په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠٢٢

پانتایی جەنگ و کاریگەرێتی گوتار.

هەڵۆ محەمەد      


وتارەکەی چەرچڵ لە پەرلەمان لە سەردەمی دووەم جەنگی جیھانی دا,بۆ گەلەکەی کە وتی: " من تەنیا فرمێسک و خوێنم ھەیە پێشکەشتان بکەم"! بەناوبانگە... ئاخر ھەردوو وشەی فرمێسک و خوێن تەواوی چەرمەسەرییەکانی جەنگیان لە خۆگرتووە، بۆیەکا پەیامەکەی ناوبراو زۆر بەخێرایی گەیشتە جێی.

لەوەتەی شەڕی داسەپاوی رووسیا بەسەر ئۆکراینا کڵپەی سەندووە، ناو و ڕۆڵ و سەرکردایەتی ڤۆلۆدیمێر سێلێنسکی بۆتە جێی سەرنج و باسی جیھان.


ئەم سەرەک کۆمارە، ئەگەرچی کەسایەتییەکی ھونەرییە، لێ توانیویەتی سەرکردایەتی وڵاتەکەی بکات و لەسەخترین ڕۆژەکانی پێیدا تێدەپەڕێ و لێھاتووانە بەڕێوەی بەرێ . کاتێ مرۆ بە دیقەتەوە گوێ بۆ قسە و وتارەکانی دەگرێ و سەرنج دەدەیتە ھەڵوێستی و بیر لە ھزر و بیرکردنەوەی دەکەیتەوە، دەڵێیت: بەڕاستی شایستە ئەو ناوبانگە جیھانییە کە بەدەستی ھێناوناوە و دەکرێ و ھەقە! بۆ لێوە فێربوون، پەڕۆک لەم کەسایەتییە دادڕین.

سێلێنسکی.. لە یەکەم چرکەساتی شەڕەکەوە لە رۆژی ٢٤.٣٢.٢٠٢٢٢ ەوە قسە بۆ نەتەوەکەی دەکات، پەیڤەکانی بۆ گەورە و بچووک و ژن و پیاو و قوتابی و سەربازە... متمانەیان پێ دەبەخشێ و نایەڵێ ئیرادەیان تێک بشکێ و ورە بەرز ڕایان دەگرێ و ھانیان دەدات بەرگریی لە نیشتمانەکەیان بکەن و ھیوای سەرکەوتنیان دەنێتە بەر.. کە بۆ جیھانیش دەکات، بەڕاستی قسەکانی ئاڕاستەی جیھان دەکات. لە دەرگای ویژدانیان دەدات، لە کایەی مێژوو دەیان دوێنێ و لاپەڕە ڕەش و تاڵەکانیان وەبیر دێنێتەوە، ھەست و نەستیان وەئاگا دێنێتەوە.. ڕوو لە ھەموو توێژ و دەستەوتاقمێکی کاریگەر دەکات، شەرم لە جیھانیش ناکات و بە دەنگی بەرز ڕەخنە دەگرێ و داوا دەکات رووسیا وەتاق بخەنەوە و گەمارۆی توند بخنە سەری..


سواڵی جیھانیش دەکات بۆ بەھانا ھاتنی نەتەوە و نیشتمانەکەوەیی و بەدەستھێنان پشتیوانی دۆستتان و مسۆگەرکردنی سەرکەوتن..


با سەرنج بدەینە دوا وتاری لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی کە ئێستا لە داڤوس / سویسرا بەڕێوە دەچێ . دیارە ھەموو بەشدارییەکانی لە ڕێگایی پەیامێکی ڤیدیۆییەوەیە .

داوا دەکات:" ئەو گەمارۆ کەمەی خراوەتە سەر رووسیا بەس نییە و پێویستە گەمارۆ بخرێتە سەر سەرچاوەی وزەی رووسیا".. کە تا ئێستا سەرچاوەی پۆتینە بۆ دڕیژەدان بە شەڕەکە .ھەر لێرەدا داوا لە جیھان دەکات:" بێن بەشداری لە بیناکردنەوە و دروستکردنەوەی ئۆکراینا بکەن، بەو پارەی رووسیا کە سڕ کراوە".
باس لەو گرانییە دەکات کە خەریکە دەبێتە مەترسی قڕان و برسێتی لە جیھاندا. ئەفەریقا کە کیشوەڕێکە بەرەو وشکبوونەوە و قاقڕی دەچێ، بە پێی ڕاپۆرتێکی Oxfam & Save The Children ھەر ٤٨ خولەکێک لە برساندا منداڵێک دەمرێ، ئێستا بە ھۆی شەڕەوە کە دەرفەت نییە دانەوێڵەی ئۆکراینا و رووسیایان وەک سەرچاوەی خۆراکی ژیان بگاتە دەست دانیشتوانی ئەم کیشوەرە . تاوانەکەش دەگێڕێتەوە بۆ روووسیا کە ڕێ بە کەشتییەکانی نادات، دانەوێڵە بگوێزنەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان...

دەڵێ: "شەڕ ھەتا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت، کە جیھان بازرگانی لەگەڵ رووسیا دا بکەن" ئەمە قسەی پارێزگاری کیێف،ڤ . کلیچکۆیە. پێشتریش لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی :" شەڕ تانک و تۆپ و تەکنەلۆژیای سەربازی یەکلای ناکاتەوە، بەڵکو ئیرادەی مرۆڤ ،کە ئێمە خاوەنین بڕیاری لەسەر دەدات و دەیباتەوە".

ھەتا ئێستا سێلێنسکی نزیکەی ١٥٠ وتاری داوە، بە جیاجیا بۆ زۆربەی وڵاتان، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا و ژاپۆن.. دوێنی لە داڤوس و پێش چەند ڕۆژێ لە فیستیڤاڵی سینەمایی کان و زۆربەی بۆنە سیاسیی و کولتوورییەکانی جیھاندا وتاری داوە.


بێ ھیچ کێشەیەک وتارەکانی بەشی کتێبێکی باش دەکەن، ھەر بۆیە لە ئەڵمانیا دوو کتێبی گرنگ لە بەھێزترین وتارەکانی بۆ مێژوو دەردەچێت. بە ناوی " دە وتاری دژ بە جەنگ" ". Droemer دەری دەکات و کتێبی دووەم بەناوی " بۆ ئوکراینا- بۆ ئازادی" دەزگای Ullstein دەری دەکات،کە ٢٤ وتاری لەخۆی گرتووە و دواترینیان لە ٣٠.٣.٢٠٢٢ دا پێشکەش کراوە. داھاتی ئەم کتێبانەش بۆ پێداویستییەکانی گەلی ئۆکراینا تەرخان دەکرێت و سەفارەتی ئۆکراینا لە پاریس سەرپەرشتی دەکات...


سێلێنسکی.. لەوەتەی جەنگ ھەڵگیرساوە بە فانیلەیەکی ڕەنگ سەوزیی زەیتونییەوە بە ئاڵای وڵاتەکەیەوە، بە ڕووخسارێکی نێو بەرەی جەنگەوە زۆر بە سادەیی و ساکاریی دەردەکەوێ و سەرشان و ملی بە مەدالیا و نیشانەی جۆراوجۆر نەڕازاندۆتەوە، وەک ئەوەی فشە مارشاڵەکانی ڕۆژھەڵاتی نێوین خۆیانی پێوە بادەدەن..


لەگەڵ ئەوەشدا کە لەژێر ئاگربارانی بەردەوامی موشەک و بۆمبابارانی ھێزە ئاسمانی و سەرزەمینییەکانی رووسیادایە، بە ئارامی و لەسەرخۆیی دەردەکەوێ و دەدوێ و وتار پێشکەش دەکات.. ئەم ئارامی و لەسەر خۆییەی سیفەتێکی دیکەی ئەرێنییە و بۆتە جێی بایەخ و سەرنجدانی جیھان و مایەی سەرچاوەی وزە و ورەی بەرزی گەلەکەی...لەم دۆخە دژوارەدا زۆربەی وتارەکان بۆ خۆی دەیان نووسێ و راوێژکارەکانیشی ھاوکاری دەبن..


بەڕووی ناوخۆدا بەردەوام جەت لەسەر یەکێتی و یەکگرتوویی ئۆکرایناییەکان دەکات و داوایان لێدەکات ئەم چەکی یەکگرتنە دروست بکەن و بپارێزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و بە ڕووی جیھانیشدا داوای کۆمەک و بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات و سزا و گەمارۆدانی رووسیاش خواستێکی تری بەڵگەنەویستێتی و بانگەوازی وەستاندنی شەڕەکەش دەکات، بێ ئەوەی چۆک دا بدات بۆ دوژمنەکەیی و ھەر بڕیارێکی ئاشی و شەریش بە دەنگی گەلەکەی بەڕێوە دەبات،کە پێچەوانەی رووسیایە،کە لە حەز و ئیرادەی پۆتیندا خڕ بۆتەوە. رووسیا ھەر ئەوەی دەوێ دارودەستەیەک لە ئۆکرانیا دەسەڵات بەدەست بگرن، دەستچێنی مۆسکۆ و کوتەکی درێژی پۆتین بن و بەکرێگیراوی ڕووسیا و ھەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە سەربەخۆ و ئازادانە بڕیار بدەن.

سێلێنسکی داواکانی لە حکومەت و دەسەڵاتداران و سیاسییەکان و رۆشنبیران و ھونەرمەندان و سینەماکاران و موزیکژەنان و وێنەکێشان دەکات، بە دەسەڵات و حیکمەت و ھونەر و پیشەکەیان پشتیوانی بکەن لە ئۆکراینا..


دەڵێ : " موزیکەکەمان ھێلەکی خۆپاراستنی لەبەردایە لەبری Smokings، داوا دەکەم: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی مێژووی شەڕەکەمان بکەن! ڕاستییەکان بگێڕنەوە، بەھەر شێوە و شێوازێک دەتوانن پشتیوانیمان بکەن، بێدەنگیمان ناوێ"...

لە وتارێکیدا لە ڤیستیڤاڵی سینەمایی Cannes باسی فلیمەکەی Apokalypse Now و تاوانەکانی ناو ڤێتنام وەبیر دێنێتەوە.. بە گاڵتەجارییەکەوە پەیام بۆ پۆتین دەنێرێ و دەڵێ :" سبەی بەیانی حەزم لە بۆنی ناپاڵم"ە.. فیلمی بەناوبانگی چارلی چاپلن The Great Dictator بە بیر بەشداربووان دێنێتەوە و دەپرسێ: " ئایا کاتێ دیکتاتۆریی ھەبێت ! دەبێت سینەما بێدەنگ و قڕوقەپ بێت!! .. ئەگەر شەڕێکی ئازادیخوازانە ھەبێت!! ڕەوایە سینەما بێدەنگ بێت!؟.. دەڵێ" ئێمە پێویستمان بە (چاپلن)ێکی نوێیە تا پێمان بڵێ ھەنووکە سینەما نابێت بێدەنگ بێت".

 


سێلێنسکی.. سەرۆک کۆمارێک لە ھەموو ئاستەکاندا دەزانێ بە چ شێواز و میتۆدێک بۆ گەلی خۆیی و جیھان دەدوێت..ھەر بۆیەشە سۆز و سیمپاتی و پشتیوانی حکومەت و میللەتانی زۆربەی جیھانی بەدەست ھێناوە و سەرکەوتووانە ھاتۆتە پێشێ.


لە ١٧.٣.٢٠٢٢ بە وتارێکی ١٥ خولەکی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئەم وڵاتە گەورە و بەھێزەی ھەژاند... لێرە ئازار و ژانەکانی سەردەمی جەنگی سارد و دیوارەکە و دوو دەوڵەتی ئەڵمانیای وەبیر ئەم گەلە ھێنایەوە، کە تا ساڵی١٩٨٩ درێژەی کێشا... بەتەوسەوە ڕووی لە ڕاوێژکاریی ئەڵمانیا Olaf Scholz کرد- ئەم ڕاوێژکارە کە سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە و کەمێک لەژێر کاریگەرێتی بیرکردنەوە و ھەڵوێستی نەرێنی بەرژەوەندپەرستی کۆنە ڕاوێژکاری ئەڵمانیاGerhard Schröder دایە کە ناوبراو بەرژەوەندییەکی گەورەی لەگەڵ Putinدا ھەیە و لە پرۆژەی گەورە Nord Stream٢ دا پۆستی ڕاوێژکاریی ھەیە و ڕێگریی لەوە دەکات چەکی قورس بنێردرێ بۆ ئۆکراینا- سێلێنسکی وتە بەناوبانگەکەی سەرۆکی ئەمەریکا Ronald Reagan دەداتەوە بە ڕوویان دا،کە داوای ڕووخانی دیوارەکەی لە گۆرباتشۆڤ و ھۆنیکەر کرد و دەڵێ: " ئەو دیوارە بڕوخێنن" واتە ڕێگە بدە چەکی قورسمان بۆ بێت با ئەو دیوارەی شەڕی پۆتین بڕوخێنین بۆ ئاشتی.


پێویستە بوترێ پێدانە ھەڵوێستی حکومەتی ئەڵـمانی لە ئەوروپادا لەھەمبەر شەڕی ناوبراو لاوازە، بە ھۆکاری ئابووریی،کە نزیکەش ٪٦٠ ڕێژەی گازی لە رووسیاوە بۆ دێت. ھەندێ ھۆکاریی مێژوویی و جوگرافیایی و سیاسی و ئایدۆلۆژیش،بوونەتە رێگرێکی تەواو لە بەشداری چالاکی ئەڵمان لەم شەڕەدا، بە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا.

شایانی باسە، سەرەک کۆماری ئەڵمانیا Frank-Walter Steinmeyer کە سەر بەھەمان پارتی شرۆیدەر و شۆلسە/ سۆسیال دیموکرات و بەشدارە لە پرۆژەکەی نۆرد ستریم دوو دا، ویستی سەردانی ئۆکراینا بکات، سێلێنسکی ڕەتی کردوەە و بە ڕاشکاوی وتی: " تۆمان نامانەوێت بێت و پێشووازیت لێ ناکەم!.. کەسێک با بێت/ ڕاوێژکار کە بڕیاری چەک ناردنی بەدەستە" . ئەمەیە ھەڵوێست و ئیمانی بەرز و باوەڕ بە دۆزی خۆت و ڕێزگرتن لە کێشە و خاک و نەتەوە و بوون و ناسنامەی خۆت.

لەوتارەکەی ٢٣.٣.٢٠٢٢ لە پەرلەمانی فەرەنسا کاولکاریی ئۆکراینا دەچوێنێ بە کاولکاری Verdun کە لەیەکەم جەنگی جیھانیدا خاپوور کرا. ھەر لێرە لە فەرەنسا ئاماژە بە دروشمە گەورە سێکوچکەییەکەی شۆڕشی فەڕەنسا( ئازادی، یەکسانی و برایەتی) دەکات! دەڵێ: " ئۆکرایناییەکان چاک دەزانن بەھای ئەم دروشمە لای فەرەنسییەکان چەند بەرز و بەنرخە" ... ھەر لەم میانەدا گوتەکانی چەرچڵ و شکسپیر بە بیر دێنێتەوە " ھەبین یا نەبین " : ئەوجا رۆڵێکی ئەکتەری بەناوبانگ جۆن پلۆ مۆندۆ بەبیر دێنێتەوە.. دەڵێ " گەر لەم شوێنەدا نەبێت، ئەی من لە کوێدا ئەم وشە بھێنمەوە یاد کە ھی بەریتانیای گەورەیە"...


لە ئیسپانیا باسی کوشتاری Guernica بەیادی ئیسپانییەکان دێنێتەوە و لە پورتوگال باسی شۆڕشی Nelken دەکات و لە دانیمارک خەباتی رزگاریخوازی لە دژی ئەڵمان وەبیر دێنێتەوە و بیری گەلانی ئەوروپا دێنێتەوە و بچنە ئەو دۆخەوە کاتێ خۆتان بەو وێنەیە نمایشت دەکەن نیشتمانیان داگیرکراوە و دەکوژرێن و کاول دەکرێن...


لە وتارەکەیدا بۆ ژاپۆنییەکان باسی Tschernobyl دەکات و وەک مۆتیڤ لە چەقی باسەکەیدا دەیخاتە ڕوو. ھەروەھا بێ ئەوەی باسی فۆکۆشیما بکات، دەڵێ:" ھەر یەک لە ئێوە دەزانێ چەرنۆبەل واتای چییە!


"بەڵێ ھەموو ئەم ڕاستییانە بەستراوە بە یەکگرتوویی خۆمانەوە". مەبەستی گەلەکەی خۆی و تێکڕای مرۆڤایەتییە،دەنا ھیریشەی چەکی ئەتۆمی پۆتین لە ئان و ساتدایە.


سەرۆکی ئۆکراینا، لەھیچ وتارێکی دا چەمک و وشەی: (ئازادی، ڕوومەت یاخود پاڵەوانێتی)، لە بیر ناکات و دوا وتەیشی ھەمیشە شکۆی ئۆکرانیا (Slava Ukraine)ەیە...


لە دوا وتاریدا ئاماژەی داوە بەوەی : "تا جەنگ تەواو دەبێ، بەردەوام بین لەسەر بەرگریی.. ھەموو ڕۆژێ ئۆکراینایی دەگلێن و دەمرن بۆ ئەوەی ئێمە سەربەخۆ و ئازاد بژین"... کاتێ رۆژی ٢٢.٥.٢٠٢٢ سەرۆکی وڵاتی پۆلۆنیا Andrezej Duda بۆ سەردانی کیێف چوو، سێلێنسکی وتی: " بێ ئۆکراینایەکی ئازاد، پۆلۆنیایەکی ئازاد ناتوانێ ببێت".


ئەم ھەقیقەتەی جوان پێکاوە، چونکە چاوچنۆکی پۆتین ھەر بەسەر ئۆکرایناوە ناوەستێ، ئاخر سروشتی دیکتاتۆریی شەڕانگێز وایە ،ھەموو جیھان چاو و حەزی پڕ ناکاتەوە...پرۆفیسۆری دەرونناسی بەناوبانگی ئەڵمانی Hans Jürgen Wirth دەڵێ: " پۆتین نەخۆشی دەسەڵات و گەورەیی ھەیە لە فۆڕمی نێرجسیتێکی کاولکارانەدا ".


بەڵێ .. ئەوروپا بە گشتی ئەم شەڕەی رووسیا و پۆتین بە دژی دیموکراسی و ئازادی دەزانن و گیانی چاوچنۆکی و فراوانخوازی پۆتین بۆتە جێی مەترسی وڵاتانی بە تایبەت رۆژھەڵاتی ئەوروپای ژێردەستی شوورەوی جاران . ئەم ھەڕەشە و ترسە ھەردوو وڵاتی سوید و فینلەندایشی ھێنایە سەر قەناعەتی بە ئەندام بوون لە ڕێکخراوی NATO دا ، لە کاتێکە چەندەھا ساڵە ئەم دوو وڵاتە بێلایەنی خۆیان ڕاگەیاند بوو.


لە وتاری کۆڕبەندی ئابووری Davos دا، لە وڵاتی سویسرا دەڵێ:" جیھان باوەڕی بە ئیرادەی ئۆکراینا ھەیە... ئێمە چین و چمان کردووە و چ دەتوانین بکەین".

بە کورتی بەپێی گووتەی شارەزا و لێکۆڵەر و چاودێرەکان، لە ئایندەشدا سێلێنسکی ھەر وتارێک بدات، ئەوە دەردەخات کەوا ئۆکراینا ئەم شەڕە نادۆڕێنێ...

شایانی باسە ڕۆژی دووشەممە٢٣.٥.٢٠٢٢٢ بۆ یەکەمجار دادگای ئۆکراینا سزای زیندانی ھەتاھەتایی دا بەسەر سەربازێکی رووسیدا سەپاند، کە کەسێکی سڤیلی تەمەن ٦٢ ساڵ کوشتووە. ئەمەش ڕەھەندێکی نوێ و تایبەتمەندییەکی تری شەڕی ئۆکراینای بەخۆوە گرت... ئەم شەیپوورە بەڕووی سەربازانی رووس و جیھان دا ھەڵگری ئەو پەیامەیە کەوا : مەیدانی شەڕیش گۆڕەپانێکی واڵا نییە بۆ تاوان ئەنجام دان و کوشتنی کەسانی بێ بەرگریی و بێ چەک...


ھاوکات ئاگادارکردنەوەی ھەموو سەربازانی رووسیایە، گەر تاوان ئەنجام بدەن لە دەست دادگا رزگارتان نابێت... جێ بایەخە کەوا لە کێیڤ دادگایی ژمارەیەکی زۆری تریش وا بەڕێوە.

ئەی ئێمەی کورد؟؟!!


لەم میانەدا لە دوو بڕگەدا بە خێرایی دۆزی کورد بەسەر دەکەمەوە و گرێی دەدەم بەم باسەوە...


ئایا کورد تا ئیستا پەیامێکی پوخت و ڕوون کراوە بەڕووی میللەتانی سەردەستی خۆیدا واڵا کراوە! ،کە ھەموو ژان و ئازار و کوێرەویییەکانی لە خۆی گرتبێ و ھەڵگری ڕەگەزی ھۆشیاری و بە ئاگا هێنانەوە و تێگەیاندن بێت!!، بۆ ئەوەی ئەو گەلانە دروست لێی حاڵی بن و لایان ڕوون بێتەوە: تا کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ئەوانیش مەحاڵە بتوانن تامی ئاشتی و ئارامی بچێژن.. ناتوانن بە ئارامی بژین، گەشە و پێش ناکەون.. وە ھەروەھا بۆ ئەوەی چیدی خوێنی ڕۆڵەکان بە خۆڕایی نەڕژێ، پێویستە ڕێ لە بازرگانی شەڕ و داگیرکاریی بگرن و گوشار بۆ سەر حکومەت و دەسەڵاتی خۆیان بھێنن، چارەسەرێکی بنەبڕی ئەم پرسە بکەن. کوردیش پێویستە بێتە خاوەنی ماف و دەسەڵاتی خۆی و سەقامگیریی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ ؟!

یاخود کورد ھەر ئەوەی کردووە: شەرمنانە دەستی ڕازی بوون بۆ تاوان و ستەمەکان بەرز بکاتەوە. نە خۆی بزانێ چی دەوێت و نە دۆست و دوژمن لێی حاڵی بن !! دەبێت هەر سروود و گۆرانی بۆ پێکەوە ژیانی درۆزنانە و نابەرانبەر بکات لەگەڵ داگیرکەری بکوژ و خوێناویدا و بە فشە ماف ڕازی بێت.، کە ئەویشی پێ ڕەوا نابینن. بە دەبڕینێکی تر، گوتاری کوردیی هێڵی تۆخی کێشاوە لەنێوان خۆیی و ئەوانی داگیرکەر و دوژمن و بێگانەدا؟!


باشە ئەوە دەبینین سەربازێکی داگیرکەری رووسی لەسەر کوشتنی تاکێکی ئۆکراینایی سڤیل چ چارەنووسێک ڕووبەڕووی بۆوە... دەسەڵاتی ئۆکرانیا چۆن مامەڵەی کرد.


ئایا بکوژانی کورد چ کاردانەوەیەکی هەبوو،هەیە بەرانبەر بە : داگیرکەرەکانی، بەرپرسە باڵاکانیان،ئەو فرۆکەوانانەی بۆمبابارانی هەڵەبجەیان کرد، هەڵوێستمان چ بوو بەرانبەر بەرپرس و ئەفسەرە پلە باڵاکانی پاڵەوانەکانی ئەنفال و وێرانکەرانی کۆبانی و خوێنڕێژانی سنەی خوێناوی.


مشتێ لە ناوەکانی(( ئەتاتورک و سەدام و ئەسەد و خومەینی و ئەردۆغان، زەعیم سدیق و عەلی کیمیاوی و نزار خەزرەجی و وفیق سامەڕایی و تاریق رەمەزان و ئاغایانی بەنی سەدر و خاڵخاڵی و جەعفەریی و سەحراوی...و هتد)) تراژیدیای مێژووی نەتەوەی کوردی ستەم لێکراومانە،


حەکیم کاکەوەیس جوانی پێکاوە ، لە ڕۆمانی تەونی جاڵجاڵۆکەدا لە زمانی "ھەقەلی" یەوە دەنووسێ : قەیدی چییە؟.. من یەخسیری جەنگم و لە بەرەی شەڕدا گیراوم! نەختێکی دی ، وەک ئەفسەرە زلەکەی بەعسم لێ بکەن! ڕێبازی شۆڕشم بۆ ڕوون بکەنەوە و ئازادم کەن! دەبێ ئەوەندەی ئەویشم ڕەوا نەبینن" ؟!..
_________________________________________________
سەرنج: سوود وەرگیراوە لە چەند وتارێکی رۆژنامەی تاگەسشپیگل و بینینی چەند گوتارێکی ڤیدیۆی سێلێنسکی.

 

٢٥\٥\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک