١٢\١٠\٢٠١٣
پارە، رەوشت
دەفرۆشێ.. ناتوانێ بیکڕێ.

تاریق یوسیف
زۆرن ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی چەند قڕۆشێک شکۆمەندیی و ئابڕووی مرۆیی و
نەتەوەیی و ئاینیی و کلتووریی خۆیان هەرزانفرۆش کردوە و سەرگەردان و
گومڕا دەبن و لە بازنەی مادەپەرەستییدا نوقم بوون.
کەم نین ئەوانەی زۆربەی تەمەنیان فرۆشتوە بۆ بەدەستهێنانی مادە و پارە
کەچی بێجگە لە خۆماندووکردن پتر هیچ سوودێکیشی لێناکەن و هیچ
ئامانجێکیشیان بۆی نییە.
ئایا بە راستیی پارە بۆ خزمەتکردن و دابینکردنی ژیان دروست بووە یان
ئەوەی ژیان و مرۆڤایەتی بکرێتە خزمەتکاری؟ بە جێگای ئەوەی مادە یان
پارە بخرێتە خزمەت مرۆڤەکان بۆ ئەوەی ئەو تەمەنە کەم یان زۆرەی مرۆڤ
تێپەڕی دەکا بتوانێ بەڕێوەبچێ و توانای چێژوەرگرتنیشی لە جیهانی
سروشتیی هەبێ کەچی بە داخەوە هزری پارەپەرەستیی و خوگرتن و ویست و
ئارەزووی لەڕادەبەدەر و باوەڕنەهاتن وای لە مرۆڤەکان کردوە کە بە
درێژایی تەمەنیان خۆیان ماندوو بکەن و گومڕا بن و تاڵیی و سوێریی زۆر
بکێشن بۆ بە دەستهێنانی ئەو پارچە کاغەزە کە نێوی دینار و دۆلار و شتی
لەو بابەتانەیە.
مەزنترین دەوڵەمەند ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە ژیانێکی سادە هەیە و
پێی رازیین. دەوڵەمەندیی واتە پێکەنین، دەوڵەمەندیی واتە هەستکردن بە
ئازاری مرۆڤ، دەوڵەمەندیی راستگۆیی و رێزە.. زانابوون و خۆنەدانەدەستە،
دەوڵەمەندیی هەستی بەرپرسیارییە.. خۆشویستن و ئاسوودەیی بەخشینە،
دەوڵەمەندیی باوەڕە.. کۆڵنەدان و خۆڕاگرییە، دەوڵەمەندیی رەنجە ئەویش
رەنجێکی رەوا نەک خۆکوشتن و خۆنابووتکردن، دەوڵەمەندیی
نیشتیمانپەروەریی و هەڵوێستە، دەوڵەمەندیی میللییبوون و خاکییبوونە.
سەرگەردانترین و ئاڵۆزترین ژیان ئەو کەسانە دەیگوزەرێنن کە لە گێژاوی
پارەپەرەستییدا دەخولێنەوە و شەو و رۆژ هەڵپەهەڵپیانە بۆ پترکردنی چەند
قڕۆشێک، مرۆڤ چەندە لە پارە نزیک ببێتە ئەوەندەش لە درۆ و فێڵ و
ناڕاستییەکان نزیک دەبێتەوە و بە هەمان ئەندازەش لە راستیی و راستگۆیی
دوور دەکەوێتەوە.
بە داخەوە مرۆڤەکان لە بەر تووشبونیان بە نەخۆشیی مادەپەرستیی وایان
لێهاتوە خۆیان بکوژن و خۆیان تووشی دەیان نەخۆشیی جەرگبڕ و ئازاربەخش
بکەن ئەویش تەنیا لەبەر زیانی مادە کە هەندێک جار لێیان روودەدا، زۆرن
ئەوانەی لە خەفەتی پارە یان لەدەستدانی پارە خۆیان کوشتوە و زۆرتریشن
ئەوانەی لە بەر هەمان هۆ تووشی نەخۆشیی خەمۆکیی بوونە و هەندێکیشیان
گیان و جەستەیان پێیەوە تێکشکاوە.
راستە هێنانەکایەی ئەو جۆرە بیرە و ئاخنینی لە مێشکی مرۆڤەکان لە رێگەی
سیستەمی سەرمایەداریی و کلتووری دەوڵەتەوەیە و دوورە لە رەوشتی
سروشتییانەی جڤاکیی بەڵام مرۆڤەکانیش دەبێ بە سادەیی خۆیان گیرۆدەی ئەو
نەخۆشیە نەکەن و هەندێک بیرکردنەوە و شیکردنەوەی بۆ بکەن و بە سووک و
سانایی خۆیان رادەست نەکەن.
ژیان خۆی بە واتای رەنج و تێکۆشانە و چێژی ژیانیش کاتێک دەردەکەوێ کە
کۆششی بۆ بکەی و بە ماندووبوون و هێزی خۆت ژیانی خۆبەڕێوەبردن واتە
خۆبژێویی دەست بخەی و بۆ تێربوونی زگێک یان ئەوەی ماڵ و پارەیەک خۆی
نەداتە دەست هیچ لایەن و کەسێک کە لە بتوانن کەسایەتیت کۆیلە بکەن و
ئیدی بڕیاردەری ژیانت دەرەوەی خۆت بن.. یان ئەوەی لە نەزانییدا خۆت
ببیتە داگیرکەری خۆت و خۆت کەسایەتی خۆت کۆیلە بکەی و لە خزمەتی
پارەپەیداکردندا هەموو ژیانت لە دەست بدەی.
دەبێ ئەوە بزانین کە هۆش خاوەنی پارەیە نەک ئەوەی پارە خاوەنی هۆش بێ،
زۆربەی ئەو فەیلەسووفانەی کە ژیانناس و ژیان ئافرێنەر بوون زۆربەی
کاتەکان برسییان بووە و لە هەرکەسیش سادەپۆشتر بوونە، بەڵام زۆربەی
کاتەکانیان لەوە خەرج کردووە کە رێگا لەو مرۆڤانە بگرن کە دەیانوێ
رەوتی مرۆییان لار بکەن و بکەونە نێو کلتووری دەرەوەی خۆیانەوە کە
چاوچنۆکیی و تێرنەخواردن و پیسکەییە.
دەوڵەمەندیی کاتیک واتای هەیە کە لە مرۆڤایەتی خەرج بکرێ، پارەیەک بە
فریای منداڵانی برسی و بێ جلوبەرگ نەکەوێ دەبێ چ سوودێکی هەبێ و
واتاکەی لە کوێ دایە؟؟
خۆ لە جیهاندا دۆلار دەبارێ و سەرمایەدارییش کارگ ئاسا سەرهەڵدەدا ئەدی
بۆچی لە ئەفەریقا لە هەر کاتژمێرێکدا منداڵێک لە برسان دەمرێ؟؟؟ ئەمەیە
رەوشتی سەرمایە.
ئەو نەخۆشییە گڵاوە کوردستانیشی گرتۆتەوە و مرۆڤەکانی ئەوێش کە
سەردەمانێک ناوەندی سەرهەڵدانی ژیان و رەوشت بوونە وا بەرەو
مادەپەرستیی و چاوچنۆکی هەنگاو دەنێن. لە رۆژئاوای کوردستان رۆژانە
شەهید دەدرێ.. کاتژمێر نییە گەلی کورد و شەڕڤانانی یەپەگە لە
بەرخۆداندا نەبن، لە کاتێکدا گەلەکەمان لەو پارچەیەدا لە لایەن دیندارە
رووکەشەکان کە بە نێوی دینەوە شمشێریان هەڵگرتوە و فتوای کوشتنی ژن و
منداڵانی کوردیان داوەو ئابڕوو و شکۆمەندیی ئەو گەلەیان بۆ خۆیان حەلاڵ
کردوە، دەرگای سنوورییەکان بە رووی هاونیشتیمانیانمان داخراوە و بە هۆی
نەگەیشتنی کەلوپەل و کەمبوونەوەی خواردن دەیان منداڵی کوردمان بێ هۆش و
بوراونەتەوە لە برسان، کەچی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانی کورد کە خاوەنی
دەیان ئاپارتمان و ملیۆنان دۆلارن خۆیان کەڕ کردوە و لە خەوی بێ
ئابڕوویی و بێویژدانییدا وەئاگا نایەن. دەک نەفرەت لە پارە و
سەرمایەیەک کە نەبێتە فیشەک و تفەنگ بۆ پاراستنی خاک و وڵات، ئەوەی
ئابڕوو و ویژدانی نەبێ دەرۆزەکەرترین مرۆڤی جیهانە و هیجی نییە. وەک
مرۆڤێکی ژیر دەڵێ: ''مرۆڤی سەرمایەدار و پارەکۆکەر وەک کەرە کە بارەکەی
زێڕ و زیوە کەچی خۆی گەنم و جۆ دەخوا''.
ماڵپەڕی
تاریق یوسف
|