په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١٣

ئۆزال و سێ ژنە سەرکردەی پەکەکە بوونە قوربانی ئاشتی.

مەهدی حەمید       


‌ئێستاش لە گەڵدابێ ئاپۆ کە ناوی تۆرکۆت ئۆزال دێنێ بە رەحمەتی ناوی دەبا و وەها باس لە ڕووداوەکە یان تیڕۆرکردنەکەی ئۆزال دەکات کە ئەوەی کرا بۆ مراندنی هەوڵەکانی بە ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بووە . ئیێستاش و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٠ ساڵ و لەو کاتانەی کە وتووێژی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد لە ئیمڕالی لە نێوان حکومەت و عەبدولە ئۆجەلان گەرموگوڕیەکی زۆری پێوە دیار بوو و هەموانیش واتە تەواوی دڵسۆزانی کوردو تورک چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ئاشتیەکی هەمیشەیی لە نێوان کوردو تورک بەرقەڕار بێت و ئاکامەکەشی بەوە کۆتایی بێت کە بە ئاشتی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا بکرێ و وەک دووبارە کردنەوەی هەمان تراجیدیای کوشتنی ئۆزال ئەو جارەیان لە فەڕەنساو بە کوشتنی ئەو سێ ژنە سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەندەران و تراجیدیایەکە خۆی دووبارە کردەوەو. لێرەدا پرسیارێ یان چەند پرسیار خۆیان قیت دەکەنەوە وەک بگوترێ کێ بە دوای ڕووداوەکەیە.

 

پەکەکەیە لەزاری ڕەجەب تەیب ئەروگان بەوەی کە کوشتنی ئەو سێ ژنە سەکردەیە بۆ ناکۆکیەکانی ناو خودی پەکەکە بگێڕنەوەو بە دوایەوە لێرەو لەوێ نەیارانی کوردو نەیارنی سیاسی پەکەکە هۆنینەوی بۆ بکەن یان حکومەتی تورکی بۆ خۆی لە پشت ڕووداوەکەیە یان پاشماوەکانی ئەرگەنەکۆن وگورگەکانی تورکیاو جەهەپە لە پشت ڕووداوەکەن ، یان دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی و بە پاڵپشتی ئەرکەنەکۆن و ئەم و ئەوی تر و بە پێکەوەیی ئەم کارەیان ئەنجام دابێ یان ئێران بگرە سوریا و ئیدی و ئیدیش وبە ناڕاستەو خۆیی لە پشت ڕووداوکە بن . ئەگەر گومانەکە ببەینەوە سەر خودی پەکەکە وهەر لە ئێستاو لە ڕێگای چۆنیەتی ڕووداوکەو باکگڕاوندی ئەو سێ ژنە سەرکردەیە بە پەکەکە هیچ ڕوونکاری یان سەرەداوەکت ناداتە دەست کە ئەو تیڕۆرە بە کردەی پەکەکە ئەنجام درابێ چونکە وتووێژی ئاشتی لە ئیمیڕالی و بە سەرپەرشتی خودی ئۆجەلان ئەنجام دراوەو هەموو لایەنە بەستراوەکانی بە کێشەکەش بە ئیمیڕالی و قەندیل و ئەوروپا و دەتەپە هەموو کاتێ پابەند بووینە بە بڕیاری سەرۆکەکەیان ئاپۆ . خودی وتووێژەکانیش لە لایەن ئاپۆ ئەنجام دران و هیچ باکگڕاوندێکی واش پێشتر لە ئارادا نەبوە کە ئەو سێ سەرکردە ژنە دژی وتوێژەکانی ئیمیڕلی بووبن تا پەکەکە تیڕۆریان بکا . خۆ ئەگەر گریمان واش بڵێین ڕاکانی قەندیل لە گەل سەرۆکەکەیان یەکانگیر نەبووینە بە واتایەکی تر قەندیل بەو وتووێژانەی سەرۆکەکەی خۆیان لە گرتوخانە ڕازی نەبووینە و ئەوا لە ڕێگایەوە پێویستی بەوە نەدەکرد کە ئەوان لە ڕقان سێ سەرکردەی خۆیان تیڕۆڕ بکەن و زۆر بە ئاسانی دەیان توانی لە ڕێگای ئۆپڕاسیۆنێکی سەربازی دژی سوپای تورکی، وتووێژەکانی ئاشتی هەڵوەشێننەوە . ئەگەر هەندێ لە گومانەکانیشمان بۆ پارتی دەسەڵات ببەینەوە واتە ئەکەپە ئەم کارەئ کردبێ ، هەم دیسان گومانەکانمان کەمتر بۆ ئەوانیش دەباتەوە چونکە وتووێژەکان بە دەستپێشخەری دەسەڵاتی ئەکەپەوە بوو و مەنتقیش کەمتر قبوڵی ئەوە دەکات کە تۆ لە لایەکەوە وتووێژ بکەیت و لە لایەکی ترەوە بە دەستی خۆت و لە ڕێگەی کاری تیڕۆڕی ئەو کردە بمرێنی . دەکرێ هەندەک لە گومانەکانمان بۆ لای ئێران بە ڕاستەوخۆیی یان محوەربەستەکەیان لە گەڵ حکومەتی بەشار یان ڕووسەکان بگرە حکومەتی مالیکیشی لەگەڵدابێ بەرین بەوەی و لە ڕێگای وتووێژی ئاشتی نێوان کوردو تورک و بە دوایەوە محوەری تورکی لە دژی ئێران لە ناوچەکە بەهێز بێت و لە ڕێگەیەوە پاڵی بە ئێرانەوە نرابێ کە ئەو کارە بکات بۆ سەرنەکرتنی هەوڵی ئاشتی . بەڵام لێرەش سیم و جیمێک هەیە واتە تۆ بڵێیت ئێرانیەکان هەندە سادە بیر بکەنەوەو بڵێن لە ڕێگای تیڕۆر کردنی ئەو سێ ژنە وتووێژەکان کۆتاییان پێ دێت.

 
‌من زۆر دڵنیام ئێرانییەکان باش لەوە دەگەن کە لە ڕێگای کاری وەها زیاتر تورکەکان هان دەدات کە درێژە بە وتووێژەکانی ئاشتی بدەن لە گەڵ کوردەکان نەک لە ڕێگای کاری تیڕۆڕی بە کردەی ئەوانەوە کارەکان بە بن دەست بگەن . بۆیە ئەقلی سیاسی ئاڕاستەی وەها کەمتر بۆ لای ئێرانیەکان دەبات . کەواتە دەبێ کێ لە پشت ئەو کارە تیڕۆڕستیە بن . هەندێ دەگەڕێمەوە بۆ دواوە . لە کاتەکانی شەڕی هەشتساڵەی ئێران و عیڕاق و لە گەرمەی پاڵپشتیە ئەمەریکیەکان بۆ ڕژێمی سەدام حوسێن سەفقەیەکی چەک پێ فرۆشتنی زۆر نهێنی لە نێوان دەزگای هەوڵکری ئەمەریکی و حکومەتی ئێران هاتە ناو باس و خواسەکانی ڕاگەیاندنی جیهانی و سەفەقەکەش بە کۆنتڕا ناو زەند کراو و زۆر بە نهێنی و لە ڕێگای دەزگا هەواڵکریەکانەوەولە خەتێ دەولەتی سوێد چەکەکان گەیشتنە ئێران و کاتێ کە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی سوێد ئۆلف پاڵمە پێی زانی و بە دوایەوە بۆ ئەوەی ئەو نهێنیە هەواڵگریەی ئەمەریکی ئاشکرا نەبێت ئۆلف پاڵمە تیڕۆر کرا و تاوانەکەش خرایە پاڵ پەکەکە کە ئەوان ئۆلف پاڵمەیان تیڕۆر کردووە . تا چەند ساڵێکیش حکومەتی سوێد هەر وای دەزانی کەپەکەکە لە پشت تیڕۆڕکردنی پاڵمەوەیە ، بەڵام دواتر لێکۆڵینەوەکان دەریان خست کە پەکەکە دوور بووە لەو کارە تیڕۆڕستیەو بە دوایەوە حکومەتی سوێد داوای لێبوردنی لە پەکەکە کرد.


‌نازانین دەزگای لێکۆڵینەوەی فەڕەنسی و دادگایان ئەو کێشەیە بۆ کوێ و کوێ دەبات . نازانین تاوانباران دەدۆزێتەوەو دادگاییان دەکات یان نا. بە بڕوای خۆم ئەگەر دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی لە پشت کارەکە نەبێ ، ئەوا بێ سێ و دوو تاوانباران وەک بکوژانی قاسملۆ و شەڕەفکەندی دەدۆزێتەوەو دادگاییان دەکات . ئەگەر کارەکەش لە ڕێگای هەواڵگری ئەمەریکیەوە بێت، جا چ ئەگەر ئەرگەنەکۆن یان ئیسڕایل و ئیدی و ئیدیشی لە پشتەوە بێت ئەوا لە ڕێگای ئەو تۆڕە جاسوسیە جیهانی و ئیسڕایلیە ، بە دەردی گرتنی عەبدولا ئۆجەلان دەبردرێ و بێدەنگی لێ دەکرێ. یان بە دەردی تیڕۆر کردنی ئۆزال و ژەهراوی کردنی یاسر عەرەفات و بگرە ئیسحاق ڕابێنی ئیسڕایلیش دەبردرێ و بێدەنگیشی لێ دەکرێ و ئێستاش لە گەڵدابێ هەموو دڵسۆزانی ئاشتی عەرەب و ئیسڕایل ، ئیسحاق ڕابێن بە پیای ئاشتی ناو زەند دەکەن و هەموو دڵسۆزانی کوردو تورکیش هەمدیسان تۆرکۆت ئۆزال بە پیاوی ئاشتی ناوزەند دەکەن و بۆ ئەو سێ ژنە سەرکردە کوردەش بە هەمان شێوە . ترسی ئەوەش هەیە هەم دیسان دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی گوشارەکانی خۆی بۆ ئەو ئاقارە ببات کە وا لە ڕێوڕەسمیەتەکانی دادگا بکات کە تاوانەکە بە ملی پەکەکە یان ئێران و ئیدی ئیدی بنێن. بەڵام بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێ و پێشم وانیە ئەو دەوڵەتە فەڕەنسیە دیموکراتیە چاو لە تاوانەکانی ئەم و ئەو بپۆشێ یان ئەگەر هەر نەبێت بێدەنگی قبوڵ دەکات . ئەوەی ماوەتەوە بڵێین ئاخۆ بۆ دەبێ دەزگای هەوڵگری ئەمەریکی لە کاتەکانی بەرقەرار کردنی ئاشتی هەوڵی تیڕۆر کردنی بکەرەکانی ئاشتی بدات . دەزگای هەوڵگری ئەمەریکی لە ساڵی ٢٠٠٧ەوەدەڵێ ئەو سێ ژنە کوردە لە ئەوروپا چاڵاکن و هەر ئەوانیشن لە پشت ئەو پارە کۆکردنەوە زۆرەن بۆ پەکەکەو ڕەوانەی قەندیل و شوێنی تر دەکەن و دەشیان گۆت پێویستە لە سەر دەسەڵاتدارانی تورک کە هەوڵی تیڕۆڕ کردنیان بدەن . دەبێ بپرسین ئاخۆ بۆ دەبێ دەزگای هەواڵگری ئەوکارەی لە ٢٠٠٧ەوە بۆ ٢٠١٣ەوە هەڵگرتبێت . ئەگەر ئەوکارەی لە بڕی پاداش بۆ تورکەکان کردبێ بۆ کارەکەی لەو کاتانە نەدەکرد کە پەکەکەو حکومەتی تورکی شەڕی یەکتریان دەکرد ئاخۆ بۆ ئەو کارە لەو کاتانە ئەنجام درابێ کە هەوڵی ئاشتی لە نێوان تورک و کوردەوە لە گۆڕێیە . لەوەتی کودو تورک هەیە تەنیا دوو هەوڵی ئاشتی هاتوونەتە گۆڕێ و هی یەکەمیان بە ژیانی سەرکردەیەکی تورک کە تۆرکۆت ئۆزال بوو کۆتایی هات . وتووێژەکانیش بە نێوەندی بەڕێز جەڵاڵ تاڵەبانی کرا کە خۆی گەیاندە دەشتی بیقاع لە سوریاو چاوی بە ئۆجەلان کەوت و ئەنجامی ئەرێنیشی بە دەست هێناو ئەوی تریشیان ئەو سێ ژنە سەرکردەی کورد بوون و لە هەردوکیشیان زیاتر پەنجەی تاوان بۆ دەزگای هەواڵکری ئەمەریکی درێژ دەکرێت.


ئەوەی ئەمەریکیەکان بۆ کوردو تورک دەڵێن و دەیکەن تێک ناکاتەوە . بە دەیان جار ڕاگەیاندنی دیاریان باس لەوە دەکەن کە دەبێ کوردو تورک وتووێژ بکەن و بە ئاشتی چارەسەری کێشەی کورد بکەن و لە ڕاگەیاندنە نادیارەکانیشیان ئاشکرا کردنی بەلگەنامە نهێنیەکان لە لایەن ویکلکسەوە پێمان دەڵێ ، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی و ماوەی چەندەها ساڵە کار دەکات بۆ لاواز کردنی تورکیاو لە ڕاگەیاندنە مەرئیەکانیشی دەڵێت و دەڵێتەوە پەکەکە تیڕۆڕستە . یانی حکومەتی تورکیا پێویست بەوە ناکات تۆ لە گەڵ تیڕۆڕستان وتووێژ بکەیت . واتە ئەگەر تورک و کورد چاویان لە ئەمەریکیەکان بێت ، نەک هەر ئاشتی لە نێوانیان بەرقەڕارنابێت بەلکو هەولەکانیش بە دەردی تیڕۆرکردنی ئۆزال وئەو سێ ژنە کوردە دەبردرێ . مەسەلەکەش بە ڕای خۆم زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد تورکیا دەبێتە یەکەم دەوڵەتی بەهێزی ناوچەکەو بگرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەماریکادا نییە.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک