١٥\١٢\٢٠١٥
ئۆرھان پامۆک و
ھەستی مرۆڤدۆستیی.

ئیسماعیل تەنیا
رۆماننوسی
ناوداری تورک (ئۆرھان پامۆک)،لە ڕێکەوتی ٧/٦/١٩٥٢دا،لە شاری ئیستانبول
لەدایکبووە لە تەمەنی (٢٢)ساڵیدا دەستی بە نووسین کردووە.سەرەتا
ئارەزووی ڕەسم کردنی ھەبووە،ھەر بۆیە دەچێتە بەشی ئەندازەی تەلارسازی
لە زانکۆی ئیستانبول.بەڵام پاش ئەوەی کە بۆی دەردەکەوێت کە ئەو ئەھلی
ئەو کارە نییەو ناتوانێت بەردەوام بێت و ببێتە ئەندازیارێکی
سەرکەوتوو،بۆیە واز لەم بەشە دێنێت ودەچێتە بەشی ڕۆژنامەوانی
وڕاگەیاندن...ئەمجارەیان بەسەرکەوتوویی زانکۆ تەواودەکات ساڵی
لەتەمەنی سی ساڵیداو لەساڵی(١٩٨٢)دا،یەکەم ڕۆمان بەناوی(جەودەت بەگ و
کوڕەکانی)بڵاودەکاتەوە. لەکاتێکدا کە ئەو فام دەکات و پێدەگات،تەواوی
کۆمەڵگای تورکی بەسەر دوو جەمسەری سەرەکی(چەپو ڕاستڕەو)،دابەش ببوو.ئەو
ھەر لەسەرەتاوە لە ناخی خۆیەوە،ھەستی بە بوونی جیاوازی لەنێوان نەتەوەو
ئایین و ئاینزاکانی تورکیادا بەدیدەکات و دژی ئەو ئاڕاستە
بەرقەرارەی(چەند بەختەوەرم کە تورکم)،دەبێتەوە...لە ڕێگای
نووسینەکانیەوە بەھەموو توانایەکییەوە بەربەرەکانی دەکرد.لەم پێناوەدا،
گرتن و ئەشکەنجەدان و راپێچکردن بۆ بەردەم دادگاو سوکایەتی پێکردن و
سزای ماددی بەسەردا سەپاندن،بەرۆکی گرتووە.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا،ئەو ھەر
سوور بووە لەسەر بڵاوکردنەوەو گەیاندنی پەیامەکەی.یەکێک بووە لە
بەرگریکارە سەرسەختەکانی کێشەی کوردو ئەرمەنییەکان.ھەر بوونی ئەو ھەستە
ئینساندۆستیەی بوو کە وای کرد لەساڵی(٢٠٠٦)دا،خەڵاتی (نۆبڵ) لە بواری
ئەدەبدا،پێببەخشرێ.
پامۆک لە ئێستادا خاوەنی چەندین ڕۆمانی پڕ خوێنەرە،لە نموونەی(جەودەت
بەگ و کوڕەکانی،ماڵی کپ،قەڵای سپی،کتێبی ڕەش،ژیانی نوێ،بەفر،باوڵەکەی
باوکم،من ناوم سوورەیە،....تاد).ڕۆمانەکانی ناوبراو تەرجەمەی زێتر لە
چل زمانی زیندووی جیھانی کراوە،سەرجەمیشیانی لە ماڵەکەی خۆیدا لە
ئیستانبول،نووسیووە.
پامۆک لە تورکیاو لەو کۆڕو سیمینارانەی کە لەدەرەوەی وڵات بۆی
سازدەکرێت،دێتەوە سەر ئەو غەدرە مێژووییەی کە لە ساڵانی(١٩١٥-١٩١٦)،لەسەردەمی
شەڕی جیھانی دووەمدا کە لە کوردو ئەرمەنییەکان کراوە....زۆر
بەجورئەتەوە ھەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات.قەتماخەی برینەکان ھەڵدەداتەوەو
داوا لەدەسەڵات دەکات بە جورئەتەوە بەرامبەر ئەو غەدرە مێژووییە
بوەستێتەوەو بەناوی نەتەوەی تورک و دەوڵەتی مۆدێرنی تورکیاوە دان بەو
تاوانەدا بنێت و بەفەرمی داوای لێبووردن لەو پێکھاتە سەرەکییانەی
تورکیا بکات...وەلێ لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستەیدا،لەلایەن ئیسلامییە
ڕادیکاڵیەکانو نەژاد پەرستە توندڕەوەکان (بە ھەموو فۆڕمەکانیەوە)،تووشی
ھەڕەشەی کوشتن و دادگایی کردن و زیندانی کردن،دەبێتەوە.لە شوباتی
(٢٠٠٦)دا،لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی سویسریدا گوتی: (کۆمەڵکوژی
ئەرمەنییەکان،کە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو مرۆڤی سڤیل تێدا بوونە
قوربانی...ھەروەھا زیاتر لە سێسەد ھەزار ھاوڵاتی کوردیش قەتلوعام
کران،ئەوانە ڕاستییەکی مێژووین و دەبێت دەوڵەتی تورکیاو ھەموو تاکێکی
تورک بەجورئەتەوە دان بەو ڕاستییەدا بنێن).ھەر یەک دوو ڕۆژ دوای ئەم
داخۆیانییەی،لەلایەن خودی دەوڵەتی تورکیاو نەژاد پەرست و ڕادیکاڵە
ئیسلامییەکان،ڕووبەڕووی ھەڕەشەی کوشتن و داوا لەسەر تۆمارکردن،بۆوەو بە
(خائینی نیشتیمان)،ناوزەدیان کرد.
ئەگەر پشتیوانی ڕای گشتی ئەوروپاو جیھانی ئازادیخوازو نووسەرە
ناودارەکانی وەک (سارامگۆ و گونتەر گراس) نەبوایە،لەوانەبوو تیرۆر
بکرابوایە یان بە زیندان حوکم بدرایە....بەھۆی ئەو شەپۆڵە ناڕازییە
مرۆڤدۆستییەوە،ئەو داواو ھەڕەشە لێکردنانە، پوچەڵ کرانەوە...ھەر لەم
ساڵەی کە پامۆک خەڵاتەکەی وەرگرت و بە ئاشکرا دۆسیەی کۆمەڵکوژی
ئەرمەنییەکانی ھەڵدایەوە،زیاتر لە(١٨٥) داوای یاسایی لەسەر نووسەرو
ڕۆژنامەنووسانی تورکیا تۆمار کرابوو،ناوبراو لێبڕاوانە باسی نەبوونی
ئازادی ڕادەربڕینی لە وڵاتەکەی دەکردو بە شایستەی نەدەزانی وڵاتێکی وەک
تورکیا بچێتە ڕیزی یەکێتی ئەوروپاوە.لەم سەرو بەندەدا،(ئەتیلا
یایلا)،مامۆستای زانستە سیاسییەکان،لە زانکۆی ئەنقەرە، دژی ڕابردووی
ئەتاتورک قسەی کردبوو،بۆیە لە کارەکەی فەسڵ کرا.ھەروەھا ھەردوو
ڕۆماننووسی ھاوچەرخ (ئەحمەد ئومێدو ئەلیف شەفەق)،لەلایەن دادگاوە
داواکران و دۆسیەیان بۆ کرایەوە،چونکە ئەوان بە گوێرەی ویستی
نەژادپەرست و ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان،باسی مێژووی تورکیایان نەکردووە.
لەدوای ئەمانەش،لە کانوونی دووەمی(٢٠٠٧)دا،ڕۆشنفکرو ڕۆژنامەنووسی
ناوداری ئەرمەنی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی(ئاگۆس)،بەھۆی
ھەڵوێستەکانییەوە،تیرۆر کرا.پامۆک زۆر بەڕاشکاوی سەرکۆنەی ئەم کارانەی
کردو زێتر دەوڵەت و نەژادپەرستەکانی لەخۆی وروژاند.لە کۆتاییەکانی
مانگی کانوونی دووەمی(٢٠١٥)دا،وەشانخانەو دەزگا ئەکادیمییەکانی
ئەڵمانیا،بەفەرمی داوەتی (پامۆک)یان کرد،کە بێت لە
زانکۆکانی(بەرلین،ھامبۆرگ،شتوتگارت،میونشن)دا،سیمینار ببەستێ و
ھەرلەوێش بڕیار وابوو لەلایەن زانکۆی بەرلینەوە دکتۆرای فەخری
پێببەخشرێ،بەڵام بەھۆی ئەوەی کە لەناو تورکیاوە ھەڕەشەی کوشتنی
لێکرابوو،بەناچاریەوە،ئەو داوایەی ڕتکردەوەو نەھاتە ئەڵمانیا.
ھەروەھا لە شوباتی ڕابردوودا،ڕۆژنامەی بەربڵاوی(باییس)ی ئیسپانی
بڵاویکردەوە کە نووسەری ناوداری تورک(ئۆرھان پامۆک)،بەھۆی ئەو
پاڵەپەستۆو ھەڕەشە زۆرەی کە لەسەریەتی،نیازی وایە بە یەکجاری تورکیا
بەجێبھێڵێت....
پامۆک پێیوایە،ئەوە ڕۆمان و شیعرو ژانرەکانی تری ئەدەبی نین کە کۆت و
بەند کراون،بەڵکو خودی مرۆڤە کە لە ژوورێکی نوتەکدا،زیندانیکراوە...ئەو
ژانرا ئەدەبییانە،لەڕێگای وشەوە دەتوانن جیھانێکی ئازادو سەرفراز لەنێو
خودی مرۆڤە زیندانیکراوەکان،بدۆزنەوە.ھەروەھا سیاسەت لای ئەو تەنھا
وشەیەکی ڕوتی ناو فەرھەنگەکان و سەرزاری سیاسەتمەداران نیە،بەڵکو قسە
کردنە لەسەر ھەژاری و چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و بەرقەرار بوونی
ناعەدالەتی کۆمەڵایەتییە لە تورکیادا.
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|