عومه‌ر دزه‌یی ده‌نگێك بۆ هه‌میشه .
سه‌ردار عه‌بدوڵا
ده‌نگێک که کاریگه‌ریه رۆحییه‌کانی له سه‌ر گه‌نجانێک که دڵداری خۆیان هه‌بوو یاخود ئه‌وانه‌ی به‌دوای دڵێکدا بۆ خۆشه‌ویستی، هه‌میشه له به‌رده‌م کۆلیژه‌کان و سوچی کۆڵانه‌کان له بۆسه‌دابوون; به ئاشکرا دیاربوو. ئه‌م ده‌نگه زۆر نزیک بوو له رۆح و ئیحساساتی کچان و کۆڕانێک به‌تایبه‌ت رۆشنفکرانی سه‌رده‌مێک که مه‌حروم بوون له‌خۆشه‌ویستی و ده‌ستڕانه‌گه‌شتن به‌خۆشه‌ویسته‌کانیان کردبوونیه "عاشق". هه‌ر کاتێک که مه‌جلیسی گۆرانی داده‌مه‌زرا، که‌م جار هه‌بوو"قژ کاڵی لێو ئاڵ"، ئامۆزاگیان" و "باخچه‌ی پاشا"یه‌ک به‌تاک یاخود به‌کۆرس به‌رزنه‌بێته‌وه، له‌مانه‌ش سه‌یرتر جگه له ده‌نگخۆشه‌کان، هه‌ره ده‌نگ ناخۆشه‌کانیش خۆیان به لاسایی که‌ره‌وه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی عومه‌ر دزه‌یی ده‌زانی، هه‌میشه ئه‌وه‌م له‌یادده، هاوڕێیه‌کم هه‌بوو له کاتی دانیشتن و کۆڕی به‌زم و گۆرانیدا، به‌هۆی ده‌نگه ناخۆشه‌که‌یه‌وه هه‌میشه تکای ئه‌وه‌ی لێده‌کرا که‌گۆرانی نه‌ڵێت و گۆرانی له که‌س تێک نه‌دات ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فڕکردنی یه‌که‌م پێکدا گوێی به‌که‌س نه‌ده‌دا و به وتنی" قژ کاڵی لێو ئاڵ" ده‌که‌وته دنیای خۆیه‌وه.
گۆران له شیعردا و عومه‌ر دزه‌یی له‌ده‌نگدا، ئه‌و کاتانه‌ی ئه‌م دووانه پێکده‌گه‌ن جوانترین ئاوێزانبوون رووده‌ده‌ات، که هه‌ستێکی وات ده‌داتێ که ئه‌م دووانه جمکێ دایکێ بن، وشه‌ی گۆران و ده‌نگی دزه‌یی دوو به‌هره‌ن که پێکه‌وه به ئاستی به‌رزی و جوانی خۆیان ده‌گه‌ن! ئه‌مڕۆ، شیعری به‌رز و شاعیرانی سه‌رکه‌وتوو که‌م نین که کۆمه‌ڵگه و خۆێنه‌ران بێ ئاگان لێیان، جا هۆکه‌ی هه‌ر شتێک بێت! هه‌ر چه‌نده ئه‌مه شیعری گۆران و گۆران ناگرێته‌وه، به‌ڵام کاتێک ده‌نگی دزه‌یی و گۆران پێکده‌گه‌ن، گۆران کۆڕی زیاتر گه‌رمده‌بێت، ئێستاتیکای شیعره‌کانی بۆ خۆێنه‌ر روونتر ده‌رده‌که‌ون، هه‌ڵبه‌ت پێچه‌وانه‌که‌شی درووسته. ده‌نگی دزه‌یی و شیعری گۆران له گونجاوترین و شیاوترین زه‌مه‌ن و کاتی خۆێدا پێکده‌گه‌ن و دووباره پێکه‌وه له‌فۆرمێکی نوێ‌دا دێنه‌وه‌ده‌رێ!
گرنگی هه‌ر داهێنان و پێشڕه‌وییه‌ک له‌وه‌دایه که چه‌نده توانای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی له‌بواری خۆێدا هه‌یه، ده‌نگی دزه‌یی له‌سه‌رده‌مێکدا که گۆرانی کوردی به درێژایی مێژویه‌کی دوور و درێژ ئالوگۆرێکی ئه‌و تۆی تێدا به‌دی نه‌هاتبوو، گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو له سه‌ر ساغکردنه‌وه‌ی ستایلێکی نۆێ له‌گۆرانی کوردی، له‌مه‌ش گرنگتر جێبوونه‌وه‌ی له‌نێو جه‌ماوه‌ر و قبوڵکردنی خێرای لای گوێگرانی بوو، به‌م هۆیه ئه‌م ده‌نگه خاڵێکی تری وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ئاڵوگۆڕێکی نوێ بوو!
ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی دزه‌یی، ده‌کرێت وه‌ک ئه‌زموون و وه‌ڵامێک سه‌یربکرێت که مه‌رج نییه گۆرانی سه‌رکه‌وتوو، ره‌گه‌که‌ی له کلتور و جوگرافیای نه‌ته‌وه‌دا بێت. عومه‌ر دزه‌یی وه‌ک که‌سێکی چاونه‌ترس و بوێر هاته مه‌یدان، وه‌ک که‌سێکی مۆدێرن به کاریگه‌ری فه‌رهه‌نگی رۆژئاوایی و سودوه‌رگرتن له باشترین توانا موسیکالیسته‌کانی سه‌رده‌می خۆی ئاڵوگۆڕێکی چلۆنایه‌تی هێنایه مه‌یدان، ئاڵ‌وگۆڕێک که تاکو ئه‌مڕۆش هه‌ندێكێ زۆری گۆرانی بێژ و موسیکاله ناسیونالیسته‌کان، ناتوانن قبوڵی بکه‌ن و سه‌یر نییه که ئاڵوگۆری له‌وچه‌شنه به‌لادان له کلتوری ره‌سه‌ن بزانن!
قبووڵکردنی ده‌نگی دزه‌یی و هاوچه‌شنه‌کانی لای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه‌که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و خه‌ڵکی له کوردستان سنگیان ئاوه‌ڵایه بۆ هه‌موو ئاڵوگۆر و پێشکه‌وتنێک، هه‌روه‌ها ئه‌وه ده‌رده‌خات که کۆنزرڤاتیڤی ناسیۆنالیزمی کوردی له ژێر ناوی ره‌سه‌نایه‌تی چه‌نده بێ بناغه و پێ له هه‌وایه. خاڵێکی گرنگ که ده‌کرێت ئاماژه‌ی پێ بکرێت ئه‌وه‌یه، گه‌ر به‌چاوی ئه‌مڕۆ سه‌یری گۆرانییه‌کانی دزه‌یی بکرێت ده‌کرێت وه‌ک گۆرانی ره‌سه‌نی کوردی بدرێنه قه‌ڵه‌م، به‌ڵام گه‌ر بگه‌ڕێینه دواوه بۆ ساڵه‌کانی حه‌فتای سه‌دده‌ی رابردوو و به چاویلکه و پێوانه‌کانی ره‌سه‌نخوازان سه‌یری گۆرانییه‌کانی دزه‌یی بکه‌ین، ناتوانرێت ئه‌و به‌رهه‌مانه بخه‌ێنه قاڵبی ره‌سه‌نایه‌ته‌وه.
ئه‌وکاته‌ی ده‌نگی دزه‌یی هاته مه‌یدان، ئه‌و ده‌نگانه‌ی که ئاڵوگۆڕێکیان کردبوو به په‌نجه‌کانی ده‌ست ده‌ژمێران، هێشتا گۆرانی چه‌پڵه که روخساری گۆرانی گوندی و سه‌رده‌می فیودالی بوو باڵی به‌سه‌ر بازاڕی گۆرانی کوردی‌دا کێشابوو، گه‌شه‌ی شاره‌کان و ره‌ونه‌قی سه‌رمایه‌داری له کوردستان، که‌شێکی له‌باری بۆ ئاڵوگۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێکهێنا، هه‌ر به‌م هۆیه نه‌ده‌کرا که کۆمه‌ڵگه له چاواڕوانی گۆرانییه‌کی نوێ‌دا نه‌بێت، گه‌نجانی شار و خوێندکاران و ته‌نانه‌ت تیپه‌کانی موزیکیش فاسیله‌یه‌کیان له‌و جۆره له‌گۆرانی گوندی گرتبوو، بۆ ئالۆگۆر و نوێخوازی خاوه‌نی هه‌ستیاریه‌کی زۆر و گۆێیه‌کی کراوه‌بوون!
ئه‌وکاته‌ی مه‌لا، عومه‌ر دزه‌یی له خۆشترین خه‌وه‌کانی ده‌کات! پاشی ته‌مه‌نێک له‌دابڕان عومه‌ر دزه‌یی دووباره چه‌ند به‌رهه‌می له سیدیه‌کدا بڵاوکرایه‌وه، که چه‌ند گۆرانییه‌کی نوێ و دوباره‌ی تێدایه، له‌و به‌رهه‌مه‌دا ده‌نگی دزه‌یی هێشتا له پاکی و ره‌ونه‌قی جارانی خۆیدایه. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش درێژه‌پێده‌ری هه‌مان ستایلێکه که دزه‌یی له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ڵیبژاردووه، به پێچه‌وانه‌ی زۆرێک له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که ماوه‌یه‌ک له هونه‌ر دابڕان پاشان که له‌سه‌رده‌مێکی تردا گه‌ڕاونه‌ته‌وه به‌شێواز و ستایلێکی تر گۆرانی‌یان گوتۆته‌وه. دزه‌یی خه‌ونه‌کانی له دنیای جه‌نجاڵ و مۆدێرنی رۆژئاواوه ده‌باته‌وه بۆ دنیای پڕ سروشت و سادده‌ی گوندنشینی کوردستان که تێشوویه‌کی پڕ له‌یادگاریی گه‌نجێتی تێدا هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م حاڵه‌ته ئاساییه که ئه‌مڕۆی ماندوو ئاوڕ له دوێنێی حه‌ساوه‌ی خۆی بداته‌وه، ئه‌مڕوی پڕ ته‌مه‌مه‌ن په‌ڕه‌کانی مێژووی گه‌نجی و لاوێتی خۆی هه‌ڵبداته‌وه.
گۆرانی "بینیم له‌خه‌وێ" وه‌سفێکی جوانه بۆ خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی سادده‌ی گه‌نجێتی دزه‌یی، ئه‌م وه‌سفه ته‌نیا به‌که‌سێک ده‌کرێت که بۆخۆی ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ واقیعێکی وه‌هادا نه‌رمکردبێت. گه‌ر وردتر له‌م گۆرانییه وردبینه‌وه، سه‌رده‌مێک ده‌بینین که تێیدا گه‌نجانی وڵاتێک له ژێر فشار و ئه‌مبارگۆی داب ونه‌ریتدا به‌و په‌ڕی مه‌حرومی خۆیان گه‌یشتوون، ولاتێک لیواولێو له مه‌حرومه سه‌رکه‌شه‌کان لێواولێو له‌عاشقان ده‌بینین. شه‌وانیێک ئه‌وکاتانه‌ی چاوه تیژه‌کانی عه‌شیره‌ت خه‌وده‌یباته‌وه، ئه‌می عاشقی سه‌رکه‌ش فێڵ له هه‌موو پاسه‌وانه‌کانی سنوورده‌کات و خۆی ده‌خزێنێته جێی فێنکی دڵداره‌که‌ی، ئه‌وه‌ی پێیانخۆش بێت ده‌یکه‌ن، به‌لام هه‌موو ئه‌مانه باس له‌خه‌وێک ده‌که‌ن ئه‌وه‌نده خۆش که له‌دنیای بیداری واقیعیدا ئه‌و خۆشه‌ویستییه له خانه‌ی قه‌ده‌غه و تابۆکراوه‌کانه! ئه‌و خه‌ونه ته‌نانه‌ت بینینیشی قه‌ده‌غه‌یه و گێڕانه‌وه و گه‌شتنتی هه‌واڵه‌که‌ی به که‌سوکاری دڵداری دووه‌م قه‌ستی سه‌ره. وه‌سفکردنی سێکس و به‌زاندنی سنوره‌کانی فه‌رهه‌نگی باو له گۆرانی به‌تایبه‌ت میللی کوردی‌دا شتێکی ئاشکرا و ڕوونه، ئه‌م وه‌سفه تا راده پۆرانه نیشانه‌ی کراوه‌یی و مۆدێرنیزمی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نه‌بووه وه‌ک ئه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ک بووه بۆ خاڵیکردنه‌وه‌ی دڵی عاشقه مه‌حرومه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی که‌بتکراوی سێکسی! زۆرێک له‌م گۆرانییانه پیاوسالارانه و تاڕاده‌یه‌کی زۆر ساددیانه بوون، ژنان که‌مترین به‌شیان له‌و موماره‌سه‌یه‌دا به‌رکه‌وتووه، پیاوان بکه‌ر و ژنانیش کار له‌سه‌رکراوبوون. ئه‌م خه‌وه‌ی دزه‌یی زۆر سادده و سروشتیانه باس له په‌یوه‌ندیه‌کی خۆشه‌ویستی سێکسی ده‌کات که هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌که تێیدا وه‌ک یه‌ک له‌زه‌تبه‌رن و نه‌بوونی ساددییه‌تی پیاوانه‌ش جوانییه‌کی تری ئه‌م په‌یوه‌ندییه سروشتییه‌یه.
ئاشکرایه که کۆتایی هه‌موو خه‌وێک بێداربوونه، ئه‌مه تا ئه‌و کاته سادده‌یه که کاریگه‌رییه‌کی ده‌ره‌کی بێ خواستی خۆت له‌خه‌و راتنه‌په‌ڕێنێ، که‌سێک بێت و هه‌ڵکوتێته سه‌رت و بێدارتکاته‌وه و پێت بڵێت: " هه‌سته شتێکی باشترم له‌م خه‌وه نه‌عله‌تیه‌ت بۆ پێیه، ئه‌ویش نوێژه‌که‌ته". به‌ڵێ ئه‌مه کۆتایی خۆشترین خه‌وی دزه‌ییه که مه‌لا بانگانێ، ده‌نگی(الصلات خیر من النوم) ی مه‌لا هیچی تێدا ناهێلێته‌وه، کۆتایی خه‌ونێکه زۆر له پێش دزه‌یی، سه‌رده‌می لاوێتی دزه‌یی و تاکو ئێستاش ئه‌م ده‌نگه‌ی سه‌بای ساڵحان ری له هێنانه دی ده‌گرێت!
بینیم له‌خه‌وێ دوێنێ شه‌و بینیم له خه‌وێ له سه‌ر جێی به‌ر مانگه شه‌وێ خۆم خزانده سه‌ر جێی فێنک نه‌م هێشت به‌ر هه‌ناسه‌م که‌وێ قژی خاوی به‌لێداوی ئاڵۆزاوی جار جار دایده‌پۆش له چاوی خوایه گیان چه‌ندم خۆش ده‌وێ! زۆر به ئه‌سپایی و به نه‌رمی ده‌مم برد بۆ لێوی گه‌رمی چاوی هه‌ڵهێنا و پێی گوتم خه‌ونم ئه‌دی تۆ هاوسه‌رمی نه‌ی هێشست هه‌ستم گرتی ده‌ستم لێوی گه‌ستم موچڕکێکی خۆشی دایگرت سه‌رتاپای هه‌ناو و هه‌ستم تێکڕا تا مه‌لا بانگدانێ تێکئاڵان و ده‌ست له ملانێ له‌ناکاو ده‌نگی مه‌لای هات دایبڕیم له به‌ژنی جوانێ به‌سه‌رسامی به ناکامی بێ ئارامی به‌جێمهێشت به‌هه‌شتی خه‌ونم چاوم پڕبوو له گریانێ !
|