په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٩\٢٠٢٢

پارلمانتار و بڤەی پاڕلمانی!


ئەرسەلان مەحمود    


هیچ شتێک شک نابەم کەوتبێتە دەرەوەی سیاسەت، ئەمڕۆ هەر شتێک سیاسەتە، بەڵام هەرگیز ئەمە مانای ئەوە نییە هەر هەموو شتێک بووبێ بەحیزبی و حیزبایەتی هەموو شتێک بێت، حیزبایەتی و حیزبیبوون بەشێکە سنوردار لەدونیای سیاسەت، کاری ئەخلاقی پارلمانتار دەرکردنی یاساو چاودێری و بەدواداچوون و سیاسەتە بەمانا فراوانە زانستییەکەی نەک حیزبایەتی و تەلاری پارلمانی لێببێت بەبارەگەی حیزبی.

پارلمان و پارلمانتار، لەهزری گشتیدا ڕەنگدانەوەو نوێنەرایەتی خـواستە تاکایەتی و دەستەییەکانی هـاوڵاتیانە نـەک حیزب، هەر لـەبـەر ئـەوەیشە پارێزبەندی تایبەتی هەیەو بەیاسا ڕێکخراوە، نەک لەبەر ئەوەی کەوتبێتە سەروی یاساکانەوە، هێڵە سورەکان لەپاڕلمان و کاری پاڕلمانتاریدا خەتە گشتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانن، مـاف و ئـازادی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکن نەک حیزب و حیزبەکان، هیچ حیزبێک لـەناو پاڕلماندا هێڵی سـور نییە تا بەزاندنی هاوتا بکرێ بەلێسەندنەوەی متمانە لەبەزێنەر.

زۆرینەی پاڕلمانی، زۆرینەی کەڵەگایی و ڕەهاگەرایی نییە، فراکسیۆنەکان لەسەر بنەمای چییەتی دێنەکایەوە نەک چەندایەتی کاری فراکسیۆنەکان پوختە کردن و گەورە کردنی نوێنەرایەتی و پەروەردە کردنی ڕای گشتییە، بڵاوکردنەوەی تۆوی فەزڵو مەعریفەی دیموکراسییە، نەک پەرتوپەرێشان کردنی، ئەو پاڕلمانە بەهێزترین و باشترین پاڕلمانە، هـەر فراکسیۆنێک و هەر کەسێک بەبەشێک لەخۆی بزانێت، پاڕلمان دامەزراوەی نوێنەرایەتی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانە، توێکڵ نییە تا لـەناوەرۆکدا شتانێکی تـر بێت، بەبوکەڵەیی کردنی پارلمانتار بەدوکەڵەییکردنی خودی پاڕلمان و خەباتی پاڕلمانی و هەرزانفرۆش کردنییەتی.

پـارلمان، ناوەندی شەتەکدان و ناچارگەرایی کەمینە بەدەست زۆرینەوە نییە، چەقی ئیرادەو سیادی خەڵکە، هەڕەشەی بـەزۆرینە لێسەندنەوەی متمانە لەهەر پارلمانتارێک، چییە هـێڵە سورەکانی حیزبەکەتی بـەزاندوە، کاڵفامانەو مەترسیدارە، ئـەمە جـگە لـەوەی نـەنـاسینەوەی پــاڕلمان و نەزانینی ئەرکی پەرلمانتارییە، نیشانەی ئەوەیشە کاتێک زۆرینە نیت ئەوا بەزمانی چەک قسە دەکەی، لێرە دەتوانی بەڕوونی لەو ڕاستییە تێبگەی ژیانی سیاسی ڕاستەقینە بەداخەوە دوای ٣٠ ساڵێک هێشتا لەپاڕلماندا نییە، بەڵکە لەهێزو لەسەر شەقام و لەمیدیادایە!!

ئەمجۆرە لێدوان و وشکە نمایشەی پارلمانتاران (هەر پارلمانتارێک هێڵە سورەکانی حیزبەکەمان ببەزێنێت، بەزۆرینەی فراکسیۆنیمان متمانەی لێ دەسەنینەوە) خەڵک بەیەکجاری لەپارلمان و خەباتی پاڕلمانی نـائومێدو هیوابڕاو دەکات، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر دیموکراسییەت، کاروئەرکی پـارلمان و پارلمانتاری پیرۆزکاری حیزب و حیزبایەتی و حەدییەتی غـەیرە نیزامی نییە، هێنانە ئـاراوەی ز

ەمینە سازی ژیـانی و ژیـاری و چـاودێری و بەدواداچونە لەسەر کێشەی خەڵک، بێگومان ئەو لایەنەی نایەوێ لەمە تێبگاو پارلمان تەنها وەک ئـامرازو دامەزراوەی پـاساودەری بەرژەوەندییە حیزبییەکانی دەبینێت، هەردەم لەبیانووێک زیاتری هـەیەو کـەی بیەوێت دایدەخاو کەی حەزبکا دەردەکاو چۆنیبوێ ئاوا مەشغوڵ و لاڕێیدەکات!!

فڕێدانی ئەمجۆرە قسەو هەڕەشەکارییە، لەجەوهەردا دەبێت ئاڕاستەی ئەو پاڕلمانتارانە بکرێ تێوەگلاوی گەندەڵی و تاوان و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی دەبن، تیرو تانە لێدانی حیزبی نەخودی پارلمان بڤەیکردوەو نەتاوانەو نەخیانەت، هەڕەشەی متمانە لێسەندنەوە دەبێت ئاڕاستەی کابینەی وزاری و سەرۆک وەزیرانێک بکرێ وەک ئەوەی دەبێ و پێویستە نەیانتوانیووە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و لەگەندەڵیدا غەرق بوون یا کۆمەڵگەیان لەقەیراندا هەناسە سوار کردوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک