١١\١٢\٢٠١٥
پاشەکشێ لە ئیسلام
روودەدا یان بەرەو
پێش دەچێ؟

جەمال عەزیز
بەهۆی زۆر بوونی وتارخوێن و بانگخوازی ئیسلامی کەهەر یەکێک لەئاوازێ
دەخوێنێ پاشەکشێ لەئیسلامدا زۆر بووەو زۆرتریش دەبێ ، خۆهەڵقورتاندن لە
ژیانی تایبەتی هەموو خەلک لەکۆمەڵگادا کاری سەرەکی بانگخواز
ووتارخوێنانی ئیسلامی یە هەر لەنینۆک کردن وقژ داهێنان ، چوونە سەر ئاو
و خۆشۆردن ، تاکو دەگاتە لێخوڕینی تۆتۆمبیل لەلایەن ئافرەتانەوە ئەوان
قسەی لەسەر دەکەن، هەندێکیان گوێ بەحەدیس نادەن وهەندێکیان حەدیس دەکەن
بەسەرچاوە بۆ قسەکانیان لەسەر هەموو شتێک کە خۆیان حەزیان لێینەبێت قسە
دەکەن.
بانگخوازانی ئیسلامی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا ، کەئەمانیش دژایەتی
یەکتری دەکەن ، هەندێکیان بەئەوپەڕی قەناعەتەوە لەگەڵ کوشتن و سەربڕین
ودەست بڕیندان ، هەندێکیان کەمێک هێواشترن تاکو ئەوکاتەی ڕەخنە
لەپیرۆزیەکانیان نەگیرێ، لەم ڕۆژگارەماندا ئیسلام بەهۆی زۆری
بانگخوازەوە کەوتۆتە نێوان بەرداشی هاڕین و پوکانەوە ، هۆکارەکەشی
تەنها خودی ئیسلام وبانگخوازەکانیانە ،بەڵام هیچ کاتێک ئەم ڕاستیە
بەسەر خۆیاندا ناهێنن بەڵکو تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی خەڵکی دی وخۆیانی
لێبێبەری دەکەن وبۆ داپۆشینی تاوانیان فتوای کوشتنی خەڵکانی دی دەدەن.
- بانگخوازی کۆن و دەمارگیرەکان ! ئەوانەن
کە دەستیان بەقورئان و حەدیسەکانەوە گرتووە، هەرچی هەیە لەقورئان
وحەدیس دەیانەوێ لەم ڕۆژگارەشدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێ ، ئەم بانگخوازانە
دەیانەوێ خەڵکی لەسەدەی بیست ویەکەمدا وەک سەدەی یەکەمی کۆچی بژی ،
نایانەوێ بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لەقورئان وحەدیسدا بکرێ ، بەڵکو دەبێ
وەک خۆی جێبەجێ بکرێ، باوەڕیان وەهایە کەقورئان بۆهەموو سەردەمەکانە
بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک لە هیچ وشەیەکیدا، هەرئەم جۆرە لەبانگخوازان
نایانەوێ هیچ گۆڕانکاریەک لەئەقڵ وژیانی خەڵکی ڕووبدات ، لەبەر ئەوەی
هەرگۆڕانکاریەک بە زیان بۆ سەرئیسلام دەزانن.
- بانگخوازی نوێخواز! ئەمانە ئەیانەوێ
بەجۆرێک خۆیان نیشان بدەن گوایە نوێخوازن ، باوەڕیان بەکۆن وڕابردوو
نیە ئەمانە بۆینباخ دەبەستن جلی شارستانیانەی سەردەم لەبەردەکەن ودەڵێن
ئەبێت ئیسلام لەگەڵ سەردەمدا بگونجێ؟ ئەمان ئەیانەوێ بڵێن کە ئیسلام
باوەڕی بەکلتورو کەلەپور و نەتەوەو ئاینی دی هەیە ، هەروەها ئەم
بانگخوازە نوێخوازانە ئەیانەوێ لێکدانەوەی نوێ بۆ قورئان وحەدیسەکان
بکرێ ، لەزۆر جێگەدا باوەڕیان بە بوخاری و صحیح مسلم و طبری و ابن
تیمیمة وچەندانی تر نیە ، لەبەر ئەوەی لەگەڵ بیری ئەوان ناگونجێ . نەک
لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێ ، ئایە ئەم جۆرە لەبانگخوازی
نوێخواز بەڕاستیانە ئەیانەوێ نوێکاری بکەن؟ ئایە قورئان وحەدیسەکان
ڕێگە ئەدات کەنوێکاری تێدابکرێ؟ ئایە بەرەی بانگخوازی دەمارگیر ڕازین
بەم گۆڕانکاریانە وچی ڕووئەدات لەنێوانیان ؟ هیوادارم بەرەی بانگخوازی
نوێخواز کۆڵنەدەر بن وسەرکەوتووبن لەکارەکانیاندا هەرچەندە گومانم هەیە!
بانگخوازی نوێخواز کاتیک دەگەنە سەر شرۆڤەکردنی ئەو ئایەت وحەدیسانەی
بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێ ، هانی کوشتن دەدات ، باوەڕی بەزانست نیە چی
لێدەکەن یان چی لەبارەیەوە دەڵێن ؟ بەکام لەجۆرەکانی ئەقڵ و
لۆژیک شرۆڤەی قورئان و
حەدیس دەکەن ؟ لەڕابردوو ئیسلام باوەڕی تەواوی بە ئیفلاس بوونی
ئەوروپا و کافران هەبوو ، هەمیشە چاوەڕوانی هەڵگەڕانەوەی مرۆڤەکان بوون
کە پۆل پۆل بێنە ناو دینی ئیسلام ، بەڵام دەرکەوت کە پۆل پۆل مسوڵمانان
وازلەدینەکەیان دەهێن ، هەندێکیان دەچنە سەردینی جیاواز لەئیسلام و
هەندێکیان دەبن بەبێ باوەڕ بەهەموو دینێک! ، ئایە بانگخوازی
نوێخواز دەتوانێ بڵێ ئەو ئایەتە هەڵەیە (قاتلو الذین لایومنون باللە
وبالرسولە) ئەم ئایەتە ڕاست و گونجاوە بۆ ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتی(لکم
دینکم ولی دین) خۆئەگەر نەیتوانێ ئەو ڕاستیە بڵێ ئایە ئامادەیە ئەویش
وەک بانگخوازانی تووندڕەوو هەژمار بکرێ؟ یان تەنها بۆینباخ و
جلوبەرگەکەی جودایە لەوانی دی! نابێت کاروکردەوەیان لەگەڵ وتاریاندا
نەگونجێ گەروانەبوو سەرزەنشت دەکرێن.
زانست و تەکنەلۆژیا کاریکی زۆر ئاسانی بۆ
مرۆڤایەتی فەراهەم کرد ،لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانی زۆر ڕاستیت بۆ
دەربکەوێ لەدوورترین جێگەی ئەم گۆی زەویە ، ئیسلام هەمیشە مرۆڤەکان
بەگومڕاو سەرلێشێواو ناودەبات ، خۆشی تەنها لەئیسلامی بووندایە! خێرو
بەرەکەتی خودا تەنها لای ئیسلامە ، ڕاستگۆی وسۆزو بەزەیی تەنها ئیسلام
پەیڕەوی دەکات ، بەڵام دەرکەوت هەموو ئەمانە پێچەوانەکەیان ڕاستی یە ،
کەم نین ئەو مسوڵمانانەی لەتاو زوڵم وزۆری سەرکردە ئیسلامیەکانیان ماڵ
وجێگەی خۆیان بەجێدەهێڵن ، خێرو بەرەکەتی خودا ئەگەر لای ئیسلامیش بێت
بەڵام مسوڵمانان لێی بێبەشن ، سەرکردەی ئیسلام هەرگیز بەیەکسانی دابەشی
ناکات ، بەڵکو سیاسەتی بەشی خۆم بۆ خۆم بەشی تۆش دەخۆم پەیڕەو دەکات ،
ئایە بانگخوازی نوێخواز بۆ ئەم سیاسەت وبەرنامەیە چی دەڵێ ، گومانم
هەیە هیچ بانگخوازێکی نوێخواز هەبێ بڵێت ئەی خەڵکینە باوەڕ بەهەموو ئەو
وتارانە مەکەن کەلەڕۆژانی هەینی لەمینبەرەکانەوە گویبیستی بوون
بەتایبەت ئەو وتارانەی هانی دەدان بۆ جیهاد و مردن لەڕێگای خودادا ،
چونکە خودا پیاوکوژی خۆش ناوێ ، خودا فرەژنی پێ باش نیە! خودا
داگیرکاری ناوێ هەموو زەوی موڵکی خۆیەتی ، گومانم هەیە بتوانن بڵێن
کۆمپیوتەرو زانستی گەردوون و دۆزینەوەی تەنە وردەکان و ئەستێرە هەرە
دوورەکان هەرگیز لە قورئان وحەدیسدا باس نەکراوە ، گومانم هەیە بتوانێ
بڵێ پێنج بەشی دەسکەوتەکان لەشەڕدا بۆ پەیامبەر کاریکی هەڵە بوو ،
ئیسلام لەئێستاو لەڕابردوودا بە قورئان وحەدیس ناسراوە ، لێکدانەوە
وشیکردنەوەی هەموو ئایەتەکان زۆر ڕاستی ڕوون کردۆتەوە ، هۆکاری ئەم
ئایەت وئەوی تریانی بۆ ئاشکرا کردووین ، ئەگەر بانگخوازێکی نوێخواز
گومانی لە تەفسیری فڵان مفەسیر هەبێ ، ئایە ڕێگە ئەدات کە نەوەی نوێ
گومانی لە پەیامبەری ئیسلام هەبێ ، چونکە ئەو گەنجە مسوڵمانە پەیامبەری
ئیسلام لەڕێگەی طبری وبخاری ، مسلم و هتد دەناسێ.
ئاشکرایە لە ئیسلامدا هەموو مرۆڤێکی بەدەر لە
ئیسلام بە کافر ، گومڕا ، کوێر ، کەڕولاڵ ، دڵ ڕەش ، بۆگەن ،
پیس ، نەوەی جنۆکە وبەراز، ئەهلی ئاگر، داخ لەدڵ ، دوژمن، بێ ئەقڵ ،
وچەندان وەسفی ناشیرینی تر ناوزەند دەکات ، (لهم متاع دنیا ولهم عذاب
النار )، بوزیەکان ، زەردەشتیەکان ، یەهودیەکان ، مەسیحیەکان ،
لەقورئان وحەدیسدا بە کافر ناویان هاتووە ، هەموو کافرێکیش دەبێت
بکوژرێ ونەعلەتی خودای لێکراوە ، ئایە بانگخوازی نوێخواز دەربارەی ئەم
هەموو قسە ناشیرینانەی لە ئیسلامدا ڕیزکراون چی دەڵێ ، دەتوانێ بڵێ
نەخێر ئەوانە پیس نین ، ڕۆڵەی جنۆکەو بەراز نین ، دەتوانێ بڵێ هەموو
ئەوانە برا وخوشکی منن لە ڕووی مرۆڤایەتیەوەو ئەم جیهانە جێگەی
هەموومانی تێدادەبێتەوە گەر بەئاشتی وئارامی بژین ؟! ئایە دەتوانێ بڵێ
ئەگەر ئەو مرۆڤانە پیس وبۆگەن و ڕۆڵەی جنۆکەو بەرازن کەواتە خودا هەڵەی
کردووە لە دروستکردنیاندا بەرازی بە مرۆڤ خولقاندووە ، یان خودا
هەرمرۆڤی پیس وبۆگەن دروست دەکات ،( الانسان غیر مسلم هو عدواللە) (نعلت
اللە علی الکافرین )، چی دەڵێن بۆ ئەم وتە پرلە قین و ئینکاری کردنە لە
مرۆڤایەتی.
ئیسلام لە پاشەکشێ
دایە! لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئەگەر
لەلایەن بانگخوازی کۆنەپەرست بێت یان بانگخوازی نوێخواز هۆکاری بێت ،
چونکە هیچیان ناتوانن ئەو مرۆڤانەی کە ئیسلام نین بە کافریان نەزانن ،
هەروەها هیچ لایەکیان ناتوانن خۆیان لەو ڕاستیە قورئانیە لابدەن کە
هەموو کافرێک دەبێت بکوژرێ ، کێیە ئەو مرۆڤە خۆنەویستە ئیسلامیەی کە
بتوانێ بڵێ خودا بە خواست ویستی محەمەد چەندان ئایەتی دابەزاندووە ،
کێیە ئەو بانگخوازە ئیسلامیە نەترسەی بڵێ چەندان مێژوو لەقورئاندا
باسکراوە ، هەڵەیە یان بەهەڵە لە مێژووەکانی پێش ئیسلام وەرگیراوە
بەڵام بەهەڵە!
٩\١٢\٢٠١٥
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|