په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٠\٢٠١٣

    پانتاییەک لە خەون.

یوسف خەلیل

منی تاساو
لە ئاوابووندا پێدەچێ ون ببم
بێ باکم لە کودەتا بە گومانەوە دەڕۆم
جوولەی هزر و نیگای دیدەم
بە سەمای زەردە و هەستی پاک
دەلاوێنمەوە
کۆرپەی خەونەکانی رووبار
لە پانتایی رۆحی پەیڤدا
بە شنەی زوڵف و کازێوەی سپێدە
راڤە دەکەم
پەی بردن بە پەروانەکانی خونچە
درکاندنی رازە پەنهانەکانی هۆشە
کە لە گەمەی مەلەدا دڵنیایی دەبەخشێ
لە دەرکەدانی سروودە یاخییەکانی دێوانەیەک
دەروازەکانی دڵۆچکەی واڵا دەبن
کاتێ‌ خۆریش لە رۆچنەدا
لە هەستی بەیان دەدا
قۆزاغە پڕپڕە لە مرۆ
چڕترە لە نەست
بۆن خۆشترە لە بەیداغی تامەزرۆ بوون
مەحاڵ بەشێکە لە ماندووبوون
کاتێ‌ ئارام گڕ دەگرێ
پریشک جەستەی هەست دەپێکێ‌
زەردەخەنە زامدار دەکا
جودایی دەبەخشێتە ئاوێزان
ماچەکان لەخشتە دەبا
لەگەڵ ئاوابوونی ماڵی هزردا
بەرکوڵی حەز لەباردەچێ
ئاشنا لە بیابان دەبێ
خەم دێتە ئارا و روخساری تەم
جەستەی ئاسمان دەپۆشێ و
من و تۆ و بەردیش
دەبێ بەرەو ئەودیو تاریکی
ئاراستەی تەرزە و تەم
یاخی کەین.


ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک