په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٨

    ئۆغر.

سەردار ر‌ه‌زا

ھۆ پەرییەکەم .....
لە مناڵدانی ئیشقما
تەنھا لەوێ وێنەی تۆیە
تۆیش گاسنی ئومێدمت تێکشکاند و
لە دەسرازەی خەونەکانم
باوڵێک خەمی نارنجیت جێھێشتووە
لە تەک پیاسەکانی ئەستێرەی ژینم
ھۆگر بوویت و دانابڕێی
چەن سەفەرکەی
دوور دوور بڕۆی
دڵمت لە گەڵ تاشەبەردی شێلگیرانەتا بردووە
ھۆ پەرییەکەم ......
ئەوە ھەر تۆی
لە گەڵ زەردەی تیشکی خۆرا
ھەموو دەمێ لە دەرگای پەنجەرەم دەدەی
ئاشنای چاوە پڕ لە فرمێسکەکانم بە
ئەوە تەنھا و تەنھا منم خولیام پێتەوە گرتووە
ھێشتان لە ھەناسەی منا
لە ھەڵکشانی ھەورازی دڵما خۆو مەڵاس داوە و
گڕی سۆزت پەخش دەکەی
چما چاوی بەزەیی تۆ
رۆشنایی خوێنمی دیتووە
ھۆ پەرییەکەم
وڕ وڕ بووم و
دڵم لە جۆلانەی سەفەری ئۆسلۆ و سوید و تەکساس
لە نێو جوانی سلێمانی
شەقام بە شەقامی شارت
ئاخر خۆ من ھێشتان نەچووم
ھەر لە کەلاوەی تەمەنی رابردووما قوتار دەبم
ئەو خەیاڵە بڵق نین و سەر ئاو نابن
ئەوە لەتەک جەستەی مندایە و گەنیووە
ھۆ پەرییەکەم .....
تۆ خڕۆکە سوورەی خوێنمی
باوەڕ ناکەم بە سانایی ماڵئاوایی لە من بکەی
دەست لە ملی گاف و رێ و یی و میما بنێ و بیرم بکە
ئەو یادانە شیوەنێکن لە ھەنسکما رۆنیشتووە
لە سەر باڵی
چرپەکانی بای ئەستێرە
کڵافەیەک شەونم بە دیاری بھێنە
حەسرەتەکان ناگەنە گڵۆڵەی لێژی
ئۆغرت کرد
گریانی خەست دەڵەمەیە و وا پێ دەگا
لە دڵ و ھزر چێ بووە
ھۆ پەرییەکەم ..........
خوا ئافاتم بۆ دەنێرێ
ئاھورامزدا خەرابات
فریشتە تاریکستان و
ئاونگیش شەستەبارانیی
گوناە باوەشم پیا دەکا
سزا پەتم لەمل دەنێ
روحم ئیدی رۆیشتووە
ھەش بە سەرم
تاڵە مووەکانی قژم
ئیتر ھەرگیز نابنە نیگای ژنێکی تر
ھەڵدەوەرێن
وەک شێرپەنجە لێ دەبنەوە
ئەو پەتەی تۆیش
قەنارەیە و ملمی بە سەر رۆنیشتووە.

 

٢٧\٤\٢٠١٨ - ئەڵمانیا

sardarjaff44@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک