هەڵە و ناراستییەکی زانیاری و
پەروەردەیی و ئەدەبی و زمانەوانی ، لە هۆش و بیر و ئەندێشەی منداڵاندا
دەچەسپێن و ، راستکردنەوەیان ئاسان نابێت .. ئەو هەڵانەش لەسەر نووسەری
منداڵان زۆر دەکەون و ، ئۆباڵی وەرگرتنی ئەو زانییارییانەش بە هەڵە ،
لە لایەن منداڵانەوە ، لە ئۆباڵی نووسەری ئەدەبی منداڵاندایە و ..
داوای لێبووردن و پاکانەکردنیشی بێ هوودەیە .
شانزەیەم : نابێت نووسەری ئەدەبی منداڵان ، جیاوازی لە نێوان کچان و
کوڕاندا بکات و ، تەنها کوڕان یا کچان بکات ، بە پاڵەوان و کەسایەتی و
کارئەکتەرەکانی نووسینەکانی .. بەڵکو پێویستە هەست و گیانی یەکسانی و
هاومافی و هاوئەرکی و هاوکاری و هاوڕێزی و خۆشەویستی و خوشک و برایی لە
نێوانیاندا بسەپێنێت .
حەڤدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، بە دڵێکی فراوانەوە ، ئەو
رەخنە و سەرنج و تێبینییە ئەدەبییانە وەربگڕێت ، کە لە نووسینەکانی
دەگرن .. گەشە بە لایەنە باشەکانی خۆێ بدات و .. هەڵەکانیشی راست
بکاتەوە و دووبارەیان نەکاتەوە .
هەژدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، لە رێی نووسینەکانییەوە ،
پردێکی خۆشەویستی لە نێوان خۆی و منداڵاندا دروست بکات .. تا بچێتە دڵی
منداڵانەوە و ، هۆگر و ئاشنای نووسینەکانی ببن .
نۆزدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، ئەوەش بزانێت ، کە بە چ
هۆیەکی گەیاندنەوە ، نووسینەکانی بە منداڵان دەگەیەنێت .. لە رێی کتێب
و گۆڤاری چاپکراوەوە ، لە ڕێی راگەیاندنی بینراوەوە ( تەلەفزیۆن ) ..
لە رێی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ ، لە رێی سیدی و کاسێتەوە .. یا هەر
هۆیەکی تر بێت ، چۆنکە هەریەکە لەو هۆیانە ، کومەڵێک مەرجی هونەری و
پێویستیی تەکنیکیان هەیە .. مەرجەکانیش بە پێ جۆرەکانی نووسین بۆ
منداڵان دەگونجێنرێن .. ئایا نووسینەکەی هۆنراوەیە ، چیرۆکە ، شانۆیە ،
زنجیرە درامایە .. یا هەر بابەتێکی تر بێت .
بیستەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، نابێت بیر لە دەسکەوتی مادی وسوودی
تایبەتیی خۆی بکاتەوە ، کە لە ڕێی نووسینی بابەتی ئەدەبی منداڵانەوە
بەدەستی بهێنێت .
لە کڵاورۆژنەی ئەو مەرج و پێوەر و بنەڕەتییانەی سەرەوە ، کە پێویستە لە
نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵاندا هەبن .. کەواتە بواری ئەدەبی
منداڵان ، بوارێکی هێندە ئاسان نییە ، هەر پێنووس بەدەستێک رووی لێبکات
و خۆی تاقی بکاتەوە ، بتوانێت بە ئاسانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ،
رووبارێکی هێندە تەنک و ئارام نییە ، هەر خۆبەمەلەوانزانێک خۆی بخاتە
ناوی ، دەتوانێت بە هێمنی و ئاسانی مەلەی تێدا بکات و لێی بپەڕێتەوە .
دەشێ نووسەرێکی سەرکەوتووی بواری ئەدەبی گەورەکان بێت .. بەڵام لە
بواری ئەدەبی منداڵاندا سەرکەوتوو نەبێت .. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ
نابەڵەدیی لە بواری پەروەردە و دەروونناسی و ، تایبەتمەندییەکانی
قۆناغەکانی پێ گەیشتنی منداڵان و ، نەشارەزایی لە پرانسیپ و لە
بنچینەکانی ئەدەبی منداڵان و ، نابەڵەدیی لە خواست و خولیا و ئارەزوو و
هیوا و خەونەکانی منداڵان . بە داخەوە ، لە ژێر ناوی ( بۆ منداڵان ) دا
، نووسینێکی زۆری کالوکرچ و بێ تام و چێژ و لاواز ، بڵاوکراونەتەوە یا
بڵاودەکرێنەوە ، بەڵام لە راستیدا بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە ، لە بیر
و ناوەڕۆک و فۆرمدا ، نە بۆ منداڵان دەشێن و ، نە منداڵانیش بە نووسینی
خۆیانیان دەزانن .
هەندێک پێیان وایە ، پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان ، دابەزن بۆ
ئاستی منداڵی و خۆیان بکەنەوە بە منداڵان .. من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا
نیم .. چونکە ئەوان گەورەن و قۆناغی منداڵییان بەجێهێشتووە .. ناتوانن
جارێکی کە ، وەکو منداڵان ئاسایی رەفتار و گوزارشت بکەن .. ئەمە وەکو
ئەوە وایە ، کە گەورەیەک یارییەکی منداڵان بکات .. لە بەرچاوی
منداڵاندا ، دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و پێکەنین .. چونکە نە یارییەکەی
لێ دێت و ، نە لاسایی کردنەوەکەشی لە رەفتاری سروشتیی منداڵان دەچێت .
دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کورد ، من تا ئێستا بە زمانی کوردی و بە
عەرەبی ، پێنج نووسینم لە گۆڤار و ماڵپەرەکاندا بڵاوکردۆتەوە .. بە
نیازم لە دەرفەتێکی تردا ، چەند سەرنج و رایەکی ترم ، دەربارەی رەوتی
ئەدەبی منداڵانی کورد بخەمەڕوو .
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|