٢٨\١٠\٢٠١٣
پاسەوانانی داب و
نەریت.

حەسەنی ئایشێ
کاتێک دووکەڵی سەر پەیکەری سوتاوی خۆشەویستی رەوییەوە پەردە لەسەر
دیمەنی دژیەکییەکی گرنگی ئەم کۆمەڵگەیە لاچوو، وەک بڵێیت رەوینەوەی
دووکەڵی سەر پەیکەرە سوتاوەکە رەوینەوەی دوکەڵی وەھمێک بێت لە ئەندێشەی
تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا، وەھمی ئازادییەکانی تاک کە دەسەڵات و
دەزگاکان بانگەشەی بۆ دەکەن، وەھمی یەکگرتن(اندماج)ی تاکەکان لەناو
کەلتورو عورفی باوی کۆمەڵایەتیدا. رەنگە لەو ساتە وەختەدا بەشی زۆری
ھاوڵاتییەکان "چزووی چەند پرسیارێک کسپەی لێھەستاندبن: من کێم؟ ئایا
ئەو ھاوڵاتییەم کە فەزیلەتی سیاسی دەدەنەوە پاڵی، یا مرۆڤێک ھەموو
فەزیلەتەکانی لەوەدایە کە مرۆڤە و پێوەری گشت بەھا و فەزیلەتەکانە؟"(١)،
ئایا پشکی من لە مافە فەردییەکانم لەکوێی ئەو رێکەوتن و گریًَبەستە
کۆمەڵایەتییەدایە کە باسی لێوەدەکرێت و بڕیارە لەنێوان سەرجەم تاکەکان
و ھێز و گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەدینیو نادینی و ئایینە
جیاوازەکانەوە، دروست بووبێت؟ ئەمە ئەگەر رێکەوتنێک لە بنەڕەتەوە بوونی
ھەبێت....
ئەو ھەڵایەی لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەی ماچێک کە لە لایەن پاسەوانەکانی
داب و نەریتەوە دروستکراو ھەوڵدان بۆکردنی بە مەسەلەی رای گشتی،
دووفاقی و دەبڵ مۆراڵی نەریتخوازەکانی بە روونی پێ نیشانداین،
دووفاقییەک کە لەلایەکەوە قسەیەک ناکات لەسەر ئەو بازرگانییە سێکسییەی
کە بە شێوەیەکی نیمچە ئاشکرا لەم کۆمەڵگەیەدا ھەیە و داوای لەسەر تۆمار
ناکات و داواکاری گشتی لەسەری بێباکە، لەکاتێکدا گرفتی کۆمەڵایەتی و
تەندروستی زۆری بۆ ژن و مێردەکان دروست کردووە. لەلایەکی تریشەوە
لەبەرامبەر ئەو توندو تیژییەی کە لەدراما دۆبلاژکراوەکانەوە پەخش
دەکرێن بێدەنگەو خەمی ئادابی گشتی بۆ ناخوات و کێشەی نییە کە ئەو
دیمەنە خوێناوییانە چ کاریگەرییەک لەسەر ھزرو ئەندێشە و رەفتاری
تاکەکان دادەنێت.
ترادسیۆنالیست و ئیسلامییەکان ھەوڵ دەدەن لەژێر ناوی پارێزگاری کردن
لە دابی گشتی وێنەی ماچێک بکەنە مەسەلەی رای گشتی تاکو لێرەوە بەناوی
زۆرینەوە رەوایەتی بەو ستەمکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بدەن کە
ئازادییەکانی تاک سەرکوت دەکات و تاک لەتاکێتی دەخات. لەرووی
کۆمەڵایەتییەوە ئەمان دەیانەوێت ئاراستەکەر و دیاریکەری رەفتار و
ئاکاری تاک بن، پەنابردنیشیان بۆ یاسا ھەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی ئەو
رەفتارانە تا ئەو بەھایانە بسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەدا کە خۆیان بە پێوەری
دەزانن بۆ ژیانو بوونیان.
ئەم سەلەفیەتە لەسەر دوو ئاستی سیاسی (ئیسلامی)و رۆشنبیری( ھەندێک لە
نووسەر و رۆشنبیرەکان) خۆی مانیفێست دەکات، بۆیە لە لایەکەوە پەنا
دەباتە بەر ئایین و حەرامەکانی لە لایەکی دیکەشەوە پەنا دەباتە بەر
کایەی رۆشنبیریو دید و بۆچوونە سەلەفییەکانی لەبەرگی کەلتوور و
مەعریفەدا دەشارێتەوە و مەبەستیشی ملکەچ پێکردنی تاکە بۆ کۆمەڵێک بەھا
و نەریت کە ئەم ناویان دەنێت دابی گشتی، واتە( عورف یا دابی گشتی
دەکاتە رێسایەک بۆ رەفتار و بۆ پێوانەیەک بۆ روانینی بۆ شتەکان)(٢).
ئەگەرچی لە کۆمەڵگە داخراو و کەلتوورە چەپێنەرەکاندا سێکسواڵێتی یاخود
رەفتارە سێکسییەکانی مرۆڤ کراوەتە رەگەزێکی سەرەکی پێکھاتەی دابی گشتی
و رەھەندێکی یاسایشیی پێبەخشراوە، بەڵام ھێشتاش لە یاساکان و دەستوری
عێراقیدا بەروونی ئەم چەمکی دابی گشتییە نەناسێنراوە، ئەمەش لەبەرئەوەی
وەک (تاریق حەرب) سەرۆکی کۆمەڵەی رۆشنبیری یاسایی عێراق پێیوایە مەحاڵە
دەستەواژەی دابی گشتی پێناسە بکرێت، چونکە چ لە رووی یاسایی و چ لە
رووی ئایدیاوە رێژەییەو بە پێی گۆڕینی کات و شوێن دەگۆڕێت(٣).
واتە دەشێت رەفتارێک لە قۆناغێکی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەکدا ئازاد
بێت، بەڵام لە قۆناغێکی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیەدا و بە ھۆی دروست بوونی
دۆخێکی کۆمەڵایەتییەوە یاساغ و قەدەغە بکرێت. ئەوەش شتێکی سەرەتاییە
کە بڵێین چ رەفتارە سێکسییەکانی مرۆڤ و چ چەمکی ئەخلاق چەسپاو نین و
بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێن. ترسی نەریتخوازەکان و ئیسلامییەکانیش
ھەر لەم چەمکی گۆڕانە کەلتوورییەیە و وایان لێدەکات نەک ناتوانن لە
ئێستادا بژین و بۆ ئاییندە بڕوانن، بەڵکو دێن بەتوندی باوەش دەکەن
بەرابردووو چەمکی رەسەنایەتی و شکۆکانی رابردوودا و پەلاماری ھەموو
رەفتار و سلوکیاتێک دەدەن کە بیەوێت یاخی بێت لەو سنوور و
چوارچێوەیەی کە ئەمان بە پیرۆزی دەزانن، یەکەمین شتێکیش کە دەیکەن
نیشاندانی وێنەیەکی ئەھریمەنییانەی ئەو ھاوڵاتییانەیە کە دەیانەوێت
عەقڵ و جەستەیان لە زنجیر و کۆتەکان داب و نەریت رزگار بکەن و وەک
ھەڕەشەیەک بۆ ئارامیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی نیشانی دەدەن، بۆیە داب و
نەریت دەکاتە کوتەکێک و خۆیشی دەبێتە یاساوڵێک بۆ ھەڵگرتنی ئەو کوتەکە
تاکو ئاسایشی کۆمەڵایەتی پێ بپارێزێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەو بکوژی
ئیرۆسییەت و بەھێزکەری رەھەندی مەرگدۆستییە لە کۆمەلگەدا.
______________________________
پەراوێز:
١. فی
الحریة عامة و حریة الفرد الخاصة، د. جاد الکریم الجباعی
http://www.altasamoh.net/Article.asp?Id=593
٢. التخلف
الاجتماعي مدخل الی سایکولوجیا الانسان المقھور، د. مصطفی حجازي.
المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء، المغرب، المطبعة التاسعة ٢٠٠٥، ص
١٠٥.
٣. اذاعە
العراق الحر
www.iraqhurr.org.
ماڵپهڕی
حەسەنی ئایشێ
|