٧\١٢\٢٠١٤
(ئۆفتایم)ەکەی
(تۆم و جێری) هودنەیە یا گەڕان لەدووی تاکتیکی نوێ.
هەژێن
ئەوا چلەی زستان نزیکدەبێتەوە، خەڵکی شەنگال لەسەر چیان یا لەتەك
شەبەکەکان و کاکەییەکان و مەسیحیەکان و عەرەبزمانەکان لە ئوردووگە
بێتوالێت و بێگەرماوەکاندا چاوەڕێی کۆتاییهاتنی جەنگەکەی (تۆم و
جێری)ن، بەڵام لەوە دەچێت (تۆم و جێری) جارێك لە هودنە یا لە گەڕان
لەدووی تاکتیکی نوێ بن، جارێ پەلەیان نییە و ڕەقبوونەوەی خەڵك لە سەر
چیای شەنگال یا وێرانبوونی دەروونیی لە ئوردووگەکان و ئاوارەیی
شاراندا، هیچ کارایی لەسەر جەنگە نەبڕاوەکەی ئەوان نەبێت.
گەلۆ، لەبیرتانە پاش میواندارییکردنی هێزەکانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە شام
و عیراق) و گۆڕینی ناوەکەی بە (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) لە موسڵ،
ناسیونالیستەکان لە هەرێم کردیانە خەنەبەندانی ڕیفراندۆم بۆ "دەوڵەتی
کوردی" و دەوڵەتی ئەمەریکای "ڕزگارکەریش" بڕیاربوو تا ٢٢ی ئۆگوستی ٢٠١٤
بە هەبوونی سەد هەزار واژۆ، جەنابی (ئۆباما) کە لە پەنای دەستیدا هەموو
ڕۆژێك چەند منداڵێکی ڕەشپێست بە دەستی " پۆلیسی یاساپارێز" دەکوژرێن،
دەوڵەتی کوردی بۆ کوردانی هەرێم " کوردە باشەکان" دامەزرێنێت، ئەوە بوو
زیاتر لە سەد و چل هەزار واژۆش کرانە تەنەکەی زبڵی کۆشکی سپی و لەجیاتی
ڕاگەیاندنی ڕێفراندۆم و دەوڵەتی کوردی، هەرچی کۆنەچەکی دەهەی شەستی
سەدەی ڕابوردوو بەم لاوە هەبوو، بەرانبەر بە نەوتی هەرێمی کوردستان و
عیراق ساخیانکردەوە و هاوکات گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرشکردن بۆ سەر کۆبانی
هەڵکرد. ...
لەبەرئەوە پرسیاری ئاوارەکانی سەر چیای شەنگال و ئاوارە شەبەك و کاکەیی
و مەسیحی و عەرەبزمانەکان ئەوە نییە، کە کەی ئەو چەنگە تەواودەبێت یا
کەی هێزەکەی (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) لەنێودەبرێت، چونکە هەموو کەس
دەزانێت، کە تازە-چەکدارانی (دەەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) لە چ کونێکەوە
ئاودیوی سوریە وعیراق دەبن!
نا.. نەخێر، پرسیاری ئەو خەڵکە ئاوارەکراو و بەدبەختە ئەوەیە، کە ئاخۆ
کەی بازرگانی و هودنە و کایەی گرتن و بەدەستەوەدانەوەی ناوچەکان
لەنێوان هێزەکانی فەرمانداریی هەرێم و هێزەکانی (دەوڵەتی خەڵافەتی
ئیسلامی) کۆتایی دێت؟
_______________________
تێبینیی:
ئەز دەزانم، کە هەموو هەوڵێکی کاناڵەکانی میدیا بۆ شاردنەوە و
لەبیربردنەوەی ڕووداوە داچڵەکێنەرەکانە، لەبەرئەوە بە ئەرکی خۆمی
دەزانم، وەك ژورنالیستێکی ئازاد، ناوبەناو پرسە خۆڵە-پۆشکراوەکان
بهێنمەوە سەر شانۆی کۆڵان و گەڕەکەکانی فەیسبووك!
٥\١٢\٢٠١٤
ماڵپهڕی ههژێن
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|