په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پارتى رۆحى هەولێر هەڵدەکێشێت !


بەشدار عه‌لی  


بەو پێیەى هەولێر لە رووى ئیدارییەوە وەکو پایتەختى هەرێمى کوردستان چاویلێکراوە و تاکو ئیستا وەکو موڵک و تەواو دەست بەسەراگرتن لە نێوان پارتى و یەکێتیدا یەکلاینەبۆتەوە وەکو دهۆک و سلێمانى،بۆیە بەردەوام هەردوو لا هەموو هێزێکى خۆیان بۆ تەواو مۆنۆپۆلکردنى ئەو شارە بەکارهێناوە و ئامادەى هەموو قوربانیەکن لە پێناوى چوونە پێشەوەى تەنها پرۆژەیەکیان و زیاتر کردنى نفوزیان لەم شارەدا.


پێش رووداوەکەى (31)ى ئابى(1996)یەکێتى هێزى یەکەم بوو لە هەولێر و دەستى گرتبوو بەسەر تەواوى دامودەزگاکانى هەولێر،نەک لەبەر ئەوەى بەرنامە و پرۆگرامەکانى یەکێتى خواست و وویستى خەڵک بوو و ئەداى کارکردنى یەکێتى لەگەڵ ئەداى خەڵکەوە هاوتەریب بوو،بەڵکو یەکێتى سیاسەتى (ئەوەى لەگەڵم نیە دوژمنمە)ى پەیڕەو کرد و نەیهێشت دەنگێگى جیاوازتر لە دەنگەکانى خۆى بەرزببنەوە و بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵى سڕینەوەى بەرامبەرەکانى بوو بەتایبەت لە هەولێر،کەسى یەکەمى سەراپایى دامودەزگاکانى حکومەت لە یەکێتى بوون، بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدابوون بۆ سڕکردنى را جیاوازەکانى تر، برسیەتى و نەبوونى و بێکارى خەڵکیان قۆستەوە و بە هەزاران خەڵکیان بە مووچەیەکى کەم مل کەچ کرد،دەیان رێکخراو و دەستە و کۆمەڵەیان دورست کرد لە حیزبەکانیان زیاتر سیاسەت و حیزبایەتیان دەکرد،ئەوەشى کە نەیانتوانى وەکو ئەوان قسە بکەن و هەڵسوکەوت بکەن زۆر بە ئاسانى بە فیزکى لەناوبران یاخود خرانە زیندانەکانەوە،نمونەکان لەم بارەیەوە زۆرن،سلاح هەورامى تەنها لەبەر ئەوەى لە کۆبوونەوەیەکى فەرمانگاکەى ئامادە نەبوو بە رۆژى روناک لە کاتى گەڕانەوەى بۆ ماڵەوە بە ئاشکرا کوللە بارانیان کرد.


بەڵام دوایى ئەو مێژووە پارتى فریاى خۆى کەوت و ئیتر بە ماوەیەکى کەمدا تەواوى هاوکێشەکانى بە قازانجى خۆى گۆڕى و سڵى لە هیچ کارێک نەکردەوە بۆ تۆڵەکردنەوەى لە وون بوونى چەندین ساڵەى لە پایتەخت! لە یەکەمین رۆژى گەڕانەوەیان تەواوى پەیکەر و وێنە و نافورەى سەر شەقامەکانیان لە ڕەگەوە هەڵکێشا کە یەکێتى چەندین ساڵ بوو خەریکى دورست کردنى بوو وەکو هێمایەک بۆ هەڵکێشان و تەفر و توناکردنى یەکێتیەکان لە هەولێر،ناوى زۆرێک لە شوێنەکانى گۆڕى کە یەکێتى ناوى نابوون،هەر لە بەرێوبەرى قوتابخانە و بنکەیەکى بچوکى تەندورستى گەرەکێک تا دەگات بە وەزارەتەکان بارگەیان پێچایەوە و پارتیەکان شوێنیان گرتەوە،ئیتر گرتن و خۆشاردنەوە و کوشتن و بڕین و سڕینەوەى یەکێتیەکان لە هەولێر دەستى پێکرد و یەکێتیەکان لە هەولێر قاچاغ بوون و پارتیەکان بوون بە خاوەن ماڵ،پارتى تاکو ئەو ساتەش نانى ئەو رۆژگارە دەخوات لە هەولێر.
دوایى پێکهاتنى پارتى و یەکێتى لەژێر فشارى ئەمەریکا وتموحى دەست کەوتنى زۆرترین سەرمایە لە داهاتى کوردستان و عێراق بە هاوبەشى، هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن پارتى لە سلێمانى میوانە و یەکێتیش لە بادینان غەریبەیە و هەر دوو لاشیان ئەمەیان بڕاندۆتەوە،بەڵام هەر دوولایان هەولێریان لامەبەستە و بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵى کۆنترۆڵکردنیدان، پارتیش بە حوکمى ئەوەى چەند ساڵە دەسەڵاتى هەیە و کارى تیا کردووە قبوڵى شەراکەت ناکات،بۆیە بۆتە ململانێى نێوانیان و دانیشتوانى شارەکەش زۆرترین قوربانیان لەم نێوەندە بەرکەووتوە .


ئیستا پارتى سەرەکیترین و بەهێزترین جومگەى حوکمڕانى بەدەستە گرتوە لەم رێگایەوەش هەیمەنەى خۆى بەسەر شارەکەدا راگرتوە،ئەویش لایەنى ئابورى و پرۆژە و بەرنامەى جۆراو جۆرى بازرگانیە، بێگومان ئەمەش لەرێگاى بەدەستەوەبوونى سەرۆکایەتى حکومەتەوە دەیباتە پێشەوە،بە دەیان کۆمپانیا و کارگە و پیشەسازى بجوکى جۆراو جۆرى لە شارەکەدا بەرێوەدەبات و خاوەنى ئەسڵیشى هەر خۆیانن و سوود و قازانجەکەشى دەچێتە گیرفانى خۆیان.


دواین پرۆژەشیان دورست کردنى(بازاڕى نیشتمانە)کە بەهۆى کردنەوە و تەواوبوونى ئەو بازارە لە ژێر ناوى ماستەر پلانى شار، زیاتر لە(600) دوکان لە بازارەکانى(شێخەلڵە و حاجى یەحیا و دەڵاڵ خانە ...)بەر شاڵاوى تێکدان و رووخان کەوتن،بەم هۆیەشەوە سەدان کەس بێکار بوون و سەدان مناڵ و خێزانیش نانى رۆژانەیان بڕا.لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکى کەمدەرامەتى هەولێر و کوردستان ناتوانن لەم بازاڕ و سوپەر مارکێتە تازانە کەل و پەل بکڕن،بەمەش گەورەترین زیانیان پێدەگات بارى سەر شانیان قورستر دەبێت و گلویە و نارەزایەتیەکى زۆرى لاى خەڵک و کاسبکاران دورست کردووە.
راستیەکەى ئەوەیە،ئەگەر ئەو بازاڕانە تێک نەدرێت،ئەوا یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانى پارتى و حکومەت کە بازارى نیشتمانە شکست دەهێنێت،بۆیە هەر زوو فریایى کەوتن و لەژێر بەهانەى ماستەر پلانى شارەوە هەموو ئەو دوکان و بازاڕانەیان لە ماوەیەکى کەمدا تەخت کرد و داواشیان لە خاوەن دوکانەکان کرد بچن لە بازاڕى نیشتمان کاسبى بکەن! لەکاتێکدا توانا و ئیمکانیاتى ئەو کاسبکارانە نیە دوکان بە کرێ بگرن لەم بازارە تازەیە،بۆ ئەوەى رۆح و هەناسەدانى بەشێکى ترى خەڵکى هه‌ولێر لەژێر کۆنترۆڵى پارتیدا بێَت.


بەهەرحاڵ ئەمە نمونەیەکە لە کۆى زۆرێک لە پرۆژەى تر کە پارتى لە رێگاى دەستبەسەراگرتن و کۆنترۆڵ کردنى لایەتى بازرگانى و ئابورى دەیەوێت هەیمەنە و قورسایى خۆى لە شارەکەدا بمێنێتەوە و هاوسەنگى هێزیش بەلاى خۆییدا رابکێشێت،رۆحى شارێک بۆخۆى ببات کە بەرامبەرەکانى چاویان تێبڕیوە.


ئاساییە لە رێگاى بەرنامە و پرۆگرام و کارى شارستانى و پێشکەوتوو و پرۆژەى ئینسانى جۆراو جۆردا،بتەوێت نفوز و لایەنگرى خۆت زیاتر بکەیت و ببیتە بەهێز،هەر رێکخراو و پارتێکى سیاسیش لە هەموو دونیا ئەوە ئامانجیانە،بەڵام هەرگیز ئاسایى نیە سامان و سەروەت و داهاتى خەڵک و بژێویان لە پرۆژەى بازرگانیەوە بخەیتە گەڕ لە ژێر ناوى (کەرتى تایبەتەوە)! لەوەش خراپتر خەڵک ناچار بکەیت واز لە پیشەکەى خۆیان بهێنن و لەم(کەرتە تایبەتە)کار بکەن!


ئەمە نەسیاسەتە،نە ململانێى حیزبیە،نە بەرەو پێش چوونى بوارى ئابورى و بازرگانیە،بەڵکو قۆرخکارى و مۆنۆپۆلکردنى نان و ئاو و ژیان و رۆح و هەناسەدانى خەڵکە،نقوم کردنى خەڵکە لە نێو بێکارى و نەبوونى و سەرگەردانى، پێویستە دەستى لێهەلگیرێت و رێگە بدەن خەڵکى کوردستان بە ژیان و مەمرەو مەژى لاشەى خۆى راکێشێت.


25/12/2008