ئۆتۆمبێلى حکوومى
و کارەساتى بەنزین دزین.
سالار بابەشێخ
ئەمە شتێکى نوێ نییە ئەگەر باسى کەڵک وەرگرتنى نایاسایى لە ئۆتۆمبێلى
حکوومى دەکرێ، چونکە ئەم دیاردەیە لە زۆربەى وڵاتانى رۆژاواییدا بەرچاو
دەکەوێت و کوردستانیش بەدەر نییە لەم پەتایە و بەردەوام لە رووبەرى
لاپەڕەکانى رۆژنامە و دەزگاکانى راگەیاندندا خراوەتە بەر رەخنە و
بەداخەوە هیچ ئاکامێکێشى نەبووە.
ئەوەى ئەز مەبەستمە بیخەمە بەر دیدى لایەنى پەیوەندیدار ئەوەیە کە
باسەکە لە خراپ کەڵک وەرگرتن لە ئۆتۆمبێلى حکوومى ترازاوە و سەردەمى
ئەوجۆرە رەخنانە تێپەڕیوە، ئیتر ئەوە زۆر گرنگ نییە کە قوتابییەکى
ئێواران بە ئۆتۆمبێلى حکوومى دەچێتە زانکۆ یان قوتابخانەکەى، ئەوە گرنگ
نییە کارمەند و کاربەدەستێک بە ئۆتۆمبێلى حکوومى خێزانەکەى بباتە
سەیران و تەنانەت شاربەشاریان بگەڕێنێ، ئیتر ئەوە گرنگ نییە کە دواى
تەواوبوونى کاتى یاسایى کارى رۆژانە، ئۆتۆمبێل پێسپێردراوەکە لە
فەرمانگە و ئیدارەکەیدا ئۆتۆمبێلەکەى بەجێناهێڵێ و بۆ پیاسەى ئێوارانى
قەشقەیى پێوە دەکات و... هتد، بەڵکو شتى سەرنجڕاکێش تر و سەرسوڕهێنەرتر
و هەڵسوکەوتى زۆر ناڕەواتر هاتۆتە گوڕێ کە مرۆڤى بە ویژدان دەتاسێنێ...!!
لەوانەیە بڕوا نەکەن بەڵام نموونە و شایەتى زیندوو هەیە کە هەندێک لە
ئەمانەتدارەکانى حکومەت نەک تەنها ئۆتۆمبێلى حکوومى بۆ کارى تایبەتى
خۆیان بەکاردێنن، بەڵکو رەحم بە بەنزینەکەشى ناکەن و لە باکى ئۆتۆمبێلى
فەرمانگەکەیانى دەردێنن و باکى ئۆتۆمبێڵى خۆیان و ئازیزەکانیانى پێ پڕ
دەکەن!! ئایا ئەمە لادانێکى ئەخلاقى نییە؟ ئایا ئەمە ناچێتە خانەى دزى
و دەستپیسى و خیانەت کردن لە ئەمانەت، ئەویش ئەمانتێک کە مۆرکى گشتى
پێوە بێت؟!
لە هەمووى سەیرتر شایەتى زیندوو هەیە کە بەچاوى خۆى بینیویەتى
ئۆتۆمبێلێکى حکوومى لە لایەن شۆفیرەکەیەوە بەنزێنى لێدەرهاتووەو لە
باکى ئۆتۆمبێلى "قل"ەکەى کراوە!!!
ئەو شایەتەش ئامادەیە لەبەردەم دادگاو یاسادا ئامادە بێت و چۆنیەتى و
کات و ناوى کەسەکانیش ئاشکرا بکات، ئەزیش لەبەر پابەند بوون بە یاساى
رۆژنامەوانى و خۆ دوورخستنەوە لە ناوزڕاندن، ناوى دزى بەنزینەکە ئاشکرا
ناکەم و ئەگەر لایەنى پەیوەندیدار و یاسا لێپرسینەوەى لەسەر بکات،
ئەوکات گەردەن لە موو باریکتر ئامادەین بیبەنە بەردەم یاسا.
وەک رێگە چارەیەکیش بۆ نەهێشتنى ئەو کارە ناپەسەندانە چەند پێشنیارێک
ئاراستەى حکومەتى کوردستان دەکەم کە بریتین لە:
1- دەرکردنى بڕیار یان فەرمانێکى لێبڕاوانە لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە بۆ
هەموو لایەنەکانى پەیوەندیدار کە دواى بەسەرچوونى کاتى ئیدارى هەموو
ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان لە گەراجەکانى فەرمانگە و وەزارەتەکاندا پارک
بکرێن.
2- سزادانى بەکارهێنەرانى ئۆتۆمبێلى حکوومى لە شوێنە گەشتوگوزاری و
سەیرانگاکان لە رۆژانى پشوودا.
3- کۆنترۆڵى رێژەى بەنزین و ژمارەى کیلومەترى هاتووچۆى هەر ئۆتۆمبێلێکى
حکوومى لە لایەن کەسانى کارپێسپێردراو یان چاودێرەوە.
4- بۆ دەرچوونى هەر ئۆتۆمبێلێکى حکوومى لە بازگە و پرسگەکانى دەروازەى
شار، داواى مۆڵەتى فەرمی و یاسایی فەرمانگەکەیان لێبکرێت.
5- ئۆتۆمبێلەکانى حکوومى کە ژمارەیان مۆرکى فەرمى دەزگاى خاوەن
ئۆتۆمبێلەکەیان پێوە نەبێت پۆلیسى هاتووچۆ دەستى بەسەردا بگرن...
ئەمانە و چەندین رێگەى تر کە خەڵکى پسپۆر
دەستنیشانى بکەن، دەتوانێ کوردستانە بێگەردەکەمان لە دزەکانى بەنزینى
حکوومى پاک بکاتەوە.
|