په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠١٧

پارتی کودەتای کردووە یا ترسی لە کودەتا بووە!

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه 


زۆر گوێبیستی ئەم فۆرمەڵەیە دەبین لە لایەن گۆڕانەوە (پارتی کودەتای کردووە)، بەڵام لە ڕووی لۆژیکەوە ناکرێ ئەوە کوەدتا بێت کە سەرۆکی پەرلەمانەکەی گۆڕان و چوار وەزیرەکەی لە لایەن پارتیەوە ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە.


کودەتا کاتێ ئەنجام دەدەرێ کە هێزێکی سەربازی لە پەنای دەسەڵاتدا بە پلانێکی تەوقیت کراو هێڕش دەکاتە سەر بنکە سەرەکیەکانی دەوڵەت لەوانە ئیزگەو تەلەفزیۆن وبنکەی سەرۆک وسەرۆک وەزیران ودەزگای هەواڵ گری... هتد. سەرجەم کودەتاکان لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی و هەموو ئەو وڵاتانەی بە جیهانی سێەم ناسراون بەم جۆرە ڕوویان داوە.


بەڵام پارتی خۆی لە دەسەڵاتدایە و هێزی یەکەمە لەو دەسەڵاتەدا هەموو جومگە سەرەکی و سەربازیەکان لە بن دەست خۆیدایە دەبێ لە دژی کام دەسەڵات کودەتای کردبێ ؟ئەی کەوایە پارتی چی کردووە ئەگەر کودەتای نەکردووە؟


خەسڵەتی حیزبە بۆرژواییەکان وە لە نێویاندا ئەحزابی نەتەوەیی "دوو ڕوویە" لەم کردەوە یەدا پارتی لە دژی گۆڕان ڕوویەکەی تری خۆی نیشانداوە کە دیکتاتۆریە، چونکە ڕوویەکی تریشی هەیە کە دیموکراسیە هەندێ جار ئەم ڕووەی خۆی نیشان دەدات بە پیێی پێویست. (هەردوو ڕووش وەک هەردوو دیوی پارەیە)، بە گشتی حیزبە نەتەوەییەکان لە کاتی بێ هێزیدا پرۆپاگەندە بۆ دیموکراتی ومافی مرۆڤ و ئازادی دەکەن وە تەنانەت هەندێ بەرگی مارکسی یا ئیسلامیش لە خۆیان دەپێچن بە پێی کات و سەردەم کامیان پێویست بێت دەبێتە ئەوەیان. پارتی لە کۆنگرەی ٩دا لە لە بەندی ٥ی پرۆگرامەکەیدا دەیوت "پارتیمان لە بەر ڕۆشنایی تیۆری مارکسی_لینینی و خەباتی گەلان وتراثی فیکری بارزانی خەبات دەکا" ئەمە بۆ ئەو سەردمە بوو کە چەپ ومارکسیەت باوی بوو بەڵام دواتر ئەم بەندەی هەڵگرت ،یەکێتی نیشتمانیش هەروای کرد سەردەمێک خۆی بە مارکسی ناساند دواتر وازی لێ ‌هێنا ، سەرکردەی ئەم ڕەوتەی ناو یەکێتی نەوشیراون و مام جەلال بوون ئێستا نەوشیروان باس لەوە دەکات کە حکومەت دەبێ خاوەن دەستورێک بێت کە سەوابتە ئیسلامیەکان فەرامۆش نەکا ، وە مام جەلالیش دەچێت بۆ عومرە، حیزبی بەعسیش هەر ئەم کارەی کردو لە سەرەتادا خۆی بە چەپ ناساند و دواتر بووە حیزبێکی شێوە دینیی و (ئەڵاهو ئەکبەر)ی خستە ناو ئالای عێراقەوە.


حیزبە نەتەوەیەکان لە زۆر لای ترەوە نیشانیان داوە کە دوو ڕوون، کاتێ باس لە ئازادی دەکەن کە هیچ دەسەڵاتێکیان نەبێ کاتێکیش دەسەڵاتیان گرت دەبنە گەورەترین دوژمنی ئازادی.با لە حیزبی بەعسەوە دەست پێ بکەین پێش ئەوەی دەسەڵاتیان هەبێت بەرەیان لە گەڵ حیزبی شوعی وچەند حیزبێکی تر پێک هێنا ‌ بەڵینی ئۆتۆنۆمیان بە خەڵکی کوردستان داو تا گەیشتنە دەسەڵات وە کاتی گەیشتتە دەسەڵات حیزبی شوعی کردە شەریکی خۆی تا جێگای خۆی قاییم کرد و هەندێ کاری پێ کرد وەک ئەوەی لە دژی جوڵانەوەی مەلامستەفا بەکاریهێنان پێکەوە لەم جووڵانەەیان دا لە ئۆتۆنۆمیش پەشیمان بوویەوە ،پاشان بەعس هەستی کرد حیزبی شوعی خەریکە دەچنە ناو جومگە سەربازیەکانەوە ترسا لەوەی حیزبی شوعی کودەتای بە سەردا بکات ئەنجا ڕووە دیکتاتۆریەکەی لە دژی ئەم حیزبە بەکارهێنا و دەستی دایە گرتن و پەلاماردانی ئەم حیزبە لە کۆتایی حەفتاکاندا و هیج کەسێکی شوعی لە دەسەڵاتەکەیدا نە هێشت.


ئەوەی بە سەر گٶڕاندا هات لە لایەن پارتیەوە لەم جۆرە ئەلگۆیە بوو ، کاتێ پارتی پێویستی بە گۆڕان بوو کە دەسەڵاتەکەی کەوتبووە بەر ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان لە چەندین شارو شارۆچکە ڕاپەرین و خۆپیشاندان کرا و پارتی کەوتبووە بەر نەفرەتی کۆمەڵانی خەڵک ، ترسی ئەوە ی هەبوو دەسەڵاتەکەی لە دەست بدات بۆیە پارتی خۆی کردە دیموکرات خواز و بانگێشی گۆڕان و یەکێتی و دو و حیزبە ئیسلامیەکەی کرد ووتی بادەسەڵات بەش بکەین و حکومەتی بنکە فروان دروست بکەین وە کردنی بە شەریکە دەسەڵات هەرچەند پارتی حیزبی براوەش بوو لە هەڵبژردنە کارتۆنیەکەی پەرلەماندا بەڵام دەسەڵاتی لە گەڵ ئەوانی تر بەش کرد تا بەڵکو لەم ڕێگەوە بتوانێ ئەو دەنگی ناڕەزایەتیەی خەڵک کپ بکا کە گۆڕان سواری سەری بووبوو وە خۆشی بە هێز بکاتەوە لە بەرانبەر نارەزایەتیەیکاندا.


کاتێ پارتی هەستی کرد دەسەڵاتەکەی لە لایەن گٶڕانەوە خەریکە لە دەست دەدات بە تایبەتی گۆڕان دەستی برد بۆ پیرۆزیەکانی پارتی وەک لابردنی سەرۆکی هەرێم ، ئیتر پارتی ڕووە دیکتاتۆریەکی خۆی نیشاندا، تا خاڵی سوور ئەو دیموکرات خواز بوو ،پاش خاڵی سوور کە دەست بردنە بۆ دەسەڵات و بۆ وەلانانی سەرۆکی هەرێم کە بارزانی بوو ئیتر جێی قەبوڵ نەبوو بۆ یە پارتی دیموکراتیەکەی لە خۆی کردەوە ، ئیتر بە دوای ئەوەدا ڕێگەی لە سەرۆک پارلەمانەکەی گۆڕان گرت کە بچێتە ‌هەولێرەوە وە وەزیرەکانی گۆڕانی دەرکرد و هەڵسوڕاوەکانی و میدیاکارانی کەوتنە بەر پەلاماری پارتی بە دەردەکەی حیزبی شوعی بران.
بۆیە ناکرێ بەم دووحالەتە بوووترێ کودەتا چونکە چ بەعس و چ پارتی خۆیان لە ئەوپەڕی دەسەڵاتدا بوون ،. دەکرێ بووترێ لە ترسی کودەتا هەردوولایان ئەم کارەیان کردبێ نەک خۆیان کودەتایان کردبێ.چ حیزبی شوعی لە سەردەمی بەعسدا وچ گۆڕان گوێ رایەڵی باشی حیزبی دەسەڵاتدار نەبوون بۆیە ئەوەیان بەرانبەر کرا ، دەنا ئەگەر حیزبی شوعی وەکو عوبیدوڵا بارزانی و پارتی شۆرشگێرانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی کارتۆنی بوایە ئاوای بە سەر نەدەهات یا گۆڕان ئەگەر وەک یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و حیزبی زەحمەتکێشان و سوشیالیت وتورکمانی و ئاشوریەکانی ، گوێ رایەڵ بوایە ئاوای لێ بە سەر نەدەهات ، چونکە حیزبە ناسیونالیستەکان لە جەور و ستەمی دەسەڵاتدا تەنها حیزبی کارتۆنی و گوێ ڕایەڵیان دەوێ.


بنەمای هەموو ئەم کێشانە مەسەلەی ئابورییە و چونکە ئەگەر حیزبی شوعی کاتی خۆی دەسەڵاتی لە بەعس بساندایە ئەی چۆن ئەو هەموو سامانە دەکەوتە بن دەستی سەدام و بنەماڵەکەی، بۆ گۆران و پارتیش هەروایە واتە دووڕوویی حیزبە بۆرژواییەکان لەبەر بەرژوەندیە ئابورییەکانی خۆیان و چینەکەیانە و هیچی تر نەک لە بە ر بەرژوەندی خەڵک.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عهبدوڵا حهمه

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک