په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٧\٢٠١١

پارتی لەبەردەم چەند پرسێکی نوێدا.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەریخستووە کە پارتی خاوەن پێگەیەکی بنکەفراوانە لەگۆڕەپانی سیاسیدا ئەمەش لەکاتێکدابووە تەواوی حیزبە کوردییەکان بەیەکێتی هاوپەیمانییەوەش ململانێی بەرانبەر کراوە بەمەبەستی شکسپێهێنان و دابەزاندنی باڵانسی جەماوەرەکەی و لەئێستاکەشدا ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن پارتی لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا جگە لەسلێمانی زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەر دەکات، بەڵام دوای حه‌ڤده‌ی شوبات و خۆپیشاندانە شەست رۆژییەکەی سلێمانی و دەروبەری پرۆسەی سیاسی بەجۆرێکی دیکە خۆی نیشانداوە کە پێویستە گوتاری حیزبە کوردییەکان گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەتایبەت پارتی و یەکێتی بەوپێیەی لەدەسەڵاتدان.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گرەنتی سەرکەوتن.


رۆژانە لەهۆکارەکانی راگەیاندن و لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە باس لە گەندەڵی دەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وشەی گەندەڵی خەریکە خۆی گەندەڵ بێت، کەواتە ئاشکرایە ئامادەگی هەیەو تەواوی حیزبە کوردییەکان لە پرسی گەندەڵی تێوەگڵاون، بۆیەش پارتی لەم قۆناغەدا لەبەردەم چارەنووسێکی دیکەدایە بەوپێیەی لەدەسەڵاتدایە لەوەی بەجیدی هەوڵ بدات بەرەنگاری پرسی گەندەڵی بێتەوەو ئەوانەی گومانی گەندەڵیان لێدەکرێت ببرێنە بەردەم دادگەو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بێ‌ چاوپۆشی لەئینتیمای حیزبی و هۆکاری دیکە، ئەمەش لەدیوێکەوە بەزیانی رێکخستنەکانی پارتی دەشکێتەوەو بەدڵنیاییەوە بەرپرسی گەندەڵ لەریزی هەموو حیزبێکدا ئامادەگییان هەیەو پارتیش بەدەر نییە لەم پرسە، بەڵام بەدیوەکەی ترەوە باڵانسی پارتی دیسانەوە بەرز دەکاتەوە، چونکە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گرەنتی سەرکەوتنی هێزە سیاسییەکانەو چاوپۆشی کردنیشی هەنگاونانە بەرەو شکستهێنان و دابەزینی بنکەی جەماوەری.

راگەیاندنە لاوازەکەی پارتی و بودجەیەکی زەبەلاح.


لەگەڵ ئەوەی پارتی بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ راگەیاندنەکەی تەرخان کردووە، بەڵام بەردەوام رەخنەی توند ئاراستەی راگەیاندنەکەی دەکرێت لەوەی نەیتوانیوە سیاسەتی حیزبەکەی وەک خۆی بگەیەنێت و تێکەڵی خەمەکانی خەڵک بێت و بۆ سەرکردایەتی حیزبەکەی بیگوازێتەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، بەپێچەوانەوە راگەیاندنی پارتی بەداخراوترین میدیا هەژمار دەکرێت و بەرپرس و کادیرە راگەیاندنکارەکانی بەردەوام لەشاشەو رووپەڕی رۆژنامەکانەوە دەبینرێن و ئەمەش وای کردووە خەڵکی دوورکەونەوە لە چاودێریکردنی راگەیاندنی پارتی، دەبووایە پارتی وەک حیزبێکی هەڵگری شوناسی دیموکراسیخوازی راگەیاندنەکەی بۆ کەس و لایەنی غەیرە پارتیش واڵابووایە تەنانەت ئەگەر لەسەر شاشەی کەناڵەکانییەوە رەخنەی ئاراستە بکرایە بەلایەوە ئاسایی بووایە، ئەگەر ئەمە بەجۆرێک لەجۆرەکان زیانی بۆ پارتی هەبێت، بەڵام لەرووی راگەیاندنەوە لایەنی باشەی بۆ پارتی دەبوو لەوەی پارتی وەک حیزبێکی کراوە دەردەکەوت کە ئێستاکە بەردەوام رەخنەی داخراوی ئاراستە دەکرێت و رەنگە لە جەوهەردا ئەو رەخنانە دووربن لە راستییەوە، بەڵکو ئەوە لاوازی راگەیاندنەکەیەتی وای کردووە رەخنەی لەم شێوەیەی لێبگیرێ.


سەدان رۆژنامەنووس و نووسەری پارتی هەن بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی بەرپرسێکی باڵای حیزب و میدیایی لەماڵەوە دانیشتوون یان لەنێو ناوچەو لقەکاندا کاردەکەن کەلەراستیدا شارەزاییان نییەو بێ ئومێدن لەوەی بتوانن لەراگەیاندنی حیزبەکەیاندا کار بکەن بەهۆی بوونی کوتلەگەری و شکانەوەی کەسایەتی یەکتر لەناو دەزگەکانی راگەیاندنی پارتی و سەرەڕای هەڕەشەی فەسڵکردنیان ئەگەر لەرۆژنامەیەکی دیکەی غەیرە پارتی شت بنووسن و بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، کەواتە پارتی پێویستی بەچاکسازییە لەراگەیاندنەکەیداو تارادەیەکی بەرچاویش ئازادی ئیشکردن گرەنتی سەرکەوتن و پێشکەوتنی راگەیاندنەکەیەتی و کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی میدیا بۆ کەسانی غەیرە پارتی و ئەنجامدانی موناقەشەو شیکردنەوەی پرسە جیاوازەکان گرەنتییەکی دیکەیە لەرەوینەوەی ئەو تەمەی گوایە پارتی داخراوە.

گوتاری پارتی بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن.


ئەگەرچی بەر لەدروستبوونی حیزبی گۆڕان هەندێ‌ لایەنی سیاسی لەگەڵ ئەوەی بەشداربوون لەحکومەتدا کەچی وەک ئۆپۆزسیۆن هەڵسوکەوتییان دەکرد، بەڵام دواتر لەگەڵ دەرکەوتنی گۆڕانەوە ئیدی بەفەرمی ئۆپۆزسیۆن بوونە خاوەنی سی و پێنج کورسی پەرلەمانی.


سەرەتا گوتاری پارتی و بەتایبەتی یەکێتی بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن جۆرێک لەتوندی پێوەدیاربووە، ئەمەش رەنگە تارادەیەکی زۆر هۆیەکەی بۆ راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بگەڕێتەوە لەوەی هەموو شتێکی پارتی و یەکێتییان رەتدەکردەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسی و پروپاگەندەی هەڵبژاردن و دواتریش هەڵسان بەخۆپیشاندان لەژێر ناوی خۆپیشاندانی جەماوەری و تەواوی ئاماژەکانیش ئەوەیان دەرخست کە خۆپیشاندنەکانی سلێمانی ئەوەندی تەسفییە حیساباتی گۆڕانە بەرانبەر یەکێتی، هێندە خۆپیشاندانی جەماوەری نین و ئامانج لێی تەنیا گەیشتنە بەدەسەڵات دژ بەیەکێتی و بەتایبەتی کوتلەکەی مام جەلال، ئەگەرچی لەئێستاکەدا گوتاری پارتی بەبەراورد بەپێشوو جۆرێک نەرمی بەخۆیەوە دیوەو ئەمەش دواتر لەبەرژوەندی پارتی دەکەوێتەوەو هەر بارگرژییەک لەکوردستاندا راستەوخۆ زیانی بۆ سەر پارتی هەیە، چونکە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانەو کاراترین لایەنی بەشدارە لەدەسەڵاتداو بۆیە باشتریش ئەوەیە پارتی گوتاری میدیایی و حیزبی بەرانبەر بە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان بگۆڕێت و قەبووڵی ئەوە بکات کە ئۆپۆزسیۆن خاوەنی سی و پێنج کورسی پەرلەمانین و لەگەڵیان بکەوێتە گفتوگۆیەکی نیشتمانی و رەخنەگرتنی ئۆپۆزسیۆن بەئاسایی وەربگرێت، چونکە سروشتی ئۆپۆزسیۆن وایە هەمیشە رەخنە دەگرێت بۆ بەرژەوەندی خۆی و ئامانجیش لێی گەیشتنە بەدەسەڵات، بەپێچەوانەوە باردۆخەکە زیاتر رووەو ئاڵۆزی دەبێت و لەوەها بارودۆخێکیشدا دوورنییە دەستی دەرەکی بەتایبەتی تورکیا و ئێران بێتە ناوخۆی هەرێم، بەدیوەکەی دیکەوەش سەرکەوتن لەوەدایە کە دەسەڵات گوێ‌ لەئۆپۆزسیۆن بگرێت و مەرجیش نییە هەموو داواکارییەکانی جێبەجێ بکات، چونکە لەپرۆسەی سیاسی جیهاندا ئۆپۆزسیۆن وەک سیمایەکی دیاری دیموکراسی هەژمار دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن زیانی بۆ سەر هەیمەنەی پارتی و یەکێتی هەبووە، بەڵام دواتر سوودی زیاتربووە لەوەی ئەگەر بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیانیش دەستیان لەسەر هەندێ‌ قەیران و کەموکوڕی داگرتبێت، ئەوا دەسەڵات توانیویەتی دیراسەتی بکات و دواتر لەچوارچێوەی پرۆژەی ستراتیژی و نیشتمانی ئیشی لەسەر کراوە، وەک قۆناغی یەکەمی چاکسازییەکانی سەرۆکی هەرێم کە رەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو لەنێو چین و توێژەکانی کوردستان و تارادەیەکیش متمانەی بۆ دەسەڵات بەتایبەتی پارتی گێڕایەوەو دیسانەوە ئومێدی داوەتەوە بەر هاوڵاتیان لەوەی دەسەڵات ئیرادەی چاکسازی هەیە، کەواتە پارتی لەئێستاکەدا لەبەردەم چەند پرسێکی گرنگدایە لەوانە پرسی ئۆپۆزسیۆن کە پێویستە فەرامۆش نەکرێن و وەک سیمایەکی دیموکراسی تەماشا بکرێن و پرسی گەندەڵی کە گرەنتی سەرکەوتنی زیاتری پارتی لەبەرەنگاربوونەوەیدایەو کراوەیی راگەیاندنەکەشی دیسانەوە باڵانسی پارتی بەرزدەکاتەوە.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک