پاڕانه‌وه له مه‌لا .
عامر سابیر
1) ئیبراهیم جه‌عفه‌ری له مانگی 7 دا سه‌ردانی کوردستانی کرد، له سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه نێچیرڤان بارزانی ئه‌ڵێت ( کاتێک من له به‌غدا بووم ده‌عوه‌تم کرد که بێته کوردستان و له ڕووی ئاینییه‌وه قسه له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی له سه‌ر ژنان بکات).(١)
ئایا جه‌عفه‌ری که له حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییه، که به‌هره‌مه‌نده له پشتیوانی و کۆپی ته‌واوی جمهوری کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێرانه (که تیایدا به یاسا ژنان به‌ردباران ئه‌کرێن) ئه‌بێت چۆن توندوتیژی که‌م بکاته‌وه له به‌رانبه‌ر ژنانی کوردستاندا؟
ئایا حیزبێک پێشنیاری ئه‌وه بکات ڕۆژی له‌دایکبوونی فاتمه‌ی کچی پێغه‌مبه‌ر، له‌جیاتی 8 ی مارس ببێت به ڕۆژی ژنانی عێراقی، ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی چی لێبکرێت بۆ مافی ژنان؟
ئایا حیزبێک له جنوبی عێراق، له‌به‌رده‌م هه‌ر نه‌خۆشخانه و زانکۆ و دائیره‌یه‌کدا، له ڕێگه‌ی بانده چه‌کداره‌کانییه‌وه، ڕێگه له چونه‌ژوره‌وه‌ی ژنانی (موحه‌جه‌به نه‌پۆش) بگرێت و ئیهانه‌یان بکات، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێت له کوردستاندا کارێک له خزمه‌ت ژناندا بکات؟
2) نێچیرڤان بارزانی به هه‌مان چه‌شنی مامی که له دهۆک قسه‌ی بۆ مه‌لاکان کرد، ئه‌میش له هه‌ولێر له 17/7/2007 له سه‌ر ئه‌و کوشتارگایه‌ی که بۆ ژنانی کوردستان دانراوه، ئه‌چێت قسه بۆ مه‌لاکان ئه‌کات و پێیان ئه‌ڵێت ( له ڕۆژانی هه‌ینی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له قورئانی پیرۆزدا هاتووه‌و هه‌روه‌ها فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ر بۆ خه‌ڵک ڕوونبکه‌نه‌وه، که دژایه‌تی کوشتنی ئافره‌تان ئه‌کات).(٢)
ئه‌وه شتێکی باش بوو که نێچیرڤان بارزانی پێش ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی له گه‌ڵ مه‌لاکاندا ووتی؛ وشه‌ی (غسل العار) له یاسادا لاده‌ده‌ین و کوشتنی ژن به ناوی ناموس په‌رستی و له ژێر هه‌ر بیانویه‌کدا قبوڵ ناکرێت و به تاوانێکی گه‌وره حیساب ئه‌کرێت.
به‌ڵام له پاش ئه‌م قسانه‌ی، که ئه‌چێت بۆ مه‌لا قسه ئه‌کات و لێیان ئه‌پاڕێته‌وه، که به‌ر به کوشتنی ژنان بگرن، واتای ئه‌وه‌یه که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کۆنه‌په‌رست و عه‌شایه‌رییه‌ی کوردستان، نه‌ک ناتوانێ ئه‌م دیارده ترسناکه بنه‌بڕ بکات، به‌ڵکو له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستی ئاوێزان به ئیسلامیاندا تا دێت ژماره‌ی ژنانی کوژراو له هه‌ڵکشاندایه.
نێچیرڤان بارزانی به‌م دوو کاره‌ی سه‌ره بۆ جارێکی تر سه‌لماندی، که نه‌ک که‌سێکی مۆدێرن نییه، وه‌ک هه‌ندێ له قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی پارتی ئیدیعای ئه‌که‌ن، به‌ڵکو به چه‌شنی مامی عه‌شایه‌ر و کۆنه‌په‌رسته.
نێچیرڤان له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌یدا له گه‌ڵ مه‌لاکان چه‌ندین جار ئه‌ڵێت (ژنان و ئافره‌تان)، ژنان ژنانه ئافره‌تان چییه؟ بۆ ئه‌م دووانه هه‌ردوکیان پێکه‌وه به‌کارئه‌هێنێ.
خۆزگه هه‌موو نووسه‌ران و بڵاوکراوه‌کانی کوردستانیش، وازیان له به‌کارهێنانی وشه‌ی (ئافره‌ت) ئه‌هێنا له جیاتی (ژن).
17/9/2007 ١)ئاوێنه، ژماره 79، ل٣، 24/7/2007 ٢)خه‌بات، ژماره2559، ل٢ ،18/7/2007 و سایتی په‌یامنێر هه‌مان ڕۆژ .
|