١٦\٣\٢٠١٤
ئۆکرانیا
و مایەپووچیی سیستەمی دەووڵەت
-
نەتەوە.

دارا مەحمود
کەمڕۆژ هەیە بەهەواڵی کێشەیەکی نوێ، لەم جیهانەدا بێدار نەبینەوە.
هێشتا ئاگری کێشەیەک لەشوێنێک دانەمرکاوەتەوە، لەشوێنێکی تردا کلپە
دەسێنێتەوە.
دوایین کێشەیەک ئەم ڕۆژانە جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردوەو دەرگای لەسەر
دەستپێکردنەوەی شەڕی ساردوگەرم و قەیرانی سیاسیی و ئابووریی...
ئاواڵاکردووە، ئۆکرانیایە.
لەزۆربەو نزیک بەهەموو ئەو شڕۆڤەو لێکدانەوە سیاسیانەی دەربارەی ئەم
کێشەیە ئەنجامدراون، بەو ئاستەدا دەڕوات کە دەستنیشان بکرێت داخوا کێ
خەتابارەو کێ بێ خەتا؟ کێ ڕاست دەبێژێت و کێ درۆ؟ کێ دەیباتەوەو کێ
دەیدۆڕێنێ؟ و پاشانیش سیناریۆی چارەسەرییەکان! یانیش ئەوەی ناوی
لێنراوە چارەسەریی...!
ئەوەی لێرەدا شیاوی تێڕامانی وردو لەهەمان کاتدا شیاوی پرسیاریشە، ئەو
پرسانە نین کەئاماژەمان پێکردن. چونکە لەکۆدا هەر لاخەتاباربێت، و
هەرلایەک بیباتەوە، کێشەیەک چارەسەر نابێت. بەڵکو کارەساتەکە ئەمەیە کە
کێشەکان کۆتاییان نایەت. و قەیرانەکان لەبن نایەن. کەواتە ئەو پرسیارەی
کە پێویستە وەڵامی بۆ بدۆزرێتەوە ئەمەیە کە چما ئەم کێشانە وەک
زنجیرێکی بێکۆتایی هەر ڕۆژەی ئاڵقیەکی بەدیاردەکەوێت و دەبێ چاوەڕێ بین
تا سبەینێش ئاڵقەیەکی تری بەچاوی خۆمان ببینین...؟
لەم سەردەمەدا، کەبە پەرەسەندنی دیموکراسی و یاساپەروەریی و ڕێزگرتن
لەمرۆڤ و بەهاکانی ناودەبرێت. زۆربەمان پێمانوایە جیهان هەرچی زۆرتر
بەرەو ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی و کەمبوونەوەی شەڕوخوێنڕشتن دەچێت.
بەڵام هەستێکی وا خەڵەتێنەرە. جیهان لەسایەی دووالیزمی سەرمایەداریی و
سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا، هەروەک چۆن لەڕابردوودا ئارامی بەخۆیەوە
نەدیتووە، لەداهاتووشدا نایبینێت. و ئێمە تەنیا لەبەراوردکردنی نێوان
نموونەکاندا و لەچاو یەکتر هەندێک بە باش و هەندێکی تریش بە خراپ
پۆلبەندیی دەکەین. دەنا جیهان لەسەر ئاستی گشتی نەک هەر بەرەو
باشتربوون و داهاتوویەکی ڕووناک بۆ مرۆڤایەتی ناچێت. بەڵکو لەزۆر
بواردا بەرەو خراپتربوونیش دەڕوات: زۆربوون و بڵاوبوونەوەی
چەکوتەقەمەنی و پەرەسەندنی ئامێرەکان و بەگشتی زانستی شەڕ،
بڵاوبوونەوەی تێرۆریزم، تێکوپێکدانی ژینگە، زۆربوون و بەکارهێنانی مادە
هۆشبەرەکان و پەرەسەندنی بازرگانی پێوەکردنیان، پەرەسەندنی تایەفەگەریی
و گروپبەندیی مەزهەبی و ئەتنیکی و توندڕەوی لەپەیڕەوکردنیاندا،
پەرەسەندنی مافیای نێودەوڵەتی و کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ و زیندوکردنەوەی
سیستەمی کۆیلایەتی... لەنموونە دیارەکانن.
ئەوەی ئەمڕۆ جیهانی مۆدێرن بەڕێوەدەبات، سیستەمێکە لەسەر بنەمای
گروپبەندییەک بەناوی نەتەوە، مرۆڤایەتی دابەشدەکات. وپیرۆزیی
بەسنوورەکانی نێوانیان دەبەخشێت. سیستەمێک کە هەرچی یاسایەکی
نێودەوڵەتی بەرهەمهێناوە تەنیا لاوازو بێدەسەڵاتان دەگرێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ هاواری پرۆتێستی جیهان پڕدەکات و خەتاکارێک ڕیسوادەکات.
دوێنی بۆخۆی هەمان خەتاو تاوانی ئەنجامداوەو سبەینێش دووبارەی دەکاتەوە.
سیستەمێک کە چەند دانە دەوڵەتی ملئەستووری بەرهەمهێناوە. تەواوی
دەوڵەتانی تریش هەر دەخوازن و کاردەکەن تابگەنە پلەی ملئەستووریی. و
یانیش لانیکەم لەپاڵ ملئەستوورێکدا جێگایەک بۆخۆیان بکەنەوە.
دەوڵەتانی ملئەستوور، لەمپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی جیهان لەتەراتێندان. جەنگ
ڕادەگەیەنن، سزا دەسەپێنن، مۆرکی تاوان بەگەلان و بزووتنەوە
ئازادیخوازەکانیانەوە دەلکێنن، سنوورەکان دەبەزێنن، بازاڕی فرۆشتنی چەک
و تەقەمەنی گەرمدەکەن، ژینگە وێران دەکەن، نەخۆشی نامۆ بەرهەم دێنن...
پاساوی هەموو ئەمانەو هیتریش شتێکە ناویان لێناوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی...!
ڕٶژئاوا بە پێشەنگی ئەمەریکا، ملئەستوورانە بەمەبەستی ئابڵوقەدانی
ڕوسیاو دەرهێنانی ئۆکرانیا لە بازنەی نفوزی، کێشەیەکی ناوخۆیی و
گەندەڵی و ڕەفتاری دیکتاتۆرانەی سەرکۆمارەکەی قۆستەوەو ئەم
هەراوهۆریایەی نایەوە. ڕوسیاش ملئەستوورانەتر بەبەهانەی پاراستنی
کەمینەی ڕوس لەم وڵاتەو گوایا ڕێزگرتن لەخواستی گەلان پەلاماری قرم
دەدات. ئەگەر گەلان مافی دیارییکردنی چارەنووسی خۆیانیان هەیە ئەدی چما
هەر بۆ نموونە خەڵکی شیشان و ئەنگۆشیاش هەمان مافیان پێ ڕەوا نابینرێت.؟
لێرەدا ئەوەی یارییەکە دەدۆڕێنێت، نە ڕوسیایەو نەڕۆژئاوا. بەڵکو خەڵکی
ئۆکرانیایە. چونکە کەسێک جگە لەخۆیان نەخەمی ماف و ئازادی ئەوان و نە
پێشێلکردنی یاسایەکی لەسەردایە. بەڵکو خەمی چنینەوەی دەستکەوتێک
کەبەبایەخی خوێن و فرمێسک و ئازاری گەلان لەڕێگای زۆرداریی و
داگیرکاریی کەلەسیستەمی سیاسیی جیهاندا پەیڕەوو بەیاسایی دەکرێت،
بەدەستبخەن.
ڕۆژئاوای سەرمایەدار، مرۆڤایەتی بەمە قەرزارباردەکات، کەئەو خاوەنی
سیستەمێکی دیموکراسییەو ئەوانی تر نیانە! کە لێرەدا دوو خاڵ پێویست
بەئاماژەیە.
یەکەم/ دیموکراسی بەهەڵەو ناڕەوا وەک لازیمەی سیستەمی سەرمایەداریی، و
خەسڵەتی باشی پێناسەدەکرێت. کە ڕاستیەکەی دیموکراسی نەبەرهەمی
سەرمایەدارییە و نەموڵکی ئەوە. بەڵکو گەلێک بەرلەپەیدابوونی
سەرمایەداریی لەیۆنانی کۆن و دەوڵەتی ڕۆم هەبووە. و هیچ بەڵگەیەک
لەئارادانییە ئەمە بسەلمێنێت کە دیموکراسی تەنیا لەسیستەمی
سەرمایەدارییدا شیاوی جێبەجێکردن بێت. دووەم/ دیموکراسی، تەنیا لەسەر
ئاستی ناوخۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیڕەودەکرێت، کە لەسەر بنەمای شکۆو
باڵادەستییەک بنیاتنراوە کە بەخوێن و عارەق و ڕەنج و ئازاری گەلانی تر
بەدەستهاتووەو دێت. بۆ ئەم دیموکراسییە گرنگ تەنیا ئەمەیە ئابووری وڵات
بچەرخێت و بازاڕی فرۆشتنی کاڵای خودی گەرم بێت. و باقیەکەی چەند ملیۆن
مرۆڤ لەم جیهانەدا لەبرسیەتی و لەژێرسایەی چ ڕژێمێکی دیکتاتۆرو
سەرکوتکەردا بەسەردەبەن هیچ گرنگ نییە. و لەبەرانبەر پاراستنی
بەرژەوەندیی و بەپێوەڕاوەستانی سیستەم، پردی دۆستایەتی لەگەڵ هەر
ڕژێمێکی دیکتاتۆریدا دەبەستن و ڕۆژی سەدجار دیموکراسی لەدار بدرێت
دیسان بەناوی دیموکراسیەوە دەیکەن!
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە گوایە نوێنەرایەتی تەواوی وڵاتانی
دانپێدانراوی جیهان دەکات، تەواوی بڕیارەکانی بەزۆرینەی دەنگیش تەنیا
بایەخێکی سیمبۆلیک و ڕاگەیاندیی هەیە دەنا ناتوانێت و لەسەلاحیەتیدا
نییە تاکە بڕیارێکیش بەمەبەستی جێبەجێکردن دەربکات. کەچی ئەنجومەنی
ئاسایش کە تەنیا لە ١٥ ئەندام پێکدێت ئەو تواناو سەلاحیەتەی هەیە.
بەڵام ئەویش بە ڤیتۆی یەک لە پێنج وڵاتی هەمیشە ئەندام لەباردەبرێت.
خۆئەگەر هەربڕیارێک لەو ڤیتۆیەش ڕزگاری بێت ئەوە تەنیا وڵاتانی لاوازو
بچوک و بێ پەنا دەبێ ملکەچانە جێبەجێی کەن، دەنا وڵاتێکی وەک ئیسرائیل
بەردەوام بڕیارەکای ئەو ئەنجومەنەی ژێرپێ خستووەو کەسیش لەتوانایدانییە
پێی بڵێت پشتی چاوت برۆیە. کوێی ئەم سیستەمە جیهانییە دیموکراسییە...؟
مرۆڤایەتی پێویستە گەشبین بێت بە ئایندە. بەڵام ئەم گەشبینییە تەنیا
کاتێک واتای واقیعی بەخۆیەوە دەگرێت، کەبەگوڕ کار بۆکۆتاییهێنان بەم
دوالیزمە زاڵمانەو شکەستخواردووە: سەرمایەداریی و دەوڵەت - نەتەوە
بکرێت. دەناگەشبینی واتایەکی نییەو دەبێ مرۆڤایەتی هەروا لەچاوەڕوانی
قەیران و شەڕو کارەساتدا بەسەربەرێت.
ماڵپهڕی دارا مهحمود
|