په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\۴\٢٠١٠

ئۆپۆزسیۆن لە دیدگایەکى فراوانترەوە.


نەهرۆ عاڵڵایی 


مۆنۆپۆڵکردنى ئۆپۆزسیۆن لە رەهەندێکى بەرژەوەندییانەى تایبەتەوە سەرلێشێواندنێکى گەورەى کۆمەڵکەیە، لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان لە 25ى تەموز ئۆپۆزسیۆنبوون شێوە تایبەتمەندێتییەکى وەرگرت، ئەمشێوەیەش بەدیدى من شێوە راستەقینەکەى ئۆپۆزسیۆن وەک خۆى نییە و داڕشتنى ستراتیژییەتى ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەیەکى تەسکدا کەمکردنەوەیە لە هەیبەتى خودى ئۆپۆزسیۆن، هەرلایەنێک و رێکخراوێک وێناى خۆى بکات بە ئۆپۆزسیۆنبوون دەبێ چەمکە گشتگیرەکەى لە هەناوى مەرامەکان جێگیرکردبێت و دەربازبێت لەهەستى بەرژەوەندییە تایبەتەکان، ئەگەر ئەم حاڵەتى بەئۆپۆزسیۆنبوونە لەنێو خودى پرۆسەیەکى سیاسى واقعییانە سەرچاوەبگرێت بێگومان پرۆسەکە پرۆسەیەکى هەڵوەستە لەسەرکراو دەبێت و پێویستى بەبەرنامەڕێژى کارلەسەرکراو هەیە.


ئەگەر ئۆپۆزسیۆن هزر و فەلسەفەبێت ئەوا لەنێو کۆمەڵگەى ئێمەدا ئەم چەمک و فەلسەفەیە پێویستى بە نمونەیەکى پراکتیزەکراو لە نێوکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا هەیە، ئەگەر هەرحاڵەتێکى ئاسایی ناڕازیبوونیش بێت، دەکرێ ناو لەم نمونەیەى لاى خۆمان بنێین مۆدێلى نارەزایی و هیچ چەشنە ئامادەکارى و پێڕەوێک رێکنەخراوە بۆ پێشڕەویکردن لە تابلۆى ئۆپۆزسیۆندا، لەلایەکى دیکەوە قۆرخکردنى چەمکى ئۆپۆزسیۆن لەلایەن چەندلایەنێکەوە هیچ بنەمایەکى لۆژیکى لێبەدیناکرێت، لەبەرئەوەى چەندین کەسایەتى و رێکخراو و تەنانەت حیزبیش هەن پۆزێشنى ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنن بەڵام بەماناى رەشکردنەوەى بەرامبەر نا! بەداخەوە هزرى ئۆپۆزسیۆن لەم ساتەدا لەنێو کۆمەڵگاکەمان لەخۆ دەرخستنێکى بابەتیانە دەرناکەوێت، لەم کەناڵەوە پرسیارێک نائاگاهى خۆى مانیفێست دەکات ئەویش ئەوەیە کە ئایە ئەوە ئۆپۆزسیۆنە دەبێت بە زمانى خەڵک قسەبکات، یاخود ئەوە بەرنامەیەکە وا لە خەڵک دەکات دیدگایەکى نوێ بۆ چەمکەکانى دەسەڵات، ئەخڵاق و کۆمەڵگە بەچاوى ئەوانەوە ببینێت، بەمانایەکى دیکە پەیڕوەکردنى ئۆپۆزسیۆنبوون بە ئاوازێک جیا لەتێڕوانین وهەڵوێستى شەقامەکان دەتوانێت بوونى خۆى بسەپێنێت؟.


لەلایەکى دیکەوە تائێستا ئۆپۆزسیۆن لەنێو کایەیەکى زۆر بچوک پیشانى خەڵک دەدرێت، ئەمیش تەسککردنەوەیەتى لە ناڕەزایەتى بەبێ ئەوەى لایەنەکانى دیکەى چەمکى ئۆپۆزسیۆن شیتەڵ بکرێ بۆ کۆمەڵگاى کوردى کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاشنانین بە قوڵبوونەوە لەم باسە، لەشێوەى وەرگرتنى لایەنى ئۆپۆزسیۆنبوون لە سیستەم و فەرهەنگ و دەسەڵات و کایەکانى دیکەى ژیان، ئەمەش وا لەتاکەکانى کۆمەڵگە دەکات هەر لەسەرەتاوە بە ناکامڵى ئۆپۆزسیۆن لە هزریدا رەسم بکرێت، کە بەبۆچوونم نمایشکردنى ئەم دیمەنە لەڕێگەى کەناڵە جۆربەجۆرەکانەوە بارێکى ئاڵۆز دروستدەکات و پێداچوونەوەو چاککردنیشى لە ئایندەدا ئەم بارە ئاڵۆزتر دەکات.


لەڕێگەى ئەم چەند دێڕەوە دەکرێ ئاماژە بە بوونى ئۆپۆزسیۆنێکى تەندروست و بەرنامەدار بکەین جیا لە هەڵچوونى سیاسییانەو ئەو دەنگ و دیدو بۆچوونانە لە گردبوونەوەیەک کۆبکرێنەوەو لەبەرژەوەندییە رامیارى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگەدا بخرێنەگەڕ، لەوێدا عەدالەتى کۆمەڵایەتى و لەتەک ئەمیشدا چەمکى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلەکەمان لەنێو قووڵایی کارنامەى ئۆپۆزسیۆنێکى کاراو پەیوەست بە کۆمەڵگاوە بوون و شوێنى دیاربێت.هەرچۆنێک بێت ئۆپۆزسیۆنبوون و دژەبۆچوون موڵکى لایەنێک و کەسانێک نییە،چون پێموایە لە کوردستان ئەگەر باسەکە لەم سەردەمەدا رەچاوکردنى بەرژەوەندى نەتەوەیی و هەندێک شتى لاوەکى نەبێت لایەن و کەسى دەوڵەمەندبە فکرى ئۆپۆزسیۆن بوونیان زۆرە.


ئەگەر باسەکەش ناوى مۆنۆپۆڵکردنى ئۆپۆزسیۆن بێت هیچ جیاوازییەکى نابێت لەگەڵ مۆنۆپۆڵکردنى دەسەڵات.