١١\٧\٢٠٢٤
ئۆتۆمبێلی
کارەبایی چین و
پتر باج خستنەسەری
لە ئەمەریکا و ئەروپا.

عامر سابیر
لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە چین بۆتە یەکەم وڵاتاتی دنیا لە زۆری دروستکردن و
ناردنەدەرەوەی ئۆتۆمبێلدا. بەتایبەت ئۆتۆمبێلی کارەبایی. چین
توانییویەتی باشترین کواڵیتی سەیارەی کارەبایی بە نرخی کەمتر بخاتە
بازاڕەکانی جیهانەوە.
لە ئەمەریکادا پێشتر باجی سەر سەیارەی وڵاتانی تر ٢.٥٪ بوو. دۆناڵد
ترامپ (سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا) ئەم باجەی بۆ ئۆتۆمبێلی چینی زیاد کرد
بۆ ٢٧.٥٪ . ئێستاش جۆ بایدن (سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا) ئەم باجەی سەر
سەیارەی چینی، چوار قات زیاد کرد و کردی بە ١٠٠٪.
هەروەها یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری داوە کە لە ٤ی جوڵای ٢٠٢٤ەوە باجی سەر
ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی کە پێشتر ١٠٪ بوو، بە بڕی ٣٨.١٪ زیاد بکات و
بیکات بە ٤٨.١٪.
واتە پێش زیادکردنی ئەم باجە، لە ئەمەریکادا بۆ نموونە ئەگەر نرخی
ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی ئەمەریکی (تێسلەر) بە ٤٠٠٠٠ (چل هەزار دۆلار بێت)،
وە نرخی ئۆتۆمبێلێکی چینی کە کوالێتی بەرزتریشە بە ٣٠٠٠٠ (سی هەزار
دۆلار بوو بێت)، ئێستا لە پاش ئەم باجە، نرخی سەیارە ئەمەریکییەکە هەر
بە ٤٠٠٠٠ ماوەتەوە، بەڵام نرخی سەیارە چینییەکە بووە بە ٦٠٠٠٠ (شەست
هەزار دۆلار). واتە هەر کەسێک لە ئەمەریکا سەیارەی چینی بکڕێ، ٣٠٠٠٠ (سی
هەزار) ئەدات بە سەیارەکە وە ٣٠٠٠٠ (سی هەزار) وەک باج ئەبێت بدات بە
حکومەتی ئەمەریکا. بۆیە ئەگەر لە داهاتودا تێسلەر نرخی سەیارەکانی بکات
بە ٥٠٠٠٠ (پەنجا هەزار دۆلاریش) ئەوا هێشتا هەرزانترە لە سەیارەی چینی
بە هۆی ئەو باجەی لەسەری دانراوە.
هەروەها لە ئەوروپاش بۆ نممونە ئەگەر نرخی سەیارەیەکی کارەبایی چینی بە
٢٦٠٠٠ (بیست و شەش هەزار یۆرۆ بوو بێت) ئەوا لەپاش زیادکردنی ئەم باجە
کە بە ڕێژەی (٣٨.١٪) زیادکراوە و بووە بە (٤٨.١٪)، ئەوا بە بڕی نزیک بە
١٠٠٠٠ دە هەزار یۆرۆ) زیاد ئەبێت و ئەبێت بە ٣٦٠٠٠ ( سی و شەش هەزار
یۆرۆ) بۆ هەر سەیارەیەکی چینی.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ناوخۆی چیندا سەیارەی کارەبایی چینی کە کواڵیتی
لە تێسڵەر بەرزترە، خەڵکی چین ئەتوانێ بە ١٢٠٠٠ دوازدە هەزار دۆلار
بیکڕیت. ئەمە لە کاتێکدا کە سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا ئیلۆن
ماسک (سەرۆکی کۆمپانیای تێسڵەر) بە بڕی ٢٠٠٠ دوو هەزار دۆلار نرخی
سەیارەکانی داشکاند لە ناوخۆی چیندا، بەڵام هێشتا بە ٣٢٠٠٠ (سی و دوو
هەزار دۆلارە).
وەڵامی چینی بۆرژوازی ئەمەریکی و چینی بۆرژوازی چینی بە دوو ئاڕاستەی
جیاوازن. چین باجی سەر سەیارەی ئەمەریکی زیاد نەکردووە لە ناوخۆی چیندا،
بەڵکو سەیارەکانی خۆی داشکاندووە تا کڕیاری زۆر بێت.
ئەم دانانی باجە لە سەر ئۆتۆمبیلی چینی لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاوە،
دژی بەندەکانی ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتییە (دەبلیو تی ئۆ) کە خۆیان
ئیمزایان کردووە و نیهادێکی نێونەتەوەیی سیستەمەکەیانە.
ئەوەی لەم نێوەدا زەرەرمەندی سەرەکییە، خەڵکی ئاسایی ئەمەریکا و
ئەوروپایە. وە ئەوەی قازانج ئەکات ئەو کۆمپانیایانەیە کە سەیارەی
کارەبایی لە ئەمەریکا و ئەوروپا دروست ئەکەن و بەمە سەرمایەی زیاتر
کەڵەکە ئەکەن.
سەرمایەداری و لیبرالیزمەکەی، کە هەردەم ستایشی سیستەمەکەیان کردووە
بەوەی کە پێشبڕکێی ئازادانە فەراهەم ئەکات و بازاڕی ئازاد نرخەکان
دیاری ئەکات، ئەوا ئێستا دەردەکەوێ کە ئەو قسانە تەنها ئەوکاتانە
ئەیکەن کە بەکەڵکیان دێت و لە بەرژەوەندی چینی خۆیاندایە. سەرمایەداران
و نیۆلیبرالیستەکان ئەو کاتانەی لە بەرژەوەندیانە، ئەڵێن حکومەت ئەبێت
تا ئەتواندرێ بچوک بکرێتەوە و دەستوەردانی لە بازاڕدا کەم بکرێتەوە،
لەمەدا سەرمایەداران مەبەستیانە بڵێن کە هەموو کەرتی گشتی ئەبێت
تایبەتی بکرێتەوە و هەموو خزمەتگوزارییەکان بکرێتە کەرتی تایبەت و
خۆیان کۆمەڵگا و چینی کرێکار بدۆشن و سەرمایەی زیاتر لە سەر نەخۆشی و
پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان کەڵەکە بکەن. ئەمە لەکاتێکدا
هەرکاتێک لە بەرژەوەندی خۆیاندا بوو، ئەیانەوێت حکومەت بە تەواوی
توانایەوە بێتە پشتیان و تەدەخول لە بازاڕدا بکات و لەبەرژەوەندی ئەوان
بەرنامە و سیاسەتەکانی داڕێژێت و بیباتە پێشەوە. هەروەک تا ئێستا لە
هەموو قەیرانەکانی سیستەمەکەیاندا، حکومەت بە تەواوی توانایەوە لەسەر
حیسابی بەشی دانیشتوان کۆمەکی سەرمایەدارانی کردووە و قەرەبووی
زیانەکانیانی کردۆتەوە.
لە کۆمەڵگای چینایەتی ئەمڕۆدا، دەوڵەت و حکومەتەکان نوێنەرایەتی
بەرژەوەندی چینی باڵادەست ئەکەن، کە سەرمایەدارانن.
سەرمایەداران و خاوەنکار و چینی بۆرژوازی، بۆ چەواشەکاری و
سەرلێشێواندن لە خەڵک، سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی شکڵیان داناوە و
ئەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە بە دانیشتوان بڵێن کە حکومەت نوێنەرایەتی هەموو
دانیشتوان ئەکات، نەک تەنها ئێمە.
بیانووی ئەمەریکا بۆ دانانی ئەم باجە زۆرە لەسەر سەیارەی چینی، ئەوەیە
کە گوایە حکومەتی چین یارمەتی کۆمپانیاکانی خۆی ئەدا و بە هەرزان
سەیارەی کارەبایی ئەخاتە بازارەوە. ئەمە بیانوویەکی پوچ و نا ئیقناع
کەرە. ئایا بەردەوام هەموو حکومەتەکان لە ئەمەریکاوە تا ئەوروپا
پاڵپشتی سەرمایەداران نەبوونە؟ ئایا ئەوەی چین ئەیکا، بەردەوام
ئەمەریکا و ئەوروپا نەیکردووە؟ لە ساڵانی حەفتاکاندا کە لە ئەمەریکادا
باو باوی سەیارەی (پیکاب) بوو (کە لای خۆمان پێی ئەڵێن دەبڵ کابینە)
ئەمەریکا ٢٥٪ باجی نەخستە سەر سەیارەی پیکابی ئەوروپی تا هەموو کەس
سەیارەی کۆمپانیاکانی خۆی بکڕێ.
ئەم شەڕی بازرگانییەی ئەمەریکا دەستی داوەتێ و ئەیەوێ وڵاتانی ئەوروپاش
بەدوای خۆیدا کیش بکات، خاڵی بەهێزی ئەمەریکا و ئابوورییەکەی نییە.
ئەمە هێمایەکی تری ڕۆچوونی ئیقتیسادی ئەمەریکایە بۆ پلە دوویی.
٢٨\٦\٢٠٢٤
ماڵپهڕی عامر سابیر
|