پارتی بە
رووی راگەیاندنەکان قوفڵ لە خۆی دەدات.

شوان سدیق
رۆژنامەنووسان دەسخستنی زانیاری و پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ لە سنووری
پارتیدا بە بەربەستێکی گەورە دەزانن لەبەردەم کارەکانیاندا، بەتایبەتی
راگەیاندنی ئازاد کە زۆرتر بە دوای گەیاندنی زانیارین بە خوێنەران،
سەندیکای رۆژنامەنووسانیش هۆکاری ئەو بەربەستانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەشێک
لە بەرپرسە سیاسی و ئیدارییەکان کە لە رۆژنامەنووس دەترسێن، ئەندامێکی
مەکتەبی ناوەندی راگەیاندنی پارتیش پێیوایە پارتی بەوشێوەیە داخراو
نییە کە باس دەکرێت.
کێشەی سەرەکی لە کوردستان ئەوەیە تا ئێستا حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی
روون و ئاشکرای نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان". بە بۆچوونی
ئاسۆس هەردی ئەمە کێشەی سەرەکی نێوان دەسەڵات و راگەیاندنە، ئاسۆس
پێشووتر سەرنووسەری هەر یەکە لە رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە بووە، ئێستا
خاوەن ئیمتیازی کۆمپانیای ئاوێنەیە، ئاسۆس وتی "لە هەموو شوێنێکی
دونیادا حکومەت وتەبێژی هەیە، ئەو وتەبێژە کۆنفرانسی رۆژانە یاخود
هەفتانەی هەیە، هەروەها وەزارەتەکان وتەبێژیان هەیە بۆ وەڵامی
پرسیارەکانی رۆژنامەنووسان، وتەبێژی تایبەتی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی
وەزیران و ئەرکی ئەو گەیاندنی زانیارییەکانە، بەڵام ئەوەی ئیستا هەیە
وتەبێژەکان بەشەڕکردن لەگەڵ خەڵکدا قسە دەکەن، لەکاتێکدا مەفروزە ئەوان
ئەو ناوەندە بن کە زانیاری لە رێگای ناوەندەکانی راگەیاندنەوە بە خەڵک
بگەیەنن".
لەهەموو وەزارەتێک هۆبەی راگەیاندن هەیە، ئاسۆس هەردی رەخنە لە
راگەیاندنی وەزارەتەکان دەگرێت و وتی بە حساب وەزارەتەکان بەشی
راگەیاندنیان هەیە، بەڵام ئەوان ناتوانن هیچ زانیارییەک بە
رۆژنامەنووسان بدەن، یان هیچ سەلاحیەتێکیان نییە، کە وای لێهات
رۆژنامەنووس ناچار دەبێت، پەیوەندی بە بەرپرسەکانی وەزارەتەوە بکات،
بەرپرسەکانی وەزارەتیش بیروبۆچوون لەسەر کەناڵەکان دەدەن، ئەگەر
وەزیرێک پێی وابێت قسە بۆ راگەیاندنێکی دیارکراو نەکات، ئەمە ئەرکی
ئەویش نییە بە هیچ شێوەیەک بڕیار لەسەر ئەوەبدات کە ئەو دەزگایە چۆنە،
وەک وەزیرێک بپرسێت، ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە چین و چۆنن؟ چونکە ئەو
ئۆرگانانە هەرچییەک بن، بە رێگای شەرعی مۆڵەتیان وەرگرتووە و بە یاسا
کار دەکەن.
بە بڕوای بورهان قادر بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەی هاوڵاتی لە شاری
هەولێر پارتی بەشێوەیەکی گشتی حیزبێکی داخراوە و نایەوێت، ناوی لە
رۆژنامەکان بهێنرێت، بورهان پێیشی وایە ئەو بەربەستانەی پارتی و
دامەزراوەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتیش لەوە دەترسێت سیناریۆی نێو
یەکێتی لە حیزبەکەیدا دووبارە بێتەوە، بورهان قادر وتی "پارتی لەوە
دەترسێت، ئەو نەخۆشیەی ناو یەکێتی ئەوانیش بگرێتەوە، بەڵام ئەوە
رێگەچارە نییە، چونکە دونیا گۆڕاوە و ئەگەر هەر حیزبێک لەگەڵ
گۆڕانکارییەکان گوزەر نەکات ئەوا بەجێدەمێنیت".
ئەندامێکی مەکتەبی راگەیاندنی پارتی ئەو بۆچوونانە رەتدەکاتەوە کە
پارتی بە داخراو وەسف دەکەن، ئازا حەسیب قەرەداغی ئەندامی مەکتەبی
ناوندەی راگەیاندنی پارتی داخراوی پارتی لە دوو جۆر بە دواداچوون
دەدۆزێتەوە، ئازا وتی "من واتێدەگەم ئەو داخراویەی پارتی کە
رۆژنامەنووسان باسی دەکەن پەیوەندیان تەنیا بە شتە تایبەتییەکانەوە
هەیە، چونکە هەندێکی تایبەتە بە ژیانی کەسایەتی خۆیان ئەوە هەقێکی
مەشروعی خۆیانە، هەندێکیشیان پەیوەندی بەکاری حیزبییەوە هەیە، هەر کەس
حیزبی هەبێـت باسی ناکات، ئەگینا لە هەڵوێستی گشتی حیزبدا بەرانبەر بە
زۆربەی زۆری ئەو مەسەلانەی لە مەیدانی سیاسیدا دێن و دەچن، رۆژنامەنووس
وەڵامی پرسیارەکانی دەست دەکەوێت". هەمان ئەندامی مەکتەبی ناوەندی
راگەیاندنی پارتی بە کارێکی باشیشی دەزانێت کە هەر ئەندامێکی مەکتەبی
سیاسی بە رووی رۆژنامەنووساندا بڵێت من هیچ تەعلیقێکم، لەسەر ئەو
زانیاریانەی ئێوە نییە، لە بەرامبەریشدا ئازا پێی باشە، مەکتەبی سیاسی
وتەبێژی هەبێت.
ئەوەی رۆژنامەنووسان باسی دەکەن، لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی
کوردستان، زۆر لە بەرپرسە حیزبی و حکومییەکان لە سنووری پارتی، بۆ
پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لای رۆژنامەنووسانە بێ دەنگن،
بورهان قادر ئەمە بە یەکێک لە کێشەکانی خۆی وەسف دەکات و دەڵێت "کاتێک
زانیاریەکم دەست دەکەوێ نازانم چۆن لێدوان لە مەکتەبی سیاسی پارتی
وەربگرم، یان هەندێ جار دەمەوێ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەم نایکەن".
زیرەک کەمال سەرۆکی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە
سەندیکای رۆژنامەنووسان، پێی وایە پێدانی هەواڵ لە لایەن حکومەتەوە وەک
پێویست نییە، زیرەک وتی "رۆژنامەنووس بەشێکە لە کۆمەڵگا و لە رێگای
کارە پیشەییەکانەوە بەشدارە لە کەلتووری گۆڕان و چەسپاندنی کایەکانی
رای گشتی، بەڵام دەست بەسەرراگرتنی هەواڵ لای رۆژنامەنووس لە ئاستێکدا
نییە کە بڵێی مایەی رەزامەندییە".
سەرۆکی داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی
کوردستان دەربارەی داخراوی و ئەو بەربەستانەی پارتی بۆ رۆژنامەنووسانی
داناوە ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی سیاسییانە بۆ
پارتی بکات و هۆکاری دەرگا داخستنی بە رووی رۆژنامەنووساندا دیار بکات،
زیرەک کەمال وتی "بەراشکاوی دەیڵێم بەشێکی ئەو بەربەستانە دەگەڕێتەوە
بۆ هەندێک لە بەرپرسە سیاسییە حیزبییە ئیدارییەکان، چونکە لە
رۆژنامەنووس دەترسێن. من لە رێگای گۆڤاری (سڤیل)ەوە داوا لەو
رۆژنامەنووسانە دەکەم کە زانیاری هەواڵیان بۆ پشت راست ناکرێتەوە یا
ئامادەنین هەواڵیان پێبدرێت، ئەوان دەتوانن پەنا بۆ یاسا ببەن و لە
رێگای یاساشەوە مافەکانیان بۆ زامن بکرێت".
هەندێک لە رۆژنامەنووسە ناوخۆییەکان پێیان وابوو، دەزگاکانی پارتی
جیاوازی لە نێوان راگەیاندنی ناوخۆیی و دەرەوە دەکەن، بەڵام بەڕێوەبەری
نوسینگەی کەناڵی جەزیرە لە هەولێر ئەویش وای دەبینی کە پێدانی زانیاری
لە لایەن حکومەتەوە "سنووردارە"، ئەحمەد زاویتەیی بەرپرسی نووسینگەی
تەلەفزیۆنی ئەلجەیرە لە شاری هەولێر وتی "سنوور بۆ زانیارییەکان
دانراوە، واتە ئەگەر زانیارییەکان قازانج بە دەسەڵات بگەیەنێت، ئەوا
رێگەی بڵاوکردنەوەیان دەدرێت، بە پێچەوانەش نابێت".
ئەوەی لە لایەن رۆژنامەنووسان تێبینی کراوە، سێ وەزارەتی حکومەت تا
ئێستا کەمترین لێدوانی تێدا دراوە، ئەوانیش وەزارەتی شارەوانی و دارایی
و ناوخۆیە، هەوڵماندا لێدوان لە هەریەکە لە وەزیری دارایی و شارەوانی
وەربگرێت، بەڵام ئەوجارەش ئەوان لە بەرامبەر هۆکاری بێ دەنگیان بێ دەنگ
بوون، تەنها بریکاری وەزیری ناوخۆ دوا و هۆکاری دەرنەکەوتنی وەزیرەکەش
لە راگەیاندن بۆ سەرقاڵی ئیشوکار گەڕاندەوە، فایەق تۆفیق بریکاری
وەزیری ناوخۆ وتی "من باوەڕم بەوەنییە وەزیری ناوخۆ خۆی لە
راگەیاندنەکان بەدرووبگرێت، بەڵام ئەو زۆر مەشغوڵە، چونکە دوو ئەرکی لە
ئەستۆیە، ئەویش وەزیری ناوخۆیە و لە هەمانکاتیشدا ئەندامی مەکتەبی
سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە". ویستمان بۆ ئەم راپۆرتە، رای
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی وەربگرێ، بەڵام هیچ یەکێک لەوان وەڵامی
پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانیان نەدایەوە".
shwansdiq@yahoo.com
|