په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠٢٤

پارتی چەپی ئەڵمانی

لە دووڕیانی دەستپێکێکی نوێ و هەڵوەشانەوەدا.

ھەڵۆ محەمەد       

‎ ئەم کۆتایی هەفتە لە شاری هالە کۆنگرەی حیزبەکەی هەیە.

ئەم پارتی چەپە ساڵانێکی زۆرە بەدەست جیابوونەوە و لێکترازان و کێشەی و ململانێی ئایدۆلۆژییەوە، ریزەکانی توشی شکستخواردن بووە. دوا گورزی کوشندە جیابوونەوەی هاوپەیمانی سارا ڤاگەنکنێشت BSW ە.

بە هەرحاڵ ئەوەی ئەم پارتە چەپە هەنووکە پێوەی دەناڵێنێ، بریتتە لە دوو خاڵی سەرەکی:

یەکەم: شەری رووسیا- ئۆکراینا.

ئەم پارتە چەپە داوای وەستانی شەڕ دەکات، بێ ئەوەی پەلاماردانی پۆتین و رووسیا مەحکوم بکات.. بە کورتی ئەم پارتە نزیکە لە پۆتینەوە و سێبەری سیاسەتی رووسیان.

دووەم: شەڕی غەززەیە.

ئەم پارتە دیسان زۆر دژی ئیسرائیلە و تەنانەت گرووپێکی ترووتسکی ناو ئەم پارتە داوای ئەوە دەکەن لە ڕێی ڕاگەیاندنێکەوە بڵێن : ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی داوە جینۆسایدە.. بەڵام پارتەکە رازی نییە بەم بڕیارە.

لەم خاڵەشدا ئەم پارتە بەرنامەی نییە و گوایە دژی سیاسەتی کۆلۆنیالیزمن و بە ئاشکرا بۆتە کلکی رێکخراوەکانی( حماس و حیزبوڵا) و هەموو ئەوانەی دژە ئەمەریکا.جا بزانە لەم هەموو زوڵم و ستەمکارییەی لە جیهاندا هەیە، ئەم حیزبانە ئاوڕی لێ نادەنەوە و بوونەتە پاشکۆی سیاسەتی کرملین و حیزبوڵا و حماس.

حیزبی ناوبراو لە ئاکامی ناسەربەخۆیی سیاسی و کێشە ئایدۆلۆژییەکانیەوە بەردەوام لە قەیراندایە.. تەنانەت ئەوە بۆ دوو سێ دەیە دەچێ لە هەڵبژاردنەکاندا کەموزۆر نزیکەی %5 دەنگ بەدەست دێنن.

ئەگەرچی کۆنگرەکە تا ڕۆژێکی تریش بەردەوامە بەڵام پێناچێ لەم گرفتە رزگاریان بێت،چونکە سروشتی بیرکردنەوە و ستراکچەریان وایە. لەگەڵ ئەوەشدا با ئەگەرێک بهێڵینەوە و بزانین دەستپێکێکی ئاوەزمەندا دەگرنە بەر، یاخود تەواو پەرشوبڵاو دەبنەوە و لێک هەڵدەوەشێنەوە.

پارت چەپ لەم وڵاتەدا زۆر پێویستە هەبێت، بەڵام سەربەخۆ بێ و واقعی لە چوارچێوەی کێشەکانی ئەم خەڵکی ئەم دەوڵەتەدا کار بکات.. نەک ببێتە بوقی پۆتین و حماس و حیزبوڵا و زۆر شوێنی تر.

ئەم باسە بۆ کەس و لایەنە ئایینییەکان و چەپەکانی کوردسانیش وانەیەکی باشە..ئەگەر بێت بەرنامە و سیاسەتێکی واقعی کوردستانی پێڕەو نەکەن لەمانە خراپتریان بەسەردا دێ..بنەمایەکی ئایین و کۆمۆنیزم نێونەتەوەیی بوونە. ئیمڕۆ مەککە و قوم و مۆسکۆ و پەکین نوێنەرایەتی دەکەن. ئەم ناوەندانە بەپێی بەرژەوەندی و ستراتیژی دوورو نزیکی خۆیان بیر دەکەنەوە و نەخشە دادەڕێژن نەک لەبەر ڕۆشنایی دەقە ئایینی و مارکسییەکاندا.. نموونەی نزیک دۆستایەتی بەهێزی نێوان ئێرانی ئیسلامی و رووسیا و چینە. کە لە بنەڕەتدا هەردوو لایەن کار لەسەر دژایەتی و لەناوبردنی یەکتر دەکەن.رێکەوتن و هاوبەرەیی ئەم لایەنانە وەک ماو سیتۆنگ ناوی ناوە بەرەی (هاودژەکان) . بە ڕووکەش هاوپەیمان و لە کرۆکدا دژ بەیەکن.

کەواتە لە کوردستانیش هەتا بیردکردنەوە و سیاسەت و کردار بە پێوەری ئەو پایتەختانە بکرێ، لە ئاکامدا مایە پووچ و کوردەی لە دوو جەژن بووت لێ دەردەچێت.

دە کەواتە پێش هەر شت کوردبە و بۆ بەرژەوەندی نەتەوە و خاکی خۆت ئەوسا دراوسێ و جیهان بیر بکەرەوە!... چەپی یان ڕاست، ئایینیت یان خوانەناس، ئازادی لەوەدا و چ ڕێبازێک دەگریتە بەر،بەو مەرجەی ستراتیژیت کوردستانی بێت نەک داگیرکەرچی و بێگانەخوازیی، مێژووش سەلماندوویەتی هەر ئەوانە سەرکەوتوون کە ئاوەزمەندانە تێدەفکر و ڕەفتار دەکەن،کوڕی نەتەوە و خاک و سەردەمی خۆیان، نەک ئەوانەی بە خەیاڵ پڵاوی لەناو دەقی کتێبە ئەستوورەکانی ئەرزی و ئاسمانی دا هەر ئەمپێ و ئەو پێ دەکەن.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک