په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠١٢

    پایز.

سمکۆ ئەحمەد

تاڵی پرچی زەردی پایز لە نینۆکی دارچنارە رووتەکان نەبۆتەوە
سمۆرەکان بە چاوی ترساوەوە لە کوێربوونەی توولەرێکان دەڕوانن
ئەو رێگایانەی کە بەهارێک و هاوێنێکە بوونەتە هاوڕێ
رێرەوی نهێنین بۆ گۆڕستانی سەلکە گوێزە خڕەکان
گەڵا نەخۆش و رەنگ زەرەدەکان بۆ یەکەمین جار غیرەت دەیانگرێ
دەست لە بەرۆکی دایکیان بەردەدەن
تا سەمایەک بکەن
لەسەر لەپی دەستی رووبارە هەناسە ساردەکان
یەکەمین و دواهەمین مەلە دەکەن
پایز تووڕەبوونی سروشتە
هەناسەیەکی نەخۆشە
فرمێسکێکی ساردە
کەس ‌هێندەی سمۆرە چاوڕەشە نهێنیگیرەکان
لە سیحری پایز نازانێ
کەس هێندەی ئەوان وشەی
عاشقە رووتەکانی نەخوێندەۆتەوە
لەسەر کەمەر و لەپی دەستی درەختەکان
فەرقمان چی بوو؟
من وشەکانم لە ژێر گەلاکاندا دەشاردەوە
ئەوانیش گوێزەکان
منێش بە چاوی ترسەوە لە کوێربوونەوەی توولەڕێکان دەڕاونم
ترسی من ترسی نەدۆزینەوەی گۆڕستانی گوێزە خڕەکان نەبوو
ترسی من ترسی ونبوونی جێپێکانی ئەو بوو
ئەو جێپێیانەی منیان دەبەستەوە بە بوونەوە
خۆزگە بمتوانیایە تا هاوینی ئایندە
چەترێکم بگرتایە
تا جێپێکانت نەکوژێنەوە
خۆزگە توولەڕێکان نە باران و نە بەفر و نە زستانەکان
کوێری نەدەکردنەوە.


پایزی ٢٠١٢ - لەندەن
ماڵپه‌ڕی سمکۆ ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک