په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٦

ئۆج ئالان و تێگەیشتنی بۆ چەمکی دەوڵەت نەتەوە.

تاهیر حەسەن     


ئومێدی ئۆج ئالان کۆتای ھێنانە بەچەمکەکانی دەوڵەت نەتەوە،ئاخۆ پێکاکا بەشوێن ھەمان ئومێدەوەیە یان دەوڵەت نەتەوە تۆختر دەکاتەوە؟


ھەرکەسێک مانیفێستۆی شارستانی دیموکراسیەتی خوێندبێتەوە ئەوا تێدەگات لەوەی ئۆج ئالان بۆچی خۆی ھیلاک کردوە بەنووسینەوەی ئەو پەرتوکە پێنج بەرگیەوە لە نێو زیندانی ئیمراڵیدا.


کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە لەماوەی یەک سەدەی ڕابردودا ھەڵگری پێگەی پاراستنی دەوڵەت نەتەوە بوون.چونکە پاراستنی ئەو پێگەیە بۆخۆی لەبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستیەکاندا بوە. یانی پاراستنی پێگەی چینایەتی چینی دەسەڵاتداری چەوسێنەر لەژێر دروشمی دەوڵەتی یەک نەتەوەو دەوڵەتی یەک زماندا. لەم نێوەندەیشدا ئەوی سوود مەند بوو کۆی گشتی کۆمەڵگە نەبوە،بەڵکو تەنھا ئەو چینە دەسەڵاتدارە بوە کە کۆی جومگە ئابوریەکانی لەژێر دەست نابوە. بەم پێوەرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەمکی دەوڵەت نەتەوە بەھیچ شێوەیەک پارێزەری بنەما دیموکراسی و بنەما یەکسانیخوازیەکان نەبوە،بەڵکو لەژێر ئەو دروشمەدا پەرە بەقورسترین شێوازەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی دراوە. بەکارھێنانی چەمکی نەتەوەپەرستی،بەغەیری ھێنانی قازانج بۆ چینی دەسەڵاتدار ھیچ ئاکامێکی سوود بەخشی بۆ چینوتوێژەکانی ژێرەوە نەھێناوە. پرسیار ئەوەیە:ئاخۆ بۆچی ئۆج ئالان دێت و ئەو چەمکە ڕەت دەکاتەوە؟ ئایا تەنھا لەبەر ئەوە بوە کە نەتەوەی کورد لەو نێوەدا ھیچ سوود مەندیەکی بەدەست نەکەوتوە یان لەبەر ئەو ھۆکارە بوە کە ویستویەتی یان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کەچەمکی دەوڵەت نەتەوە تەنھا لەبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداردایە،ئیتر سەر بەھەرچ نەتەوەیەک بێت؟ ئەو چینەی کە ژێرخانی ئابوری قۆرخ کردوە،بەھەمان شێوەیش توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر سەرخانە کۆمەڵایەتیەکانیشدا.


مارکس کاتێک دێتە مەیدانی سیاسیەوە،ڕاستەوخۆ دەستی بۆژێرخانی مادی ئابوری برد،لەو ڕێگایەوە ھات و شیکردنەوە زانستیەکانی خۆی پێش خست و دیاردەو ململانێ چینایەتیەکانی دایە بەر ڕەخنەو شیکردنەوەی زانستیانەی بۆکرد. سەرکەوتنی مارکس و ھاوڕێی ھەمیشەیی ئەنگڵس لەوێدا بوو کە ھاتن و لەو ژێرخانە ئابوریەوە سەرخانی کۆمەڵگاکانیان ڕوون کردەوە یان بەر ڕەخنەی زانستیاندا،ئەگەر بھاتباو بەپێچەوانەوە شرۆڤەکانی خۆیان پێش بخستایە،ئەوکات نەیان دەتوانی بەسەرکەوتنی زانستیانە بگەن.گەڕانەوە بۆ لێک تێگەیشتنی بنەما جەوھەریەکانی مارکس دەتوانێت ڕاستی ئەو ڕستەیە یەکلا بکاتەوە. ئۆج ئالانیش دوای ئەو خەباتە سەخت و بێ وچانەی دەستی دابویە،گەر شارەزاییەکی باشی لە مێژووی ڕابردوی مرۆڤایەتی وەچنگ نەخستبایە،ئەوکات نەی دەتوانی بگاتە ئەو قۆناخەی کە وەرچەرخانێک بھێنێتە مەیدانەوە،گەرچی لەڕوی تیئۆریکیشەوە بوبێت.


بەپراکتیک کردنەوەی چەمک و تێزەکانی ئۆج ئالان پەیوەستە بەڕەت کردنەوەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریەوە. ئەم تێزە گەلێک گرنگە،بەڵام ئاخۆ پراکتیزەکەرانی ھاتوون بەجدی کار لەسەر ئەو چەمکە بکەن،یان خافڵ گیرانە کەوتونەتە نێو تۆڕی جاڵ جاڵۆکە ئاسای مەدی برەو دان بەچەمکی پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەوە؟ ئەم پرسیارە لەڕوی مادییەوە پێویستی بەھەڵوێستە کردنی جدی ھەیە. ئێستا ئۆج ئالان بەقورسترین شێواز لەلایەن پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریەوە کۆی دەرگاکانی زیندانەکەی، بەپۆڵاینترین جۆری قوفڵەکان کڵۆم کراوە،ئەویش تەنھا لەبەر ئەوەی ھەڵگرانی ڕێبازەکەی ئەو سەریان لێ بشێوێت کە سەرۆکەکەیان چی لەوان دەوێت؟ ئۆج ئالان خوازیاری ئەو چەمکە نیە کە ئەو بکرێتە ئەفسانەو چیتر کەس نەتوانێت وەک ئەو بێتە مەیدانەوە،بەپێچەوانەوە،ئەو مرۆڤە خاکیە لەیەک کاتدا ئانارکیست و سۆسیالیستە خوازیاری ئەوەیە،ھەرکەسێک ئۆج ئالانێک بێت،بەڵام بەو مەرجەی بتوانێت ھەڵگری ئامانج گەلێکی یەکسانیخوازانەو ئازادیخوازانە بێت. من ئاوا لەئۆج ئالان تێگەیشتووم،ئەویش لەڕێی پەرتوکەکانیەوە،گەرچی ھێشتا لێڵیەکی تێدایە لەسەر مەسەلەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ژێرخانی کومەڵگاوە. لێرەدا ئۆج ئالان وەک مارکس ڕوون و ڕەوان ناڵێت دەبێت بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەلایەن چینی کرێکارەوە بێت،گەرچی ناوی پارتەکەی ئۆج ئالان بەکرێکارەوەیە،ئەم گومانە لێکدانەوە زۆر ھەڵدەگرێت. لەلایەک ئۆج ئالان لەنووسینەکانیدا دیار دەبێت کەبڕوای بەسۆسیالیزمی زانستی ھەیە وە لەلایەکیتر بڕوای بەخەبات و ڕەنجی پێغەمبەرەکان ھەیەو لەلایەکی تر ڕەخنەی لەکۆی فەلسەفەی ڕۆژئاوا ھەیە کەبۆچی نەیان توانی ھەڵوێستی پۆزەتیفیان ھەبێت لەبەرانبەر ئەو مێژووەی کەسەرەتاکەی لە میزۆپۆتامیاوە سەر چاوە دەگرێت؟ لەلایەکیتر دەبینین ئۆج ئالان بڕوادارە بەنیتشە کە لەسەر زەردەشت ھاتوەتە دەنگ و پەنا بۆ فەلسەفەکەی دەبات.


ئۆج ئالان خاوەن جیھانبینیەکی تایبەتەو کرداریکردنەوەی فەلسەفەکەی پێویستی بەشرۆڤەی دەقیقتر ھەیە.بەڵام ھەرچۆنێک بێت،ئەو مرۆڤێکەو ناتوانێت ھەم لەنێوەندی بۆشای ئاسماندا بێت و، وەھەم لەسەر زەویش بێت،مەگەر ئەوکاتەی دەرفەت ھەبێت و ئەم پرسە ڕووبەڕوی خودی خۆی بکرێتەوە،یان ئەوەتا ئۆج ئالان تەنھا خەمی لای گەلانی ڕۆژھەڵاتە تا بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەدەستی کاپیتاڵیزمی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا یان دەبێت چ شارەزاییەک ھەبێت لەپشتی وەلاوە نانی چەمکی دەوڵەت نەتەوەوە؟ ئاخۆ بەرپاکردنی کونگرەی نەتەوەیی کوردی ھەڵگری ھەمان چەمکی پان ناسیۆنالیستی نابێت کە مێژوویەکە ئێمە شاھیدین لەناوچەکەدا؟ ئاخۆ دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لەھەمان چینی بۆرژوا نەتەوەپەرستی سەردەست نین کە بەکرداری لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا نیشانیان داوە؟ ئاخۆ کۆنگرەی نەتەوەیی گەر بەئەنجام بگات،دەبێت کام بەرژەوەندی چینایەتی تێیدا زاڵ بێت یان دەبێت ھیچ بەرژەوەندیەکی چینایەتی بونی نەبێت؟ ئاخۆ کارێکی وا ڕێی تێدەچێت کەلەدەرەوەی پێشخستنی بنەما چینایەتیە زاڵەکان بتوانرێت ئەڵتەرنایڤێکی جیاوازتر پێشبخرێت؟ گەر وایە،ئەو ئەڵتەرناتیڤە چیە؟ ئایا تەنھا بەرو پێشبردنی مۆدێرنێتەی خۆسەری دیموکراتیانە نیە؟ ئاخۆ لەکاتێکی وادا بەرەی بۆرژوازی باشور ئامادەیە واز لەو بەرژەوەندیە چینایەتیانەی خۆی بھێنێت؟ یان لەم نێودا خودی ئۆج ئالان و پێکاکا دێن و ھەم خۆیان دەخەڵەتێنن و ھەم چینە بەرھەمھێنەرە زەحمەتکێشەکەش دەخەڵەتێنن؟ ئەم ناڕونیە بۆخۆی دەبێتە مایەی دەردی سەری بۆ خودی پێکاکاو خودی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی کورد زمانیش. ئێستا کۆی گشتی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی کورد زمان وا لە ئۆج ئالان تێگەیشتوون کە ئەو باشترین سەرۆکی نەتەوەپەرستی کورد زمانە.چونکە دژی تورکە بەگشتی؟ ئاخۆ ئۆج ئالان بەم شرۆڤە ڕاسیستیە ناسیۆنالیستیە ڕازیە؟ یان ئۆج ئالان تەنھا بوە بەھێمایەک و چیتر کار بەفەلسەفەکەی ناکرێت،بەڵکو تەنھا بۆ خرۆشاندنی جەماوەری زەحمەتکێشی کورد زمان بەکار دەھێنرێت تا لەدژی ناسیۆنالیزمی چواردەور وەگەڕ بخرێن؟


دەوڵەتی ئاک پارتی بەڕێبەرایەتی ئەردۆغان،لەھەرە جۆری شۆفێنیستە تێکەڵەکەی ناسیۆنالیزم و مەزھەب گەرایدایە،وەپارێزەری تەواوی بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە ناسیۆنالیستە بۆرژوازیە پارێزەری بنەماکانی دەوڵەت نەتەوەیە،یانی برەودان بەچەمکەکانی ڕەگەزپەرستی و شۆفێنیزمی قەومی. ئاخۆ گەر لایەنی دژی ئەم چەمکە بخوازێت ئەو فەلسەفەیە نابووت بکات دەبێت دژی ئەو فەلسەفەیە خەبات بکات یان خۆیشی ببێتە ھەڵگری ھەمان چەمک؟بۆرژوازیەتی باوی ناوچەکە،ھەڵگری ئەو چەمکانەی دەوڵەت نەتەوەن،جا چ تورک زمان بن یان فارس زمان یان عەرەب زمان یان کورد زمان. پارێزەرانی چەمکی دەوڵەت نەتەوە پێک ھاتەیەکن لەبەشی چینی سەرداری ئەو کۆمەڵگیانەو لەڕووی ھەلومەرجی زاڵەوە کۆی ئیمکانیاتی مادیان لەژێر دەستدایە،کەواتە لەم ساتەدا چ جیاوازیەک ھەیە لەوەی پێکاکا بەرگری لەبنەماکانی کوردایەتی بکات لەگەڵ ئەو پێگانەی پان عەرەبیزم کەبەرگری لەنەتەوەی عەرەب دەکات،یان تورکیزم بەرگری لەنەتەوەی تورک دەکات یان فارسیزم بەرگری لەنەتەوەی فارس دەکات؟


لەدوای شکست دان بەشۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ وە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت،وەپێشتریش،کۆی وڵاتانی ڕۆژھەڵات لەژێر ھەیمەنەتی بنەما بەرژەوەندیخوازیەکانی دەوڵەتانی زلھێزی سەرمایەداریدایە.کۆی ئەو دەسەڵاتانەی تا ئێستا لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا بونیان ھەیە،ھەر لەکاتی ھاتنە سەر حوکمیان تا ساتی وەدەر خستنیان بەئەندازەیەکی زۆر پەیوەست بوە بەخواست و ململانێی نێوان بەرژەوەندیەکانی زلھێزانی جیھانەوە.


لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی ڕژێمەکەی سەدامەوە،ناوچەکە تادێت بەرەو جەنگ و ماڵ وێرانی زیاتر دەچێت و کۆی ھاوکێشەکانی سەردەمی دوو قوتبی بەرەو لێک ھەڵوەشاندنەوەی یەک جاری دەبرێت. ئەو ئامانجەی دەوڵەتی زلھێزی سەرمایەداری ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بەشوێنیەوەن لەناوچەکە،جێگیر کردنی ئابوری بازاڕی ئازادە،یانی کۆتای ھێنان بەو شێوە دەستکەوتەی مێژووی پێش ئەو جەنگەو کۆتای ھێنان بەو چەمکانەی دەوڵەت لەئەستۆی خۆی دەگرت.


ئەم لێک ھەڵوەشاندنەوەیە،گەر بێت و لەژێر خواستی ئیرادەو ھۆشیاری سیاسی چینایەتی چینە چەوساوەکەدا نەبێت،ئەوا دیسان گەلانی ئەو ناوچەیە مەحکومن بەلەدەستدانی کۆی ئازادیەکانیان و ئەو جورە ژیانەی ھەیان بوە. زاڵ کردنی چەمکەکانی لیبراڵزمی ئابوری بازاڕی ئازاد،نەک ناتوانێت ببێتە مایەی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و وەگەڕخستنی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی،بەڵکو لەقۆناخێکی واسەختدا،دەبێتە مایەی لوشدانی خودی کۆمەڵگەیش.


شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆی وەک یەکێک لەئامانجە گرنگەکانی جێ بەجێکردنی نێو مانیفێستۆکەی ئۆج ئالانە لەڕووی کرداریەوەیە،وە دەتوانین بڵێین زۆرترینی ئازادیخوازانی جیھان و بەرەی چەپی سۆسیالیستی سەرمەستن بەگرەوی سەرکەوتنەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە لەزۆرترین لایەنیەوە،چونکە ئەو شۆڕشە ھەڵگری بنەماکانی بوژاندنەوەی ئیرادەی سیاسی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی گەلانی ناوچەکەیەو لەھەمان کاتدا پێگەی ژنان بۆ ئازاد بونیان دەخاتەوەشوێنە ئەسڵیەکەی خۆی،یانی گەڕاندنەوەی بەھای مرۆڤ بونەکەی. وە لەلایەکی تر، کۆتای ھێنانیەتی بەشۆفێنیزمی قەومی و مەزھەبی و دینی. ئەم چەمکانە،لەنێو خودی مانیفێستۆدا ئاماژەی پێکراوە.


دەوڵەتی ئەردۆ داعش،قۆناخێکە لەنێو قەیرانی دارای و قەیرانی ئابوری و قەیرانی سیاسیدایە،بۆخۆ دەرباز کردنیش لەو کۆ قەیرانە،خۆش کردنی مەیدانی جەنگی قەومیانەو ناسیۆنالیستێانە باشترین دەرفەتە بۆی.چونکە کاتێک دەوڵە نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر قەیرانەکانیدا،ئەوا دێت و پەنا بۆ بەرپاکردنی جەنگ یان گێژاوێک دەبات،بۆ ئەردۆ داعشیش،باشترین وەڵام بەقەیرانەکانی وەگەڕ خستنی جەنگی ناسیۆنالیستیانەی شۆفێنیستیەتی بوو لە دژی گەلی کورد و پێکاکا. ئەو دەوڵەتە ملیاردەھا دۆلاری بەخەرج کردن دا،تا لایەنی بەرانبەر پەل کێشی نێو ئەو جەنگە ڕەگەز پەرستیە بکات و خۆی ڕزگار بکات لە بەرپابوونی شۆڕشی کومەڵایەتی. من وادەزانم،بەرەی پێکاکا،نەیتوانی لەئامانج و کۆدەکانی ئۆج ئالان تێ بگات و خۆی خستە نێو گەمەکەی ئەردۆ غانەوەو،وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداریەوە،یان ئەوەتا ئۆج ئالان خوێندنەوەی دروستی بۆ واقیعە ماتەریاڵیەکە نەبوەو تەنھا وەک کەسێکی خەیاڵاوی لە واقیعی ڕوانیوە. ڕەنگە نەتوانین ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارەی کۆتای بدەینەوە ئەگەر بێت و چاوەڕوانی ئاراستەی ئاڵوگۆڕەکان نەبین. بەڵام دەتوانم بڵێم،کەتێکەڵاو کردنی خواستەکانی چینوتوێژە زەحمەتکێش و چەوساوەکان و ئازادیخوازان لەنێو شەقامی تورکیا،(یانی ڕێگە خۆش کردن بۆ بەرپاکردنی ڕژانە نێو شەقامەکان لەکۆی ڕەگەزەکانی ناو تورکیا،بۆ وەستاندنەوەو بەرپەرچ دانەوەی ئامانجە گڵاوەکانی سەرانی دەوڵەت،کە خواستیان جیاوازی خستنە نێو چینوتوێژە ھەژار کراوەکان بوە تا لەو ڕێگایەوە پەرە بەڕاسیزم و شۆفێنیزمی قەومی بدەن،گەرچی بۆیشیان کراوە بەتایبەت لەدوای کوداتە گوماناویەکەی ١٥/ئ٠٧/٢٠١٦ وە،دەستی دەوڵەتی ئەردۆ داعش واڵاتر بوە بۆ جێخستنی بنەماکانی دەوڵەتێکی توتالیتاری) دەیتوانی بەقازانجی گشت بەرەی ڕزگاریخوازو ئازادیخواز بەخش و یەکسانیخواز بشکایەتەوە،نازانم بۆچی ھەڤاڵانی پێکاکا پەنایان بۆ ئەو ئەڵتەرناتیڤە نەبردو، لەبری ئەوە جەنگی نێو شارە کوردیەکانیان درێژە پێدا؟ کەچی ئاکامەکەی وا دەردەکەوێت کەلەبەرژەوەندی خواستەکانی دەوڵەت نەتەوە تەواو ببێت؟! ڕاستی گەر خوێندنەوەیەکی ماتەریاڵانە بۆ ھەلومەرجە واقعیەکان نەکرێت،ئیتر لەھەرچ سات و کاتێکدا بێت،دەکرێت باجی گەورەیش بدرێت، کەھەستانەوە بۆ قۆناخێکیتر دوادەخات. لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناویندا،بەبێ بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەکۆی بوارەکانی ژیاندا،زۆر زەحمەتە ڕێگا چارەیەکی تر ھەبێت بۆ ڕزگار کردنی چینوتوێژە بەرھەمھێنەرو کرێ وەرگرەکان،کەوەک چینوتوێژێکی بەرفراوان لەنێو کۆمەڵگەدا بونیان ھەیە. خودی ئەو چینە بەرفراوانە،تا ئەم ساتەیشی لەگەڵدا بێت،لەلایەن سەرانی دەوڵەت نەتەوەی بۆرژوا قەومی و مەزھەبیەوە دەچەوسێنرێنەوە. ئیتر مەعلومە ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە،ناتوانێت بێتەوە مەیدان لەژێرناوی ڕزگار کردنی گەلانی زەحمەتکێشی ناوچەکەدا.

 

٢٨\١٠\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک