په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٢

پاشا و کراس.


     لیۆ تۆلستۆی                                                                                                      لە فارسییه‌وە: ئازاد نەجم


جارێکیان پاشایەک نەخۆش کەوت و گوتی: نیوەی قەڵەمڕەویی پاشایەتیەکەم دەبەخشم بەو کەسەی بتوانێ چارەسەرم بکات و لەم نەخۆشیە ڕزگارم بکا.


تەواوی حەکیم و زاناکان کۆبوونەوە تا بزانن نەخۆشیەکەی پاشا چیە و چۆن بتوانن چارەسەری بکەن. بەڵام هیچیان سەریان لێ دەرنەکرد. تەنیا یەکێکیان نەبێ کە گوتی: چارەسەری نەخۆشیەکەی دەکرێ ، دەبێ کراسی کەسێکی خۆشبەخت بێنن و پاشا لەبەری کات و ئەوسا چاک دەبێتەوە.


پاشا دەسبەجێ پەیک و تەتەرەکانی خۆی بەسەرانسەری وڵاتدا بۆ هێنانی کراسی کەسێکی خۆشبەخت ، بڵاو کردنەوە. سەرانسەری وڵات گەڕان ، بەڵام نەیانتوانی کەسێکی خۆشبەخت بدۆزنەوە. تەنانەت کەسێکیان دەسنەکەوت لەژیانی خۆشی ڕازی بێت. ئەوەی دەوڵەمەند بوو نەخۆش بوو. ئەوەی لەش ساغ بوو هەژار بوو. یان ئەگەر دەوڵەمەند و لەش ساغیش بووایا ژنێکی خراپی هەبوو. یان ئەگەر منداڵی هەبووایا منداڵەکانی خراپ بوون. بەکورتی کەس نەبوو گرفتێکی نەبێت.


سەرەنجام شەوێکیان لای بەرەبەیان ، کوڕی پاشا بەلای کوختەخانویەکی هەژارانەدا تێدەپەڕی ، گوێی لەکەسێک بوو کە لەژورەوە بوو و دەیگوت: (زۆر سوپاس خودایە! کارم تەواو کردوە و تێر و پڕ نانم خواردوە ، ئێستا دەتوانم ڕاکشێم و بەئاسودەیی بۆ خۆم بنوم. ئیدی لەمە زیاتر چیم دەوێت؟).


کوڕی پاشا زۆر دڵخۆش بوو و دەسبەجێ فەرمانیدا بڕۆنە ژورەوە و کراسەکەی لەبەر داکەنن و بیهێنن بۆ پاشا تا لەبەری کات و چاک بێتەوە و کابراش چەندی ویست بیدەنێ. دەسبەجێ بەرەولای کوختەی کابرای خۆشبەخت وەڕێ کەوتن. بەڵام کاتێ چونە ژورەوە بینیان کابرا هێندە هەژارە کراسی لەبەردا نیە.

 

 

nagmkaya@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک