٣١\٣\٢٠١١
پارتى لەبەردەم
گزەگزى ئۆپۆزسیۆن و نەرمە شەپۆڵی خۆپیشاندان.

ئیسماعیل عەبدولڕەحمان
بوونى پارتى هەر لەسەرەتاوە هەم بەربەستى سەخت و هەمیش شەپۆلى توندى
ڕاماڵینى بیرو بۆچونە جیاوازەکانى دەرەوەى خۆى بوە ، بۆیە ئەو حیزبە
هەردەم ناحەزو دوژمنى سەرسەختى هەبوەو هەیە ، هەرچەندە ناحەزانى پارتى
لەهیچ دەرفەتێک درێغییان نەکردوە لەزەبر وەشاندن و دژایەتى کردنى پارتى
بەجۆرەها شێوەو شێواز ، بۆ ئەوەى کۆتایى بەو بەربەست و شەپۆلە ترسناکەى
پارتى بێنن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەى زۆرترین جاریش پارتى کەوتۆتە ناو داوى
ناحەزانیەوەو زۆربەى جارەکانیش پێى داماراوەو خوێنى لێ چۆڕاوە ، بەڵام
هەرگیز قاچى نەشکاوە تاکو لەپەل و پۆ بکەوێ و تواناى وڵامدانەوەى نەبێ
، بۆیە پارتى قەت دەستەو وەستان نەبوە، بەڵکو ئەمیش بەتوندترین شێوە
گورزى خۆى وەشاندۆتە دوژمنەکانى و هیچ کاتێکیش بەقەرز لێیان نەترساوە،
دیارە نەشکانى پێى پارتى و گیرنەبونى لەو هەموو پلان و داوەى بۆ
دانرابوو ، بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە یەکەم: یان ئەوەتە تەڵەو داوەکان
بێ هێزبونەو تواناى ئێسک شکاندنیان نەبوە، یان ئێسکى پارتى بەخۆى زۆر
ئەستورەو بەرگەى نەشکان دەگرێت، بەبۆچونى من پارتى بەخۆى ئێسکى
ئەستورەو بەرگەى نەشکانى گرتوە لەپلانەکانى ڕابردو، دەنا ئەو تەڵانەى
لەڕابردوو بۆ پارتى دانراونەتەوە هیچى بێهێزنەبونە تاکو تواناى پێ
شکانى نەبێ.
بەڵام بابپرسین و بڵێین ئایا پارتى لەپلان و داوى ئەمجارە بەساغى
دەردەچێت یان نا؟ بێگومان ئامانجى سەرەتاو کۆتاى دروستکردنى خۆپیشاندان
هەر بۆ گیان پارتییە ، چونکە بوونى پارتى بەو باڵا دەستیە لەهەرێمى
کوردستان ، خۆى لەخۆیدا ڕێگریە لەبەردەم گەشەى لایەنەکانى تر ، دیارە
گەر پارتى لەگۆڕەپانەکە نەمینێ ئەوە هەموو لایەنەکان وەک کەوى لەقەفەز
ئازاد کراویان لێدێ و ڕِەنگە لەکەوەکانیش هەڵۆش دەرچێت بۆ خواردنى
کەوەکانى هاوقەفەزیان ، بەڵام ئایا بەتەماى ئەو ناحەزانەى ئێستاى پارتى
چارەنوسى پارتى بەو ڕۆژگارە دەگات لەبازەوە ببێتە کەوى لەقەفەزکراوو
مارى بکرێت؟
دیارە بەهێزى ئەمڕۆى پارتى ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە پارتى لەپلانەکانى
ڕابردوو دەربازى بوە ، بۆیە ئێستاکە تاکە هێزى سیاسى و سەربازى و
ئابورى و هەواڵگرى و ڕێکخستنە لەکوردستان لەڕوى کۆمەڵایەتیەوەش زۆر
ترین هۆزو تایفەو بنەماڵەکان پێوەندیان پێوەهەیە ، ئینجا ئەو بەهێزیەى
پارتى یە واى کردوە ، گەلەمۆى لێبکرێت بەو نیازەى لەڕوى سیاسی و
سەربازى و کارگێریەوە کۆتایى بەهەیمەنەى بێنن ، هەرچەندە لەڕواڵەتدا
وادەردەکەوێت دوو حیزب واتە یەکێتی و پارتى لەدەسەڵات هاوبەشن، بەڵام
لەڕاستیدا دەسەڵاتى یەکێتى بە دە پلە لەخوار پارتیەوەیە لەسنورى ژێر
دەسەڵاتى پارتى دا ، بۆیە دەشێ یەکێتیش دەستى لەپلانەکان هەبێت دژى
پارتى ، بەڵام وەک ئاگرى بنکا ، چونکە ناوێرى بەئاشکراو بەڕونى بێتە
مەیدانى پارتى ، لەبەرئەوەى بەهەزار حاڵ و نەرمى نواندن تاکو باوڕی
بەپارتی هێناوە کەئەوان نیاز پاکن و جارێکى تر شەڕى پارتى ناکەن.
بەهەرحاڵ ئینجا بابزانین بەیەکێتى و هەر سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن و
جەماوەرەکەیان چیان لەگەڵ پارتى پێدەکرێت ، کەگومانى تیانییە ئەو
خۆپیشاندان و هەراو هوریایەى ئەمڕۆ لەسنورى پارێزگاى سلێمانى دەکرێ و
ئەوەشى واڕێکدەخرێ بۆ کردن هەمووى بۆ دژایەتى و بەچۆکدادانى پارتییە ،
چونکە گەر پارتى لەدەسەڵات نەمینێ و هەولێریش بکەوێتە ژێر دەستى
ئۆپۆزسیۆن و یەکێتى ، بێگومان یەکێتى هەولێر داگیر دەکات و لایەنە
ئیسلامیەکان نەک سودمەند نابن بەڵکو زۆر لەئێستا خراپتریان بەسەردێت ،
چونکە نەرم و نیانى ئێستاى یەکێتى بەرانبەر بەوان لەبەر بەهێزى پارتی
یە ، دەنا گەر پارتى لەگۆڕەپانەکە نەمینێ ، یەکێتى لەسەر هیچ نا لەبەر
ئافەرینێکى بەچکە (ئاشورى )یەکى ڕۆژئاوایى ئامادەیە نەک حیزبە
ئیسلامیەکان و مزگەوتەکان بەتەنیا بەڵکو ماڵ و بارەگاى کۆمەنیستەکانیش
تەفرو تونا بکات ، هەر لەبەر ڕۆشنایى ئەم هۆیانەیە زۆرینەى خەڵکى ژێر
دەسەڵاتى پارتى ، پارتییان پێباشترە لەوەى کارێک بکەن یەکێتى تێیدا سود
مەند بێت ، بۆیە خۆپیشاندان بەزەرەو زیان دەزانن بۆ ئایندەیان ، بەڵام
گەر لەسلێمانى دژایەتى یەکێتى بکرایە بۆ نمانى بێگومان لەسنورى پارتى
دۆخەکە بەجۆرێکى تر دەبوو ، بەڵام کەخەڵک بەدڵنیایەوە دەزانن سود مەندى
یەکەم یەکێتى دەبێت لەشکستى پارتى ، بۆیە جەماوەرى دەڤەرى هەولێرو دهۆک
بەگشتى حەز بەنائارامى ناکەن لەپێناو سود گەیاندن بەیەکێتى ، لەکاتێکدا
لەسنورى دەسەڵاتى پارتى دا ، یەکێتى ناوبانگى بەوە دەرکردوە کەنازانێ
ئیدارەى حکومەت بەڕێوە ببات ، جگەلەوەى جەماوەرى پارتى بەهەموشێوەیەک
بەرگرى لەپارتى دەکەن و ئامادەى هەموو ڕوبەڕو بونەوەیەکن ، لەگەڵ هەر
لایەنێک گەر بیەوێ سنورى دەسەڵاتى پارتى ببەزێنێ ، کەواتە بەدڵنیایەوە
ئەمجارەش پارتى لەو پلانە سەختە حیزبیە دەربازى دەبێت ، چونکە پارتى
ئێسک ئەستورە بەجەماوەرەکەى کەهیچ حیزب و لایەنێک نییە جەماوەرى بەقەد
جەماوەرى پارتى دڕ بێت ، کەهەمومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کەمترین
جەماوەرى پارتى دەتوانێت لەماوەى کەمتر لەکاتژمێرێک یەک بارەگاى حیزب و
لایەنەکان لەسنورى پارتى نەهێلێت ، کەواتە ئەو داوەى دەتوانێت پارتى
لەپەلوپۆ بخات تەنیا ئیرادەى زۆرینەى جەماوەرە لەسەربنەماى بەرژەوەندى
گشتى گەل و نیشتمان ، نەک بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتى ، گەر کەس و
لایەنەکانى ناحەزى پارتى بەتەماى تاکتیک و پلانى تەسکى حیزبایەتى بن بۆ
دژایەتى پارتى و بەچۆکدادانى ، بێگومان هەڵەن و ئەو ڕۆژە نابینن ، بۆیە
واچاکترە بەنیەتى پاک و بێجیاوازى بڕواننە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار
هەریەکەو لەدەڤەرى باڵا دەستى خۆى ، گەر بیانوشیان باڵا دەستى پارتییە
لەهەرێمى کوردستان، ئەوە با چاک بزانن یەکێتى بە
رهفتارە هەڵەکانى دەستى باڵاى هەبووە
لەو باڵادەستیەى پارتى.
کەواتە جیا کردنەوەى ئەو دوو حیزبە لەیەک
ناڕەوایە و کارى ناڕەواش مایە پووچە،
لەبەرئەوەى بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی
گشتى گەل ڕەچاو نەککراوە، گەر ڕەچاو بکرایە خۆ یەکێتى کەمتر مافى خەڵکى
نەخواردووە تاکو ئەو لێى ببوردرێ، بەڵام
چونکە ئەوەى بەپلەى یەک لەخۆپیشاندانەکان ڕەچاو دەکرێ و ئیشى بۆ دەکرێ
تەنیا بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتییە ، بۆیە لەپلانى ئەجارەش واى دەبینم
مانەوە لەلوتکە هەر پارتى بێت ، لەبەرئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان نایەوێ
زیان بەدەسەڵاتى یەکێتى بگەینێ و بەبەشێک لەخۆى دەزانێ ، هەروەها
هەرچەندە جەماوەرى هەردوو حیزبە ئیسلامیەکەش خاوەن هەڵوێستن ، بەڵام
لەبەرئەوەى هێشتا سەرکردەکانى گیانى لەخۆبوردنیان نەگەیشتۆتە ئەو
ئاستەى بێنە مەیدان و دروشمى یان سەرکەوتن یان مردن بۆ بەهەشتى جوان
بەرز کەنەوە ، ئاخر کەئەو سێ لایەنە شتێکى ئەو تۆیان لەبارنەبێت ،
بەتەماى شعرو وتار خوێندنەوەى شێرکۆ بێکەس و فاروق ڕەفیق و بەختیارعەلى
کەهەریەکەیان بەقەدەر قورسى خۆیان موچەیان لەو دەسەڵاتەش وەرگرتوە ،
جگە لەوەى بەو شێوەیە خۆشەویست و جێى باوڕى خەڵک نین کەخەڵک بەقسەى
ئەوان خۆیان بەکوشت بدەن ، بەڵکو سەرکردایەتى کردنى جەماوەر بەکەسانێک
دەکرێت کەبەتەواوى گیانى خۆیان بەخشیبێ بەگەلەکەیان ، نەک وەک ئەوانەى
ئێستا چاوەڕێن سود لەگیانى مێرد منداڵەکانى گەل وەرگرن.
ئەوە مانگێگ زیاترە خۆپیشاندان درێژەى هەیە، کەواتە گرفت و کەموکوڕى
لەهەڵوێستى خەڵک دانییە ، بەڵکو گرفتى گەورە ئەوەیە بەهەموو کارگێڕانى
خۆپیشاندانەکان و ئەوانەى سەردولکەو وتارو پەخشان و شعرو وتارى ئاینى
دەخوێنەوە هێشتا سەرەتاى ڕچە ڕێگاى بەرەو گۆڕانى گەورەو ڕیشەییان
نەدۆزیوەتەوە ، بۆیە ئەوەى ئەوان دەیکەن فڕى بەسەر هەنگاونان بەرەو ئەو
گۆڕانە نییە کەبۆ گەل و نیشتمانمان پێویستە ، بەڵکو تەنیا خەریکى
نەرمکردنەوەى شەپۆلى ناڕەزایەکانن بەرەو نائومێدى ، بەڵام مەرجیش نییە
بەوکارەى خۆیان بزانن ! چونکە لە بنج و بنەوانى گۆڕینى دەسەڵات نازانن!
ماڵپهڕی ئیسماعیل
عهبدولڕهحمان
|