په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١١

ئۆپۆزسیۆن کێیه‌؟


ئه‌حمەد حامید     


ئۆپۆزسیۆن، بە واتا زمانەوانییه‌که‌ی بریتییه‌ لە (بەرەنگاربوونەوە، رووبەڕووبوونەوە، بەرهەڵستى کردن. دژایەتیى یان دوژمنایەتى کردن)... ئێمەیش لاى خۆمانەوە ناومان ناوە بەرهەڵستکاران کە پێم وایە ئەمه‌ ناوە پڕ به‌ پێستەکەى نییه‌. ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر سیاسیانە لێکی بدەینەوە، ده‌کرێ بە دوو جۆرەوە.


جۆرى یەکەم: ئەو بزووتنه‌وه ‌و حیزب و بەرەیە کە دژایەتى و دوژمنایەتى رژێمى وڵاتەکەى ده‌کات بە حکومەت و دامودەزگا و سیاسەت و هەڵوێست و بەرنامە و نەخشە و لایەنەکانیەوە و کار ده‌کا بۆ رووخاندنى بە رێگایەک بۆى بچێتەسەر، تا خۆى بچێتە شوێنەکەى و سەرله‌نوێ حکومەت و دامودەزگاکانى دابمەزرێنێتەوە و کاربەدەستانى رژێمى پێشوو دەستگیر بکا و بیاندا بە مەحکەمە، یان دەربەدەریان بکا.. چاکسازیی بە لاى ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەوە ئەمەیە و لەم رێگایەوە دێتەدى..


جۆرى دووەم: ئەو بزووتنه‌وه ‌و حیزب و بەرەیە کە گلله‌یى و رەخنەیان لە سیاسەت و هەڵوێست و بەرنامە و هەڵسوکەوتەکانى حکومەت و وڵاتەکەى هەیە.. راوبۆچوون و بەرنامە و پێشنیار و پلانى تایبەتیشى هەیە بۆ چارەسەر و چاکسازیی و راستکردنەوەى هەڵە و ناتەواوییه‌کان.. رێ و شوێنى سیاسیانە و جەماوەرییانە و ئاشتیخواز ده‌گرنەبەر. بۆ گەیاندنى راز و گللەیى و پێشنیارەکانیان بە حکومەت و بە جەماوەر، ئامادەن دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت دا بکەن لە پێناوى گفتوگۆ و داخوازییه‌کانیاندا، واتە ئەم جۆرە کار بۆ بەرەوپێشەوەبردنى حکومەت دەکەن.


پێم وایە ئەوانەى مەبەستیان بێ بە دواى سیاسەت و چالاکى و هەڵوێست و پڕوپاگەندە و دروشم و دەم و دوانى بەرهەڵستکاران بکەون تا بۆیان دەرده‌کەوێ کە کام جۆرەن لەو جۆرانەى باسم کرد. بۆ نموونە بەرەى خەباتى نیشتیمانى ساڵى 1957لە عێراق دا لە بەرنامەیەکدا بە ئاشکرا داواى رووخاندنى ڕژێمى پاشایەتى و دامەزراندنى ڕژێمى کۆمار دەکا... بەرەى کوردستانى ساڵى 1988 لە بەرنامەیەکیدا، داواى رزگاربونى کوردستانى عێراقى کرد لەژێر دەستەى حکومەتى به‌عس، راپەڕینەکانى گەلانى تونس و میسر لە سەرەتاى ئەم ساڵیدا .لە پێناو رووخاندنى حکومەت و دامودەزگاکانى ئەو وڵاتانەدا بوو... بەرهەڵستکارانى لاى خۆمان لە دروشم و یاداشتنامە و کەناڵەکانى راگەیاندنەوە، داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و پەرلەمان و تەنانەت سەرۆکایەتى هەرێمیش ده‌کەن و داوا ده‌کەن حکومەتێکى بێلایەن پێک بێت بۆ سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکان کە ده‌بێِ پێشوەختى ئاسایى خۆیان ئەنجام بدرێن .


ئه‌و داواکارییانە کە تا ئەمڕۆش لەسەریان سوورن، لە خۆیدا پێداگرتنە لەسەر رووخاندنى حکومەت و دامودەزگاکانیترى هەرێم دا!!


هەرچەندە من لێرەدا نامەوێ بێنەوبەرە بکەم بەڵام ده‌پرسم ده‌بێ ئەو کەس و لایەنانه‌ کێ بن کە ئەو حکومەتە بێلایه‌نه‌ دروست بکەن؟


ئەم حەوت مانگە حکومەتى به‌غدا و بەرهەڵستکارانى بۆ سێ وەزیرى بێلایەن ده‌گەڕێن لەم عێراقە پان و بەرینەدا کەچى تا ئێستا دەستیان نەکەوتووە، ئا لەم روانگەیەوە ده‌توانین بڵێین بەرهەڵستکارانى لاى خۆمان لە جۆرى یەکەمن هەرچەندە مەبەستە سەرەکیەکانى خۆیان لە دووتۆى چەند پڕۆژەیەکدا خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە لە گفتوگۆکردندا لەگەڵ پارتى و یەکێتى دا. رەنگە لێرەدا پرسیارێک بێتە کایەوە باشە ئەمانە چۆن قه‌بوڵیان کرد لەگەڵ حکومەتى هەرێم دا دانوستان بکەن؟


وەڵامەکەى ئەوەیە ئەمان رایانگه‌یاندووە کە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتى هەرێم دا ناکەن وەکو لەگەڵ دوو حیزبەکەى دەسەڵاتدا وەک ده‌گوترێ کۆبونەوەى پێنج حیزبەکە چونکە ئەمان خۆیان هیچ بە کەمتر نازانن لە پارتى و یەکێتى و داواى ماف و دەسەڵاتى چونیەک ده‌کەن لە لایەکى تریشەوە مەسەلەى گفتوگۆکردن لە لایەن ئەم دوو لایەنەدا بوو بە داوایەکى جەماوەریی لە دەرەوە و لە ناوخۆى کوردستان دا و گوشارێکى سەنگینى خستبووە سەر هەمووان و لەو ماوەیەشدا سەرۆکى هەرێم چەند جار دەستپێشخه‌ریی نواند بۆ ئەو مەبەستە و لایەنە پەیوەندیدارە دەرەکییه‌کانیش (بیانیەکان) بە پەسەندیان زانى لەم وەختەدا، جا سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان وەستاوە لەسەر ئەوەى ئاخۆ دوو حیزبەکەى دەسەڵات چۆن چۆنى و تا چ رادەیەک ئامادەن داواکارییه‌کانی بەرهەڵستکاران جێبه‌جێ بکەن؟

 


tarza_baran@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک