په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠٢٥

پاژنە.

 

فەریق عوسمان


ڕەنگە ئەم ناونیشانەتان لا سەیر بێت، لەبەر کورتبڕییەکەی و پاشان دەگمەنیی بەکارهێنانی، ڕاستە (پاژنە) ئەندامێکی لەشی مرۆڤە، بەڵام بە دیوە خوازەییەکەیدا واتاگەلێکی زۆر قووڵتری هەیە، هیوادارم وەك وشەی (گەندەڵ) بچێتە ناو فەرهەنگی ڕۆژنامەوانییەوەو هەروەها لێرەدا ببێتە خەلاتێك بۆ هەموو ئەوانەی واتایەکانی ئەو وشەیەش لەخۆدەگرن، جا پێش ئەوەی بچینە ناو ئەو بابەتەوە با بەم پێشەکییە کورتە بابەتەکە دەست پێ بکەین.


ڕاستە دەڵێن: گەر قسە زۆر بێت کردار کەم دەبێتەوە، وەك ڕوونیشە لە ناو میللەتی بەکاربەر و بێ کاردا ئەوەی هەیە و نییە: زۆرترین و دانیشتنی چایخانە و قاوەخانە و دانیشتنی بەردەرگا و سەر ڕێگا و فرۆشگە و ناوەندەکان و زۆری ترن....هەمووشی بۆ کات کوشتن، وەك ئەوەی مرۆڤ لەو تەمەنە کورتەی لەم تاکە ژیانەیدا کە هەیەتی بێزار بێت و نەزانێت چۆن خۆی پەروەردە بکات و ببێتە کەسێکی بەرهەمهێن و ئەرێنی و پاشەڕۆژێکی گەش بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی بنووسێتەوە.


لە پەندێکی گەلاندا هاتووە: باڵندەکان بە پێی جۆرەکانیان پێکەوە دەنیشنەوە، هەروەها وینستۆن چەڕچل ١٨٧٤-١٩٦٥ لە وتەیەکی گرنگدا دەڵێت: گەلان جۆرە حوکمەتێکیان دەبێت کە شایستەینی.


لێرەدا ئەم گوتارە هیچ ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوە نییە و هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسیشی تێدا نییە، تەنها ئەوەی هەیە و نییە پەنجە خستنە سەر سەرچاوەی دەرد و نەهامەتی و قەیرانەکانە، ئەگەر دەستنیشانمان کردن ئەو کاتە چارەسەر ڕێی تێدەچێت و ئاسان دەبێت.


رەنگە لەبیرتان بێت بەڕاشکاوانە لەسەر رووی میدیاکان وەزیرێك گوتی؛ من کەسانێك دەناسم ١٢ مووچەی بن دیوار وەردەگرن، ڕەنگە ئەو وتەیەی تاڵەبانیشتان لەیاد بێت کاتی خۆی گوتی با لە هەموو ماڵێكدا مووچەخۆرێك هەبێت.


ئەوان بەمجۆرە زانییان چۆن وڵات کاول دەکەن و چۆن خەڵك دەکەنە ئەڵقەلە گوێی خۆیان و چۆن مانەوە بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن، دەکرێت بپرسین: ئایا هەرێمێکی ٥ ملیۆن کەسی پێویستی بە ملیۆن و چارەکێك مووچەخۆر هەیە لە کاتێکدا لە هەموو دەزگاکانیشدا قەیرانی بەڕێوەبردن و نیوە کار و چارەکە کار هەیە و دەبینرێت؟! گەر وڵاتێکی دواکەوتووی وەك ئەفغانستان بگرین کە ژمارەی دانیشتووانی لە ٤٠ ملیۆن پترە بەڵام تەنها ١ ملیۆن کارمەندی مووچەخۆری دەوڵەتیی هەیە، گەر وێنەی وڵاتێکی پێشکەوتووی وەك شانشینی یەکگرتووش وەربگرین کە ڕێژەی دانیشتوانی ٧٠ ملیۆن کەسە، هەر نزیکەی ملیۆن و نیوێك کارمەندی دەوڵەتیی هەیە.


لێرەوە تێدەگەین کە ئەم گرفتە گەورەی تووشی هەرێم کراوە، قوڕەکەی زۆر لەوە خەسترە بە شەووڕۆژێك لێی دەرباز ببین و چارەسەر بکرێت، ئەمە وەکو ئەو گرێبەستە نەوتییە ٥٠ ساڵیە وایە کە بەرپرسەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا واژۆیان کرد لە بەرامبەردا ڕازی بوون نرخی هەر بۆشکە نەوتێک ١٠ دۆلار بچێتە سەر هەژماری بانکییان بەسە بۆ ئەوان! لەولاشەوە وەك چەند مانگێك لەمەوپێش دیتتان لەسەر سەکۆی میدیاکان گرێبەستی فرۆشتنی غاز بە ئەمەریکا واژۆ دەکەن و دەست لە بەغداش پان دەکەنەوە بۆ مووچە! لەملاشەوە لافوگەزافی سەربەخۆیی و فیدڕاڵی لێدەدەن، لە بەرانبەر ئەم هەموو ناکۆکییە دەبێت ئەو میللەتەی ئەو کەسە بەرژەوەندیخوازە تەسکبینانە بەڕێوەی دەبەن چی لێ دەربچێت؟


ڕاست گوتراوە: کەسانی سیاسی هاوشێوەی یەکن، بەڵام ئەوەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێك لێکیان جیا دەکاتەوە هوشیاریی گەلەکانیانە. ئیدی لاتان سەیر نەبێت ئەو ملیۆن و چارەگە مووچەخۆرەی لەمەڕ خۆمان نەوێرن خۆیان بدەن لە قەرەی گۆڕینی دەسەڵات و شێوازی حوكم، کاتێك دەزانن بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە، لێرەدا فێڵی سیاسییە فاشیلەکان تەواو سەری گرت، بەس لەولاوە ئابووریی و داهاتووی نەوەکانیان شێواند و بە قوڕدا برد.


هەمیشە لە دۆخی وا گەڕەلاوژەدا کە یاسا هیچ سەروەرێتییەکی نامێنێت، گەر بیشمێنێت تەنها لەسەر کەسانی هەژار و رەشوڕووت جێبەجێ دەکرێت، کەسانی گەندەڵ ناتوانن کێشەی گەندەڵیی چارەسەر بکەن، بوێریی رەوشتییان نییە، توانا و ویستیان نییە، چونکە کێشەیەکی چارەنووسسازیان نییە تا ئامادەبن لە پێناویدا خۆبەخت بکەن، بەڵکو ئەوان بەداوی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن، گەر لێشیان بپرسی: ئەمە هەڵە نییە؟ دەڵێن: ئێمە خەباتی شاخمان کردوە و ئەمەی دەیکەن نیشتیمانپەروەرییە.


ئیدی لەو دۆخەدا بندیوار و مەسینەهەڵگر و راپۆرتنووس و سیخوڕ و ئەشکەنجەوان و کۆیلە زۆر دەبن، وەکو کرم لە ناو درەختێکدا خەریکی مشەخۆریی دەبن تا لە ئەنجامدا درەختەکە کلۆر دەبێت و دەکەوێت. ئەمانە لە لایەنی کۆمەڵایتیشەوە زیانێکی زۆر گەورە دەدەن لە تەبایی و یەکانگیریی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، هەر ئەمانەشن هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتی ستەمگەریی، لایان ئاساییە هەستی مرۆڤایەتی بخەنە ژێر پێیانەوەو ئامادەن بۆ گەرمبوونەوەی گیرفانی خۆیان هاوڵاتیانی ئاسایی تووشی دەردەسەریی بکەن و بگرە زیانیان لێبدەن و دژیان بوەستنەوەو سەرکوتیان بکەن، لەولاشەوە وەکو پەڕۆیەکی پیس کە کاریان تەواو بوو لە لایەن ئاغاکانیانەوە تووڕ دەدرێن، کەواتە باشترین زاراوەی هاوشێوەی بندیوار و مەسینەهەڵگر، بریتییە لە وشەی (پاژنە)، چونکە وەك دەزانن پاژنە لە خوارترین بەشی لەشی مرۆڤدایە کە (پێ) یە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشی پشتەوەی پێیە و هەربۆیە لە ناو زاراوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەدا هێندەی باسی پەنجەکانی پێ، یان قاچ یان ئەژنۆ دەکرێت، زۆر کەم نەبێت زاراوەی (پاژنە) بەکارناهێنرێت، کەواتە ئەمە هاوواتای هەموو خواستراوە کۆنەکانی وەك مەسینەهەڵگر و کۆیلە و بندیوارە، لەگەڵ بەکارهێنانیدا دەکەوێتە ناو فەرهەنگی زاراوە خواستراوەکانی ڕۆژانەوە.
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک