١٣\٣\٢٠٢١
پاپا لە عێراق،
پەیامێکی سیاسی بۆ ناوچەکە!

کامیل ئەحمەد
سەردانی چەند ڕۆژەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس، بۆ عێراق و کوردستان
دەکرێت لێکدانەوە و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت کە مەبەستی من لێرەدا
ئەوە نیە کە ئەوانە بدەمە بەر لێکۆڵینەوە، بەڵکو تەنھا ئامانجە سیاسی
یەکانی پشتی ئەم سەردانە لە چەند خاڵێکی کورتدا دەخەمە ڕوو.
پاپا و سیستانی و ھەر فیگورێکی کەی دینی، سەر بە ھەر دین و تائیفە و
مەزھەبێک بن، لە جیھانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا تەنھا و تەنھا بریتین لە
نوێنەرانی پاراستنی قازانجەکانی نیزامی سەرمایەداری و وەبەرھێنانەوەی
ئەو نامۆییەی کە مرۆڤەکان لە یەکتری دوور دەخاتەوە و وەک تاکی بێ
ئێرادە بەرامبەر خوداوەند ڕایاندەگرێت تا نەتوانن لە ھێزی یەکگرتووی
خۆیان ھەم تێبگەن و ھەم بەھرەمەندبن بۆ کۆتاییھێنان بە ژیانی
مەینەتباری ئەمڕۆیان. ئەمە ئەو ئەرکە سەرەکییەیە کە دین دەیگێڕێت لە
دوورخستنەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە دوژمنی ڕاستەقینە و چینایەتی خۆی،
چینی پرۆلیتاریا. بۆیە ھەر کات ئەمە پێویستی بە تەبایی بوو، ئەوا بە
تەبایی دەیکەن و ھەرکاتیش پێویستی بە جەنگی خوێنین بوو ئەوە مرۆڤەکان
بەردەدەنە گیانی یەکتری و تا ئاستی پاکتاوی ئایین و مەکتەب و مەزاھیبە
جیاوازە دینیەکان دەیبەن. مێژوو شاھیدی ئەم ڕاستییەیە.
پەیامێکی تری ئەم سەردانە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و
ئاسایکیردنەوەی پەیوەندیییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکەدا.
پرۆسەیەک کە لەژێر ناوی پێغەمبەری ھەرسێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، ابراھیم،
دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە و ناوی ئەویان لێناوە بۆ ئەوەی نە شیش بسوتێ و
نە کەباب. تا دوێنی بە ناکۆکی و ئەمڕۆ بە ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوە،
چونکە ئەمڕۆ پێویستیەکانی بازاڕ و بەرژەوەندیەکانی سەرمایە لە
ناوچەکەدا پێویستی بەم جێگیریە سیاسی و ئابورییە ھەیە بۆ ئەوەی بتوانێت
گەشەبکات و خۆی بەرھەمبھێنێتەوە. پەیامی پاپاش لە سەردانیکردنی بۆ ئور
و مەنزڵگای ابراھیم نیشاندانی ئەم پشتیوانییە یە. مەسەلەکە ئەوەیە
ئەمریکا دەیەوێت لە چوارچێوەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل دا ناوچەکە
ڕێکبخاتەوە بە عێراق و سوریا و ئێرانیشەوە.
مەسەلەیەکی تری ئەم سەردانە مۆلەقەیی و ناجێگیریی باری سیاسی عێراق و
ساغنەبوونەوە و یەکلایینەبوونەوەیەتی کە لە چ بەرەیەکدا سەقامگیردەبێت.
لە لایەک ئەمریکا و خۆرئاوا دەیانەوێت پێگەی ئێران لە ناو عێراق دا
لاوازبکەن و بە قازانجی خۆیان بیشکێننەوە. لە لایەکی تریشەوە ئێران لە
ھەوڵی ئەوەدایە کە ئەم پێگە بەھێزەی خۆی بھێڵێتەوە. مانەوەی پێگەی
بەھێزی ئێرانیش واتە فراوانبوونەوە و جێبەجێبوونی پرۆژەی چینی کە
بووەتە ترس و دڵەڕاوکێی خۆرئاوا. بۆ لێدان لەم پێگەیەی ئێران، پاپا
سەردانی سیستانی دەکات و بە بەردێک دەیەوێت دوو چۆلەکە بپێکێت. لە
لایەک دەیەوێت بڵێت ئێمە لەگەڵ ھیچ پێکھاتەیەکی دینی کێشەمان نیە و
لەلایەکی ترەوە دەیەوێت وا نیشانبدات کە مەرجەعیەتی شیعە سیستانی یە
نەک ئێران بۆیە لەگەڵ ئەوپەیوەندیدەگرین. بە مانایەکی تر یانی
پەراوێزخستنی ئێران وەک مەرجەعیەتێکی شیعی و ڕۆلی لە ناوچەکەدا. ئەمە
شەڕێکی بەردەوامە لە نێوان زلھێزە جیھانیەکان و نوێنەرە
ناوچەییەکانیاندا کە ئەوروپا دەیەوێت ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت تیایدا وێڕای
جەڕانی لە نێوان ئەمریکا و چین دا.
چونی پاپا بۆ کوردستانیش وێڕای ئەوەی کە لەڕووی تەشریفاتی یەوە شوێنێکی
ئامنترە لە چاو سەرجەم شوێنەکانی تری عێراقدا و بۆ ئەو کارە گونجاوە،
بوونی ژمارەی زیاتری مەسیحیەکان و نزیکایەتیەتی لە موسڵ و شارۆچکە
مەسیحی نشینەکانی دەشتی نەینەواوە. ھاوکات دەیەوێت پەیامێک بدات بە
مەسیحیەکان کە بگەڕینەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێدا ژیانیان
دەستپێبکەنەوە و موسڵ ئاوەدانبکەنەوە بە جێگای ئەوەی کۆچبکەن و ڕوو لە
ووڵاتانی ئەوروپا بکەن. پەیامی کەمکردنەوەی مەسەلەی کۆچ و ڕووکردنە
ئەوروپایە، کە ئەمە پەیامی ئەوروپایە و ڤاتیکانیش بەشیکە لێی. سەیریش
لەوەدایە کە مەسعود بارزانی ھیچ پۆستێکی نیە، بەڵام دەڵێی ھەر سەرۆکی
ھەرێمە و پاپا و ھەموو میوانەکان دەبینێت.
لە کۆتاییشدا دەتوانم بڵێم ئەم سەردانەی پاپاش لە چوارچێوەی ھەمان ئەو
کێشمەکێشانەدایە کە لە ئەمڕۆی جیھاندا لەسەر دووبارە دابەشبوونەوەی
دەسەڵات و بەشکردنی کێکەکە لە لایەن زلھێزە جیھانیەکانەوە بەڕێوەدەچێت.
ھاوکات سەردانەکەشی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی و خۆرئاوادایە وەک
لەسەرەتاوە باسمانکرد کە ئەویش ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل دا لەژێر
ناونیشانی تەبایی لە نێوانی دیانەتی ئیبراھیمی دا.
٧\٣\٢٠٢١
kamil.ahmed.f@gmail.com
|