په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١\٢٠١٦

پارووی ئەردۆغان لە پارووی شا چەورتر نییە.

جەلال محەمەد    


بۆ دوو مانگ دەچێت زۆرترین هێرشی وەحشیگەریانەی دەوڵەتی تورک دژ بە گەلی کورد دەستی پێکردووە ، لە بەرامبەردا گەورەترین خۆڕاگری دەکرێت و لە زۆر جێگەدا چۆک بە چوارەم لەشکری جیهان دادراوە.


سەرسوڕمان ئەوەیە ئەم تێکشکاندنانە چەندە مایەی نیگەرانی ئەردۆغان و تورکە فاشستەکانە سەدان هێندە نیگەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و خودی مەسعود بارزانی بە دوای خۆیدا هێناوە.


بە درێژایی ئەم دوو مانگە تەنها بۆ یەک چرکەش سەرانی پارتی لە چەواشەکاری و ئاژاوەگێڕی نەکەوتن ، ساتێک بە ناوی ئەوەی گوایا بە هاوکاری ئەردۆغان دەوڵەتی کوردی بنیاد دەنێن و ساتێک بە ناوی ئەوەی گوایا میتی تورک ڕێگەیان بە بارزانی داوە ئاڵای هەرێم لە پاڵ خۆیدا دابنێت.


تازەترین هەڵوێستیش بریتییە لە خۆساخکردنەوەی بارزانی بەسەر دەوڵەتی تورک و سەنگەرگرتن لە کوردان بە بیانوی ئەوەی کە ئەردۆغان ئاشتیخوازە و دەڵێت با پ.ک.ک لە پەرلەمانی تورکدا بەشدار بێت . بڕوانە ئەم لینکە:
https://www.youtube.com/watch?time_continue=4&v=eBHJ3cVVgEg


بارزانی زۆر ڕوو قایمانە دەڵێت( ئەگەر تورکیا موبادەرەی ئاشتی بکات و پ.ک.ک ڕازی نەبێت ئەوا ئێمە هەموو شتێک دژی پ.ک.ک دەکەین).


لەم لێدوانەوە دەردەکەوێت کە بارزانی بە وەکالەتی تورکیا لە مەیداندایە ، دەنا ئەگەر وەکالەتی نەبێت بارزانی چ پەیوەندییەکی بە ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و پەکەکەوە هەیە ؟ ئەی ئەگەر بارزانی هێندە چاوسورکەرەوەیە لە بەرامبەر کورداندا ، بۆچی لە بەرامبەر ١٢ موبادەرەی ئاشتیخوازانەی پ.ک.ک و ڕازی نەبوونی تورکدا نەیتوانی لە بەڕەکەی خۆی زیاتر پێ ڕابکێشێت؟


بارزانی لەهەمان دێڕدا دەڵێت ( ئێمە بەشێک نین لە حلی نێوان پ.ک.ک و تورکیا).


ئەی ئەگەر خۆت بە بەشێک لە حل نازانیت ، کە ڕاستیەکەشی هەر ئەوەیە کە گرفتی نێوان تورکیا و باکووری کوردستان هیچ پەیوەندیەکی بە تۆوە نەبووە و نیشە ، ئەی لە پای چیدا ئەو وەکالەتیە دەخەیتە سەر شانی خۆت و هەڕەشی وەستانەوە لە دژی پ.ک.ک دەکەیت؟


لە هەمان کاتدا زۆر نا ڕاستگۆیانە دەڵێت (ئێمە ٢٣ ساڵە دەستی تورکیامان نەگرتووە)!!!!!


تۆ بڵێی هیچ گەمژەیەک هەبێت و بەم دوعایە بڵێت ئامین !؟ ئەی کێ دەستی ئەو دەیان هەزار جەندرمەیەی گرت و لە بامەڕنێ و ئامێدی و شێلادزە و کانی ماسی و دێرەلوک و تەواوی ناوچەکانی بادیناندا مۆڵی دان ؟ ئەی کێ دەستی ئەو سەدان سەربازەی تورکی گرت و زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر هێنانیە قوڵایی باشووری کوردستان و لە نزیک باشیقە جێگیری کردن؟


لە ماوەی ئەم ٢٣ ساڵەدا دەیان جار باشووری کوردستانتان لە دەوڵەتی تورک مارە کرد و بست بە بستی باشووری کوردستانتان پڕ لە میت کرد و بە ئاڵا گڵاوەکەی تورک ڕازانتانەوە . ئەگەر ئەمە ڕاستگۆیی بە ناو سەرۆکی هەرێم بێت ، ئیتر بۆچی گلەیی لەو نەوە نوێیەی باشووری کوردستان بکەین کە داڕماوترین نەوەی کوردەواریە کە بەرهەم هێنراوە!


بارزانی هیچ شەرمێک ناکات و دەڵێت( ئێمە هەموو لایەن و کەسایەتیە کوردیەکان بانگێشت دەکەین و دەڵێین پ.ک.ک دژی حلی مەسەلەی کوردە و ئێمە بە دژی ئەم جەماعەتە هەموو شتێک دەکەین).


دیارە ئەو لایەنە کوردیانەی کە بارزانی باسیان دەکات بە غەیری ویژدان مردۆکان هیچ کەس و لایەنێکی دیکە نین ، ئەو ویژدان مردوانەش بریتین لەو ئوتێلنشین و ئۆردوگانشینانەی کە هەموو میلەتی کوردیان بە چارەنووس سپاردووە لە پێناو خۆ دەوڵەمەند کردندا.


ئەو کەسایەتیانەی کە بارزانی بە نیازە بانگێشتیان بکات جگە لە چەند کەسایەتیەکی هەلپەرست و دڵڕەشی وەک خالید عەزیزی و مستەفا هیجری و عەبدوڵا خانی موهتەدی و نۆکەرانێکی وەک عوسمان ئۆجالان و سعودل مەلا و کەمال بورقای هیچ کەسانێکی دیکە نین . ئەو کەسایەتیە دڵڕەش و هەلپەرستانەش دژ بە هەموو کردەوەیەکی پەکەکەن با چاک و بە خراپەوە.


بارزانی دەڵێت (٢٣ ساڵە پ.ک.ک چی کردووە تاکو بەم ٢٣ ڕۆژە بیکات).


منیش دەڵێم پ.ک.ک لە ٢٣ ساڵدا میلەتێکی لە لێواری مەرگەوە زیندو کردەوە ، ڕوو بە ڕووی هەموو داگیرکەران بوویەوە ، فەرهەنگی کوردی ژیاندەوە ، مێشکی مرۆڤەکانی ئازاد کرد و کۆمەڵگای هوشیار کردەوە ، جوانترین سیستەمی لە ڕۆژاوادا ساز کرد و میلەتی لە ئەنفال و کۆمەڵکوژی پاراست ، سەدان هەزار ئێزدی لە قەتڵوعامی تەسلیمکاریەکەی شەنگال بە چەتەکانی داعش ڕزگار کرد ، زۆرترین هوشیاری و جموجوڵی خستە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، پیلانە شاراوەکانی دژ بە کوردانی ئاشکرا کرد و هەزاران دەستکەوتی دیکە ، بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە:
https://www.facebook.com/QANDILPOSTCOMM/videos/829117007127071/?theater
https://www.facebook.com/100009644790169/videos/205191543145671/?theater

 

بەڵام دەستکەوتی ٧٠ ساڵ ساتوسەوداکردنی پارتی و ٢٥ ساڵ دەسەڵاتداری مەسعود بارزانی چ بەرهەمێکی لێ کەوتۆتەوە ؟


ناگەڕێمەوە بۆ کار و کردەوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوی پارتی و ئەو باسە بۆ مێژوو بەجێ دەهێڵم ، بەڵام لە ٢٥ ساڵ دەسەڵاتداری مەسعود بارزانیدا کوردکوژی و چەواشەکاری گەیشتە لوتکە ، خۆگرێدان بە داگیرکەرانەوە پەڵەی شەرمەزاریە بە تەوێڵی هەموو پارتێکانەوە ، ساتوسەوداکردن بە زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان بەناوی مادەی ١٤٠وە گەورەترین تاوانبارییە ، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتی نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا گەورەترین ئابڕوچوونی نەتەوەییە ، قەیران سازکردن و قەرزدارکردنی باشوور و بڕینی قوتی میلەت گەورەترین ناپاکییە ، بە ناهوشیاری و دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگای باشوور قێزەونترین کردەوەیە ، تەسلیمکردنی شەنگال و بازرگانیکردن بە کچان و ژنانی ئێزیدیەوە قێزەونترین کردەوەی سەدەی بیست و یەکەمینە.


ئاشکرایە ئەو کۆمەڵگایەی لەسەر دەستی پەکەکەدا پەروەردە کرا لە چ ئاستێکی هوشیاری نەتەوەیدایە ، بەڵام لە ٢٥ ساڵ دەسەڵاتداری بارزانیدا کۆمەڵگایەک بەرهەم هاتووە کە ئاگاداری بچوکترین گۆڕانکاریەکانی کوردستان و جیهان نییە ، وەک لەم لینکەدا دەردەکەوێت:
https://www.facebook.com/kurdish.code/videos/1067140929986207/?theater
 

دەبێت بارزانی بزانێت کە وەفای تورک و ئەردۆغان لە وەفای ئێران و شا زیاتر نابێت ، ئەگەر پاداشتی خوێنی کاک سولەیمانی موعینی و بە دەستهێنانی شەتول عەرەب چەند کۆشکێکی کەرەج و تاران بووبێت ئەوا پاداشتی خۆشخزمەتیکردن بۆ تورک ناوهێنان بە سەرۆک خێڵێکی دواکەوتوو زیاتر نابێت.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک