په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١٦

  پاسەوانەکانی ناخ.

نەژاد عەزیز سورمێ

پەیژەیەک لە گوڵ بۆ ھەور....
لە ھۆمیرۆسەوە
ھەمان تارمایی و ھەمان وەھم...
سەمای دڕک
لێوارە بە تەنتەنەکانی پرسیار
کەللەپڕیی، کەڕوو....
سەری پەتەکان لە فڕین دەچن..
ئاسۆ لە پرۆتۆکۆڵێکی قەدکراو
لەتەقسێکی ئابڕوبەر.

(ئەوانەی ڕۆیشتن
ئاسوودە لە سپێدەی ئاژاوە
ئاسوودە لە چاوەڕوانی...
نھێنییان بۆ ئێمە جێ نەھێشت..
دیماھیان بەسەرابی
بڕست و پەندگۆیی و پیرۆزگری ھێنا....

ئەوانەی ڕۆیشتن
لە بێشەڵانی (ئا) و (نا)وە،
ئاسوودە لە سپێدەی ئاژاوە
ئاسوودە لە چاوەڕوانی
بۆی دەرچوون....)

گوێی شار بە وتاران بریندار
مردن لەژیان خۆشتر نەبوو....
مۆرێک بۆ گۆشەگیری
بۆ زمان پژان
بۆ سۆز....
گۆڕ لە خەونێک دەچێ سپی
سپی وەک کەفاوی سابوون
وێنەی (خود)ێکی سەر بەتەم...
چاوی شار بە وتاران سووتاو
ھەور بە مشتێ خۆڵ
بەری ئاسمانانی نەگرت...
ئینجانەیەک لەکلیل
شۆڕشێک لەشەرم
شەو نەیھێشت قژم لەسەردا بڕوێ...
شەو نەیھێشت من و خۆم
یەکتری ببڕێنینەوە....
شەو نەیھێشت گوێمان لە فرمێسک
چاومان لەدەنگ بێ...

(تونێڵێکی تاریک بوو
ئەو گیانبەتاڵییەی لەئاڵوودەیی زیاتری تێدا نەبوو
مۆتەکەیەکی پیر، کانگەی شەیتانھێن
شەشدەری لێ گرتبووین...
ئەی شار گۆڕ
کە دڵنیا و ئاسوودە لەڕەھایی ئاکامەکانەوە
پێ لەسەر پێ تیلاکت لێ خوار کردووە...
ئەی جەستەی تاجە خلۆر کراوەکان
پیاڵە و سەنگدڵی ومەیخانەش
بۆ دەرەوەی خەونەکانمان تووڕدران...
ئێستا تارماییەکی ئاوابوو و
ئەستێرەیەکی نووستووین...
ئێستا لەخاڵێک دەچین
تا لەبەر ژمارەیەکمان دانەنێن ناخوێندرێینەوە...)

شارا چ شارا
سروودێکی دەگمەن
کوورەی نوور....
شارا چ شارا، بەخۆی دەچوو
گەنجینەی کەژاوە
گوڵێکی ڕەنگ ھەڵایساوی باخچەی خوا
نیشتمانێک پڕ بە ھەناسە....
لە زەماوەندی شەختەدا
چووە دەست ئەوانەی
ڕێگایان بۆ نەدەچووەوە بانە...
شارا چ شارا؟
زەمانێکی زۆر کولێرەی لەژەھردا کردە قیبلە
کولێرەی کردە دەزگای بیرکردنەوە لە مردن...
شارا چ شارا
جۆگە و ڕووبارەکانی لەچوارچێوە دەگرت...
زستانێک لە پەمۆ
کرمی ڕووناھیخۆری
لە جەستەی دنیا بەرداوە
کازیوە
سپێدە
نیوەڕۆ و ئێوارەیان پێ نەھێشتین...

داد ئەی شاری گۆڕ
کە دڵنیا و ئاسوودە
لە ڕەھایی ئاکامەکانەوە
پێ لەسەر پێ
تیلاکت لێ خوار کردووە....
بە ھارێک لە شێتی
شیعری بە قەسیدەمانەوە نەھێشت...
داد... داد...
داد... ئەی شاری گۆڕ
باڵایەک لە کینە
کێوێک لە پۆستاڵ
داڵانێک لە خونکاریی
شایان بوون بدرەوشێنەوە؟

ئەوانەی ڕۆیشتن
ئاسوودە لەسەری پەتەکان
وەک بەرپابوونەوەی پەپوولە
یا گوێ بۆ مۆزارت ڕادێران
لە حەقیقەتی سێبەرە کزەکاندا
دەیانویست بە ماچ
دەمی ئۆپۆزسیۆنی ئەڤین بگرن.
بۆشاییەک لە پڕی
جبەخانەیەک لە ئاشتی
ڕێگە بوو دەڕۆیی
نەک قاچەکانی من
مانگ بوو دیاربوو
نەک پەنجەی من...
ئەو دارەی سێبەری دەکرد
شین نەبووەوە....
ئەو پاژنانەی شوێنەواریان دەرکەوتبوو
پاژنەی بۆرە جەنگاوەرەکان بوون
دیلیان لە مەزرای ئەجندان
بە پەتی پەشمین دەخنکاند...

ئیتر تەواو ئەی چاوی پاسەوان
چیڕۆکی سێبەر لێرەدا تەواو بوو....
گرێکان
لە ھێدمەی ھەرزەیی و پەیمانشکێنیدا
لێرەدا کرانەوە
لێرەدا....
ئەی چاوی پاسەوان...

 

شوباتی ١٩٩٨

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک