١٩\٨\٢٠١٦
ئۆپەراسیۆنەکانی
دیجلە و حەشدی شەعبی دوو رووی دراوێکی قەڵب.

ئهحمهد رهجهب
ئەوەی پێش چەند مانگێگ حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو دژ بە ھاوڵاتیانی
کوردو سوننە مەزھەبەکان کردی کارێکە پێشتر بە چاودێری پسپۆران و
شارەزایان و دەستی دەرەکی نەخشەی توکمەی بۆ دارێژراو بوو بۆ لەناوبردن
وقەلاچۆکردن و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی کوردو سوننەکان لەناو شارو
دەوروبەری.
شیعە پێش ئەوەی حەشدی شەعبی ناوی ھەبێت، ھەوڵیداوە بەڵگەیەک بدۆزێتەوەو
دوز بخاتە بن ھەنگڵی خۆی و، ھەردەم ھەوڵیداوە سەنگی خۆی لە دوز قورس
بکات لە پێناو لاوازکردنی کوردو سوننەکان و، ئەم بیرۆکەیە ئەگەرێتەوە
بۆ ساڵی (٢٠٠٨) کاتێک سەرۆک وەزیرانی عێراقی قاودراو دیکتاتۆری روورەش
نوری ئەلمالکی فەرماندەی ھیزی وشکانی (عەلی غێدان مەجید) ی کۆنە بەعسی
بۆ خانەقین ناردبۆ ئەوەی ئەم شارە کوردستانییە بە شەر بخاتەوە ژێر
دەستی شیعە عەرەبەکان بەڵام عەلی بەعسی ھیچی پێنەکراو نەیتوانی مەبەستە
چەپەڵەکەی نوری مالکی بپێکێت و، خەلکی کۆڵنەدەری خانەقێن بەرنگاری
بوونەوەو، خوێنیان بەخشی و شەھیدیاندا.
بەڵێ، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە دوزخورماتوو روویدا ئەگەرێتەوە بۆ
کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٢ کە دیکتاتۆر نوری ئەلمالکی سەرقاڵی
پێکھێنانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش ئەفسەرێکی پایە
بەرزی سوپا درندەکەی دیکتاتۆری خوێنرێژ سەدام حوسەێن و ئەنفالچی فەریق
روکن عەبدولئەمیر ئەلزەیدی کرد بە فەرماندەی ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی
دیجلەو، ئەم بەعسییە دێزە لە پرۆسەی چەپەڵ و بەدناوی ئەلئەنفال رۆڵێکی
کارای ھەبوو لە خوێنرشتن و کوشتنی خەڵکی سڤیلی کوردو، جێی داخە
بەرپرسانی کوردستان داڵدەی جاش موستەشارو ئەنفالچی ئەدەن ئەگینا ئەوان
و تاوانبار عەبدولئەمیر ئەلزەیدی راپێچی دادگاکان ئەکران، بۆ ئەوەی لە
سەر تاوانەکانیان دژ بە خەڵکی سڤیل و دژ بە مرۆڤایەتی دادگای بکرێن و
سزا بدرێن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ھەر ھەموویان ئازادن و، ئەم
مێردزمەیە بە، فەرمانی نوری ئەلمالکی کرا بە فەرماندەی ھێزەکانی
ئۆپەراسیۆنی دیجلە، بۆ ئەوەی سەر لە نوێ ھاوڵاتیانی کوردستان لەناو
ببات..
کارو ھەوڵەکانی مالکی و فەرماندە پایەبەرزەکەی لە گۆرنران و ھەر
ھەمووی بەفێرۆچوو، بۆیە مالیکی لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر کێشەی خانەقین
لە بەغدا لەبەردەم بەرپرسانی کورد، ھەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە تەواوی
کوردستان بە ھێزی سوپا داگیر ئەکات و، کورد واتەنی: نەخۆێی تاڵە.
عەبدولئەمیر ئەلزەیدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی دیجلە تاوانبارە
بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و دەستی بە خوێنی دەیان ڕۆڵەی
ئەو میللەتە سوور بووە و چەندین منداڵ و مێرمنداڵ و گەنج و پیرو
پەککەوتەی کوردی بە دەستەکانی خۆی شەھید کردووەو، ئەوانە بەشێک لە
تایبەتمەندییە قێزەونەکانی ئەو تاوانبارە دێزو بێفەرەیە بەڵام لە پاش
ئەو ھەموو ستەم و زوڵمە گەورەیەی لە نەتەوەیەی کوردیکرد بوو، ھێشتا ھەر
ھەڕەشەی جدی ماوە، بۆ سەر ژیان و ئاسایشی ھاوڵاتیان.
لە دۆسیەی ئەنفال و زیندھبەچاڵکردنی کورددا، کەس نەبوو لاپەرەی رەشی (
عەبدولئەمیر ئەلزەیدی) ھەڵداتەوەو، بە ھۆی تاوانە دژ بە
مرۆڤایەتییەکانییەوە دادگایی بکرێت.
ھێشتا دەرفەتی ئەوە ماوە خەڵکی بەشەرەف و مرۆڤە بە ئەمەک و خەمخۆرانی
دۆسیەی ئەنفال و کوشتنی خەڵکی بێتاوان و پێشمەرگە داوا بکەن: بەعسییە
خوێنرێژەکان و جاش موستەشارو ئەنفالچی و ( عەبدولئەمیر ئەلزەیدی )
راپێچی دادگا بکرێن.
لەماوەی رابردوودا، زیاتر لە ١٤٥ پێشمەرگە و ھاونیشتمانی کورد لە
دوزخورماتوو بەدەستی چەکدارانی حەشدی ئەعبی شەھیدکراون و دەیان کەسیش
بریندارن و، دەیان ماڵی ھاونیشتمانیانیش تاڵان کراون و سووتێنراون،
تاوەکو ئێستاش ھەرەشەی شەڕبەردەوامە و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی سەرەرای
ھەواڵەکان کە ھیچ نییەو بارودۆخەکە ھێمنە پێشمەرگەو و حەشدی شەعبی
سەنگەریان لەیەک گرتووە.
مەبەستی نوری مالکی و حزبی دەعوەو ومافیاکانی دەوروبەری لە دامەزراندنی
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە باڵادەستی شیعە بوو،لە پێناو پەڕاوێز
خستنی کورد و، دواتریش گەرانەوە بۆ سیاستە درندانەکەی رژێمی دیکتاتۆری
سەددام حوسەێن و، تەعریب کردنی دوزو گیچەڵ فرۆشتن بۆ داگیرکردنی کەرکوک
و تەواوی ناوچە دابراوەکانی کوردستان، بۆیە کوردو خەڵک و بەرپرسان
بەتوندی لەدژی وەستان.
فەریق عەبدولئەمیر ئەلزەیدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە ڕایگەیاند:
ئێمە وەکو دەزگایەکی ئەمنی دوورین لە جیاوازیکردنی ڕەگەزی و ئایینی و
دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە لەدژی ھیچ پێکھاتەیەک
نییەو، بۆ بەھێزکردنی سوپایەو، ھاوکارکردن لە گەڵ پێشمەرگەدا، بەڵام
پاش چەند رۆژێک داوای کۆکردنەوەی زانیاری کردووە لەسەر ئەفسەرانی کوردو
دانیشتوانی ناوچەکەو دۆستانی کوردو، کۆکردنەوەی زانیاریش بێ مەبەست
نییەو، بە تایبەتزەیدی و عەلی غێدان مەجید دوو کۆنە بەعسین وتازە شیعەن
و، سەر بە حزبی دەعوەی مالیکین و، لە رووی سەربازییەوە شارەزان و، داخ
لە دڵن و، و، ئێستاش حەز ئەکەن کورد لەناو بەرن.
زەیدی، ھەر لەو ماوەیەدا ڕایگەیاند کە: ئەیەوێت بارەگاکانی حزبە
کوردستانییەکان دابخات و، لە کەرکوک دەریان بکات. ھەروەھا وتوویەتی لە
ڕابردوودا (دوژمنی کورد بووم و ئێستاش ھەر دوژمنی کوردم). کاتێ داعش
ھات و مووسڵی داگیرکرد پاڵەوانەکانی نوری مالکی و، حزبی دەعوە، عەلی
غێدان و ھاوشێوەکانی ھەڵاتن و، ھەرچی لە مووسڵ بوو بە چەک و تفاقی
عەسکەری ( سوپاو پۆلیس) کەوتە دەست چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش)
و، پارێزگارە ترسنۆکەکەی مووسڵ ( ئەسیل نوجەیفی) پێش ھەموو کەس ھەڵھات
و، نەوەستا تا گەیشتە ھەولێرو، ئێستاکە بە تەمایە بە یارمەتیدانی
تورکیا وھەندێ لە بەرپرسانی کورد مووسڵ بگرێتەوە.
لە ھاتنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بۆ ناو شارۆچکەی دوز پێشمەرگەکانی کوردستان
ئازاو قارەمانانە گەیشتنە ناو شارو، دانیشتوان چالاکانە پشتگیری
خۆیانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوەو, چونکە ھاتنی پێشمەرگە
بۆ بەرگری بوو لە خاکی کوردستان و پاراستنی دانیشتوان و ماڵ و سامانیان.
لە ساڵی ٢٠٠٨ بەرپرسانی حکومەت و فەرماندەکانی پێشمەرگە تووشی ھەڵەیەکی
گەورە بوون کاتێک پاشەکشەیان بە ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی
گەرمەسێر کردو، ئەو ھەڵەیەش بووە بایسی کۆچکردنی دەیان ھەزار خێزان و،
کوشتن و شەھید کردنی ژمارەیەکی گەورە لە کادیرانی حزبەکانی کوردستان.
ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە دابراوەکانی کوردستان بە ئاگاداری
حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وزیران دووبارە کردنەوەی سیناریۆکانی
حکومەتەکەی نوری مالکییە لە ناردنی ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و،
کردەوەکانی حەشدی شەعبی بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستانە، بەڵام ھەموو
لایەک لە سەرەتاوە چاوەروانی ئەوە بوون حەشدی شەعبی ھەماھەنگی و
ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکات لە بەرنگابوونەوەی جانەوەرەکانی دەوڵەتی
ئێسلامی ( داعش).
بێگومان ھێرشی حەشدی شەعبی دژ بە ھێزەکانی پێشمەرگەو، دەستدرێژی کردن
بۆ سەر ماڵ و سامانی دانیشتوانی شارو، کوشتنی ھاوڵاتیانی کورد کارێکی
نادروستەو بێ رێزییە بە کوردو، بۆیە پێویستە جموجوڵی حەشدی شەعبی
سنووردار بکرێت و، رێگە نەدرێت ئارەزوومەندانە ھەڵسوکەوت بکەن و، ھەموو
کردەوە چەوتەکانیان ریسوا بکرێن.
ھادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدرو سەرۆکی حەشدی شەعبی ھاتە کەرکوک و بە
ماچ و مووچ لەلایەن پارێزگاری کەرکوکەوە نەجمەدین کەریم پێشوازی لێکرا
و، لەوێ پێشەرمانە ھەندێ وراوەی کردو، ھێرشی کردە سەر پێشمەرگەو وتی:
پێشمەرگە دەستی بە شەرکردووەو، ئەبێت سنووری بۆ دابنرێت و، وتەکانی
ھادیئەلعامری دەربارەی پێشمەرگە، ناڕەزایی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی
بەدوای خۆیدا ھێناوەو ، رایاگەیاند ، ئەو لێدوانانە زیادرەوێیەو ھێڵی
سورنو بارودۆخەکە ئاڵۆزتر ئەکات.
ھادی ئەالعامری لەلایەک گفتوگۆی ئەکرد بۆ ھێمنکردنەوەی بارودۆخی
شارەکەو، لەلایەکی ترەوە بە چەک و تەقەمەنی پشتگیری لە تورکمانەکان
ئەکردو، سەرەرای رێکەوتن بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری شەر فێڵی لە
فەرماندەکانی پێشمەرگە ئەکردو، کابرایەکی راستگۆ نەبوو، ھەروا جێی
متمانەش نەبوو.
حەشدی شەعبی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کوردستان و لە لایەن حکومەتەکەی
حەیدەر ئەلعەبادی یارمەتی ئەدرێن و مانگانەی خۆیان وەر ئەگرن و،
لەلایەن دەستی دەرەکییەوە پشتگیری ئەکرێن.
١٧\٨\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|