په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٦

  پایز بێ و

  پەنجەرەت بەسەر گۆلی قورینگان بڕوانێ.

نەژاد عەزیز سورمێ

وشە لێوی بریندار کردم
جوانیەکی فێڵاوی... گەچڵاو....
بۆسەی چرا کزەکانی ڕێگا
لە غەریبیدا، دوور لە لێوان
پیاڵەی پڕی لێ ڕژاندم....
بێدەنگیەک
لەشەڕی ناوخۆی گوڵەکانی کەنار
دەزرنگێتەوە.
شەوقی شاربەدەر...
ھەتاوی شەشدەر لێ گیراو،
باڵوێزی ڕووبارە یەکگرتووەکانی بەھەشت
لە مەملەکەتی قورینگان
بڵێسەی ئەشکەوتەکانی سرووش
نھێنی کوژانەوە و ھەڵبوونیان ھێنا...
حکوومەتی عیشقیان دامەزراند...
وەلێ داخ سروودی تەمەن
لەگەڵ تاوە بارانێکدا ڕۆیی..
پەنجەرەی عومر لەدەرەوەی گۆشەکانی سۆز
بەسەر چاوەڕوانی ئەزەلیی نیشتمانەکەمدا دەڕوانێ.

    *    *    *
پایز بێ و پەنجەرەت
بەسەر گۆلی قورینگان بڕوانێ
سۆز و سەنگدڵی پێکەوە دەبینی...
دەتوانی شنەی نەرم بپۆشی
گیرفانت لەشەونم پڕ بکەی..
لەگەڵ خەمەکانت کۆببیەوە
باس لە بارودۆخ و پێشھاتە ھەنووکەییەکان بکەن.
ھەر ئیمێلێکت بوێ
بەگەردنی قورینگانی بنێری..

    *    *    *
وەھمێکی چەند خۆشە
مرۆڤی دڵ ھەلا ھەلا
ھەمو جیھان
لە قەرتاڵەیەکدا کۆبکەیەوە..
شیرەی ھێدمە بوونە...
بەخششی ژاڵە.
لەکەش و ھەوای تاریکستان
لە خۆشەویستیەک دەچێ
ھیچ حکوومەتێک دانی پێدا نانێ
ھیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمان پشتگیری لێ ناکا
ھەمیشە ون
ھەمیشە تەنیا
ھەمیشە بێ وێنە…


تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک