په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١٠

نووسین بە دۆلار.


فەخرەدین تاهیر


دوای ڕاپەرین و شەری نێوخۆ و دوایش دوای ڕوخانی ڕژیمی بەعس و سەدام ڕەوشێکی سیاسی و کولتووری سەیر لە باشووری کوردستاندا هاتە گۆڕێ، هەر لەدەستپێکەوە ڕۆشنبیرانی کوردی دابەش کرد،ماوەیەکی زۆر ئەو دابەش بوونە ففتی- ففتی دەڕۆیشت بەرێوە،دوایی هێدی هێدی باری لایەکیان ناهاوسەنگ و باری لایەکەی تریش ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە هەوراز بوو، هۆکاری ئەو ناهاوسەنگییە تەنیا پارە بوو،ئەو لایەنەی هاوسەنگییەکەی بەرەو هەوراز دەچوو پارەیەکی زۆری بۆ هەڵڕەشتن و هەندێک لە بەناو ئەو قەڵەم بەدەستانەی لە هەموو دەور و زەمانێک باراشیان لە هەموو ئاشێک لێکراوە و وەک هەڵپەرستێکی ناسراو ئەو لایەنەیان هەڵبژارد کە زۆر پارەی وێر دەکردن.


جۆری پارە وێر کردنەکان یەک دوو جۆری هەبوو، جاری وا هەبوو لە ڕێگای سکرتیر یان ڕاوێژکارێکی بەرپرسێکی گەورەی وڵات بانگهێشت دەکران و چەند دەفتەرێک دۆلار و ماشێنێکی مۆنیکا یان پرادۆ و پارە زەویان دەدرایێ و یەکسەریش لە هیچەوە وەزیفەیەکی لە خۆی زیاتری پێدەدرا و لەبەرامبەر ئەو پارە هەڵڕشتنەدا دەبوایە پەسنی ئەو لایەنە بکەیت و بۆ هەتا هەتایەش وەک عەبدێکی مەئموور هەردەم خۆت بە خزمەتکاریان بزانیت.


هەروەک ڕوون و ئاشکرایە ماوەیەکیش خەریکی هەندێک لە نووسەرە جنێو فرۆشەکانی دەرەوەی کوردستان بوون، بەحیسێبی خۆیان گوایە دەیانکڕن لەم ڕووەشەوە هەندێک لەو نووسەرە جنێو فرۆشانەیان دەستەمۆ کرد، ئەو جۆرە نووسەرانەش دوو جۆر بوون،جۆرێکیان ئەوەندە ئەو بەر ئەم بەریان کردبوو، پاکیان پێنەبوو کە هەر ڕۆژێک لە ئاوازێک بخوێنن و جۆرەکەی دیکەش بەڕەوتار و نووسین و لێدوانەکانیان وایاننیشان دەدا کە دەستەمۆی هیچ لایەنەکیان نابن، کەچی هەر لە پڕ خۆیان لە باوەشیان دۆزیەوە، بەماشێنێکی مۆنیکا و خانوێک لەشوێنێکی زۆر گرانبەهای شار و چەند دەفتەرێک دۆلار و هایلایف شەو و ڕۆژ بەرێکردن لە هوتێلە باڵابەرزەکانی شار لەسەر حیسێبی پارەی میللەت، وا هەنوکە لەوێ دەلەوەڕێندرێن.


هەندێک لە بەرپرسە گەورەکانی وڵات بۆ دەستەمۆکردنی نووسەر یان شاعیرێکی بەهەڵوێست و خودان ڕابردووێکی پاک و بێگەرد هەردەم لە ڕێگای بۆرە پیاوە زەلیلەکانی خۆیانەوە هەوڵیان داوە ئەو جۆرە نووسەر وەیان شاعیرانە دەستەمۆ بکەن، کەچی تا ئێستاکە نەیانتوانیوە لەم ڕووەوە سەرکەوتووبن،چونکە ئەو جۆرە نووسەر وەیان شاعیرە بە هەڵوێستانە ژیانێکی سادە و ساکاری دوور وڵاتیان هەڵبژاردوە، نەک دەستەمۆ و زەلیلی بەردەرگای بەرپرسانی چاوچنۆکی وڵات بن.
بەڵام ئەو دیاردە نامۆیەی کە بەم دوایانە لەلای هەندێک نووسەر و شاعیری دوور وڵات، یان ڕاستر ببێژین ئەو‌انەی ئەوروپانشین سەریهڵداوە مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ و چەندی دەکەیت ناتوانیت باوەڕ بەخۆت بهێنیت، چونکە بەشی زۆریان دەیانگووت ئێمە لەلایەن بەرپرسانەوە زۆر هەوڵی کڕینمان دراوە و نەچوینەتە ژێرباریان، کەچی سەیر دەکەیت هەنوکە لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی سەر بەدەستهەڵات ڕێکەوتوون هەرجارێ بابەتێکیان بۆ بڵاوبکرێتەوە لە بڕی ئەو نووسینە چەند سەد دۆلارێکیان وەک پاداشت بدرێتێ.


تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم چەند نووسەرێک ئا بەم شێوەیە خەریکە هێدی هێدی دەستەمۆ دەکرێن.

 

 

fakhradintahir@hotmail.com