١٨\١٢\٢٠١٠ ئۆپۆزسیۆنی بەشدار.
ئەڵبەتە لەهەرێمى کوردستان هێشتا ئۆپۆزسیۆن نەبۆتە خاوەنى مێژوو واتە تەمەنى ئۆپۆزسیۆن و سەرهەڵدانى ئۆپۆزسیۆن لەچەند ساڵێک تێناپەڕێت، بەمانایەکى تر سەرهەڵدانى گوتارى ئۆپۆزسیۆن لەدواى هەڵبژاردنى 25/7/2009ى پەرلەمانى کوردستان هاتە ئاراوە .. ئەوە جگەلەوەى کە زەمینەى پێش وەخت لەڕووى و فەرهەنگى و مەعریفیەوە تائەندازەیەک لاوازبووە لەکۆمەڵگاى کوردیدا . ئەگەرچى بوونى ناڕەزایی خەڵک و دابیننەکردنى پێداویستى و ماف و ژیانى هاوڵاتیان لە هەرێمى کوردستان ڕێگا خۆشکەربوون بۆسەرهەڵدانى ئۆپۆزسیۆن، سەربارەى رۆڵى میدیای ئەهلى و رۆشنبیران و رەخنەگران و هەروەها بوونى ڕەخنەى سیاسى و بیرو راى جیاواز لە سەرکردایەتیکردنى هێزە سیاسیەکاندا، هۆکارێکى ترى سەرهەڵدانى ئەو ئۆپۆزسیۆنە بوون ، بەدیوێکى تردا ئەمەوێت بڵێم ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان و هەروەها هەمان ئەو ئۆپۆزسیۆنە لەعێراقدا لەبازنەیەکى نالۆژیکیدا گوزەردەکات، ئەمەش بەهۆى نەبوونى پاشخانى فیکرى و هەروەها زەمینەى سیاسی ڕاستەقینەى لەبار بۆ سەرهەڵدانى ئەو ئۆپۆزسیۆنە.
راستە ئەو ئۆپۆزسیۆنە خاوەنى چەندین کورسى پەرلەمانى کوردستان و چەند کورسیەکى پەرلەمانى عێراقە ، بەڵام بەشێوەیەک لەشێوەکان بەهەردوو ڕووى دراوەکە کاردەکات، بەواتایەکى تر لەکوردستان لەدەرەوەى حکومەت و خاوەنى بودجەیەسەدان ملیۆن دینارى مانگانەیەو لە هەمانکاتدا ئەگەر شنەبایەک لە حکومەتەوە بێت ئەو ئۆپۆزسیۆنە وەک ڕەشەبایەک تەماشاى ئەکەن و هەرچى حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەلایانەوە قەشەنگ بێت ، بەلاى ئەوانەوە دێوەزمەیە. بەدیوەکەى تردا هەمان ئۆپۆزسیۆن لەعێراقدا کەبەگوتارێکى ترو بەئەجێنداو ئامانج و داوایەکى ترەوە بەشدارن لەپڕۆسەى سیاسیدا ، پآى وایە ئەبێت لەوێدا بەشداربێت لەحکومەت و خاوەنى وەزیرو جێگرى وەزیرو باڵوێزو پێداگرى جد لەسەر ئەو مەسەلەیە بەئەرکى سەرەکى گوتارەکەى ئەزانێت، ئەوە لەیاد ئەکات کە ئەو بەناوى ئۆپۆزسیۆن و گۆڕینى بەرنامەو شێوازى تازەى بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کورد لە ناوەند کار دەکات، بەڵام ئەوەى لە ئێستا لە هەوڵ و تێکۆشانى ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەدەى ئەکرێت نزیک نیە لەو بەرنامەیەى کە دەنگى لەسەر هێناوە.
|