٣\٥\٢٠٢٥
پارچەپارچەکانی
خود.

ئەرسەلان مەحمود
پێشەکی گەشت: بەریەککەوتنی یەکەم
```
خۆت/ گوتت/ دەتەوێت
گەشت بکەیت/ بۆ ناو/ خۆت
بەڵام دەترسیت؟
```
چ گەشتێک لە گەشتی ناو خود سەختترە،
کاتێک تۆ، خودی گەشتیار و خودی مەنزڵگەش بیت؟
١. توانەوە لە تاریکیدا.
تاریکی لە ناخمدا قووڵپە قووڵپیەتی
بێ هەست، پەنجەکانی سارد و نامۆ،
هیچ سنوورێکیان نییە!
منیش... لە قووڵاییدا... دەتوێمەوە
وەک کەشتییەک کە پەیکەری قەراغیان شکاندووە
وەک ناسنامەیەک مۆمی پێوە نەماوە
سنووری نێوان
"من" و "ئەو" دەسڕێتەوە
لێرەدا "من" کۆتایی دێت،
لەوێدا "ئەو" دەست پێدەکا؟
نازانم... هەر هەمووی
ئاوێزانی یەکن.
٢. ئەستێرەکانی ناخ.
ئەستێرەکان لە شەوەزەنگی ناخدا
نەک هەڵاوێردراو، بەڵکو پەرتبوون
نەک ڕووناککەرەوە، بەڵکو نوقمبوو
تاریکی هەر خودی خۆی چرایە...
چرا خۆی تاریکییە...
ئەو ئەستێرانەی دووریان دیاری نییە
وەک یادەوەرییەکانی منداڵی پێش زمان
وەک خەونی بەیانی لە هزر دەرباز دەبن
دەدرەوشێنەوە بەڵام ناکرێت بیانگریت،
دەبینرێن بەڵام ناکرێت باسیان بکەیت
٣. دەنگەکانی پێش من.
>هیراکلیتۆس... دەڵێت:
"خۆت بناسە، هەموو شتێک لە گۆڕاندایە"
>سوقرات دەڵێت: "من دەزانم کە هیچ نازانم"
>مەولانا دەڵێت: "لە سێبەری خۆت مەترسە،
چونکە هەر تۆیت"
>ئیبن سینا دەڵێت:
"خۆناسی، خوداناسییە، ڕێگەی سەرەکییە"
>شۆپنهاوەر دەڵێت: "سنووری بینینت
سنووری جیهانیتە"
دەنگەکان ئاوێتەی یەک دەبن،
کاتێک تۆ گوێیان بۆ ڕادەگریت،
هەستدەکەیت، هەمان دەنگە
بێئاگا کە لە دەروونتەوە دێت
٤. هەزار و یەک ناسنامە.
لە نێوان وشەکاندا ون دەبم
هەر تاکێک، لێرە جیهانێکی
ئۆقیانووسێکە بێسنوور.
ژیان وەک ئاوێنەخانەیەک:
٢٦٥ نوسخەی جیاوازییی
"مننننم" لە ٢٦٥ ئاوێنەدا
هەموویان هەر "من"ن...
نەخێر، هیچیان "من" نین
٥. مناڵی تاریکی.
مناڵێک لە تاریکیدا چاوەڕوانە
گۆرانی دەڵێ بۆ خۆی، بۆئەوەی نەترسێت
سێبەری خۆی، وەک دێوێک دەبینێت، ڕەش
کاتێکیش کە چرا هەڵدەکات، هیچ نابینێت
تەنها بۆشاییەک کە دەپرسێت:
"ئایا هەرگیز بوونم هەبوو؟"
کاتێک چرا دەکوژێتەوە،
دیسانەوە سێبەرەکان دەگەڕێنەوە
دیسانەوە خەیاڵەکان دەگەڕێتەوە
خودەکان دەردەکەوێتەوە
٦. دیالۆگی ناوەکی.
```
- کەواتە گەشتی ناو خۆم، گرینگترین گەشتی ژیانمە؟
- بەڵێ، بەڵام تاکە ڕێگەیەکە کە ناوی نییە، نەخشی نییە.
- چۆن دەتوانم بڕۆم بەبێ ڕێگە، مەگەر خود ڕێگە نییە؟
```
```
- [بێدەنگی]
- [چرکەسات]
- [هەناسە]
- [بێدەنگی]
```
```
- ئایا بێدەنگی وەڵامەکەیە؟
- نەخێر، بێدەنگی ڕێگاکەیە.
```
٧. کردەی خودناسی.
گەشتێک بەبێ گەشتیار
دۆزینەوەیەک بەبێ دۆزەرەوە
مەعریفەیەک بەبێ مەعریفەکار
ناسینێک بەبێ ناسەر
تەنها تۆ دەتوانیت بیکەیت
تەنها تۆ دەتوانیت لێی تێبگەیت
بەڵام ئەی ئایا "تۆ" چیت؟
[پرسیارێکی وەڵامدراوە، بە بێدەنگی]
بێدەنگی لێرە فەلسەفە نییە
دابڕان و دوورکەوتنەوە نییە
بەڵکو گەیشتنە بە سەرچاوە،
سەرچاوەی کۆی دەنگەکان،
سەرچاوەی کۆ "من"ـەکان
٨. ئاوێنەی شکاو.
ڕامان، ئاوێنەیەکی ڕاستگۆیە
کە تێیدا تۆۆۆ، خۆت نابینیت
بەڵکو نەبوونی خۆت دەبینیت
لە ئاوێنەیک شکاو کە هەرگیز
قەت، ئاوێنە نەبووە
ئاوێنەی شکاو،
ڕاستی خۆی ئاشکرا دەکات
هەزار پارچە، هەزار ڕەنگدانەوە
لە هەر پارچەیەکدا بەشێکی تۆ
لە هیچ پارچەیەکدا تۆی
تەواو نەبینراو
کە ئاوێنە شکا،
ئەو کات تۆ دەزانیت
کە ئاوێنەکە تۆ بوویت،
نە ڕوخسارەکەت
٩. بازنە.
گەشتی ناو خۆ، دوا گەشتە،
سەرەتایەکی تەواو بێ کۆتایی،
کۆتاییەک بێسەرەتا، یەک بازنە
کە بۆشاییەکی ناوەوەی نییە
ناوێکی نەوتراو
لە تاکێکی نەزانراو
لە پێناسەیەکی نەنووسراو
لە زەمەنێکی هەڵوەشاوەدا
بازنەی خۆناسی،
بازنەی خۆناسی...
خاڵی دەستپێک و
کۆتایی یەک خاڵن
لە هەمان شوێندا.
١٠. پەیامی دوایی.
لە کۆتایی گەشتەکەدا،
دەگەیتەوە سەرەتا،
بەڵام تۆ.....
ئەو کەسە نیت کە دەستی پێکرد
نەخێر تۆ ئەو کەسەی کە گەڕایەوە،
بەڵێ ئەو کەسە نیت کە ڕۆیشت
هەردوکیانیت
وەڵام هەیە، بەڵام لە بێدەنگیدا
ڕێگە هەیە، بەڵام لە هەنگاونەنان
دەنگ هەیە، بەڵام لە گوێنەگرتندا
لە پارچەپارچەکانی خۆتدا،
هەموو خۆت دۆزیوەتەوە.
___________________________________
پەراوێزەکان:
١. خود: لەم دەقەدا، خود بریتییە لە ناسنامەی قووڵی مرۆڤ کە
پارچەپارچە کراوە. دەق پرسیار دەکات ئایا "من" یەکەیەکی
یەکپارچەیە یان کۆمەڵێک دەنگ و ڕۆڵی جیاوازە.
٢. پارچەپارچە: مەبەست لە پارچەبوونی خودە، نیشاندەری
ئەوەیە کە ناسنامەی مرۆڤ یەکپارچە نییە بەڵکو لە پارچە و لایەنی جیاواز
پێکهاتووە کە هەندێک جار ناکۆکن لەگەڵ یەکتر.
٣. تاریکی: لەم دەقەدا میتافۆرە بۆ نەزانی، هەروەها بیاڤێکە
کە تێیدا خود ئەسڵی خۆی دەدۆزێتەوە. دەق پێشنیار دەکات کە تاریکی
دەتوانێت ڕووناکیش بێت لە ڕوانگەیەکی ترەوە.
٤. ئاوێنە: میتافۆرە بۆ خۆبینینەوە و خۆناسی. ئاوێنەی شکاو
لەم دەقەدا نیشانەی قەبووڵکردنی پارچەبوونی ناسنامەیە.
٥. بێدەنگی: وەک ڕێگەیەک بۆ خۆناسی دەردەکەوێت، نەک وەک
نەبوونی دەنگ. بێدەنگی لەم دەقەدا چالاکییەکی ئەرێنییە بۆ گەیشتن بە
سەرچاوەی خود.
٦. گەشت: مەبەست پرۆسەی خۆناسی و ڕامانە بۆ تێگەیشتن لە خود.
دەق پێشنیاری دەکات کە ئەم گەشتە بێ کۆتاییە و بازنەییە.
٧. ناسین: جیاوازی هەیە لەگەڵ زانین. ناسین پرۆسەیەکی
قووڵترە کە پەیوەستە بە ئەزموونی ڕاستەوخۆ و تێگەیشتنی ئۆنتۆلۆژی.
٨. بازنە: هێمایە بۆ سروشتی بێکۆتایی و بەردەوامی پرۆسەی
خۆناسی. بازنە نیشاندەری ئەوەیە کە سەرەتا و کۆتایی یەک شتن.
کاریگەرییە
فەلسەفییەکان:
١. هیراکلیتۆس: فەیلەسووفی یۆنانی کە پێیوابوو هەموو شتێک لە گۆڕاندایە.
فراگمێنتی "خۆت بناسە" ئاماژەیە بۆ نووسینەکانی ئەو دەربارەی گرنگی
خۆناسی.
٢. سوکرات: بنەمای فەلسەفەی سوکرات لەسەر گومان و پرسیار بوو.
دەستەواژەی "من دەزانم کە هیچ نازانم" ئاماژەیە بۆ بنەمای مەعریفەناسی
ئەو.
٣. مەولانا: شاعیر و سۆفی کە زۆر باسی لە خۆناسی کردووە. دەستەواژەی "لە
سێبەری خۆت مەترسە" ئاماژەیە بۆ تێگەیشتنی سۆفیستی لە خود.
٤. ئیبن سینا: فەیلەسووفی ئیسلامی کە پێیوابوو خۆناسی ڕێگەیە بۆ
خوداناسی. ئەم بیرۆکەیە لە فەلسەفەی ئیسلامیدا بەناوبانگە.
٥. شۆپنهاوەر: فەیلەسووفی ئەڵمانی کە بیرۆکەی سنووردارێتی بینین و
زانینی لای مرۆڤ برەو پێدا.
٦. بودیزم: کاریگەری بودیزم لە چەمکی بێدەنگی و مەعریفەی شتەکان وەک
ئەوەی خۆیانن دەبینرێت.
٧. تەسەووف: کاریگەری سۆفیزم لە بیرۆکەی گەیشتن بە "فەنا" (توانەوە) و
لەناوچوونی سنووری نێوان خودا و مرۆڤ بەرچاوە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|