نووسه‌ری خێڵه‌کی.
-
به‌شی چواره‌م -
نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ژن
و پاشناوی خێڵ.

حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئه‌گه‌ر نووسه‌ری (پیاو) نازناوی خێڵ و ناوچه‌ش هه‌ڵبگرێت هه‌ر نه‌یسه.
به‌ڵام نووسه‌ری (ئافره‌ت) له‌پای چی؟ خۆ خێڵ هه‌رده‌م شانازی به
ژماره‌ی (پیاو)ه‌کانییه‌وه ده‌کات، که بۆیان هه‌یه له ڕۆژی شه‌ڕ و
ده‌عوادا ببنه تفه‌نگچی و جه‌نگاوه‌رانی خێڵ و به‌رگریی لێ بکه‌ن. خۆ
خێڵ هه‌رده‌م مێینه به خاڵی لاوازی خۆی ده‌زانێت.
ئاشکرایه، سه‌رخێڵ و ئه‌نجومه‌نی خێڵ، یان ڕیشچه‌رمگی خێڵ، هه‌رده‌م
پیاو بوون و له ئاینده‌یشدا، تا ئه‌وه‌نده‌ی خێڵ و سیستمی خێڵایه‌تی
بمێنێت هه‌ر پیاوان ده‌بن. هه‌رده‌م له سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی خێڵدا زیانی
گه‌وره به‌ر (ژن) ده‌که‌وێت. ئه‌وه ژنه، که توشی (زۆره‌ده‌ستگرته‌ی/إغتێاب)
ده‌بێت و ده‌بێته به‌شێک له ترش و تاڵانیی خێڵی سه‌رکه‌وتوو (سه‌بی!)
کاتێکیش جه‌نگ درێژه‌ده‌کێشێت و له تام ده‌رده‌چێت و خوێنێکی زۆری
تێدا ده‌ڕژێت. دوا جاریش هه‌ر ئافره‌ته ده‌بێته قوربانی و خوێنی پێ
خۆش ده‌کرێت و بۆ (مه‌سڵه‌ت) چێکردن له خوێنباییدا ده‌درێت. یان به
هۆی ژن و ژنخوازییه‌وه، خزمایه‌تیی له نێوان خێڵه دوژمنه‌کاندا
پێکده‌هێرێت! له پاژی (ژن له‌دیدی خێڵه‌وه)دا، به درێژی گرنگی به
کێشه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌کییدا ده‌ده‌ین.
جێی سه‌رنجه، که هه‌ندێک له‌و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانه‌ی نازناوی
خێڵیان هه‌ڵگرتووه، خوێندنی باڵایان له هه‌نده‌ران ته‌واوکردووه،
سووریش ده‌زانن، که هه‌رده‌م سه‌رخێڵه‌که‌یان ده‌ستی له‌ناو ده‌ستی
دوژمنی کورددا بووه و زیانی زۆری به‌م گه‌له خێرنه‌دیوه گه‌یاندووه.
بگره سه‌رخێڵه‌که‌ی له‌سه‌ر خوێنی لاوی کورد ژیاوه. له ڕاستییدا ده‌بووایه
ئه‌و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانه هاوکات له‌گه‌ڵ پشتکردنه ڕێبازه کۆن و
سه‌له‌فییه‌کانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا حاشایشیان له خێڵ و تیره‌گه‌ریی
بکردایه؛ نه‌ک به شانازییه‌وه ناوی خێڵ به خۆیان و بڕوانامه‌کانیانه‌وه
بلکێنن. چۆن ده‌کرێت هونه‌رمه‌ندێک خۆی به تازه‌گه‌ر و مۆدێرن یانژی
پاشمۆدێرن بزانێت، که‌چی نازناوی خێڵیشی هه‌ڵگرتبێت؟ ئایا ئه‌م ئاکاره
سه‌یره، له خۆیدا کۆکردنه‌وه‌ی دوو که‌سایه‌تی به‌یه‌ک ناکۆک له یه‌ک
کاتدا ناگه‌یێنێت؟ یان ڕوونتر بپرسین، ئایا ئه‌م دیارده‌یه‌کی (پارادۆکساڵ)
نییه؟
هه‌ن خاوه‌نی جووتێک نازناون؛ یه‌کێکیان هونه‌ریی و ئه‌وی دیکه‌یان
نازناوی خێڵ یان ناوچه! هه‌ندێکیش ناوی شارۆچکه و شاره‌که‌یان ده‌که‌نه
نازناوی خۆیان، وه‌ک: دهۆکی، ئاکره‌یی، مه‌ریوانی... هتد پێموایه ئه‌مه‌یان
قۆناغێک سه‌رو خێڵ که‌وتووه. یان ده‌کرێت بڵێم، به‌وه‌دا که شار له
ئه‌نجامی گه‌وره‌بوون و گه‌شه‌سه‌ندنی گونده‌وه په‌یدابووه. مه‌ڵبه‌ندی
پێشڤه‌چوون و پیشه‌سازیی و زانست و بنکه‌کانی فه‌رهه‌نگ و ڕێکخراوه
کۆمه‌ڵایه‌تیی و ناحوکومه‌تییه‌کانه، ئه‌وا ده‌شێ (پاشناوی شار) به
په‌ره‌پێدانی (پاشناوی خێڵ و گوند) له قه‌ڵه‌م بده‌ین.
واته کاتێک تاکی خێڵه‌کیی که‌مێک فامی کرده‌وه، گۆڕان و گه‌شه‌ی
فیکریی به‌خۆیه‌وه بینی و ئاسۆی هزری فراوانتر بوو، ئه‌وجا له بریی
خێڵ و ناوچه، پاشناوی شار هه‌ڵده‌گرێت، یان له بریی خێڵ، ئه‌م شانازی
به شاره‌که‌یه‌وه ده‌کات و ده‌که‌وێته شارچێتی، که دیارده‌یه‌که و
نهۆ له‌ئارادایه. به‌ڵام دیسان خۆبه‌ستنه‌وه‌ی نووسه‌ر به ڕووبه‌رێکی
جوگرافیایی به‌رته‌سکه‌وه کارێکی ناجۆره. چونکه هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر
بۆ میلله‌تێک ده‌ئه‌فرێنن نه‌ک بۆ ته‌نیا شارێک. هه‌رچه‌نده ئه‌و شاره‌شیان
له‌کن جوان و شیرین بێت، هێشتا هه‌ر ئه‌م جۆره نازناوانه، له‌گه‌ڵ ئه‌م
چه‌رخی جیهانگیرییه‌دا نایه‌ته‌وه، که به هۆی زانست و په‌ره‌سه‌ندنی
میدیاکان و هۆیه‌کانی گه‌یاندنه‌وه، گۆی زه‌وی بۆته گوندێک. ئه‌مڕۆ
میدیاکان باکوور و باشووری گۆی زه‌وییان پێکه‌وه گرێداوه، که‌چی ئه‌م
هێشتا له سنووری شارێکدا به‌گیر وه‌ستاوه!
ئایا شیاوه و له ئاستی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دایه، هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبی
کورد، خۆیان بخزێننه قاپڵۆخی ته‌سکی خێڵێک، گوندێک یان شارێکه‌وه؟
ئه‌گه‌ر جیهانگیریی له‌یه‌ک نزیککردنه‌وه‌ی کیان و نه‌ته‌وه په‌ڕاگه‌نده‌کان
و سڕینه‌وه‌ی سنووره‌کان بێت، خۆ تیره‌گه‌ریی و شارچێتی به‌نیازه جه‌سته‌ی
خاکێک یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌ک داغان و پارچه بکات و به ئه‌مانه‌ته‌وه
پاسه‌وانی سنووره ته‌سکه‌که‌ی خێڵ بێت! که‌واته نازناوی خێڵ، له‌گه‌ڵ
ڕیتم و گیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ناکۆکه، با ده‌ستبه‌رداری بن.
______________________________________________________________
سه‌رچاوه: مێنته‌لێتیی
خێڵ، محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن، ل،(183_ 185)،
چاپخانه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، کوردستان، 2008.
|