|
٦\٧\٢٠٢٦
پارادۆکسی مۆڕاڵ و
داڕمانی دەزگایی.

ئەرسەلان مەحمود
لە مێژووی هەر کۆمەڵگەیەکدا، ساتەوەختانێک هەن، ناکریت تەنها وەک
ڕووداوێکی سادەی ڕۆژانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکریت، بەڵکوو دەبێت دەبێت
بکرێنە خاڵی دابڕان و وەرچەرخانی مێژوویی بۆ هەڵسەنگاندنەوەی سەرتاپای
سیستەمی ئاکاری و حوکمڕانی. بڕیاری فەرمیی دەزگایەکی باڵای ئەکادیمیی
بۆ دوورخستنەوەی کەسایەتییەک لە پانتایی زانکۆ، لە جەوهەردا تەنها
ڕێکارێکی سزایی و کارگێڕی نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنی بە فەرمیی کەوتنی
ئەو ماسکانەیە ماوەیەک بوو واقیعە تاڵەکانیان لە پشتییەوە پەنهان دەکرد.
ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا قووڵترین پارادۆکسی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی بەرهەم
دەهێنێت، ئەو بێدەنگییە ترسناکەیە باڵی بەسەر دامەزراوە ئایینییەکاندا
کێشاوە. پاساوی سەرەتایی ئەم دەزگایانە، گوایە دۆسیەکە کەسییە و
ناوبراو لەسەر میلاکی کارگێڕی ئەوان نییە، گەورەترین هەڵاتنە لە
بەرپرسیارێتییەکی ئۆنتۆلۆژیانە. کاتێک ناوەندێکی زانستی، لۆژیک و
عەقڵانیەت بزوێنەریەتی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ دەکات و
جەستەیەکی نەشیاو لە پەروەردەکردنی خوێندکاران دوور دەخاتەوە، چۆن
دەکرێت دامەزراوەی ڕۆحی و ئایینی، وەک وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی
زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە کستێکدا خۆیان بە خاوەنی گوتاری
پاکیزەیی کۆمەڵگە دەزانن، هەمان جەستە لەسەر مینبەرەوە قبوڵ بکات
گوتاری ئەخلاقی و ڕۆحی ئاراستەی هەزاران مرۆڤ بکات؟
مینبەر، تەنها پەیژەیەکی تەختەیی و پێگەیەکی وەزیفی نییە تا بە پێوەری
ساردی میلاکات و فۆرمی کارگێڕی بپێورێت، بەڵکوو پانتاییەکی باڵایە بۆ
داڕشتنی هۆشیاری و دەستکاریکردنی سایکۆلۆژیای جەماوەر. لێرەوە، کاتێک
پەردە لەسەر درزێکی قووڵی کۆمەڵایەتی هەڵدەماڵرێت، پرسیارێکی ڕیشەیی
سەبارەت بە خاوەندارێتی سەرهەڵدەدات. کێ لەم وڵاتەدا خاوەنی ڕاستەقینەی
بەها باڵاکان و ئاسایشی دەروونیی تاکەکانە؟ بێدەنگیی دامەزراوە
فەرمییەکان لە ئاست ئەم پرسەدا، جۆرێکە لە شەرعییەتدان بە بێباکی و
ئاساییکردنەوەی فەسادی کۆمەڵایەتی. مانەوەی ئەم کەسایەتییە لە گوتاری
گشتیدا، سووکایەتییەکی ئاشکرایە بە هۆشیاریی دەستەجەمعی و ڕادەستبوونی
مۆڕاڵە بە لۆژیکی چەقبەستوویی.
لەم بۆشاییە ئاکارییەدا، بیر و هزر و قەڵەمەکان، دەماودەمی تاکە کەس و
کۆیەکان، نابیت تەنها ئامرازێک بن بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان و کوتانەوەی
قەوانەکانی هەواڵ، بەڵکوو دەبێت ببنە نەشتەرێکی فکری بۆ بڕینی ئەو شانە
مردووانەی هێشتا خەریکە جەستەی کۆمەڵگە ژەهراوی دەکەن. ئێمە لەبەردەم
زەرورەتێکی مێژووییداین و دەبیت ڕەتکردنەوەی ئەم بێدەنگییە بکەینە
بەشێک لە جوانیناسیی یاخیبوون، یاخیبوونێک ئامانجی ڕاماڵینی دووڕوویی
دەزگایی بێت.
ئەم چرکەساتە، بانگەوازێکە بۆ وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لە تێڕوانینمان بۆ
حوکمڕانی و ئایین. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە لەم قەیرانە ئەخلاقییە
دەرباز بێت، پێویستمان بە تێپەڕاندنی واقیعی هەنووکەیی و داڕشتنی
نەخشێکی مەجازی یۆتۆپیایی هەیە، مانیفێستۆیەک تێیدا پێوەرەکانی
پەسەندکردنی کۆمەڵایەتی، لەسەر بنەمای پاکی، ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتیی
ڕەها دابنرێن، نەک لەسەر بنەمای خۆدزینەوەی ڕووکەشانەی کارگێڕی. ئەگەر
ئەمڕۆ ڕێگری لەم داڕمانە نەکەین، ئەوا بێدەنگی دەبێتە ئەو چەکوشەی دوا
بزمار لە تابووتی متمانەی گشتی دەدات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|