په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٥\٢٠٢٠

پاسۆک و چالاکی و ھەڵوێستێکی گەورەی مێژوویی و تاقانە.

هەڵۆ محەمەد      


لە مێژووی بزاڤی ڕزگارخوازی کورددا، زۆر داستان و قارەمانێتی و ڕووداوی گەورە تۆمار کراون. گەلێ ھەڵوێست و مەردایەتیش بە زیندوویی نوسراونەتەوە و بوونەتە لاپەڕەیەکی گەشی مێژوومان..


ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕینەوە، جگە لەوەی لێوان لێوە لە ھەموو ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدا، ھاوکات ھەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی جیاواز و بێ نموونەیە، بەتایبەت لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول . ئەو مێژووەی کە بەداخەوە سیخناخە بە گیانی حیزب حیزبێنە و خۆپەرستی و خۆخۆری و بەرژەوەندی پەرستی و زۆر شتی تری نەرێنی. دوای نسکۆ١٩٧٥، کۆمەڵێ حیزب و ئایدۆلۆژیا و گروپی نوێ، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە زلەکە بە خێرایی، ھاتنە کۆڕی خەباتەوە. بەداخەوە بە سەروسیما و مۆرکی حیزبایەتی و ئەقڵێتی تاقە حاکمی گۆڕەپان و پاوانخوازی و دڕندۆکی لەگەڵ یەکتردا، ھەنگاویان ھەڵھێناوە و ئەندامانی خۆیان گۆشت کردووە.


بێ خۆھەڵدانەوە و لووت خشان لە ھەوری ئاسمان و بە درۆکردن و فووی فشە کردنە خۆ ، لەم ڕووبەر و واقیعەی خەبات دا، تەنھا کار و تێکۆشان و بیرکردنەوەی پارتی سۆسیالیستی کورد - پاسۆک شێوە و ئامانج و مانایەکی دیکەی ھەیە، یاخود بارگاوین بە خەسڵەت و مانای جیاواز. ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە و پیرۆزییەی گوتارە ڕەپوڕاستەی پاسۆک بووە خاوەنی و بانگاشەی بۆدەکرد و بە پراکتیکیش نوێنەرایەتی دەکرد.


گەر مێژوو نەشێوێندرێ و ھەر کەس و لایەک ھەق و مافی خۆی لەگەڵدا بکرێ و بدرێتێ، پێوەرەکانیش لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژووییەکان و ڕاستگۆیی شۆڕشگێریی و دڵسۆزی و پابەندبوون بێت، بۆ پیرۆزی و گەورەیی و مانای « نەتەوە و نیشتمان» و شۆڕشە ڕەواکەی، ئەوا کەس ناتوانێ شان بدات لە شانی پاسۆک، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتەوە لەو ئیمکانێتەی بۆی لواوە و دەسەڵاتی ھەبووە.


بێئاگایی بەشی ھەرە زۆری جەماوەر لەم راستییانە، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پاسۆک دەزگایەکی بەھێز و کاریگەر - ڕادیۆ و تیڤی- نەبوو. تا بتوانێ ئەم باس و ڕووداوانە خێراتر و باشتر و ڕاستەوخۆتر بگەیەنێتە جەماوەر. لەلایەکی ترەوە ئەوەی دوێنێ خاوەنی دەسەڵات و ئیمکانێتێ بوو، ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە، بێ ڕوحمییەکی گەورە دەکات لەگەڵ مێژوودا. لە نووسینەوەی مێژوودا شێواندن دەکات و ھەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ رووداو و بەسەرھاتەکانی دوێنێمان و تەنانەت ئەمڕۆکەشدا ھەر نابەپرسانەیە.. بۆ ئەم باسەی لێرەدا دەیخەمە بەرچاوتان،ـ کە خودی ڕووداوەکەم لە دەمی بکەری چالاکییەوە و کۆمەڵێ بەشداربووەوە وەرگرتووە ـ ئاوڕدانەوەیە لە یەکێ لەچالاکییە ھەرە دیارەکان، لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک دا. بەداخەوە زۆر کەس لێی بێ ئاگان و لە مانا و ناوەڕۆک و ڕەھەندەکانی تری حاڵی نەبوون. دواتر بەندە لەچەند گۆشەنیگایەکەوە تیشکی بایەخ و گرنگی و تاقانەیی دەخەمە سەر چالاکییەکە.


سەرەتا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، ئامانجی ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ خۆ ستایشکردن و پاداشت وەرگرتن و لۆمە و سەرزەنشتکردنی ھیچ کەس و لایەک نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و قارەمانێتی و پاکێتی و دڵسۆزی کەم وێنەیە، بەمانا فراوانەکەی کوردایەتییە. شایانی وتنە، ونبوون و فەرامۆشکردن و نکۆڵی کردنی ئەم چیرۆک و ناواخن و ھەڵوێستە جوانەکەی، کە مشتێ لەخەروارێکە!،بەرلەوەی نادیدەگرتنی بکەرەکەی( پاسۆک) و شێواندنی ناوەکەی و خودی ڕاستییەکان بێت، ناھەقییەکی گەورەیە بە مێژوو و سەربڕینی ڕاستییەکانە بە چەقۆی کوول.


پاسۆک.. ھەر لە ڕسکانییەوە، بایەخی زۆری دا بە ڕێکخستن و خۆ پەروەردەکردن و ئامادەکاریی و تێگەیشتن، لە چەمکی شۆڕشکردن و خەباتی ڕزگاری نیشتمان و ھۆشیارکردنەوەی تاکی شۆڕشگێڕی کورد - پێشمەرگە - ی خۆنەویستی گیان لەسەر دەستی کوردایەتی، لە ناھۆشیاریی و ڕەشۆکێتی دڵسۆزانەی بێ ستراتیژ و پرنسیپێتی. ھەر بۆیەشە لە سەرەتاوە یەکێ لە دروشمە ناوەندی و گەشەکانی « چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە» ی بڵند کردەوە. بەڵێ بڕیاری تەرخانکردنی قورسایی ١٠ساڵ خەباتی سەرەتا، بۆ خۆ چەکدارکردن بوو، بەو خەسڵەت و مانایانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێدان. ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتەش بوو، سەلماندی کە ڕێکخستنەکانی پاسۆک بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بەھێزترین و تۆکمەترین ڕێکخستنی دەست وەشێن و چالاک بوون و لە کەرکووکیش زۆر چالاک گاریگەربوون لە پەروەردەکردنی ئەندامان،دوژمنیش لێی تۆقا بوو. لەو ڕۆژگارەدا ئەرکی ڕێکخستنەکان سەخت و فرە لایەن بووە. کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و خۆفرۆشان، یەکێ بووە لە چالاکییە بەرچاو و گرنگ و زیندووەکانی ڕێکخستنەکان. بێ ئەم میتۆدە، کاری پێشمەرگە و شۆڕش لە شارەکاندا سەخت بوو.


قوتابی/ خوێندکارە عەرەبەکان کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی بەناو « یەکێتی نیشتمانی بۆ قوتابیانی عێراق» ڕێک خرابوون، سەر بە پارتی بەعس بوون. ئەم ڕێکخراوە پێسەییە ھیچی لە دەزگایەکی ھەواڵگیریی و ئاسایشی کەمتر نەبوو. ھەم سیخوڕییان بەسەر خوێندکارە کوردەکانەوە دەکرد، ھەمیش گوشاری زۆریان بۆ بەعسیکردن دەخستە سەر خوێندکارە کوردەکان. لەم ڕووەوە ئەوانیش ناو زڕاو ببوون.


ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠- ١٩٨٨، دەرفەتێکی باشی خوڵقاند بۆ ئاوێتەبوونی زیاتری ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان و جەماوەر. توانرا سوودێکی باش لە لاوازی و کزی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا ببینرێ. بەڵێ سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، کەم شەو ھەبووە، مەفرەزەیەکی پاسۆک یان زیاتر نەھابێتە شاری سلێمانییەوە و بە چالاکی و دەستکەوتی جۆراوجۆرەوە جێ دەستی خۆی بە ڕووداوەکانە نەخش نەکرد بێت. شار و گەڕەکە ئازاد و نیمچە ئازادەکانی ئازادی و گۆیژە و سەرکارێز و ئیبراھیم پاشا و گردی سەیوان، گەواھی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن. جۆری چالاکییەکانیش دەست وەشاندن بوو لە دامو دەستگا و سیمبۆڵ و ھێزە دڕندەکانی ڕژێم و سزادانی تاوانبار و خۆفرۆشان و تەمێ کردن و ئامۆژگاری کردنی ھەڵخەڵەتێندراوان و پروپاگەندەی ئەرێنی بۆ پێشمەرگە و شۆڕش و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر و تۆقاندنی داگیرکەر. چالاکییەکانی پێشمەگەی پاسۆک بەشێکی باشیان لە لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتیدا لەژێر ناونیشانی« تیشکێ لە خۆری کوردایەتی- دێڕێک لە داستانی بەچکە شێرانی نەتەوەیی» دا بڵاو کراونەتەوە. یەکێ لە دیاترینیان:


ـ شەوی ١٦-١٧/ ٢/ ١٩٨١ دەستەی شەھید « ملازم محەمەد شەوقی» دێنە ناوشاری سلێمانییەوە، کۆمەڵێ وردە چالاکی دەکەن، لە دانانی بازگە و ڕوونکردنەوەی ڕێبازی شۆڕش بۆ خەڵک و تەمێ کردنی ھەندێ خۆفرۆش. نیوەشەوێکی درەنگ لەگەڕانەوەدا بە لای بینایەکی بەرزدا تێدەپەڕن، کە ھێشتا گڵۆپەکانی داگیرساوە و جمەی دێ لە خەڵک. زوو بۆیان ئاشکرا دەبێت، کە ئەمە بەشی ناوخۆیی خوێندکارە عەرەبەکانە ناو زڕوەکەیە، کە پێشتر کۆمەڵێ ڕاپۆرتی ڕێکخستنەکانیان لەسەر ھاتووە و باسی ڕۆڵ و بوونی خراپی ئەمانە دەکەن.


بە پێی پلانێکی ژیرانە، کە زادەی ئەو چرکەساتەیە، فەرماندەی مەفرەزەکە ئاگاداری پێشمەرگەکان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ : دەچینە سەر ئەم بەشە ناوخۆییە و کەستتان ورتە و قسە ناکەن و ھەر بە ئاماژە و دەست ڕاوەشاندن قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن. فەرماندەی ژیر و خاوەن ئەزموون تەنیا ١٤ پێشمەرگەی لەگەڵ دەبێت. سەرەتا چوار پێشمەرگەیان لەبەر دەرگا و ناوەوە دادەمەزرێنێ. ئینجا دەرگا دەشکێنن و ھێڵی تەلەفونەکە دەپچڕێنێ و بە ٦ پێشمەرگە و بە جلی کوردییەوە دەچنە دوا نھۆمی خوێندکارەکانی لێیە. ھەموویان کۆ دەکرێنەوە و بەزمانێکی عەرەبی ڕەوان و دبلۆماسێتێکی بەرزەوە، سەرەتا و نابەدڵانە و بە درۆ!، دەکەوێتە پیاھەڵدان بەشانوباڵی بەعس و شۆڕش و سەددام دا. دوای کاژێر و نیوێکی قسەی لەم جۆرە دەڵێ: ئێستا کارێکی تایبەتی گرنگمان ھەیە، کێ ئامادە ھاوکاریمان بکات!.( ئەو ڕۆژگارە ھێزە ھەواڵگریی و ئاسایشەکانی ڕژێم زۆرجار بەجلی کوردییەوە دەردەچوون، بۆ لە سەرلێشێواندنی جەماوەر)!. لەگەڵ ئەم گوتنەدا، نزیکەی ٢٠٠ خوێندکارێک دەستیان بەرز دەکەنەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەدەبڕن. فەرماندە سەرەتا سەری دەسووڕمێ و دیارە بۆ ئەو بارودۆخە کەم دەرفەتە و بوونی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، کۆنترۆڵکردنی دوو سەد کەسی دیل زۆر زەحمەت دەبێت. بۆیەکا بروسکەئاسا بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێ ، ھەر ژمارەیەکیان لە دیارەکان، واتە ئەندام و بەرپرسە گەورەکانیان لێ ھەڵدەبژێرن. ئیدی یەکە یەکە بانگیان دەکات و لە پلەی حیزبییان دەپرسێ. ئەوەی زۆر پەرۆشە و«نێیر»و« نێیر متقدم» بەرەو ژوورە، جیایان دەکەنەوە ئەوانی دیکە بەڕەڵا دەکەن.


دەرئەنجام ٣٠ کەسێکیان لێ جیا دەکرێتەوە کە ٨ یان خەڵکی ئوردون دەبن. ھەر لە حەوشەی بەشی ناوخۆییەکەدا، ٣ یان، لە مەسەلەکە تێدەگەن، دەست دەکەن بە گریان و کڕووزانەوە. ئەو سیانە بەجێی دێڵن.. پاش تۆزێ لەناکاو لەبەردەم دەرگای دەرەوەی بەشی ناوخۆییەکەدا ، کابرایەکی تێکسمڕوای کەتەی زل بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕێیان پێ دەگرێ و دەڵێ: گەر ئێوە ئەمانە بەرن من ئابڕووم دەچێ. فەرماندەش لەکاتێکدا دڵی بەتەواوی بەم پاسەوانە دەسووتێ، لێ لەوەڵامدا دەڵێ: گەر تکەیەک ئابڕووشت نەمێنێ ھەر دەیان بەین.


مولام شوان، کە مێژووی لە مێژووی پاسۆک جیا ناکرێتەوە، ھەزاران جار گیانبازی بە ژیان و ڕۆحی کردووە و لەمەرگ گەڕاوەتە، فەرماندە و ئەندازیار و پاڵەوانی ئەم داستانەیە لەتەک دەستەیەک لە ڕۆڵە ھەرە جەربەزە و ئازا و لێھاتووەکانی پاسۆکدا. م. شوان دەڵێ: بەھەر ناری عەلییەک بوو خوێندکارەکانمان بە نەعل و بیجامەوە، گەیەندرانە گوندی قڕگەی نزیک شار و چیای گۆیژە... لەوێ پشوویەکی کورت دەدەن و پێڵاوی لاستیک و جلوبەرگ بۆ خوێندکارەکان دابین دەکرێ.. دوای ئەوە کێشە و مەترسییەکی تر دێتە بەردەم مەفرەزەکە. ئەویش بریتییە لە ڕێگای پشتی قڕگە و ھەڵگەڕان بەگۆیژەدا، ڕێگایەکی باریک و سەختە و کۆمەڵێ رەبایەی سەربازیش بەسەر چیای گۆیژەوە بوون. کۆنتڕۆڵکردنی ٢٧ کەسی دیل لەلایەن ١٤ پێشمەرگەوە کارێکی ئاسان نەبووە. بۆیەکا فەرماندە بە بیرۆکەیەکی تری زرنگانە، بیر لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە دەکات و خوێندکارەکان کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێ: ئێستا بەم توولە ڕێ بارکەدا بۆ ئەودیو ئەم شاخە ھەڵدەگەڕێن. ئەوەی ھەر جموجوڵێک بکات و لە ڕیز و ڕێگاکە دەرچێ، لەم ناوە گورگی برسی و دڕندە دەیخوات. ئەوسا ھەر کەسە خۆی بەرپرسە دەبێت لە ژیانی خۆی نەک ئێمە!. بەم شێوەیە و لە ترسا بێ قڕەوبڕە ھەموو ڕێگاکە دەبڕن و دەگەنە گوندی بناویلەی شارباژێر.


دیمەنی ئەم دیوی ڕووداوەکە و پەردەیەکی دیکەی ئەم شانۆیە، بریتییە لەشپرزەیی و دۆخی ھستریایی ھەموو داودەزگاکانی ڕژێمە لە شاری سلێمانی و کەرکووک و بەغدا و ئوردن و سووریا و لای فەلەستینی و - خوێندکارە ئوردونی و فەلەستینییە بەجێماوەکان ھەر زوو ھەواڵیان دابوو بە لایەنە پێوەندارەکانی خۆیان - و کۆمکاری عەرەبی. ڕژێم دەکەوێتە پەلەقاژە و تەماح بەردانە بەر ئەم لایەن و ئەو کەسایەتی بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان. شاندێکی پاسۆک کەوتە گفتوگۆ!، لێ بەھیچ ئاکام و دەستەکەوتێ نەگەشت. ئەم وەخۆ کەوتنەی ڕژێم، ھۆکارەکەی ڕوونە: کاری لەم چەشنە چاوەڕوان نەکراو بوو، لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە قەبارەی چالاکییەکە زۆر گەورە و کاریگەر بوو. گوشاری بەردەوامی مەلیک حسین و حکومەتی ئوردونی لەسەر بوو، لەو ڕووەوەی قوتابییەکانی میوانی دەوڵەتێکی عەرەبی بوون و بەم چارەنووسە ترسناکە گەیشتوون . ھێزێک ئەم چالاکییەی ئەنجام داوە، ڕەنگە لە ھەژمارد و لێکدانەوەکانی ڕژێمی عەفلەقدا، زۆر بەکاریگەر و گرنگ ڕیزبەند نەکرا بێت... بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ھەموو پێشنیازەی بە پارە و دەستکەوتی کەسی و حیزبی پێشکەش کرد و گوێی لێ نەگیرا... ئیدی بەم دۆخە پێشھاتووە ڕژێم ھێندەی تر شپرزە و ھەراسان بوو. ڕژێم کەوتە ھەواڵ ناردن لەڕێی لایەن و کەسەکانی خۆی و پیاو ماقوڵانی کوردستان، فەلەستینییەکان بەسەرکردایەتی یاسرعەرەفات کەوتنەجموجوڵ لە ڕێی ڕوو لێنان و گوشار بۆھێنان بۆ رەوانشاد مام جەلال و د. مەحمود ، کە ئەو دەم لە سووریا بوون. سکرتێری یەکێتی نیشتمانی دووجار سەغڵەت بوو. جارێ گوایە ئەو حاکمی گۆڕەپانەکەیە و چالاکییەکە لەدەڤەری دەسەڵاتی ئەودا کراوە و لایەنی تر نەک حیزبەکەی ئەو چالاکییەکەیان کردووە، تا دەستکەوتەکەی بچنێتەوە و جارێکی تریش وەک دۆستێکی نزیکی وڵاتە عەرەبی و فەلەستینییەکان. بەم شێوە ئەمانیش واتە سکرتێری یەکێتی و دکتۆر مەحمود کە لە دیمەشق بوون، بەردەوام پەیوەندییان دەکرد و نامەیان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانیان دەکرد. بیانووشیان ئەوە بوو با زیان بە پەیوەندی کورد و فەلەستینییەکان نەگات!. حکومەتیش لای خۆیەوە لە سەرێکەوە لەتەک ھەوڵەکانی بەم شێوازە بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان، لە سەرێکی ترەوە سەرگەرمی نەخشەکێشانی سیاسی و لەشکریش بوو. ئاخر ئەم چالاکییە، سەلماندنی کە بەعس و ڕژێمەکەی دەسەڵاتیان بەسەر شاری سلێمانیدا نییە و لەتەک کوشتنی مامۆستاکەی زانکۆدا، بووە ھۆکاری ئەوەی رژێم زانکۆی سلێمانی بگوێزێتەوە شاری ھەولێر.


پاسۆک ملی نەدا بۆ ھیچ تەماحێکی مادی کە خرابووە بەردەمی- بۆ نموونە، ئەگەر پاسۆک نێتی بەدەستھێنانی دەستکەوتی خۆیی بوایە، خۆ دەیتوانی بڕە پارەیەکی زۆر بە ملیۆنەھا وەرگرێ و خۆی پێ پۆشتەوپەرداخ و تەیار و چەکدار بکات و بەو پارەیە خزمەتێکی ھاوبیرەکانی خۆی بکات-. لێ گوێی بە ھیچ تکا و گوشارێکی کەس و لایەنێک نەدا و ئەو دەستکەوتانەشی ڕەتکردووە.. بەڵکە لە بری ئەوە،وەک پارتێکی خاوەن دۆزی نەتەوەی ڕەفتاری کردوو و بەرپرس لەبەردەم مێژوودا، کۆمەڵێ داواکاری - دواتر لە ڕەھەند و ماناکانی، وەک گەوھەری ئەم باسە دەدوێین- وەک پاکێجێک، دا بە ڕژێم. داواکارییەکان لە ڕووی چۆنێتیەوە ڕاستەوخۆ لە داوای سیاسی و نەتەوەییدا خڕ بوونەتەوە و گەلێ جیاوازن لە ھەموو ئەو داخوازییانەی تا ئێستا، لە لایەنەکانی ترەوە خراوەتە بەردەم دوژمن. یاخود لەم جۆرە ھەرا و قەیرانانەدا پێشکەش ڕژێم کراوە و داوا کراوە. چونکە داخوازییەکان ڕەھەندی جیاوازتریان ھەیە.


ڕژێم بێ ئەوەی بیەوێ دان بنێ بە داواکانی پاسۆک دا،وەک نیشاندانی نێت پاکی گورجوگۆڵانە ھەندێ کاری کرد. دەستی کرد بە بەردانی ١٠٠ خێزانی کەسوکاری پێشمەرگە و بەرپرسی ھەموو لایەنەکان. کە بۆ ئەو ڕۆژگارە کارێکی گەورە و دەستکەوتێکی سیاسی و مێژوویی بوو. کشانەوەی ھێزە ئوردونییەکە و نەھاتنی ھێزی دیکە بۆ کوردستان، خاوکردنەوەی زەبروزەنگ لەسەر شاری سلێمانی.(ئەمەش ناواخن و ناوەرۆکی بەشێکی ھەرە زۆری داخوازییەکانی پاسۆک بوون،دواتر بەڵگەکان دەبینن). شاراوە نییە ھێزێکی کەم دەرامەتی وەک پاسۆک لەو ڕۆژگارە دا، لە قۆناغی خەباتی پارتیزانی و لە ناوچە و دەڤەری وێرانکراو و خاپووردا بوو. ڕووداوەکان لە ھەناوی جەنگێکی خوێناوی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران دا بوو . کۆمەڵێ پارت و ڕێکخراوی ناتەبا و دوژمن بەیەک لەسەر گۆڕەپانی باشوور کوردستان ھەبوون دژ و نەیار بوون بە پاسۆک. توانای زەبەلاحی زەمینی و ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی و کۆمەڵێ فاکت و دێفاکتۆی تر لەسەر زەمینی واقیعە خوڵقا بوون، کە وایان کرد، بۆ پاسۆک سەخت بێت، ئیدارەدان و ھەڵسوڕاندن و شاردنەوە و بەخێوکردنی ٢٧ زیندانی/ بارمتە.

سکرتێری یەکێتی دوای نائومێدبوونی لە ھەڵوێستی پاسۆک، داوای لە یەکێتی کرد بوو بەھێزەوە بێنە سەر پاسۆک و ئەو خوێندکارانە ئازاد بکەن. بۆ ئەوەی خۆیان بە پیاوەتی بۆ عروبە بیاندەنەوە یان پێیان بفرۆشنەوە. ھێزێکی گەورەی زیاتر لە ٣٠٠ پێشمەرگەوە کەوتنە دووی ھێزەکەی پاسۆک.


ملازم شوان ، وەک سەرکردەیەکی کارامە و چاونەترس و خاون ئەزموون و دەرچووی ئەکادیمیای تایبەتی لەشکریی، دەستەیەک لە ھاوبیرە ئازا و بەجەرگەکانی پاسۆک، بۆ تاوتۆکردنی ئەم دۆخە لە گوندی پوشێن کۆبوونەوەیەک ساز دەدات و چەند بڕیارێک دەدەن: یەکەم ھێزەکە دابەشی ٣-٤ مەفرەزەی بچووک بچووک دەکەن و خوێندکارەکانیشیان بەسەردا دابەش دەکات. دووەم بە دابەشکردنە بۆ خۆپارێزی لە ڕژێم کە لە زەمین و ئاسمانەوە بەتەمای ھێرش و دابەزین بوو، ئەرکەکە دژوار و قورس دەکەن. سێیەم ھاوکات بۆ خۆ لادان لە شەڕی برایانی یەکێتی، بڕیار دەدات بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێ بکەوێ. تا دواتر لەوێوە بگەنە سەرکردایەتی پاسۆک کە لە داوداوێ بوو. ڕۆژێک ھێزەکەی یەکێتی بە پلان و فرت و فێڵ و بەناوی داوای کۆبوونەوە گەمارۆی ھێزێکی پاسۆک بە فەرماندەیی رەوانشاد مولازم کەریم لە گوندی عازەبان دەدەن. کاتێ دەزانن خوێندکارەکان لای ئەم ھێزەی پاسۆک نییە، تەڵەکە بەڕووی خۆیاندا دەتەقێتەوە و ناوچەکە بێ ئەنجامدانی ھیچ کۆبوونەوەیەک بەدەست بەتاڵی بەجێ دێڵن. شایانی ئاماژە پێدانە، بڕیار و پلانی چوون بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای ٣ خاڵ بوو:


١ـ حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران، دۆستێکی نزیکی پاسۆک بوو. پاسۆکیش لە ڕۆژانی میحنەتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و ئازادکردنی ناوچە کورییەکان کۆمەکی پێویستی حیزبی دیموکراتی کرد بوو.
٢- حیزبی دیموکراتی کوردستان، پێشتر ھۆشیاری بە ھەموو لایەنەکان دابوو، ھەر لایەک لەو بەشەی ژێر دەسەڵاتی ئەودا شەڕی یەکتر بکات، دیموکراتیش لێی دەدات. بەم دوو خاڵەش دەتوانرێت ڕێ لە یەکێتی ببەسترێتەوە و ئەوە بوو کۆڵیان دا.
٣- دەوڵەتی عێراقیش ناتوانێ لە ڕۆژھەڵات، ھیچ ئۆپەراسیۆن و چالاکییەک بکات.


شێرە کوڕانی پاسۆک لە پووشێنەوە بە گوندەکانی دۆڵپەموو و چاڵەخەزێنە و پەڕینەوە لە چەم و ڕووباری خوڕ و سەرکەتن بە شاخ، بە ھیلاکی و شەکەت و ماندوویەتییەکی زۆر بەڕێگای شێخەڵمارێن و ئاوی گۆڵێ و سوورەبان بە سەرماوسۆڵەی زستانی ئەو دەڤەرە کوێستانە خۆ دەگەیەننە بلەکێ ؟ ئیدی ئالێرە دەبێت کەشوھەوایەکی سارد و زریانی زستانێکی سەخت و تووش و جوگرافیایەکی پڕ لە ھەوراز و نشێو و چیای بەرز، بھێنیتە بەرچاوی خۆت ، مرۆ خۆی بەتەنھا توانای ڕێ کردنی ، کەچی پێشمەگەکانی پاسۆک کۆمەڵێ دیلی عەرەبیشیان پێش خۆیان داوە!. بەڕاستی ئەم باس و دیمەن و قارەمانێتییە، بۆ خۆیان کەرەسەیەکی ھێجگار زۆر باشن بۆ نووسینی دەیان ڕۆمان و سازدانی فیلمی کوردی. ئاخر قارەمانێتی و ڕەوتی ڕووداوەکان ھیچیان لە دیمەنی فیلمەکانی ھۆڵیۆد کەمتر نییە!. ئازایەتی ژەنەڕاڵی مێژووی گەلان ھەر ھێندەی لێھاتوویی و ئازایەتی مولازمە کوردەکەی پاسۆک و پێشمەگەکانی بووە!. ئەی بۆ نا؟! خۆ خەڵکی تریش نیوەی ئەوانەی ئێمەیان کردووە/ نەکردووە، کەچی ناویان بە گەورەیی چۆتە مێژووەوە و نەوە بە نەوە دەیگێڕنەوە و شانازی پێوە دەکەن.


لەم کاروانی ھات و نەھاتەدا جار ھەبوو پێشمەرگەکان شەو و ڕۆژێک بێ پشوو بە ڕێگای سەخت و ھەڵەمووت و دژواردا ڕۆیشتوون. ھەر بۆ خۆی پەڕینەوە لە پردی دۆڵێ سەرکێشییەکی تەواو گەورە بووە. بە تەنیا تەماشایەکی ئەو ئاوە خوڕە بەسەر ئەو پردەوە، لە شووڵک و بنەمێو دروستکراوە، بۆ خۆی دەبێتە مایەی سەڕسوورخوادن و گێژبوون و کەوتنە ناو ئاوەکە و ھەپروون بە ھەپروون بوون. لەبەر ئەم ھۆیە و پابەندی مۆڕاڵی و مرۆیی بە ژیانی ئەو بارمتانەوە، خودی ملازم شوان ھاوکاری پەڕینەوەی یەکە بەیەکەی خوێندکارەکانی کردووە. لە ڕێگا خوێندکارەکان زەحمەتی ڕێ کردنیان ھەبووە. لەتەک ئەم ھەموو چەرمەسەرییەدا. ئینجا سەرماوسۆڵە و زریان بەفربارین ھەڕەشەی گەورەی لەسەر ژیانیان دروست کردووە. بەڕادەیەک ھەموو دوودڵ بوون لە مان و ژیان و وتوویانە: داخۆ بڵێی بەم ھەموو گیانبازیی و ڕاکەڕاکەیە گەیشتووینەتە ئێرە و، ڕزگاربووین لە ھەڕەشەی رژێم و یەکێتی، ئێستا سروشت بەھەڕەشەکانی بمانکوژێ!؟.... بەڵێ سەرما و برسێتی فەرماندە و پێشمەرگە و دیلەکان بەتەواوی شەکەت دەکات . ئا لەم کاتوساتەدا ڕووداوێکی خۆش و ڕێکەوتی سەیر دەبێتە یادگارییەکی شیرینی لەیادنەچووەوەی ئەو چرکەساتە سەختانە. ئەویش ئەوەیە ڕۆژێ ھەموو بە ڕێگاوەن لەپڕ گەنجێکیان لێ پەیدا دەبێت ، سەروو ڕەحەتەلقومێکی قەبارە گەورەیان دەداتێ. ئەوانیش بەتامی نان و کەباب نۆشی دەکەن و ئاھێکیان وەبەردا دێتەوە. دواتر چەند پووشە خورمایەکی بەجێماو دەدۆزنەوە، ئەوانیش ھەر بە تامی کەباب لەگەڵ دیلەکان دا دەخۆن. تادواتر بە دژواری و زەحمەتێکی زۆر دەگەنە سەرکردایەتی لە داوداوێ.


ـ دەرئەنجام دوای کۆبوونەوە و گفتۆگۆی چڕی سەرکردایەتی ، لەسەر داوای چەندین جارەی مام جەلال و دکتۆر مەحمود ، ئوردونییەکان ئازاد دەکەن و دواتریش بەرودوا عێراقییەکان. ئەمە چیرۆکی ئەو داستانەیە کە نەخش بووە، بە کۆمەڵێ باس و خەسڵەت و تایبەتمەندی زۆر جیاواز، کە لە مێژووی ئەوانی تری جودا دەکاتەوە. ئامانجی ئەم نووسینە ، بەیاد ھێنانەوەی ئەم باسە گرنگ و بە بایەخە و سەرنج گرتنە لێی لە ٣ ڕەھەندەوە:


لە ڕووی سیاسییەوە:


ـ وەشاندنی ئەم گورزە لە ڕژێم و لەردەمەدا، گەورەترین چالاکی نموونەییە، کە ڕەھەندیی سیاسی لەناوەوە و دەرەوە وەرگرت .
ـ پەیامێکی کوشندەی دایە مەلیک حسین و لەشکرەکەی، کە ھاتبوونە ھانای سەددام و لە کوردستان نیشتەجێ کرابوون. گفت وابوو ھێزی تریش ڕەوانە بکەن، دواجار کشانەوە و ھیچی دی نەھات.
⁃ ئازادکردنی کۆمەڵێ گیراوی سیاسی ھەموو لایەنەکان، کەسوکاری پێشمەرگە، لە منداڵەوە ھەتا پیر و پەککەوتە.
ـ دامودەزگاکانی ڕژێم لە سلێمانی و کوردستان بەخۆیاندا ھاتنەوە و تێگەشتن لە شوێنیک بن، دەستی پۆڵایینی کوردیان ھەر دەگاتێ. دەبێت ھەمیشە وەک کەسی تۆقیو ژیان بەسەر بەرن.
⁃ بەرزبوونەوەی ورەی جەماوەر و ھێزی پێشمەرگە.

لە ڕووی ئایدۆلۆژی و فیکرییەوە:


لەم ساتەوەختەدا گیانی حیزب حیزبێنە و دڕندوگی لەیەکتر و ململانێی ناپیرۆز و شەڕی یەکتر و ناکۆکی سیاسی و ئایدۆلۆژی نێوان ھێزەکان دیاردەیەکی زەقی سەر گۆڕەپانەکە بوو. پاسۆک ساڵێک پاش ڕسکانی بەرنامەی « بەرەی کوردستانی یەکگرتوویی ھاوتای» پێشکەش بە ھەموو لایەنەکان کرد بوو. مەخابن ئەم باسە جێی بایەخ و باوەڕی ھیچ لایەنێک نەبوو. بۆیەکا ھیچ جۆرە بەرەو و فۆڕمێکی پێکەوە کارکردن لە ئارادا نەبوو. بەڵام پاسۆک وەک ھێزێکی پابەندی جددی بە پرنسیپ و ستراتیژ و بیروباوەڕەکەی و چەمکی کوردایەتییەوە، توانی باز بدات بەسەر ئەم ھەموو ئاستەنگ و دابڕدابڕبوون و خۆخۆیی و خۆویستییەدا و بە باوەڕ بەخۆبوون و گەورەییەکی تر و رۆحی کوردانەیەکی بەرز مامەڵە دەکات. لەم ھەلومەرجەدا پاسۆک بۆ خەباتکردنەکەی وەک ھەمیشە چ جیاوازییەکی ئایدۆلۆژی و فیکری و حیزبی ناکاتە پێوەر. ھەورەک دەبینن لە پاکێجی داواکارییەکان دا، داوای ئازادکردنی ٢٠ گیراوی ھەر یەک لە: یەکێتی و زۆر بەتایبەت پارتی کۆمەنیستی عێراق! و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان دەکات . تەنانەت کۆمەڵەی مارکسی!، کە باڵێکی سەرەکی یەکێتی بوو، بەجیا داوای ئازادکردنی ١٠ خێزانی گیراویان دەکات و لە خواری خواری لیستەکەوە، داوای ئازادکردنی ١٠ خێزانی پاسۆکیش دەکات. ھەڵوێست و مامەڵەی لەم چەشنە و بە ئەقڵێتی پێوەری ئەو سەردەمەی ململانێ ناپیرۆزەکانی پاش شۆڕشی ئەیلوول،زۆر تاقانە و بێھاوتایە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە چ حیزبێکی سیاسی؟!، نەک ھەر سیاسەتی کردبێ و بکات، بەڵکو لە قۆناغی خەباتی چەکداریشدا بێت، دێت و کاری وا دەکات!. تەنھا مەگەر ئەوانەی بە قەناعەت و باوەڕ و ئیمانەوە، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی پێش بەرژەوەندی حیزبی و کەسی دەخەن. ئەو حیزبە پاسۆکی ناوە. لەم ھەڵوێستە مێژوویەدا بە باوەڕی بەندە، داواکاری ئازادکردنی کەسوکاری پارتی کۆمۆنیستی عێراق، سەرتۆپی ئەو شانازییانەن کە پاسۆک بە کردەوە و لەسەخترین ساتە وەختەکانی خەبات و تێکۆشان دا و لەگەرمەی ڕۆژگاری ململانێ گەرم و خوێناوییە ئایدۆلۆژییەکاندابە ناوازەیی تۆماری کردووە.


با.. خوێنەر بچێ و ئەرشیڤی بڵاوکراوەکانی ئەو ڕۆژگارەی لایەن و قەڵەم بەدەستە چەپ و مارکسییەکان بخوێنێتەوە. تا بزانێ چۆن سیخناخن بە ھێرشی ناشایستە و داتاشینی چیرۆکی قێزەون و ھێرشی نامەردانە، بۆ سەر بیری نەتەوەیی و باوەڕ و ئیمانی کوردایەتی کردن بە پاسۆکیشەوە !. جا ئەوسا لە بایەخی بێھاوتای ئەم بیرکردنەوە و ھەڵوێستەی پاسۆک تێدەگات. چەپ گێڕ و فەریکەمارکسی و کۆمەنیستی کۆپیکراوی کوردی و دەروێشەکانی ماو لاساییکەرەوەی گەلانی سەردەست، لەچاوی بەرژەوەندی باڵای ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشقەوە سەرگەرمی ناشیرینکردنی وێنەی بیری نەتەوەیی و ڕێبازەکەی بوون . ھەندێکیان پەنایان بۆ توندوتیژی و تیرۆریش دەبرد و لەھەوڵی گەمارۆدان و لەناوبردنی پاسۆکدا بوون. کەچی پاسۆک دێ و چاوپۆشی لەم ھەموو ڕاستییە بەد و تاڵانە دەکات و داوای ئازادکردنی کەسوکاری ئەو لایەن و گرووپانە دەکات. ئەمە مەگەر ھەر لە پاسۆک بوەشێتەوە وەک زۆر جارانی تریش لێی وەشاوەتەوە. ئاخر پاشخانی ھاندەر و بزوێنەر و تۆمارکەری ئەم ھەڵوێستە بێوێنەیە ، ئەو ھێز و وزە و ئیلھام و پیرۆزییەی " چەمکی کوردبوون" ە، کە لە پانتایی و قوڵایی باوەڕ و ڕێبازی نەتەوەیی کوردایەتی کردندا بەرجەستە بووە.


ئەم ھەڵوێستە و زۆری تریش تا ئێستا کوتەکێکن بۆ لمۆزی ئەوانەی بێ پسان خەریکی دژایەتی بیری نەتەوەیی و ھەڵڕشتنی ژەھراون . بنۆڕن! لە ئێستا ھێز و کەسانی تر گەندە و خراپەکارن، کەچی ئەم دارودەستەیە، ھەورەک ڕسپێردرابن! یەکبینە ھێرش دەکەنە سەر بیری کوردایەتی!.. ئاخر زۆرن ئەوانەی ژەنگی چڵکنی ئایدۆلۆژی ھێشتا بەری نەداون و پاسۆک بە داخراو و دژە کۆمەنیست و ڕەگەزپەرست و عەرەبکوژ و تەنانەت زیادڕەویش دەکەن بە شۆڤێنی ناوزەد دەکەن.
ئەوە ئێمە بەم نموونەیە و گەلێ ھەڵوێستی تریش ـ بەرە بەرە لە داھاتوودا دێینە سەریان ـ لەسەر زەمینەی واقیع ئەوەمان تۆمار کردوە. ئەی ئێوە کوا تیۆری و پراکتیکتان بۆ دۆزی کورد؟!....کوا شەڕی ئێوە لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا؟!. کوان ئەو کادێرانەی ئێوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان پەروەردەتان کردوون؟! کوان ھەڵوێستی بەرزی ئێوە بۆ کورد،وەک چەپی میللەتانی تر بۆ نەتەوەکەی خۆیان تۆماریان کردووە؟ ئێوە ھێندەی خەباتتان دژ بە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم کردووە، دەتانویست لەم ڕێگایەوە ئاڕاستەی ستراتیژی کورد لە ململانێ و شەڕی داگیرکەرانی بکەنە پاشکۆی بزاڤی ناسیونالیستی عەرەب و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بووە، تاکە خەون و ئاوات و ستراتیژتان و...ھتد. سەبارەت بەم ھەڵوێست و بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیاپەرستییە،مامۆستا مەسعوود محەمەد،وتەیەکی جوانی ھەیە و دەڵێ:" کۆمیۆنیستی کورد ئەگەر با بدنەوە بەرەو ئامانجەکانی قوەمایەتی و چارەنووسی نەتەوایەتی کورد،بادانەوەیەک کە پێداویستی بیروباوەڕێکی تازەیان بێ، لە ھەموو تاقمێک زیاتر دەتوانن خزمەتی کورد بکەن.چونکە ھەم پێوەندی دۆستایەتییان بەملاو بەولادا شریتەی کێشاوە ـ ئەمە ساڵی ١٩٨٤،نوسراوە شورەوی و بلۆکی سۆسیالیستی پایەدار بوون .ھەڵۆ ـ ھەم پتر لە خەڵق قسەیان لێ دەسەلمێندرێ".

لە ڕووی نەتەوەیەوە:


گەر تەماشای ناوەڕۆکی داواکارییەکان بکەین و خوێندنەوەیەکی خێرایان بۆ بکەین، یەکەوە ڕاست ئەو ھەقیقەتەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ناواخنی داواکان نەتەوەیین و ھیچ داوای حیزبی و کەسی نین. لەمەش زیاتر سوود و قازانج و دەستکەوتەکە بۆ بەرەیەکی فراوان و فرە ئایدۆلۆژی و جیھانبینی جیاوازە. بۆ کۆمەڵێ حیزبە لەم پەڕەوە بۆ ئەوپەڕی جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژی. داواکان داوای پارە و پلە و پایە و خۆبردنە پێشەوە لەداگیرکەر و موزایەدەی حیزبی نییە.


لە ڕیزی داوای ئازادکردنی کەسوکاری پێشمەرگەدا، ناوی پاسۆک دوای ھەموو لایەنەکان ھاتووە. واتە ئێمە درەنگ خۆمان وەبیر ھاتۆتەوە. ئەمەش خەسڵەتێکی گەوھەری شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەیە. لەمەش گرنگتر پاسۆک ئامادەیی دەربڕیوە، دەستەبەردای گیراوەکانی خۆی بێت بەمەرجێ ھی لایەنەکانی تر بە مسۆگەری ئازاد بکرێن. ئەمەش ڕەگەزێکی تری بیری کوردایەتییە، کە ھەڵگرانی ئەم بیر و ڕێبازە بێنیاز و زۆر لە خۆبووردوون لە خەباتکردن دا.


ئەوەی لێرەدا شایانی ئاماژە پێدانە، پێویستە تیشکێکی بخەینە سەر ئەوەیە، ئەو سەردەمە لە ھەردوو بەشی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان، شەڕی کوردکوژی و براکوژی و ھیواکوژی لە نێوان بەشێکی بەرچاوی حیزبەکانی سەر گۆڕەپانەکەدا گەرم بوو. پاسۆک ئا لەم چرکە ساتەدا مۆڕی ڕەسەنایەتی و پیرۆزی بیر و ھەڵوێستی نا بە تەوێڵی مێژووی خەباتییەوە. ئەمەش سەروەرییەکی نەتەوەیی و مێژوویی و ڕوو سووریی و ھەڵوێستی بان ماناکانی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕییە.


گەلۆ .. دەزانن باوک و دایکی پیر و پەککەوتەی سەروو ٧٠ ساڵەی خودی فەرماندەی ـ م. شوان ـ ئەم قارەمانێتییە، یەکێک بوون لە گیراوەکان لە شاری بەسرە. ئیدی دڵسۆزی و لە خۆبوردوویی و بێنیازی لە خەبات و گیانبازی بۆ کوردایەتی، لەمە گەورەتر ھەیە؟ داخۆ ھیچ بەڵگە و ئارگومێنتێکی ترتان گەرەکە؟. ھەقە ئەوە بڵێین لەسەردەمی بوونی بەرەی کوردستانیش دا، کە ھەموو ھاوپەیمان بوون و ئیمزای پرۆتۆکۆلی لە نێوان حیزبەکاندا ئەنجام درا بوو، لایەنەکان ھەر بە ئەقڵی زلھێزی و خۆخۆری و تاکڕەوانە مامەڵەیان دەکرد. بەداخەوە لە زۆر بواردا ئێستاش بە بوونی حکومەتەوە و ھەر حیزبەی بەدوای دەستکەوتی خۆیەوەیەتی.
لەم ڕووەوە نموونەی ناشیرین زۆرە ئێمە باسی بکەین. ھەر لە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ دەستەی باڵای بەرەی کوردستانی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات و بۆ کۆڕەوەکەی١٩٩١١ و پێشتر بۆ کەمپەکانی پەنابەرانی کورد لە تورکیا. ھەمووی لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، بە ئاشکرا دیزە بەدەرخۆنە کرا. خۆم لەم ڕووەوە ئاگاداری ٤-٥ نموونەی زیندووم،ئێرە شوێنی باسکردنیان نییە.


ئەو ڕاستییەی لێرەدا خۆی دەسەلمێنێتەوە و وەک پرسیارێ قووت دەبێتەوە، ئەگەر بھاتایە و ھەر لە سەرەتاوە و پێکەوە بە رۆح و گیان و باوەڕ و پرنسیپ و ستراتیژی نەتەوەییانە/ پاسۆکانە کار بکرایە، داخۆ کورد لە قۆناغێکی تەواو جیاواز و گەلێ پێشکەوتووتر لە ئێستا نەدەبوو؟!. بێگومان و ھیچ دوودڵییەک حاڵمان حاڵی ئێستا نەدەبوو.


ئەمە لاپەڕەیەکی زۆر زۆر گەش و زیندووی جێی بایەخ و ھەڵوێستێکی گرنگی قۆناخێکی تایبەت و ھەستیاری پاسۆکە و گرنگە بۆ ئەوانەی ئەم مێژووە دەنووسنەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن لێی ئاگادار بن. پێویستە ئەم باسە و ھاوشێوەکانی لە بەرایی لاپەڕە گەشەکانی بزاڤی کوردایەتیدا تۆمار بکرێ. ئەگەرنا بەپێچەوانەوە مێژوویەکی تژی، لە درۆ و شێواومان بۆ دەنووسنەوە.


شایانی ئاماژە پێدانە، پاسۆک نەیتوانی بەم چالاکی و قارەمانێتییە، سەرباری ئەو دەستکەوتانەی ئاماژەمان پێداوە، لەسەر ئاستێکی بەرزتر شتی گەورەتریش بەدەست بھێنێ. ھۆکارەکەشی ئەوەیە، گەر بھاتایە کورد یەکگرتوو تر و خاوەن ناوەندێکی بڕیاردان و سەکردایەتییەکی بەھێز بووایە. بێگومان چالاکییەکە دەنگدانەوەی گەورەتری دەبوو و ھاوکات دەتوانرا دەستکەوتی باشتری لەسەر ئاستی جۆراوجۆر پێ بەدەست بھێنێ. ئەوەی دواتر زانرا یەکێ لە خوێنکارەکان، کوڕی یەکێ لە بەرپرسە گەورەکانی فەلەستینی بووە. لێ بەداخەوە زۆربەی لایەنەکان، نەک لێنەگەڕان پاسۆک بەتەنیا، یاخود بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەواندا، چ پلان و بەرنامە و داخوازییەک دابڕێژێ. ئەوان بە ھەموو شێوازێکی ناڕەوا، مرخیان لەوە خۆش کرد بوو بە خۆشی یان بە ناخۆشی، ئەو قوتابییانە لەدەست پاسۆک دەربھێنن و خۆیان دواتر سنگی پێوە فش بکەنەوە یاخود مشتێ دەستکەوتی حیزبی و کەسی بۆ خۆیانی پێ بەدەست بھێنن.

 

 

* * *


{{ لێرە بەدواوە دەقی بابەتەکە وەک بەڵگە و دیکۆمێت لە ژمارە٣ ی ئاڵای سووری کوردایەتی ، ئۆرگانی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک نیسانی ١٩٨١ نەورۆزی ٢٥٩٣ دا دەخەینە ڕوو}}...

لە شەوی ١٦-١٧/٢/١٩٨١ دەستەی شەھید « ملازم محمد شوقی» چوونە سەر بەشی ناوخۆی زانکۆی سلێمانی لە نێزیک گردی سەیوان، پاش ئەوەی سەعاتێک ڕێبازی شۆڕش و کوردایەتییان بۆ قوتابیان ڕوونکردەوە و ھانیان دان کە لەبەردەم زەبروزەنگی دڕندانەی بەعسیاندا خۆڕاگرن، لە نێوان«٤٥٠»قوتابیدا ، «١٩»قوتابی بەعسی لە « نێیر» بەرەو ژوور و «٨» قوتابی ئوردونییان بە بارمتە گرت. ئەمەش ناونیشان و پلەی حیزبییانە.
ناو تەمەن خەڵکی کۆلیج پلەی حیزبی

١ـ ربیع توفیق قاسم ١٩٦١ الاردن العلوم ــــــــ
٢ـ لوی احمد رفاعی ١٩٦٣ الاردن التربیە ــــــــ
٣ـ محمد ھایل ممدوح ١٩٦٢ الاردن التربیە ــــــــ
٤- ایاد اکرم الحبلونی ١٩٦٣ = الھندسە ـــــــ
٥- سامی حمد العودە ١٩٦٢ = الزراعە ـــــــ
٦- خالد عبد المعگی ١٩٦١ = التربیە ــــــــ
٧- عونی عسی برھم ١٩٦٢ = الاداب ـــــــــ
٨- فرحان محمد فرحان ١٩٦١ = العلوم ـــــــــ

* * * * *


١- سلام عبدالجبار گاھر ١٩٥٩ الانبار الزراعە نێیر متقدم
٢- عجاج شحادە حمودی ١٩٦١ التامیم التربیە نێیر
٣- وعداللە سعدی عبداللە ١٩٦٠ موێل التربیە عچو
٤- علی قاسم مربوش ١٩٦١ بغداد الاداب نێیر
٥- عامر فاچل داود ١٩٦٣ دیالی التربیە نێیر متقدم
٦- ابراھیم محمود جاسم ١٩٦٢ دیالی التربیە نێیر
٧- پائر سامی فرج ١٩٦٠ بغداد التربیە نێیر
٨- نمیر ناگم عبدالجبار ١٩٦٢ بێرە التربیە نێیر
٩- باسم عبد عباس ١٩٦٠ دیوانیە التربیە نێیر
١٠- اسعد فائق عبدالحافگ ١٩٥٨ بێرە التربیە نێیر متقدم
١١- عبدالناێر عواد ملیک ١٩٦٢ بێرە التربیە نێیر
١٢ـ سعد مرزوک حسن ١٩٦١ کربلاء التربیە نێیر
١٣- ێاحب مھدی محمد ١٩٥٩ بغداد التربیە عچو
١٤- عبدالکریم رحیم رستم ١٩٥٨ دیوانیە العلوم نێیر
١٥- ایاد ێاحب ھاشم ١٩٦٢ بابل الزراعە نێیر
١٦- سامی ێاحب ێفوک ١٩٦٠ بغداد الھندسە نێیر
١٧- عبدالکریم اباھیم حمود ١٩٥٨ بغداد التربیە نێیر
١٨- زیاد گارق علی ١٩٦٢ الانبار الھندسە نێیر
١٩- عامر حمید سلیمان ١٩٦٢ بغداد علوم نێیر
سەرنج: زۆربەی خوێندکارە بەعسییەکان، لە کۆلیجی پەروەردەن! ( ھەڵۆ محەمەد).


جەماوەری بەشەرەف و ستەمدیدەی کورد.


ئەگەرچی ئێمە تەنھا حەکەم و دادوەرێکمان ھەر جەماوەری زەحمەتکێشی کوردە و بەس.... ئەوەی دەیکەین ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی سەرشانمانە. نە چاوەڕوانی ئافەرین و نوقڵانەین ، نە دزە خونجینە و « میزاجی پرتەقاڵی» داگیرکەرە و بودەڵانیشمان بەلاوە مەبەستە، بەڵام بۆ ئەوەی کەس کاوێژی « نان و پیاز» مان پێوە نەکات و بازرگانی سوکانە و بێ ئابڕوانە بە خواست و ویست و مەسەلە ڕەواکەمانەوە نەکرێت. بە پێویستمان زانی لە بارەی چنیەتی و شێوە و جۆر و مەبەست لە بە بارمتەگرتنی ئەو قوتابیە بەعسییانەدا ڕوونکردنەوەیەک بخەینە پێش چاوان:


١- ئاشکرایە ئەوەی بەعسی بێت، جا فەرمانبەر، مەلا، قوتابی، سیخوڕ، ئەمن ھەرچییەک بێت بەعسییە و لەشوێن و ھەڵکەوتی خۆیدا دەوری جاسوس و ئەمنێک دەبینێ بەسەر جەماوەری گەلەکەماندا.
٢- چۆن »ئەمنی سیاسی« و » ئەمنی ئابووری« و » ئەمنی ناوخۆ و دەرەوە« ھەیە ئاواش « ئەمنی ڕۆشنبیریی- الامن الپقافی« ھەیە.... تەنھا جیاوازیان ئەوەیە ئەمانە لە بەرگی « نیلیی و خۆڵەمێشی« دان! ئەگەر وردی کەینەوە ئەمانە خەتەرترن چونکە ئەمنی ڕەشۆکی ناتوانێ و بۆی نالوێ وەکو ئەمان چاودێری و دووی قوتابیە نابەعسییەکان بکەون.
٣- ئەمانە لە نێوان » ٤٥٠ « قوتابیدا ھەڵبژێردراون و ھەموویان بەدەمی خۆیان دانیان ناوە بەوەی کە لە پلەی « نێیر» بەرەو ژوورترن، کە دیارە پلەیەکی وا ھەڵکشاو لە بەعسدا - جا ھەرچییەک دەبێ با ببێ- دوژمنێکی سەرسەختی ھەموو گەلی عێراقن!.
٤- ئەمانە لە پا و پارسەنگی گیرانی سەدان خێزانی پێشمەرگەدا گیراون، کە لە منداڵی شەش مانگەوە تا پیرەمێرد و پیرێژنی ھەشتا ساڵە لەزیندانە ترسناکەکانی بەعسدا لەژێر دڕندانەترین چەرمەسەری و تۆقاندنی « دەروونی و جەستەیی/ نەفسی و بەدەنی» دان.
٥- قوتابییە ئوردونییەکان دژبوون و جموجوڵی داگیرکەرانەی سوپای « مەلیک حوسەین»ی خۆفرۆشی داگیرکەر لە کوردستاندا گیراون.


ھەرچەندە ھەندێ بێ بێ ئابڕوو و » مبتور« بۆ خۆبردنە پێشەوە و گێرەشێوێنی قاوی ئەوەیان داخستووە گوایە ئەمانە « فەلەستین» ین بن! وەنەبێ ئەمەش لە خۆشەویستی و دڵسۆزی فەلەستینیان و کوردەوە بکەن... چونکە ڕابووردووی خۆیان و دەورووبەریان لاپەڕەی زۆر ڕەش و پڕ شەرمی پەیوەندییان لەگەڵ « ئیسرائیل» دا ھەیە!!... ئەمەش تەنھا بۆ شێواندن و دڵ کرمێیی دەکەن...


جا ئێمە ھەرزوو تەڵەی تەقیوی ئەوانەمان بەڕووی خۆیاندا تەقاندۆتەوە،کاتێ کە(فەلەستینیەکان) تکای ئازادکردنی قوتابییە ئوردونییەکانیان لە حیزبمان کرد ، وەکو ڕوویەکی دۆستانە بڕیارمان دا تکایان قبووڵ بکەین و بۆیان ئازاد کەین... لەگەڵ پیشاندانی بەڵگەیدەمی و دەستی ئەواندا کە« ئوردونین!!


پێش ئەوەش بۆ ئەوەی کە دەریخەین« سەربەخۆیی» و « بڕوا بەخۆبوون» و « خۆیبوون» چۆن دەبێ:


١- بە توندی رەفزی ئەو تەماعانەمان کرد کە نرایە بەرمان بۆ بەکارھێنانی ئەم مەسەلەیە بەو جۆرەی لایەک دەیەوێ!! ڕەفزمان کرد.،کە ببینە پرد و خەڵکی تر بەسەرماندا بپەڕنەوە. بائەو پەڕینەوەیەش بۆ لێدانی بەعس بێت...
٢- ئەو مەرجەی دانرابوو بۆ کێشانەوەی سوپای داگیرکەری ئوردون لە کوردستان« نەک لە عێراق، چونکە لە« حەمرین» بەرەو خوار پەیوەندیدار نییە بە ئێمەوە!» گۆڕدرا بە « سڕکردنی / تجمیدکردنی»جموجوڵی ئەو سوپا داگیرکەرە. نەبادا - خێر خوایان- بەلایەنی چەوتیدا لێکدانەوەی بۆ بکەن... ئێمە لە کێشەی شەڕدا« گامان لە گاڕاندا نییە، تا پێی ڕۆڵەی خۆمانی بۆ بەفر بردوو بکەین»....


٦- مەرجمان بۆ بەردانی ئەو قوتابیانە بەردانی خێزانی گیراوی پێشمەرگەی کوردبووە. ھەتا ڕازیش بووین بەوەی کە خێزانی پێشمەرگەی لایەنە شۆڕشگێڕەکانی تر بەربدەن و ئەوانەی (پاسۆک) بشھێڵنەوە ھەر ڕازین...

٧- بە فەرمی ئاگاداری میریمان کردۆتەوە، کە ئامادەین ئەو قوتابیانە بەربدەین بەو مەرجەی ١٠٠ خێزانی گیراو بەم جۆرەی خوارەوە بەر بدەن:
٢٠ خێزانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
٢٠ خێزانی حیزبی شیوعی عێراق
٢٠ خێزانی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٠ خێزانی حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان
١٠ خێزانیکۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان- کە باڵێکی یەکێتە-
١٠ خێزانی پاسۆک

چونکە ئێمە سەنگەر لە ھیچ کوردێکی دڵسۆز جوێ ناکەینەوە.

٨- ئاگاداری ھەموو لایەنە سیاسییە شۆڕشگێڕەکانمان کردووە چ بەدەمی و چ بە نووسراوی فەرمی کە نوێنەریان بنێرن و چاومان پێیان بکەوێت... ھەر پێشنیاز و بارێکی سەرنجیشیان لەم بارەیەوە ھەبێت دەخرێتە پێشچاو و پێشوازی لێ دەکرێت...


بۆ ھەر مەسەلەیەکی دیکەش ھەروا دەکەین چونکە ئێمە« پێش ئەوەی ھەر شتێ بین...کوردین» . حەزیش دەکەین دۆست و دوژمن چاک بزانن ئێمە بەتەنگ بەرژەوەندی ڕەوای نەتەوەکەمانەوە نەبێت، کە جووتە لەگەڵ بەرژەوەندی وڕەوایی مرۆڤایەتیدا ، بەتەنگ ھیچ شتێکی دیکەوە نایەین و بەتەمای ئەوەش نین سبەی بەعس یان ھیچ داگیرکەرێکی دیکە باڵی ڕەحم و مەرحەمەتمان بەسەردا بکێشێ. تا یەک پۆستاڵی ڕەش لەم نیشتمانەدا مابێت، ئێمە لە جەنگێکی پیرۆزی مان و نەمانداین لەگەڵیاندا و چۆن بۆمان ھەڵکەوێ و لە کوێ بۆمان ھەڵکەوێ - ئەوەندەی بتوانین - دەست ناپارێزین.


ئێمە بەعسایەتی و زایۆنیزم لێک جوودا ناکەینەوە، کوردیش وەک فەلەستینی نیشتمان داگیرکراو و چەوساوەیە. ئەوان چۆن ڕەفتار دەکەن بەرامبەر بە داگیرکەریان، ئێمەش - نەک لەڕووی لاساییکردنەوە، بەڵکو لەڕووی ڕەوابینی ئەو ڕێبازە - ھەمان ڕەفتار لەگەڵ داگیرکەرماندا دەکەین، چونکە بانی شۆڕشگێڕان یەک ھەوایە... کێش بازرگانی پێوە دەکات، خوا بازاڕی بێ شەرمی بدات...
 

١٦\٤\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک