په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١٠

پاشکۆ ئەدەبی و هونەرییەکان لە رۆژنامەگەریی کوردیدا.


فەرەیدون سامان  


ئەمڕۆ لەباشوری کوردستاندا چەندان بڵاوکراوەی فەرهەنگی و ئەدەبی و هونەری هەن وەک پاشکۆی رۆژنامەو گۆڤارەکان دێنە وەشاندن، چ حیزبی و حکومی، بەدەگمەنیش ئەهلی ، هەندێک لەو بڵاوکراوانە لاپەرەی ئەدەبی وهونەرییان هەیە کە هەفتانە یان مانگانە دەردەچن ، ئەم پاشکۆ ئەدەبی وهونەرییانە تارادەیەک توانیویانە وروژاندنێک لەنێو گۆمی مەندی بزاڤی رووناکبیریی کوردی بهێننە ئاراوە ، لێ بێگومان ئەم بڵاوکراوانەش لە کێشە و کەم وکوڕی بێ بەش نین ... لەوانەش لەهەموویان زەقتر گرفتی وەلانانی زمانی ستاندارد و بەکارهێنانی شێوەزاری لۆکالی یان ناوچەیی و سەپاندنی بەسەر زمانی نووسین و داڕشتنی بابەتە ئەدەبیەکاندا ، بە رادەیەک ئەگەر بەمەبەستیش نەبێ ، بەڵام جۆرێک لەشۆڤینیەتی ناوچەگەرێیتی بەسەر هەندێکیانەوە دیارە ، لەبەرهەمە ئەدەبییەکاندا ئەم شێوەزارە ناوچەییانە بە ئاشکرا رەنگییان داوەتەوەو داهێنانە ئەدەبیەکان لەچوارچێوەیەکی داخراودا جێهێشتووە ، چونکە ئەدەب ئەفراندنی زمانە ، بەڵام هەندێک نووسەر هەن کە ماوەى 30 ساڵ زێترە دەنووسن کەچی بەرهەمێک پێشکەش بە خوێنەران دەکەن لەرووى زمانەوانییەوە خەراپ و تەنانەت هەندێجار وێرانیشە ، بۆیەش ئەوە گومان دروست دەکات کە ئەو دەقە ئەدەبیە بەرهەمى هزرو خەیاڵی ئەو بێت".


بۆیەش دەبێت ئێمە لەو دیاردەیە بکۆڵینەوەو و نەهێڵین لەو زیاتر دیاردەی بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی تەشەنە بسێنی َ، کە مەرجە لەو پاشکۆ فەرهەنگیانەدا زمانى نووسین زمانێکى ستانداردی نەتەوەیی بێت، لەکاتێکدا لەگەڵیدا ئاساییە وشە و زاراوەى لۆکاڵى بەکار بێت، بەڵام لەداڕشتن و گرامەردا گەرەکە ستاندارد بێت، وێڕای هەبوونی هەڵەی چاپ و زمانەوانی و دروست بەکارنەهێنانی خاڵبەندی پەتایەکی دیکەی کوشندەی ناو ئەو پاشکۆ فەرهەنگیانەن ، کە بە هەڵە گەیاندنى بۆ خوێنەران دیوە راستەقینە و داهێنانەکەی نیشان دەدات، هەبوونی کەسانی پرۆفیشناڵ و شارەزا لەو رۆژنامە و گۆڤارانەدا وەک فلتەری زمانەوانی و هەڵەچنی پێویستیەکی حەتمییە ، مخابن سەبارەت بەوەی کە ئێمە سەدان ساڵە هەست وهزرمان لەلایەن داگیرکەرانەوە غەزووکراوە، بۆیە رۆشنبیریەکەشمان بە خۆمان نامۆ بووەو داگیرکراوە و لەژێر کاریگەری ئەواندا بۆتە رۆشنبیریی پیلانگێران نەک پلاندانان ، وەک کێشەی جیاوازی رەگەزیی ( نووسەرێکی مێ لەگەڵ نووسەرێکی نێردا) هەروەها لەنێوان نووسەری حیزبێک بۆ حیزبێکی تر و نووسەری شارێک لەگەڵ یەکێکی تر ، جگە لەبایەخدان بە نووسەرێکی نۆرماڵ و ناساندنی بەخوێنەران وەک داهێنەرێک و تەرخانکردن و پڕکردنەوەی چەندان لاپەڕە بۆی، لەهەمانکاتدا پەراوێزخستنی نووسەرێکی داهێنەری راستینە ، کە مخابن هەندێ جار ئەم سەوداکردنە لەگەڵ نووسەران دەچێتە خانەی بازرگانی کردن بە دەقی ئەدەبی شاعیران و نووسەران بۆ بەرژەوەندییەکی ماددی رووتدا ، گرفتێکی دیکەی ئەم پاشکۆ فەرهەنگیانە خراپی لایەنی هونەری و دیزاینە، ئەوەش هۆکارەکەى ئەوەیە کە هونەرکارانی ئێمە زۆر شارەزاییان لەو بوارە تەکنیکییە گرنگەدا نییە و کە سەرەنجام بۆ نیشاندانی دەقێکی ئەدەبی یان هونەری کاریگەرى بەسەر گەیاندن و چڕکردنەوەی واتاکان هەیە ، پەیوەستن بە ئەفراندنی دەقەکانەوە، هەڵوەستەکردن لەبارەى خراپی لایەنى هونەرى ( دیزاین ) وەک گەورەو بچووکى فۆنت و خەراپی دانانى تایتلەسەرەکی و فەرعییەکان و موتیڤ و باکگراوەندەکانیش. لەلایەنى هونەرى و دیزاینەوە ئەو پاشکۆیانە کە پێویستە مامەڵەیەکی هونەری و تەکنیکی لەرووى فۆنتەوە لەگەڵدا بکرێ ، کە سەرنجام چارەسەرنىکردنی ئەم کێشانە رەنگە ببێتە هۆی بێزار بوونى خوێنەران و وەلانانی ئەم بڵاوکراوانەو کاریگەری خراپیشی دەبێ لەسەر نەگەیاندنی پەیامی ئەفراندنی نووسەران".

 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدون سامان