په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٣\٢٠٢٦

پاراستنی ژنان پاراستنی کۆمەڵگایە!
بەرز و بەڕێز بێ ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنان.

 


رۆژی ٨ی مارس رۆژی هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی ژنانە بەدژی زوڵم و ستمەکێشی و چەوساندنەوەو بێمافیەکانی ژنان لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و یاسایی و کلتوریدا. رۆژێکە بۆ ڕاوەستانەوە بەڕووی سونەت و ئەفکارونەریتی و کلتوری دەسەڵاتی سەرمایە کە بۆپاراستن و ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرو جیاکارو نایەکسانیە، ژنانی لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی خوارترو پلەدوودا ڕاگرتووە. هەربۆیە خەبات بۆ کۆتایهێنان بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی نێوان ژنان و پیاوان بەندە بەهەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرمایەداری کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندوە.


رۆژی جیهانیی ژنان ئەمڕۆ لەهەڵومەرجێکدا بەرێوە دەچێت کە ژنان و مناڵانی کچ لە هێڵی پێشەوەی قوربانیەکانی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدان، کە فاشیزمی نەتەوەیی و دینی و راسیزم سەرکردایەتی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. ژنان سەرباری توندتیژی خێزانی و کۆمەلایەتی، کرێیەکی کەم لەچاو پیاوان وەردەگرن و لە شۆێنی کاردا رووبەرووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە . ئەمە جگە لەو واقعیەتە تاڵانەیە کە رووبەرووی کرێکاران بەگشتی و ژنانی کرێکاری بیانی دەبنەوە. جەنگەکان و نائارامی و ململانێ سیاسی و سەربازیەکان ، ژیانی لە ژنان و منالان سەندووە. فایلە ناخ هەژێنەکانی جیفری ئەپستین نمونەیەکی قێزەونی سەرمایەدارو سەرۆك و بەرپرسە بالاکان و مونۆپۆلەکانی بازاری ئازادن کە لەپیناو بەرژەوەندی هاوبەشیان چاوپۆشی لە دەستدریژی و بازرگانی بەژنان و منالانی کچەوە دەکەن. لە فەلەستین تا ئەفغانستان، لە ئیران تا سودان و یەمەن وعیراق وسوریا.. ژنان بەشێوەیەکی سیستەماتێك دەچەوسینرێنەوە، دەکوژرێن و رووبەرووی توندوتیژی و نایەکسانی و بێمافی جیاکاری و کۆنەپەرستی دەبنەوە. کەیسی ئەپستن و کوشتنی ژنان لە کوردستان وعیراق، هەردووکیان نیشانەی سیستەمێکی جیهانییە کە ژنان باجەکەی ئەدا، هەربۆیە دەستبردن بۆ خەباتێکی سەراسەری و جیهانی بۆ هەڵگیڕانەوەی ئەم سیستەمە کە ژیان لەسایەیدا بۆ ژنان و مرۆڤایەتی بۆتە نەنگیەکی گەورە بەنێو چاوانی کۆمەڵگەی بەشەریەوە، بووەتە مەسەلەیەکی چارەهەڵنەگر!


لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ژنان ئەلگۆیەکی ناشرینی دەسەلاتی کۆنەپەرستی و قەومی و ئیسلامی سیاسیە. مافە فەردی و مەدەنیەکان ومافەکانی ژنان نەك هەر نیە، بەڵکو هەزاران ژن لەژێر پاساوی شەرف و ناموسیدا کوژراون. بەشودانی کچانی مناڵی ٩ساڵ لەژێر" ناوی مدەوەنەی جەعفەریدا "بەیاسایی کراوە. بەدەیان ژن ناچار بەخۆسوتاندن کراوە، بەپێ ئاماری ریکخراوەکانی ژنان لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژناندا تەنها ساڵی پار ٥٣ ژن لەکوردستاندا کوژراوە. شەپۆلی شکاندن و تیرۆری فیکری، ناوزڕاندن و سوکایەتیپێکردن کە رووبەڕووی کەسایەتیی هەلسوراوانی ژن و رێکخراوەکانی ژنان، کارەکتەرانی ژن لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کاری رێکخراوەیی دەکرێنە ئامانج، روو لە هەڵکشانە. دەسەلاتدارانی عێراق وکوردستان نەك باکیان بەو تراژیدیانە نیە کە دەرهەق بەژنان دەکرێت، بەڵکو خۆیان لە پشت دەرکردنی ئەو یاساو ریسا و هیشتنەوەی فەرهەنگی دواکەتووی پیاوسالاری و دەستئاوەلاکردنی پیاوانی ئاینی و بانگخوازانەوەن کە برەو بە ئیهانەت و سوکایەتیکردن و توندوتیژی بەرامبەر بەژنان دەدات وهێرش بۆ سەر جەستەی ژنان دەکات بە ماددەیەکی یاسایی.


لەگەڵ ئەوهەڵومەرجە ناخهەژێنەی ژنان و ستەم و بیمافی و ماهیەتی سەرکوتگەرانەو دواکەوتوانەی دەسەلاتدارندا لە عێراق و کوردستان، بەلام هێشتا ژنانی کرێکار و بەشمەینەت و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراوەکانی ژنان، ملیان نەداوە و روویەکی تری راستی کۆمەڵگەی کوردستان بەرجەستە دەکەن کە سیماو نەریتە ئازادیخواز و ئینسانیەکانی ژنان، واقعیەتی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگەی کوردستانە و لە ئاستی کۆمەلایەتیدا راوەستاوی ژنان و ملنەدانیان بە زۆری دەسەڵات و یاساو ریسا کۆنەپەرستەکان، بۆتە مایەی نیگەرانی دەسەلات و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی کە هەمیشە لەپیناو دورخستنەوەی مەترسیەکان لەسەر ژیانی ژنان و دژ بە توندو تیژی وکوشتنی ناموسی، هەموو ئەو هۆکارە فەرهەنگی وسیاسی و یاسایانەی ئەم دیاردەیە پەرەپێیدەدات ڕاوەستاوە و خەبات دەکات شان بەشانی هەڵسوراوانی ژنان و ئازادیخوازان بۆ چەسپاندنی تەواوی مافەکانی ژنان تەماشاکردنیان وەك هاولاتی یەکسان لەئاستی کۆمەڵگادا.


فیدراسیۆنی سه‌راسەری په‌نابه‌رانی عێراقی له‌ ٨ی ئاداری ئه‌مساڵدا بۆ گۆرێنی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ی ژنان له‌ عێراق و کوردستاندا ژیانی تێدا به‌سه‌رده‌به‌ن کە ئاسەوارێکی نەرێنی بۆ سەر دۆخی ژنانی پەنابەریش لەدەرەوە دروستکردوە، سه‌رباری پشتیوانی تەواوی لە هەوڵ و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و تۆری ٨ی مارس لە کوردستان، بانگه‌وازی ڕێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوانی ژنان و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات لە جیهان کە به‌هه‌ر رێگایه‌ك پێان ده‌کرێت پاڵپشت و پشتیوانی بکه‌ن له‌ هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق و بەرپرسکردنی دەسەلاتداران لەعێراق و کوردستان بەرامبەر بە بێمافی و توندتیژی و کوشتنی ژنان و زامنبوونی یاسایەکی مودرین و مرۆڤ دۆستانە ویەکسانی بۆ هێنانه‌دی مافه‌کانی ژنان پێچەوانه‌ بکه‌نه‌وه‌ و پشتیوانی له‌م داواکاریانه‌ بکه‌ن.
١- هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق کە بەشودانی کچانی مناڵی ٩ساڵ یاسایی دەکات.
٢- هەڵوەشاندنەوەی یاسایی فره‌ژنی لە په‌رله‌مانی کوردستان .
٣- هاندان بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان قەدەغە بکرێت و ئەو مه‌لاو وبانگخوازانەی به‌م کاره‌ هه‌ڵده‌ستن سزای یاسایی بدرین.
٤- کوشتنی ژنان تاوانی گه‌وره‌یه‌وه‌ پێویسته‌ بکوژانی ژنان هیچ یاسایه‌کی لێبوردن نه‌یانگرێته‌وه‌ بکوژان سزای خۆیان وه‌ربگرن.
٥- یاسایەکی مۆدرینو مرۆڤدۆستانە کە یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نی ژنان و پیاوان مسۆگەر بکات جێگای یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق بگرێته‌وه‌.

 


بەرگری لە ژنان و مافەکانیان بەرگریە لە پاراستنی کۆمەڵگا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

٢\٣\٢٠٢٦

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک