په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠١١

پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و نەتەوە لای دەوڵەتی بۆرژواکان واتای چی دەگەیەنێ؟

تاھیر حەسەن    


بۆرژواکان و دەوڵەتەکانیان لەسەر بنچینەی درۆی گەورە و بێشەرم کردن لەو درۆیانەی دەیکەن دامەزراون، ئەوان ھەردەم بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و نیشتمانەوە، دێن پارێزگاری لە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەکەن و، کۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دەخەنە خانەی ئاژاوەگێڕی و زەرەر گەیاندن بەو بەرژەوەندیە باڵایەی ھەردەم شانازی پێوەدەکەن. لە کۆی وڵاتانی سەرمایەداریدا کە چینی بۆرژوازی حاکمیەتی بەدەستەوەیە، ئاستی ناڕەزایەتیەکانیش دەرئەنجامی خودی ئەو نایەکسانیە ئابوری و کۆمەڵایەتیەی ئەو دەوڵەتە سەرمایەداریە بەرھەم ھێنەریەتی، ھەردەم لە بەرزبونەوەدایە.

ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان- دەرئەنجامی ئەو قەیرانە ئابوریەی ئێستا کۆی وڵاتانی سەرمایەداری گرتۆتەوە، کارێک کە سەرانی دەوڵەتدار دێن بەرپەرچی ھێزی ملیۆنی ناڕازیانی پێ دەدەنەوە، ئەو ئیلھامە ناڕەواو ناواقعیەیە کە ئەم قەیرانە کاتیەو زوو بارودۆخ دەگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی. ئەوکات ئێوەش ڕزگارتان دەبێت لەم بار قورسیەی ئێستا سەرشانتانی گرتوە. ناڕەزایەتیە جەماوەری و کرێکاریەکان، لە وڵاتی یۆنان و ئیسپانیا و ئیتالیا و تا دەگات بە بەریتانیا و خودی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریکا، نیشانەیەکی دروست و ڕەوامان پێ دەڵێت؛ ئەویش نەگونجاندنی دنیایەکی نایەکسانە لە ژێر (پەردەی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و نیشتمان و دیندا) کە چینی دەسەڵاتدار بەرھەم ھێنەریەتی. چونە سەری ئاستی چەوساندنەوەی چینایەتی کارێکی وای کردوە بەتایبەتیش لەم سەدەیەی کە بەسەدەی گەیاندنە خێراکان بەناوبانگە،ئیتر توانای خۆ گێل کردن و خۆ ھەڵخەڵەتاندن بە درۆ شاخدارەکانی سەرانی بۆرژوازی، بوەتە کارێکی مەحاڵ و گاڵتە جاڕیانە. ئاخر ھەروا ئاسان نیە دەیان ھەزار ئینسان لەسەر کارەکانیان دەربکرێن و ھەروا بە ئاسانی ڕەوانەی ماڵەوە بکرێنەوە، بەبێ ئەوەی خودی ئەو دەوڵەتە بۆرژوازیە بچێتە ژێر باری ژیان و گوزەرانیانەوە. بۆ کەسێکی کرێکار، ئەگەر خانەوادەشی نەبێت- چ کارێکی زەحمەتە لەم سەردەمە پر لەگرانیەدا بتوانرێت تەنانەت ژیانی خۆشت پێدابین بکرێت، چ جای ئەوەی خاوەن ماڵ و منداڵیش بیت! بەڵام لای دەوڵەتی نایەکسانی خوازی بۆرژواکان- یان نایانەوێت ئەو ھەلومەرجە تاڵەی سەر ژیانی کرێکارێک ببینن یان ئەوەتا کە خۆیان تێروپۆشتەن، واش دەزانن ئەو ئینسانە کرێکارە کە چەندین ساڵە کارێک دەکات، ھێندەی پەیدا کردوە و پاشەکەوتی کردوە، کە بتوانێت بەرگەی بارودۆخێکی حاڵەتە قەیراناوێکانیش بگرێت؟ بۆرژواکان چینێکن لە نێو بێشەرمی و درۆی گەوردەدا گەورە بوون. ئەوان بە ھۆکاری ئەوەی کۆی ھێزی ئابوریان لە ژێر دەستدایە و دەیان جۆر ھێزی میلیشیای و تایبەت و پۆلیسی بەکرێگیراویان ھەیە بۆ پاراستنی باڵادەستی خۆیان و چینەکەیان، ھەرکات ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان دەڕژێنە سەر شەقام و کوچەوکۆڵانەکان بۆ گەیاندنی داخوازیە ئینسانیەکانیان، ئەم چینە بێشەرمە ھەرزوو، ھێزی پلیس و میلیشیایان بۆ دەنێرن و دەکەونە لێدانیان و گرتنیان تا دەگات بە ناوزڕاندنی ئەو ناڕازیانە و بەدەیان ناوناتۆرەیان بۆ دروست دەکەن، وا دەگەیەنن بە گوێی کۆمەڵگا ، کە ئەم خەڵکە ناڕازیە، سەرلێشێواو و گێرە شێوێنن. ئاخر ئەم عالی جەنابانە ڕەنگە ڕاست بکەن، چونکە ئەگەر ژیانێکی یەکسانی خواز دابین بکرێت بۆ کۆی کۆمەڵگا- لە کۆی بوارە گشتیەکانی ژیاندا، ئەو کات ئەم عالی جەنابانە ناتوانن ئاوا بە ئیسراحەت بەھرەمەند ببن لەو کۆ سامانەی لە ژێر چنگی خۆیانیان ناوە.

دەرئەنجامی ئەو قەیرانە ئابوریەی ئێستا کۆی وڵاتانی جیھانی گرتۆتەوە، کاریگەریە خێراکانی خۆی لە نێو وڵاتانی عەربەیدا، بە چەشنێکی چاوەڕوان نەکراو بۆ دەوڵەتی بۆرژوازی ھێنایە دەرەوە. دەر ئەنجامی ئەو پەستان و خنکاندنە موزمنەی دەسەڵاتدارێتی لەم وڵاتانەدا گرتویانەتە بەر، بۆخۆی ھێزێکی بێشوماری لە چینی ھەژار پێک ھێناوە، ھێزێک کە ناڕاستەوخۆ و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی گورز وەشاندن بێت لە زمانی پارتێکی لیبراڵ یان ئیسلامیەوە، دەتەقێتەوە و ھەرچی توڕەیی خۆی ھەیە دەیھێنێتە سەر شەقامەکان. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە وڵاتانی گڕ گرتوی توڕەی ھێزی ملیۆنی خەڵکی چەوساوەی وڵاتانی عەرەبی لە مەیداندایە، نیشانەی نەبونی ھیچ ئازادیەک و یەکسانی خوازیەک دەگەیەنێت کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرە ناسیۆنالیزمە بۆرژوا ئیسلامیەکان، پیادەیان کردوە تا ئەم چرکەساتە. خودی دەسەڵاتدارانێکی عەسکەرتار و دیکتاتۆر کە ھەیمەنەی دەسەڵاتەکانیان لەلایەن وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداریەوە تا ئێستا پارێزراو بووە، دەری دەخات، کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و نەتەوە بۆکی بوە و کێش لەم نیشتمان و نەتەوەیەدا زەرەر مەندی یەکەم بووە. ئاخۆ ئەگەر نیشتمان و نەتەوە و دین- بۆ دەسەڵاتداران پایەیەکی ھێند باڵا بەرز نەبێت کە بتوانن کۆی وەحشیەت گەریەکانی خۆیانی تیادا حەشار بدەن، ڕەنگ بوایە ئێستا ئەم نیشتمان و نەتەوە و دینە ھەر لە گۆڕێشدا نەمابایە. باشە ئەگەر بەرژەوەندی ئەم نیشتمان و دین و نەتەوەیە بۆ ھەموانە، بۆچی زۆرینەی خەڵکی لە ژیانێکی مەمرە و بژیدا دەژین و لە سەدا یەکی کۆمەڵگای خاوەن نیشتنمان و دین و نەتەوەش لە بارۆدۆخێکدا دەژین، نازانرێت ناوی کام جۆر لە ڕیفاھیەت و لە زەتی لێبنرێت؟ ئەگەر قەرارە نیشتمان و نەتەوە بۆ کۆی کۆمەڵگا بێت، دەبێت بپرسین بۆ بەبێ پرس و گەڕانەوە بۆ کۆی کۆمەڵگا، دەسەڵاتداران بە ئارەزوی خۆیان سامانی کۆمەڵگا ھەرزان فرۆش و بەتاڵان کاری دەدەن، بە سەرانی ھاو شەریکیان لە زلھێزانی جیھانی سەرمایەداریدا؟

ھاتنە مەیدانی ملیۆنی خەڵکی چەوساوە و ئازادیخوازی میسر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا، بۆخۆی دەرخەری یەک واقعیەتە، ئەویش ئەوە تەنھا داخوازی ملیۆنی خەڵک نەبوو کە سەرۆک یانی حوسنی موبارەک لەدەسەڵات بھێنرێتە خوارەووە ئیتر کارەکە کۆتایی دێت. داخوازیە ڕەواکانی ھێزی ملیۆنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لەو وڵاتەدا لە سەرو ئەو دەرخستنانەوەیە کە لە زمانی ھێزە بۆرژوازی و ئیسلامیەکانەوە، لە ڕێگای میدیای بۆرژوازیەوە بەیان دەکرێت. ئەو ھێزە ملیۆنیە داخوازی ژیانێکی یەکسانی خوازیان ھەیە و دەخوازان چیتر ژیانیان لە کوێرەوەریدا نەبێت. ئەوە ھێزی وەحشیەت گەری عەسکەر و بزوتنەوەی ئیخوانەکانە تەنگەژە ئیتنی و تائیفیەکان لە میسردا زیندوو دەکاتەوە و جەنگی کۆنەپەرستانەی نێوان قیبتی و میسریەکان دەوروژێنێت، بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن لە ڕێگای ھێز و کاریگەری دڕندانەی توندڕەویە دینیەکانیانەوە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن. ئیخوانەکان لە دوو خۆ پیشاندانی ملیۆنی ھێزی جەماوەری ناڕازیدا، ئامادەی بەشداری کردنیان نەبوو، خۆیان (دیارە ئێمەش لە ڕێگای تیڤیەکانەوە ئەو ڕاستیانە دەبیستین کە لە زمانی ئیخوانەکانەوە ڕای دەگەیەنن) ئامادە نەبون بەشداری لەو خۆپیشاندانە مەزنانەدا بکەن؛ دەپرسین ھۆکاری ئەو بەشداری نەکردنە بۆ چیە؟ ئاخۆ بۆ خەڵکی ناڕازی جێگای خۆشحاڵی نیە کە ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە نایەتە نێو خۆپیشاندانەکانیانەوە؟ ئیسلامیەکان دەیانەوێت لە ڕێگای دەنگدان و (دیارە بەھەرچ نرخێکی تەزویر کردنەوە بێت) سەرکەوتنی خۆیان بەدەست بھێنن و ئەو کات وەک عەمیلێکی باشی مۆساد و زلھێزانی سەرمایەداریش ھەروەک چۆن رەجەب تەیب ئەردۆغانی ئیسلامی، میان ڕەو، ئەو بەرپرسیاریەتیە عەمالەتیەی بۆ وڵاتانی سەرمایەداری نیشان داوە، ئەمانیس ھەر بەو شێوەیە لەو پاراستنە بەرژەوەند خوازیە درێغی ناکەن. دیارە ئەم کارە لە لیبیا و تونس واژۆی خۆی کردوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی بۆرژاوزی ئەمریکا و کەرتی تایبەتی بازاڕی ئازاد.


ئێستا لە میسر دڵی بۆرژواکان لە ترپە ترپی ئاسای خۆیدا نیە، بەڵکو سەد دەر سەد ئەو لێدانە لە ھاوسەنگی خۆی دەرچوە و دەیانەوێت بەھەرچ نرخێک بووە کارەکە بگەڕێننەوە سەر لێدانی ترپەی دڵەکانیان بۆ کاتی ئاسای خۆی. مەلاکانی ئەزھەر یەکێکن لەو دکتۆرە نانەجیبانەی کە دەیانەوێت ترپەی دڵی بۆرژوا وعەسکەر لە لێدان نەکەوێت،(چونکە ئەوانیش تا ئێستا خێرو بەرەکەتی نێو ژیانی خۆیانیان لەلایەن ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەوە بۆ دابین کراوە) دەرئەنجامی ئەو ترسەی ناویەتە دڵیانەوە، کەلەلایەن ھێزی ملیۆنی ئینسانی زەحمەتکێشەوە بۆی ھاتۆتە مەیدان دژی دەسەڵات و سیستەمەکەیان. ھێزو حیزبە بۆرژوا- لیبراڵەکان، لە پشتی پەردەوە خەریکی سات و سەودانو وا نیشان دەدەن کە ئەوان نوێنەری ئەو خەڵکە ناڕازیەن کە بەشەو ڕۆژ لەسەر شەقامەکاندان، ئەگەر چی تا ئێستا ئەم ھێزە ملیۆنیە خەتی سەرەکی سیاسی و چینایەتی خۆی نەدۆزیوەتەوە، لەگەل ئەوەشدا ھێند ئاسان نیە بتوانێت متمانە بە ھێزە دینی و لیبراڵ و ناسیۆنالیزمەکانیش بدات. دیارترینی ئەو بێمتمانەیەش ئەو ھاتنە مەیدانە شۆڕشگێڕیەی ئەم جارەیە کە دامرکاندنەوەی کارێکی ئاسان نابێت. شۆڕش دژی نایەکسانی و نەبونی ئازادی و نەبونی پاراستنی ھیچ کەرامەتێکی ئینسانی، نیشانەی ئەو ڕاستیەیە کە مەسەلەی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و دین و نەتەوە، بۆخۆی ھیچ نیە جگە لەو کارەساتە مەزنەی لە ژێر ئەم ناوانەدا سەپێنراوە یان ھێنراوە بەسەر تواناکانی ملیۆنان لە ئینسانی زەحمەتکێش و ئازادیخواز لەو وڵاتانەدا.


شۆڕشی گەنجان و خەڵکی ئازادیخوازی یەمەن ئەویش ھەروەک ئەو بڵێسە مەزنەی ھێزی ملیۆنان لە ئینسانی بێبەش لە میسردا بۆ ماوەی ١٠ مانگە لە مەیداندان و، لەگەڵ ھێز و تواناکانی دەوڵەتی بۆرژوازی دیکتاتۆری عەلی عەبدوڵادا لە پێکداداندان، خەڵکی چەکیان نیە، چەک لای دەسەڵات و میلیشیاکانیاندایە، خەڵکی بە ھێزی ملیۆنیەوە ڕوبەڕوی دەسەڵاتێکی خۆداسەپێنەر و دیکتاتۆر بونەتەوە. ئەوە ھێزی شۆڕشگێڕانی گەنجان و خەڵکی ئازادیخوازە، ئامادە نەبون بچنە ژێر باری ئەو پرۆتۆکۆڵەی کە وڵاتانی کەنداو پێی ھەستان و ئەمڕۆ ٢٣/١١/٢٠١١ لەلایەن شای کۆنەپەرستی بۆرژوا دینی، سعودیەوە، کارەکە بەئەنجام گەیەنرا، یانی واژۆ کردنی عەلی عەبدوڵا بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی بدرێتە جێگرەکەی، خۆیشی ڕاستەوخۆ دوای واژۆ کردنەکە- بەناوی چارەسەری و نەخۆشیەوە، بچێت بۆ ئەمریکا! ئەو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنانەی بەشدار بوون لەو واژۆ کردنەدا، ئەو ڕاستیەی دەرخست بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕ کە ئەوانە ھیچ کات نوێنەری ئەو ھاتنە مەیدانە سەدان ھەزاریە نین، بەڵکو ئەوان تەنھا نوێنەری بەرەی بۆرژا دینیەکانن کە دەخوازن دەسەڵاتەکەی عەلی عەبدوڵا بە ناڕاستەوخۆی بمێنێتەوە. گەنجانی شۆڕشگێڕ کە لە مەیدانی تەغیرەوە قسەیان بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە دەکرد، ڕاستەوخۆ داوای دادگای عەلی عەبدولا و سەرجەم دەسەڵاتەکەیان دەکرد، نەک ئەوەی حەسانەی لە وڵاتانی دیکەدا پیبدرێت و ھەروا بە ئاسانی بۆی دەرچێت و سامانی دزراوی کۆمەڵگاش بۆخۆی و پرۆژەکانی تا مردن بەکار بھێنێت.

ئەم خەتە شۆڕشگێڕ و چینایەتیە ھێمای زۆر واقعی و دروست دەدات بەدەستەوە، ھێمایەک کە ئیتر نە لە ژێر ئیدیعای پاراسستنی نیشتمان و نەتەوەدا دەتوانیت خۆی حەشار بدات، نە تا ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە ھەبێت ژیانی گشتی کۆمەڵگا، دەتوانێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، چونکە نەبونی ئارامی لە ژیاندا ھۆکاری خودی دەوڵەتی بۆرژواکانە، ھیچ ھۆکارێکی تر نیە بۆ ئەوەی ببێتە ئەو ئەنجامەی کە ژیان نائارام بکات لە کۆی زۆرینەی کۆمەڵگا. ئەم دەرس و ئەزمونە ڕۆژانەییە بۆ خەڵکی چەوساوە، وەک دەیان قوتابخانە وایە کە خوێندکار پێدەگەیەنێت. ئەم مەیدانانەی ڕۆژانە دەیان ھەزار لە ئینسانی کرێکار و دەستفرۆش لە خۆی دەگرێت، ئەو جەنگە بێکۆتاییە دەردەخات، کە سیستەمی سەرمایەداری خۆی ھۆکارەکەیەتی. جەنگێکە لەگەڵ سارد بونەوە یان شکستپێخواردنی، دەتوانێت بۆ دەیان جاری دیکە خۆی ڕێکخراو بکاتەوە و مەیدانەکان بوروژێنێت. شەقامی وڵ ستریت و ئەو شەقامەی کە بۆرسەی لەندەنی دەکەویتە سەر، ئەو جێگایەن کە ئێستا لەلایەن ھێزی بێشوماری کارگەرانەوە دروشمی دژی ڕژێمی سەرمایەداری تیا دەوترێتەوە. ئەو ڕژێمەی کە پێکەوە ژیان تێیدا کارێکی نەکردەیە، ئەو ڕژێمەی کە تەنھا ڕوخان و لەبەریەک ھەڵپێچانی خاوەنداریەتی تایبەت و بازاڕە ئازادەکەی دوا چارەسەرە، بۆی، نەک ڕیفۆرمخوازی بزوتنەوە لیبراڵ و ڕاست ڕەوەکان لەگەڵ بیرمەند و ڕۆشنبیرە دەم لوسەکانیان، کە ھەردەم بە شێوەیەکی شەرمنۆکانە دێن دەڵێن دەتوانرێت لەم ڕژێمەدا، ڕیفۆرم بکرێت و ئەو ھەڵپەیەی بازاڕی ئازاد دەیکات، کەمتر بکرێتەوە. لە جێی ئەم سیستەم و ڕژێمە دڕندەیە، تەنھا واڵا کردنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیە، دەتوانێت ئەلتەرناتیڤی واقعی و دوا ڕێگا چارە بێت بۆ کۆی مرۆڤایەتی. ئەگەر نا ئەلتەرناتیڤەکانی دیکە، تەنھا دەتوانن، ماکیاژی دموچاوی ئەم سیستەمە ناڕەوایە بکات و، ئەندازەی درۆکردنەکان و بێشەرمیەکانی ئەم سیستەمە درێژەی دەبێت، بۆ خەڵەتاندنی چینی کرێکار و خەلکی زەحمەتکێش، لە ژێر ناوی؛ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و نەتەوە و دیندا!
 

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک