٢٥\٤\٢٠١٤
پالێوراوەکان و
ئامانجەکانی گەل هێندەی زەوی و مەریخ لە یەک دوورن!

دارا خونچە
خواست و ئامانجەکانی گەل لە کن هەر کەسەک
فرە فرە رۆشن و ئاشکران:
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی کەمکردنەوەی
هەژاریی لە نێو ئەو سیستەمانەی ئێستا (ئی کوردستانیش هەر هەمان سیستەمە)
ئەوەیە کە کەرتە گشتییەکانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێان پەرەیان پێ بدرێن
و کەرتە تایبەتییەکانیش لە ژێر نەخشە و بەرنامەیەکی تۆکمە و وەهێزی
مرۆڤدۆستانە و ژیانپەروەرانە بەرزەفت بکرێن و وە لایەنی کەم
بیرۆکراسەکانی دەوڵەت و بازرگانانە چاوچنۆکەکان و سەرمایەدارە
پارەپەرستەکان نەتوانن یاری بە بژێوی خەڵک و ژیان و گوزەرانی میللەتەوە
بکەن.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا ئاشتیی و ئارامیی و ئاسایشی ژیانی
خەڵك لەو سەرەتایەوە دەستپێدەکەن کە دەستی حیزب و حیزبایەتی لە نێو
دامودەزگە حکومییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی و رێکخراوە سڤیلەکان و
لایەنە ئاسایشپارێزەکان و تەواوی هێزە چەکدارەکان لە بنەوەڕا ببڕدرێن و
تەواوی ئەو بوارانە بخرێنە بەردەستی میللەت و بێلایەنانە و
سەربەخۆییانە بەڕێوەببردرێن.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی گەیشتن وە ماف و
ئازادییەکانی ژنان ئەوەیە کە یاسای فرەژنیی لە گۆڕ بندرێ و
توندوتیژییەکانی دژ وە ژنان کە تا رادەی ژنکوژیی بەربڵاو و باون
ریشەکێش بکرێن و جوایەزییەکانی نێوان ژنان و پیاوان کە تا رادەی وە
مرۆڤ دانەنانی ژنان بەربڵاو و باون کۆتاییان پێ بهێندرێن.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی گەیشتن وە
ئازادییەکان ئەوەیە کە (دین - وە تایبەتییش ئیسلام - و حیزب و
نێرسالاریی و دابونەریتە داڕزا و پاشدامایەکان) نەتوانن دەست بخەنە نێو
ئازادیی دەربڕین و ئازادییەکانی تاک و هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی کە
تا ئێستا مرۆڤەکان لە سەرتاسەری جیهان لێیان بەهرەمەندن و یاسایە
نێونەتەوەییەکان و جاڕنامە جیهانییەکان وە نووسین و دەق پشتگیرییان لێ
دەکەن!
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی وەدەستهینانی
مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان ئەوەیە کە پێویستە هەر ئێستا وە پێی
مافی رەوای خەڵکی کوردستان و دانپێدانانە نێونەتەوەییە جیهانییەکانی
مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەنییەکانی هەر میللەتەک سەربەخۆی کوردستان
رابگەیەندرێ و دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێندرێ.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا مافەکانی زارۆکان و لاوان و پیر و
پەککەوتەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەهیدان و
زیانمەندانی شەڕ و کارەساتەکان لەو سەرەتایەوە دەستپێدەکەن کە
یاساگەلەکی شارستانییانە و مافپەروەرانە دابندرێن و بوار و دەرفەتی
ئەوەیان لۆ بڕەخسێندرێ و هێزی ئەوەیان هەبی کە لە کرداردا جێبەجێ بکرێن.
لێ ئەو پالێوراوانەی ئێستا (ئی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی
پارێزگایەکان) وە هیچ جۆر و شێوەیەک هەرگیز وە لای ئەو داخوازیی و
ئامانجانەی گەلەوەدا ناچن و هەر تەقەی سەریان دێ لەو بوارانەدا کە
ئاماژەمان پێ دان! ئەوەش تەنێ لەبەرئەوەیە کە ئەوانە کۆیلەی حیزب و
بەرژەوەندییە تەسک و خودپەرستییەکانی خۆیانن و تەنێ وەدووی ئەوەوەن کە
بەشەک لەو گەندەڵییە باو و بێ وێنەیە بپچڕێنن کە حیزبەکان و
دەسەڵاتدارانی کوردستان دایانهیناوە.. ئیدی هەر لەبەرئەوەشە کە ئەو
پالێورانە و ئامانجەکانی گەل هێندەی زەوی و مەریخ لە یەک دوورن و وە
هیچ جۆر و شێوەیەک نە دەتوانن نوێنەرایەتیی گەل بکەن نە دەشتوانن هیچ
تشتەک بگۆڕن و بەرەو باشتری ببەن ئەگەر بەرەو خراپتری نەبەن و وە
یەکجاریی کاولی نەکەن!
٢٥\٤\٢٠١٤
- لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|