٢١\١٢\٢٠٠٩
پارتی فشار دهخاته
سهر حکومهت،
بڕیاری داخـستنی
کۆلیـژە ئەهلییەکان بکات، بە بڕیاری راگرتنی دەوام.

راپۆرتی: شوان سدیق
وەزارتی خوێندنی باڵا بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەبیانوی نەبوونی
مەرجی زانستی بڕیاری داخستنی چەند کۆلیژێکی ئەهلی دا، سەرچاوەیەکی
ئاگادار راگەیاند، دوای ئەوەی خوێندکارانی ئەو کۆلیژانە ناڕەزاییان
دەربڕی، مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتیان ئاگادار
کردووەتەوە، کە ئەو بڕیارە لەجێی خۆی نییە و پێویستە چاوی پێدا
بخشێنرێتەوە، دوای ئەوە لەبڕیاری داخستنەوە کرا بە بڕیاری راگرتنی
دەوام.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو 13/12/2009 دکتۆر دلاوەر عەلائەدینی وەزیری
خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا
رایگەیاند "بۆ ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو خوێندن لەچەند بەشێکی زانستی
دەرمانسازی و پزیشکی ددان لەچوار زانکۆی ئەهلی کراونەتەوە، بەڵام دیارە
توانای هەندێ لەو کۆلێژانە بەشێوەیەکی پسپۆڕی و زانستی و ئەکادیمی
هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکرابوو، هێشتا لەئەنجوومەنی وەزارەتەوە لەرووی
دڵنیایی جۆرییەوە متمانەیان پێ نەبەخشرابوو، بۆیە بۆ چۆنیەتی
هەڵسەنگاندنیان ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبوونەوەی
لەبارەیانەوە کرد، بڕیارمان دا بەداخستنی ئەو کۆلێژانە". کۆلیژەکان
بریتین لەکۆلێژی شاهانە بۆ دەرمانسازی و کۆلێژی جیهان بۆ دەرمانسازی و
کۆلێژی ئیشق بۆ ددانسازی و کۆلێژی هەولێر بۆ ددانسازی.
کردنەوەی ئەو کۆلێژانە لەسەردەمی کابینەی پێنجدا بووە، لەهەولێر
ژمارەیەکی زۆر کۆلیژ و زانکۆی ئەهلی کراونەتەوە، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی
زۆر لەتەمەنی جیاجیای خوێندکاران لەو زانکۆیانە دەخوێنن، هەندێکیان
دەرچووی کۆلیژ و پەیمانگای دیکەشن، بەڵام بۆ خوێندن لەبەشێک بە
ئارەزووی خۆیان روویان لەو کۆلیژ و زانکۆیانە کردووە، ئەمەش لەهەموو
دنیادا هەیە و وەک مامۆستایەکی زانکۆ گوتی "لەراستیدا کردنەوەی ئەو
زانکۆ و کۆلیژە ئەهلییانە هەنگاوێکی تارادەیەکی زۆر پۆزەتیڤە، چونکە
هەست دەکەی ئەو کەموکوڕییەی لەسیستەمی وەرگرتنی قوتابی لەکوردستان هەیە،
ئەو زانکۆیانە پڕیان کردبووەوە، لەکوردستان وەرگرتنی قوتابی لەزانکۆ و
کۆلیژەکاندا لەرێگای وەرگرتنی ناوەندییەوەیە و بەپێی کۆنمرەیە، بەمەش
زۆر خوێندکار هەیە ئارەزووی لەو بەش و کۆلیژە نییە، کە بەهۆی
نمرەکەیەوە لەوێ دانراوە، بۆیە رەنگە لەداهاتوودا زۆر سود
لەپسپۆڕییەکەی وەرنەگرێ، بۆیەشە لەو زانکۆ ئەهلییانە کەسانێک دەبینین
کە زانکۆ یان پەیمانگاشیان تەواو کردووە، بەڵام حەز دەکەن لەقانونیش
بزانن، یان لەبواری کۆمەڵناسی یان زانستی ئیداری بخوێنن، کەواتە
کردنەوەیان کارێکی باشە، دەبێ ئەوەش بڵێم قوتابی هەیە لەسلێمانی و
گەرمیانەوە هاتوونەتە هەولێر و لەو کۆلیژانە دەخوێنن، بۆیە وا چاکتر
بوو وەزارەتی خوێندنی باڵا لەجیاتی ئەو بڕیارە بەپەلەیە، دیراسەی
کەموکوڕییە زانستییەکانی کردبا و ماوەیەکی زەمەنی بۆ دانابان، بۆئەوەی
چارەسەری کەموکوڕییەکان بکەن، خوێندکارانیشیان لەو کەموکوڕی و
ئاگادارکردنەوەیە ئاگادار کردبانەوە، بۆئەوەی لەلایەن خۆیانەوە فشاریان
بۆ سەر راگرایەتی کۆلیژەکانی خۆیان بردبا، تا کەموکوڕییەکان نەهێڵن،
ئەگەر لەو ماوە زەمەنییە کەموکوڕییەکانیان چارەسەر نەکردبا، ئینجا
وەزارەت بڕیاری داخستنی دابان و کەسیش گلەیی لەوەزارەت نەدەکرد، نەک
وەک ئێستا یەکسەر بڕیاری داخستیان بدا و خوێندکاران جگە لەزەرەری مادی،
لەرووی دەروونیشەوە کاریگەریی سلبییان بەرەوڕوو دەبێتەوە".
ئەوەی تێبینی دەکرێت رۆژی پاش دەرچوونی بڕیارەکە، وەزارەت جۆرێک
لەگۆڕانکاری بە بڕیارەکەیەوە دیاربوو، سەرەتا رایگەیاند کە بڕیاری
داخستنی کۆلیژەکانیان داوە، رێگەچارەشی بۆ خوێندکارەکان دەستنیشان
کردبوو، کە دەبێ زانکۆکان زەرەری خوێندکارەکان قەرەبوو بکەنەوە و
خوێنکارەکانیش بەنمرەی پۆلی شەش لەکۆلیژ و پەیمانگا فەرمییەکانی هەرێم
وەربگیرێن، وەک وەزیری خوێندنی باڵا لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکەیدا
گوتی "ژمارەی ئەو قوتابیانە 70 کەسن، پێویستە ئەو قوتابیانە
لەکۆلێژەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێم بەپێی کۆنمرەکانیان لەساڵی 2009-
2010 وەربگیرێنەوە و زانکۆ ئەهلییەکانیش قەرەبووی سەرجەم قوتابییە
زەرەرمەندەکان بکەنەوە و پارەی وەرگیرانیان لەو زانکۆیانەدا بۆ
بگەڕێننەوە". کەواتە ئەوە بڕیاری داخستنە، وەک لەبەیاننامەیەکی
قوتابیانی ئەو کۆلێژانەی کە داخراون، هاتووە "داواکارین لەجیاتی بڕیاری
بەپەلەی داخستنی کۆلێژەکانمان، هەوڵ بدرێت بەسەرپەرشتی لێژنەیەکی پسپۆڕ
لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاستی زاستیان بۆ ئاستی
کۆلێژە حکومییەکان بەرز بکرێتەوە". لەهەمان بەیاننامەدا زیاتر هاتووە،
"لەکاتێکدا کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی یاسایی
بەکۆلێژەکانمان داوە، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لەکابینەی شەشەمی حکومەتی
هەرێمی کوردستان فەرمانی داخستنی کۆلێژەکانمان درا، جا داواکارین ئێمەی
قوتابی نەبینە سووتەمەنی جیاوازییە کەسی و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان".
بەرامبەر داواکاری ئەو قوتابییانە عومەر نورەدینیی سەرۆکی لیژنەی
پەروەردە و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان بەهیچ
جۆریک لێناگەڕێن مافی ئەو قوتابییانە بخورێت، نوردەینی گوتی "ئەو
کۆلێژانەی بەو هۆیانەی کە وەزارەت رایگەیاندووە داخراون، دەبێت
زانکۆکان قەرەبووی ماددی ئەو دوو ساڵەی قوتابیان بکەنەوە، ئەگەر
نەیکەنەوە بێشک ئێمە وەک نوێنەری قوتابیان و لیژنەی پەروەردە و
توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمانی کوردستان هەڵوێست وەردەگرین".
بەڵام دواتر گوتاری وەزارەت گۆڕا و بوو بەراگرتنی دەوام لەو کۆلیژانە
تا کەموکوڕییەکان ناهێڵدرێن. سەرچاوەیەکی ئاگادارراگەیاند کە
لەسەروبەندی دەرکردنی ئەو بڕیارەدا، مەکتەبی سیاسی پارتی نوێنەرێکی
ناردە سەرۆکایەتی حکومەت و لەگەڵ هەر یەک لەسەرۆک وەزیران و جێگری
سەرۆک وەزیران دانیشتوون، سەرچاوەکە گوتی "نوێنەرەکە بڕیاری داخستنی
ئەو کۆلیژانەی بەبڕیارێکی نێگەتیڤ لەقەڵەم داوە و پێشنیاری کردووە،
بڕیارەکە بکرێتە راگرتنی دەوام تا ئەوکاتەی ئەو کەموکوڕییانە ناهێڵدرێن،
چونکە نەگونجاوە حکومەت خۆی مۆڵەت بداتە کۆلیژێک و ئەویش لەسەر ئەساسی
ئەو مۆڵەتە خوێندکار وەربگرێ و دەوام بکات، کەچی هەر حکومەتیش خۆی بێت
لەماوەیەکی کەمی دوای مۆڵەتدا دایبخات". ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی روون
کردەوە، بەشێک لە باسەکانی ئەو وەفدە لەسەر ئەو پرسە بووە و دواتر
باسیان لەسەفەرەکەی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و هەندێ پرسی دیکە کردووە.
مامۆستا ئومێدی سکرتێری کۆلێژی عیشق پێیوایە لێکنەگەیشتنێک لەنێوان
وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆ ئەهلییەکاندا هەیە و گوتی "دوای ئەوەی
لە 8/12 وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنووسراو ئێمەیان ئاگادار کردۆتەوە،
نەک خۆیان بێن پشکنینی زاستی بکەن، بەڵام دواتر ئێمە کۆبوونەوەمان
لەگەڵ جەنابی وەزیری خوێندنی باڵادا کرد، ئەوانیش بەچەند خاڵێک
تێبینییان لەسەر کۆلێژەکەی ئێمە هەبووە، وەکو کۆلێژەکانی تر بڕیار وایە
ئەو خاڵانەمان بۆ رەوان بکەن، ئێمەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین". سکرتێری
کۆلێژی ئیشق روونیشی کردەوە "ئێمە لەکۆلێژەکەی خۆمان دڵنیاین خوێندن
دەست پێدەکاتەوە، چونکە کۆلێژ دانەخراوە، بەڵکو خوێندنی تێیدا راگیراوە،
تا ئەوکاتەی هەڵسەنگاندن بۆ خاڵ و تێبینییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا
ئەنجام دەدەین". هەروەها دکتۆر ئەمجەد سابیری سەرۆکی زانکۆی جیهان گوتی
"ئێمە پابەندی هەر جۆرە بریارێک دەبین، بەڵام جارێ ئەو مەسەلەیە
یەکلایی نەبۆتەوە".
19/12/2009
shwansdiq@yahoo.com
|