١٣\١٠\٢٠١٨
پاکیزەی شنگال؛
دۆزەخی ھەمیشەی کچ و ژنانی ئێزدییەکان.

یاسین برایم
لە خوێندنەوەی ھەر ژانرێکی ئەدەبی ، پێویستی بە سەلیقەو تێڕامان و
قووڵبوونەوە و دۆزینەوەی وێنە و کۆد ومانا و واتای نێو دێرەکانە ولە
ھەمانکاتدا ، کردنەوەی دەرگایەکی ترە بە ئاشنابوون بە جوانی و دونیای
نێو دەقەکان. بۆئەمەش خوێنەر ، دەبێت خاوەن دیدەیەکی ڕەخنەیی و
ئەزموونی بێت و بەردەوام لە جیھانی ئەدەبدا نزیک بێت وخەریکی خوێندنەوە
و خۆڕۆشنبییرکردن و توانەوە و ڕووچوون بێت بە نێو دونیا گەورەکەی ئەدەب
. جا قسەکردن لە سەر ھەر ژانرێکی ئەم ئەدەبە ، دەیان تیۆر و ڕێبازو
قوتابخانە و دید و بۆچوونی (کۆن و تازە) ، دەبنە کلیک و دەروازە بۆ
کردنەوەی دەقەکان . ھەموو ئەمانە بەرھەمی مرۆڤن و بۆئەمەش دەکرێت ،
لەگۆشەنیگایێکەوە و بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان ، شتێک لەو جیھانە
ھەڵێنجین و ڕاو بۆچوونی خۆمان بخەینە ڕوو ، ئێمەش بۆ بابەتێکی ئەوھا ،
ئاوڕێک لە رووداو و نمونەی نێو ڕۆمانی (پاکیزەی شنگال)١
دەدەینەوە . ئازارو خەمەکانی کچ و ژنانی ئێزدیی نێو ڕۆمانەکە ،
بەدیدەیەکی مرۆڤدۆستانە وخەمخۆرانە ، ئاشنایان ببین و ھەڵگری خەم و
ئازارەکانی ئەوان بین ، بۆئەوەی ئەم تاوانە قیزوەنە، لە بیر تاکەکانی
کۆمەڵگە بە زیندووی بمینێتەوە و لە بەرچاوان بێت.
ڕۆمانێک ، تژی لە کارەسات و ھاوار و خەم و فڕمێسکڕشتن. خوێناوی لە
خوێنی بێتاوانان و ڕەش لەلایەن ھێزی تاریکپەرست و شمشێر بەدەست. شەڕی
ناشیرینکردنی ھەموو جوانییەکان و لەکەدارکردن وسوکایەتیکردن بە
بەھایەکانی مرۆڤ. وێرانکردن وسڕینەوەی سومبلە ئایینییەکان و مزگەوت و
پەرستگەو کەنیسەکان وگۆڕی پیاو چاکان و تەنانەت تەقاندنەوەی گۆڕی
پێغەمبەران و ماڵی خواش! لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری خودا
دەزانن. جا ھێزێک ئەمە کار و کردەوەی بێت ، دڕندەیی و بێبەزەیی ئەوانە
دەردەخات ، کە چ ھێزێکی ترسناک و پیس و قین لە دڵن. دەبینین سەرجەم
مافەکانی مرۆڤ ، پێچەوانە جێبەجێدەکرێت. مافی منداڵ و ژن و بەساڵاچوان
و ئاژەڵان و دارو درەختیش لە ژێرخانەی سفر خۆی دەدۆزێتەوە. لە
جێبەجێکردنی فەرمانێکی خودا (بەقسەی ئەوان) ، سەدان فەرمانی خودا پێشێل
دەکرێت. ڕۆمانێک ، پڕە لە وشەی غەمناک ودێری خوێناوی و وێنە و چیڕۆکی
ناخھەژێن. گێڕانەوەی مێژووێکی ناشیرینی ئەم سەدەیە ، کە تێدا نەتەوەی
ژێردەست وئایین و مەزھەبەکان و دووچاری چەوسانەوەو ڕەگەزپەرستی
وسڕینەوە ولە ناوبردن دەبنەوە. تاوانگەڵێک لە پێش چاوی ھەموو وڵاتان و
گەلانی دونیا ئەنجامدەدرێت. تا نھۆش بە چەندین شێواز و رێگا و ئایدیا و
دەستە و ھێزی دەمارگیرو نەتەوەپەرست و تەوژمی سیاسیی و ئایینی توندڕەو
و بەرگی جۆراوجۆر، درێژە بەم مێژووە ڕەش و قیزەوەنە دەدەن. کارەساتی
شنگال و ئێزدییەکان لەم ڕۆمانە رەنگیداوەتەوە . چەندین لایەن و ڕەھەندی
ئاڵۆزو جیاواز لە خۆ دەگرێت. لە ھەر گۆشەنیگایێکەوە، بڕوانینە بنیات و
داڕشتن وکاکڵ و کرۆکی بابەتەکانی ڕۆمانەکە. قسەو باس و وردبینی قووڵ
وشڕۆڤەکردنێکی تێروتەسەڵی دەوێت.. ڕۆمانێکە ، مێژوو ، سیاسەت ، ئایین ،
کۆمەڵایەتی ، دەرووناسی و ئایدیا و فکری توندرەو و نادادی وچەوسانەوەی
مرۆڤ و ژێردەستی و زوڵم و ستەمی ناڕەواو دەیان رووداو و دیاردەی
ناشیرین وتاوانی بەکۆمەڵ و سەیر ، لە نێو ڕۆمانەکە خۆیان نمایش دەکەن.
ھەر ئەم تاوانانە بووە وای لە (سەلیم بەرەکات) * ی ڕۆماننوسی گەورە
کردوە ، ئازارو چەوساندنەوەی ئێزدییەکان بکاتە ھەوێنی ڕۆمان و پێشانی
جیھان بدات.
لە ڕۆمانی (پاکیزەی شنگال) ، ئاە وخەم و کۆژانی سەدان منداڵ و کچ و ژنی
تێدایە. پاکی و فریشتەیی ئەوانەیە کە ھێزێکی پیس و دڕندە و لە بەھاو
ڕەوشتی مرۆڤ بوون، دایان دەماڵن و دەیانکەن بە کویلە. دەنگی خۆڕاگری و
بوێری و چاونەترسی ئەو کچ و ژنانەیە کە بە (نا)یەکانیان. ملکەچی حەزو
داواکاری ئەو ھێزە نابنەوەو (مەرگ) بە شانازییەوە ھەڵدەبژێرن ، نەک
دیلی و ژێردەستی. ئەم ڕۆمانە ، ژان و ئازاری ژنە دوو گیانەکانە. خەمی
منداڵی بێ لانەو بێ سەرپەرشتیارە. دەنگ و ھەناسەی دایکە جەرگ
سووتاوەکانە. فرمێسک و گریانی ژنە مێردکوژ وکچە بە زۆر فرۆشراوەکانە.
ڕۆمانێک پڕە لە تاوان و چەوسانەوە و خوێن و فرمێسکی مرۆڤە بێتاوانەکانی
دەڤەری شنگالە.
بڕیاردەرکردن.
ھێزێک ، پیشەی خوێنڕشتن و سووتان و گرتن و کوشتن بێت. بۆ ئەمەش ھەمیشە
بڕیار بەدەستن و ھەرچی بیانەوێت دەیکەن و شەرعییەت بەکارەکانیان دەدەن
، تا ھێزو ترس لە نێو خەڵک بڵاوبکاتەوە. بڕیار و یاسا و فەرمانە بە
پەلە و توندەکانیان ، ژیانی خەڵک دەکەنە دۆزەخ. کاتێک دەڤەرێکی زۆر
دەکەوێتە ژێردەستیان و ھەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی دەگرن و ئازاریان
دەدەن. ئەمی رو گەورەکانیان ئەوھا فەرمان بە چەکدارەکانیان دەکەن. کە
بەچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو مرۆڤانە بکەن ، کە لە ژیرَدەستی ئەوان
دان. چۆن فەرمانی کوشتن وگرتن و فرۆشتنیان دەدەن.
" ھەر کافرێک لەمانە ، بووە مایەی زەڵەزەڵ و دەنگەدەنگ بیکوژن، ئەو
منداڵەی دەگری و کپ نابێتەوە پەلی بگرن و بەدیوارەکەیدا بدەن... کچە
وشەڕکەرەکان لە ولایەتی موسڵ بنێرن.... ئەو منداڵانەی نێرینەن
بیانخەسێنن، تاکو لەسەر بێ جاھێڵەکان لە بەتەمەنەکانیان جیابکەنەوە و
بۆ ماڵەکانی خەلیفە و موجاھید ئەمری خودا گەورە نەبن، ئەوانە کۆیلەی
ئێوەن، بە پێی شەریعەتی ئیسلامی دەسکەوتەکانیان ، ژنە لە نێو خۆتاندا
دابەش بکەن، ئەوانەی دەمێننەوە بۆ فرۆشتن بۆ بازاڕیان بنێرن....ل٢٦٢".
بە پێی ئەو لێکۆڵەر وشارەزایانەٍی لەسەر (داعش) ئەنجامیان داوە ، ئەو
زانییاریانەیان پشت ڕاستکردۆتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی داعش ، لە
ناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی ئێزدییەکان و ئایینەکەیان بووە ، بۆئەمەش
ئەوەی لە دەستان ھات کردیان. بەڵام خەونەکانیان نەچووە سەر.
خەساندن.
کرداری خەساندن بۆ ئاژەڵە نێرینەکانی وەکو (جوانەگا و گا و کەر و ئەسپ)
بەکاردێت بە مەبەستی بەھێزبوونی جەستەو سوود وەرگرتن لە کاروباری
جووتکردن و بارھەڵگرتن . ئەگەر ئەمە بۆ ئاژەڵ ئازاربەخش بێت. ئەی
بۆمرۆڤ چ تاوانێکی گەورەیە ، نێرینەکان بخەسێندرێن و لە پیاوەتیی و
شەھوەت و وەچەیان بکەن.دەسەڵاتدارو شارستانیەت و نەتەوە زلھێزەکان .
مێژووێکی ڕەشیان لەم کارە تۆمار کردووە. پاشا و میرو سوڵتان و خەلیفە و
والی و بازرگان و پارەبەدەست و شمشێربەدەستەکان . لە کۆشک و تەلار و
حەرمسەراکانی٢ خۆیان، سوپایەکی زۆریان
لەم خەساوانە ھەبووە، بۆمەبەستی تایبەتی خۆیان. ئەگەر بۆ سەردەمی
کۆیلایەتی ئەمە ڕەوا بێت ، ھەرچەندە ڕەواش نییە. کەچی لە سەردەمی
ئێستادا ، ئەمە تاوانێکە لێخۆشبووونیان بۆ نییە ، بە بێ ھیچ ھۆکارێک
کۆمەڵێک منداڵ ، بخەسەندرێن. لەم ڕۆمانە ، دیمەنی بەکۆمەڵخەساندنی
تێدایە ، بۆ ئەوەی تا مردن ، دیل و رەزیلی دەستی ئەوان بن!
" ... ئەو منداڵانەی نێرینەن بیانخەسێنن، تاکو لەسەر بێ ئەمری خودا
گەورە نەبن، ئەوانە کۆیلەی ئێوەن... ل٢٦٢".
خەتەنەکردن.
کارێکی سووک و قیزەوەن ، کە مرۆڤ لە باسکردندا شەرم دەکات، کەچی ئەوان
پاکییەتی ئافرەت لەو سونەتکردنە دەبینەوە. دەستدرێژی بکەنە سەرکچان و
ژنان و خەتەنەکردنیان بە کارێکی پیرۆز بزانن ، وەک جیھاد سەیربکەن.
ئەوانەی لە سەربڕین رزگاریان بووە و نۆرەی بنبڕینیان دێتە سەر!. ئایا
ئەمە کاری پیاو وکەسانی ئایینییە ، دەست و پەنجەی لێ ھەڵدەکەن و روو
دەکەنە نێو گەڵیان. دەبێ ئەو چەقۆ بە دەستانە، پرسیاریان لە خۆیان
کردووە، ئاخۆ دایک و خۆشک و کچی خۆیان خەتەنەکراوە وخۆیان خەتەنەی
دەکەن؟ یا جورئەت و ئازایەتیان تێدایە ، دەرپێ لە خوشک و دایکی خۆیان
بێنە خوارو خەتەنەیان بکەن؟! ئەی خەتەنەکردن و کوشتنی شەھوەت و حەزی
ئەم ھەموو کچ و ژنانە لە پێناوچی!! خۆ ئەوان بەخێوکەرو ڕێپێدراوی ئەوان
نین ، تا ئەم کارە بکەن. لێرەشدا باس و گێڕانەوەی ئەوانە دەخەینە روو ،
کە ھەموو مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکات.
" لە خەتەنەکردنی دوو مانگ لەمەوبەری ، ھەربەتەنیا ئەو خەتەنە نەکرا،
گەلێ ژنی لادێی دیلی دیکەشیان لە گەڵ ئەو دا خەتەنەکرد.... ل٢٥٨".
" تۆ ئێزدییەکی قەحبەی کافری... بڕیار دراوە خەتەنەت بکەین، ئەو پنتکە
زیادەیەت ببڕن. سوپاسی خودا بکە کە ناتسووتێنین و ھەڵتناواسین. ل٢٦٦".
" بەسەزمانە ... باسی بۆکردم چۆن بە زۆر لاقە کراوە لە لایەن ئەمیرێکی
شیشانییەوە... دواجار ھەلاتبوو، بەڵام گرتیان و بردیانەوە.... بەزۆر و
بەشێوەیەکی سەرەتایی و دڕندانە خەتەنەیان کردبوو.... ل١٩٦".
لاقەکردن و سوکایەتیی پێکردن پیشەی ھەمیشەیان ، بڕوانە ئەو کیژو ژنانە
، لاقەدەکەیت وخەتەنەی دەکەیت و وەک قەحپە سەیری دەکەیت دواتر وشەی
کافربوونی دەدەیە پاڵ . ئەوجا سوپاسی ئەوان بکەیت کە (نەیانسووتاندووە
و ھەڵیاننەواسیووە). ئایا ئەم سوکایەتییە ، گەورەترین کوشتن نییە ، ڕۆح
و کەسایەتی بۆ ھەتا ھەتایە پارچە پارچە دەکەیت! بە ڕۆژ سوکایەتیی و
بەشەویش ، خۆیان بە قوربانی ناو گەڵیان دەکەن . بە کافرو قەحپە ناویان
دەبەن ! لەلایەکی تریش پێشبرکێ دەکەن لە سەر کچ و ژنەکان لە خۆیان
مارەدەکەن و کە تێردەبن و دەیفرۆشنەوە بە ھاوڕێیەکی خۆیان و ھەوڵ بۆ
بەدەستھێنانی یەکێکی تردەدەن.. لەوانەیە جوانترین پێناسە بۆ ڕەوشت و
کار و کردەوەی ئەو دەستەیە ، ھەر ئەوە بێت ئافرەتێک بەم شێوەیە باسی
دەکات.
" لەم دونیایەدا لە کوشتن و گان وگوللە و پارە وسامان بەولاوە، ھیچی
دیکە نازانێت.... ل١٨٦".
سووکایەتیی و مردنی ھەمیشەیی.
کچ و ژنانی ئیزدیی بەوە ناسراون ، خاوەن ڕەوشتی بەرز و داوێنپاکی و
بوێری و ڕاستگۆن. پابەندی ئایینی خۆیانن و لە یاساو ڕێسایەکانی خۆیان
لانادەن و پێگەو بەھاو کەسایەتیی خۆیان ھەیە. ئەمانە بە ئاسانی ئایینی
خۆیان ناگۆڕن ، تووشی کوشتن و ھەڵواسین دەبن ، یان بە زۆری ئایینەکەیان
پێدەگۆڕن و سووکایەتییان پێدەکەن. لەوانەیە دیمەنی ئەو ھەرزەکارو
کیژۆڵە ئیزدییانە ، ئەوەندە ئازارھێن و خەمھێنەر بێت ، ھەر لە ڕۆژیی
دوایی بچێت ، کاتێ نایانەوێت ئایینەکەیان بگۆڕن ، لەبەرچاوی خەڵک
(نێوبازاڕ) ، بە ڕووتی دارکاری دەکرێن و پرچیان دەتراشن و ھەتکیان
دەکەن. بەڵام ئەوان سوورن لە سەر ئایینە پیرۆزەکەی خۆیان و بەرگەی
ھەموو سووکایەتییکیش دەگرن.. ئەم رووداوە ، ھەر لە رووداوەکانی
کۆمەڵکوژی جووەکان دەچێت کە زمان ناتوانێت بگێرێتەوە و چاو توانای
بینیین نییە ، چونکە ئەوەندە قیزەوەنە.
"ئۆتۆمبێلەکە لە لە ناوەڕاستی بازاڕەکە ڕاوەستا و چوار چەکداری لێ
دابەزین، لە پشتی پیکابەکە شەش کیژۆڵەی ڕووتو قووت ، تەمەنیان نزیکی
یەکە ، ھەردەڵێی جمکن و لە یەک ڕەحمەوە دەرچوون. لە شەرم و ئابڕووی
خۆیاندا ھەر ئەوە نییە بتوێنەوە.... ھەموو بە یەک زنجیر
بەستراونەتەوە.... ل٣٥".
" روخسار ئاوەڵیینەکە چووە ناو پیکابەکەوە ، یەکە یەکە دەستی لە سمتیان
دەدا، وەک گرانی ھەڵسەنگێنێ، بە شێوەیەکی شەرمەزارانە و بێئابڕوانە
ئەوەی دەکرد، بزەی سەرکەوتنی دەخستە سەر لێوی، بەوەشەوە نەوەستا نووکی
دارەکەی بە کۆمی یەکێ لە کچەکاندا کرد..... ل٤١".
" کە قامچییەکەیان بەرزدەکردەوە ، شوێنەکەی گورجێ خوێنی لێ دەچۆرا، کە
قامچییەکەیان دادەھێنایەوە، پریشی خوێنی جەستەیان بەملاوبەولادا
دەپرژا، سێیەم کچی ڕیزی یەکەم سەری لاربووەوە و لە ھاوارکردن کەوت،
پێستی بووبووە نەخشەیەک لە خوێن ولە ناو گەڵیشیەوە میز بە ڕان وقاچیا
ھاتە خوارەوە. ل٤٢".
بوێری کیژ و ژنان ھەمیشە سوورن لە سەر ئایینی خۆیان ، دەزانن لە لایەن
ئایینێکی تر ئەم سوکایەتییەیان پێدەکرێت. ئەوان خۆڕاگرن ، لەبەردەم
راسپاردەو بڕیارو یاساکانی ئەوان (نا) دەڵێن. بەڵام ئەوان بێتاوانن لە
بەردەم ھێزێکی وا ، کە دیلی دەستی ئەوان و ئەوانیش دڕێخی ناکەن لە
لێدان و ئازار و کوشتن و ملکەچکردنیان بە زۆرەمڵی .. کەچی ئەوان
مردنیان پێخۆشترە ، بە سەربەرزی و شکۆیی دەزانن ، نەک مل بۆداواکارییە
سەپێندراوەکانی ئەوان دابدەن.. بۆ ئەمەش نمونەی ئازایەتی و
ھەڵوێستجوانی ئەوان دەبیندرێت. مەرگ ھەڵدەبژێرن، نەک ژینی ژێردەستی و
چەوساندنەوە.
" لەشەرمی نامووسی خۆمدا خەریکە دەمرم، ھیچم ناوێت لە مردن
بەولاوە....بەناوی دینەوە بە قەحبە بووم... ھەموو ڕۆژێک جاشێک بە ناوی
دینەوە لاقەم دەکات... ھەرچی پاکی و خاوێنی لە جەستەمدا ھەبوو ھەموویان
مژی و پڕیان کردووم لە ژار.... ل٣٠٩".
بوێری ئەو کیژیانە زۆرن ، نایەنەوێت بە زۆر وەک دەسکەوتی شەڕ و لەلایەن
ئەو ھێزە دەستدرێژیان بکرێتە سەر ، یان لە رێگای مارەکردنێکی ناچاری و
بچنە باوەشی دوژمنەکانیان ، نەخاسمە کەسانێک پیر و گەورەی وەک باوکیان
بۆ تێرکردنی حەزو ئارەزوویان بەردەبنە گیانی ئەم کچ و ژنە دیل و
داماوانە. نمونەی وەھا زۆرن ، لەم ڕۆمانە پەنجە بۆ ئەو کیژۆڵەیە
دەبەین، کە گوندەکەیان تووشی سەربڕین و کۆشتارگەی مەزن ھاتووە.
"کچێکی تازە ھەڵچووی دانیشتووی گوندی (کوجو)خۆی کوشت، کە زانیی وەکو
دەسکەوتی شەڕ بە ئەمیرێکیان بەخشیوە... ئازایانە خۆی خنکاند....ل٣٣٩".**
رووداوە سەیرەکان.
رووداو و ھەواڵی سەیرلە سەر کار و کردەوەکانیان گوێمان لێ بووە ، یان
لە گرتەی (ڤیدیۆ و ئینتەرنێت )، ھەواڵی پڕ شۆک و جەرگبڕمان پێش چاو
ھاتووە. لەم ڕۆمانەش ، شتی وا زۆرە ، کاتێک کەسێک ، کارێک ئەنجامدەدات
کە بەدڵی ئەوان نییە ، تووشی سزای توند دەبێتەوە ، کارێک پێش ھاتنی
ئەوان ئاسایی بووە، ھیچ شەرم و تاوان و ناشیرین نەبووە. بەڵام ئەوان
کاری وا نیشانی بکەری کارەکان دەدەن ، زۆر قیزەوەنترە.. مناڵێک لە سەر
گۆرانی عەرەبی و پانتۆلڕ و جگەرە و مەی و نوێژنەکردن.. بە قامچی و دار
وپەت ، دۆزەخی بۆدروست دەکەن...
"گەنجێ بە ھۆی تاوانی جگەرەکێشانەوە لە یەکێ لە چایخانەکان پێستی بەدەم
قامچیەوە دادەماڵرێ ، دوو ڕیشداریش ھەریەکە و سەرێکی پەتەکەیان گرتووە
، دارەکەش بۆ شکاندنی قاچی گەنجێکی دیکەیە، چونکی تاوانێکی گەورەی
کردووە و پانتۆڵی جینزی لە پێدا بووە... ھەینی ڕابردوو ژنێکیان
ھەڵواسی، چونکی ملکەچی مێردە مجاھیدەکەی نەبووە. ... ل٦٦".
لەسەر مەیخواردنەوەش ، بە نەعل و پێڵاو لە مەیخۆران دەدەن ، گوایە
فەرموودەی پێغەمبەری لە سەر جێبەجێدەکەن.
" ئەمە مەیخۆرە ، نەفرەتی خودای لێ بێت و شەرمەزاری بکات... بە نەعل و
لقی دارخورما لە مەیخۆران بدەین.... ل٦٩".
دەستدرێژیکردنە سەر ژنان.
ھەر شوێنێک لە لایەن ئەو ھێزە داگیرکرابێت و دەستیان بەسەرداگرتبێت ،
ئەگەر بۆ کاتژمێرێکیش بێت ، کارەسات و تاوانی خوێناویان ئەنجام داوە ،
کوشتن و ڕەفاندن کاری سەرەکییان بووە، کچ و ئافرەتە بە شووەکان وبگرە
پیرەکانیش، وەک دەسکەوت و خەڵات و پاداشتی سەرکەوتنیان ڕەپێش خۆیان
داون . دەستدرێژیان کردونەتە سەریان و لاقەیان کردوون. تەنانەت بەزۆری
و زۆرداری لە بەرچاوی خێزان و باوک و براکانیان یان دایکیان! دەستیان
بۆ بردوون و جەستەی پاکیان پڕ ژەھر وپیسایی وشەھوەتی بۆگەنی خۆیان
کردووە.. کچانیان بە دیاری بۆ گەورەکانیان بردوون و ئەوانیش وەک گورگی
ھار، چڕنۆکیان لە جەستەی ناسکیان گیرکردووە . زۆریشیان لە بەرچاویان
ھاوسەرەکانیان کوشتوون و سەریان بڕیوون. یان لەدایکیان جیاکردونەتەوە و
بۆ کرین و فرۆشتن و بازرگانی پێکردن رەوانەی شوێنی تایبەت بە خۆیان
کردوون. بۆئەمە کچ و ژنانی ئیزدیی و مەسیحی بە بیانووی ئایینی جیاواز و
کافربوونیان ھەرچی خوا پێی ناخۆشە ، لە بەرامبەریان ئەنجامی دەدەن..
چیرۆَکی ئەو دەستدرێژیانە ئەوەندە زۆرن ، ھەموو کۆڵان و گەڕەک و گوند و
شار و ئۆردوگایەک ، چیرۆکگەلی وا ، سەیرو قیزەوەن و سووک و ویژدانھەژێن
و توقینیان تێدا ئەنجامدراوە.. مرۆڤ لە بیستن و بینین و گێڕانەوە ،
شەرمەزار دەبێت.. مێژوێکی ڕەش و تاریک و خوێناویی و پڕکارەسات کە تێدا
ژنان قوربانی گەورەن!لەسەر زاری ئەو ژنە دۆزەخدیوانە ، ئەوھا باسی
تاوانەکان دەکەن...
"خەڵکێکی زۆریان کوشت ، بە بێ ھۆ، دەستدرێژیان کردە کچ و کچۆڵەکان و
ژنە بەشووەکان. ل٢٥".
" لە پێش چاوی باوک و برایانەوە دەستدرێژییان کردۆتە سەر کچەکان، ئەمە
لە سەرەتای داگیرکردنەکەدا ڕووی دا ، ئیسلامی درندە نازانین لە کام
بیابانەوە پەیدا بوون.... ل٥٨".
" زۆر بە ئاسانی ھاوسەرەکەمیان کوشت، لەبەر ئەوەی دووگیان بووم و مانگی
خۆم بوو، وازیان لێ ھێنام.... ل٧٤".
" ھاوسەرەکەمیان سەربڕی، بە بەرچاومەوە، وەکو بەرخ سەریان لە لەشی
جیاکردەوە.... ل٧٦".
بازرگانی کردن بە کچ و ژنان.
یەکێک لە ھەرە ناشیرینەکانی ئەو ھێزە تاریکپەرستە ، بازرگانیکردن بە کچ
و ژنان و فرۆشتنیان بە دۆست و لایەنگر و کریارەکانی خۆیان. بۆئەمەش
بازاڕێکی گەورەیان بۆخۆیان دروستکرد و کەوتنە مامەلەکردن بە جەستەی
ژنان و فرۆشتنیان بە نرخێکی ھەرزان. ئەمەش جۆرێکە لە سوکایەتییکردن بە
مرۆڤ . ئێمە ئەو کارە کرین و فرۆشتنی دیل و کەنیزەکان لە چیرۆکەکانی
(ھەزار و یەک شەوە)*** دەبینن کە چەندین
سەدە ئەم بازرگانیکردنە روویداوە. بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا و لەلایەن
ئەو ھێزەوە ئەو پەری سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی مرۆڤ و ئایین
ونەتەوەکان دەکرێت.. ھێشتاش ژمارەیەکی زۆری ئەو ژن و کیژۆڵانە بەم
شێوەیە بێ سەرو شوێن کراون و چارەنووسیان نادیارە. ھەندێکی تریش
ئەوەندە دەستاو دەستیان پێکراوە لەو شار بۆ شارێکی تر گواستراوەتەوە ،
وەک دەسکەوتی شەڕ مامەڵەی پێوەکراوە.. ئەو ھێزەی لە پێناو خودا
دەجەنگێت ، دیویکی تری بازرگانیکردن و پەیداکردنی پارەو سامان وماڵە.
ھەرچی حەزیان کردووە و ویستوویانە بۆ دەستکەوتنی خەون و حەزو
سامانەکانیان. بێ ماندوو بوون بە ناوی مجاھید و ئەمیر و خەلیفە بۆخۆیان
دەستەبەر کردوووە. بۆئەمەش ھەمیشە بەدوای کچ و ژنانی جوان وناسک گەڕاون
و لە دەوری خۆیان کۆکردونەتەوە. یان لە نێو خۆیان وەک دیاری و بەخشیش
دەستاودەستیان پێوەکردوون. یان لە رێگای دەلالەکانیانەوە بە پارەیەکی
کەم ھەرزانفرۆش کراوون.
"ھەموو ژنە ئێزدییەکان ، کەنیزەی دیلن . زۆربەیان لە موسلڕ و ڕەققە و
حەلەب و فەلوجە فرۆشران.... ھەر داعشێک بەشی خۆی لە ژنە کەنیزە
دیلەکاندا ھەیە، دەتوانێت بیانھێڵیتەوە لە گەڵ خۆیدا ، دەشتوانێ
بیانفرۆشێتەوە بە ھەرکەسێک بیەوێت ، تا شتێ پارەی دەسکەوێت... ل٥٤".
" ژن و کچە دیلەکان دەفرۆشن، یان بەسەر موجاھیدەکاندا وەکو دیاری
دابەشیان دەکەن، .... ل١٥٢".
خیانەت.
کارەساتەکە ، ھەر ئەوە نییە دەڤەرێک ، دەکەوێتە دەستی ھێزێکی بێگانە
ودڕندە. ئەوی لە خەیاڵی خەڵکەکە بە ئاسانی باوەڕناکرێت و ناچێتە
مێشکیان ، چۆن ئەوھا بە ساناھی و بەو شێوە بەرفراوانە ھەموویان وەک
مەڕێک بدرێنە دەستی ئەم گەلەگورگانە. پشت لە خاک و خەڵکەکە بکرێت و
بەرگرییەکی ئەوھا نەکرێت کە شانازیی پێوە بکەن.. ئەمەش بە جۆرێک لە
فرۆشتن و بازرگانیکردن بە پیرۆزیەکانیان دەزانن.. ھەمووان پشتی تێدەکەن
. ئەم کۆمەڵکوژیە دووبارە دەبێتەوە، کە لە لایەن دەسەڵات و نەتەوە و
ھێز و دەمارگیری ئایینی لە ڕابردوو بەرامبەر بە ئێزدییەکان
ئەنجامدراوە. بۆیە ئەم ڕەخنەیە بە ئاشکرا لە دەمی کەسایەتییەکانی نێو
رۆمانەکە دەبیسترێت ، کە ئەمە بە خیانەت و فرۆشتن بە ھێزێکی دڕندە لە
قەڵەمی دەدەن.
" سەگەکانی حکومەت و دەسەڵات و حزبەکان بە تەنیا جێیانھێشتین... ل٥٧)
".
تەنانەت پرسیارەکە ئاراستەی ھێزە کوردییەکان و پێشمەرگەش دەکرێتەوە کە
بەو شێوەیە نەبووە شایەنی باسکردن بێت . چونکە دەڤەرێکی بەرفراوان
ئەوەھا بدرێتە ئەو ھێزەیە کە بەرگریکردن و شەڕکردن وەک پێویست نەبووە.
"ھەموویان ئێمەیان خەڵەتاند...حکومەت فرۆشتینی ، پێشمەرگەش ئێمەی
فرۆشت...من ھەموو کەسوکارەکەم لە دەست دا و کەسیان نەمان... ل٢٢٩".
جا خودی کارەساتەکە ئەوەندە مەزنە ، مێژووی مرۆڤایەتی شەرمەزار دەبێت .
کە بۆچی ئەمە بە ئاسانی ڕوویدا. بۆئەمەش پرسیارگەلێک ، رووبەرووی
ئەوانە دەبێتەوە . کە کەمتەرخەم بوون لەم کارەساتە گەورە و
جیھانھەژێنە. کە تێدا مرۆڤ ھەست بە شەرمەزاری دەکات. چونکە ئێزدییەکان
زەرەمەندی یەکەم بوون و خاک وئایین و بنەماڵەو خێزانەکانیان، بوونە
قوربانی ئەو شەڕە نەگبەتییە، کە ئەوان بێتاوان وھەرچی تاوانی ناشیرینەو
نەخوازراوە بەرامبەریان دەکرێت. برینێکە ساڕێژبوونی نییە لە مێژووی
ئێزدییەکان.
" لە ھەرماڵیکی ئێزدیدا، کوژراوێک و دەربەدەرێک و ونبوویەک و دیلێک
ھەیە.... ل٧٥".
لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ، مرۆڤ ھەست بە گەورەترین کۆژان
دەکات. چەوسانەوەو زوڵم و ستەمی و دەستدرێژی و سڕینەوەی ناسنامەی
نەتەوەو ئایینی ومەزھەبی . بێبەھاکردنی مرۆڤ بە بێگوێدان بە تەمەن و
ڕەگەز و شکاندنی شکۆ و پیرۆزیەکانیان. رووداو و کارەساتی جەرگبڕ و
ترسناک ، کە تێدا کۆمەڵکوژیەک نیشانی جیھان دەدات ، دادگایەکان لە
ئاستیدا شەرمەزاردەبن و مافەکانی مرۆڤیش لەم بارەیەوە تەنھا دەبنە قسەو
برگە و رستەی سواوی نێو بەیاننامەو مانشێتی ڕۆژنامە و تیڤییەکان. ئەم
ڕۆمانە کۆی بەڵگەو رووداو و مەرگ وئازاری بێکۆتایی دەڤەری ئێزدییەکانە
، ئاوێنەیەکی ڕاستی ئەو مێژووەیە ، کە کچ و ژنان ، لە دۆزەخی ھەمیشەیدا
، دەنگی ئازارو ھاواری بێتاوانیان دێت. برینێکی قووڵەو ساڕێژ نابێت
وخوێنی لێ دەچۆڕێت . ئازارەکانی ئەم ڕۆمانەش ، نە ھەر بەنووسینێکی
بچووک ، بەڵکو دەیان فیلم ناتوانرێت مشتێک لە خەروارێکی رووداوەکان
بخەنە ڕوو.
______________________________________________
سەرچاوە و پەڕاوێز:
١- پاکیزەی
شنگال، وارید بەدر السالم، وەرگێڕانی : ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، ٢٠١٨ ،
سلیمانی. چاپ و پەخشی سەردەم .
*
ڕۆمانی( سەلیم بەرەکات) بە ناوی (سبایا شنگال)ە.
٢- ئافرەت
لەودیو پەردەی حەرەمسەراکانەوە ، حەسەن ئازاد، و: وریا قانیع ، چاپی
یەکەم ، ٢٠٠٧، ھەولێر.ٍ
**
کۆجۆ : گوندێکی ئیزیدی نشینە و (٢٣) کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شنگالە.
(داعش) ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو گوندەی کۆمەڵکوژکرد و ژمارەیەکیش بە
دیل گرتن و ماڵ و موڵکیشان بە تاڵان بردن. بۆ زانیاری زیاتر لە سەر
گوندی (کۆجۆ) و رووداوەکە بڕوانە : کتێبی (جینۆسایدی ئێزدییەکان ...
کۆجۆ)، داود مراد خەتاری ، وەرگێڕان و ئامادەکردن : تەھا سلێمان ، چاپی
یەکەم ، ٢٠١٥.
**
ھەزار و یەک شەوە ، لە لایەن (جەوھەر مەحمود داراغا) وەڕگێراوە بۆ
کوردی ولە ناوەندی ھونەری وڕۆشنبیری ئەندێشە، بە چواربەرگ، چاپ کراوە.
چەندین سەدەیە ئەم چیڕۆکانە دەگێردرێنەوەو بەشی زۆری چیرۆکەکانیش باس
لە بوونی کرین و فرۆشتنی ژمارەیەکی زۆری کەنیزەو خزمەتکاروکویلە کراون.
رواندز
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|