په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٤

پایز و هاوڕێکانم.

شێروان عوسمان   

 

هەموو ساڵێ لەگەل هاتنی پایزدا، لەگەل خەزانی خەزەلی عومردا. جەستەی شەکەتم وەک فانۆسێکی کز دادەگیرسێ، فتیلەی ئازارەکان تا ناو سەرم درێژدەبنەوە، پشکۆی خەمەکانم گەش دەبنەوە. خوێنی مەیوم پەیتا پەیتا دەکوڵێ، سەریشم هێدی هێدی گڕ دەگرێ...


هەموو ساڵێ لەو وەرزەدا، وێڵ دەبم و بە دوای تەرمی بەجێماوی خۆم دەگەڕێم. شوونی ئازارەکان هەڵدەگرم، تا لە پایز دەبم و چوارمێخە لە پایزدەدرێم. دەستێکم لە بزماری سەپتێمبەر دەدرێ، دەستەکەی تریشم لە ئۆکتۆبەر، قاچەکانیشم لە نۆڤەمبەر.


پایز؛ تەقینەوەی گڕکانی ٢٧ ساڵەی ژانی برینەکانمە، هەژانی قوولایی دەریای ناسۆریەکانمە، هەڵچوونی تۆفانی بیرەوەریە تالەکانمە، بەسەر پەڕە پەڕەی ڕۆژمێری گەنجیم. کاتێ لێی دەڕوانم، تاقە پایزێ نادۆزمەوە لە پشت شیشی ژەنگاوی بەندی نەبووبم. زیندان و پەنا دیوارێ نابینم دڵۆپە خوێنی خۆم وهاوڕێکانمی تێدا نەڕژابێ. گەر پایز بۆ هەندێک، هۆنینەوەی شیعری تەڕ و زەرد بێ، هەڵچنینی دیواری زێڕینی ئومێدبەخشی جوانی بێ. ئەوا بۆ ئێمە توانەوە لە پەخشانی پرسەداری ئازیزان بووە، بۆ ئێمە چنینەوەی چوار دیواری تاریکی بەندی ودیلی بووە. لە هەر مانگێکدا، کەنارێکم لێ ڕووخاوە، لە هەر گیرانێکمدا، شەپۆڵێک لە جەستەم هەرەسی هێناوە. خوێنی ڕژاوی من بەسەر پەڕە پەڕەی پایزدا دیارە.


ئەمڕۆ دیسان قەدەری خوێناوی خۆم لە کۆڵ دەکەم، پریاسکەی زامەکانم لە شان دەکەم، بە پێخواسی بەسەر دڕکوداڵی یادەوەریە کۆنەکانم دەڕۆم، بەڕووتی بەناو سەردابە تاریک و وتونێلە پڕ تراژیدیاکانی زیندانی هاوڕێکانم تێدەپەڕم، بەسەر تەلبەندی دراماکانی دوای تەڵەی سەرژمێری دەکەوم. دەڕۆم ئەو گوللانە دەبینم کە نران بەنێوچوانی براکانمان، ئەو هاوارانە دەبیستم، کە کەس نەدەوێرا گوێیان بۆبگرێ. ئەو ڕۆحانە دەدوێنم کەوەک کۆترێکی سپی لەسەر دیوارە چڵکن و تاریکەکان نیشتنەوە. دەڕۆم و دەگریم تا ئاوی چاوم ووشک دەبێ، تا توانەوەی خەیاڵ، تا کوژانەوەی هۆش. تا برین پێیەکانم شەقار شەقار دەکا، تا هەموو خوێنی ئەو مەراقەم لێدەچۆڕێ. بە دیار گلکۆی ئازیزانم دادەنیشم، ڵێدەگەڕێم خوێن لە چاوانم جۆگەلە بکا، لێدەگەڕێم خوێن لە سەری پەنجەکانم فیچقە بکا، تا جەستەم پاکدەبێتەوە لەو زوقمی خوێنە ڕەشە، تا گیانم خاڵی دەبێتەوە لەو ژەهری تەنیاییە.


من ئەمڕۆ لە هەموو کەس تازیەبارترم، بێچارەو دڵ بە ژان لە هەرساتێک بێئۆقرەترم...خانە نووستوەکانی یادو بیرەوەریم دڕو هار بوون، ئارام و هۆشیان لێبردووم. دەڕوانم زەبری ئێشەکانم بۆ لەیەک جیا ناکرێنەوە...سەرم بە دووربینی بیرەوەریەکانم دەنێم خوێنی پەنجەکانم بۆ لێک ناکرێنەوە...وەک ئەسپێ لەناو قوڕو لیتاو چەقیبێ، وەک شاخێ گڕکانی خەم دڵی سمی بێ. چۆک دانادەم تەکان ئەدەم بە پێوە بوەستم، دەوەستم دوور ئەڕوانم...بە نیگایەک، بریسکەی گەشی چاوی هەموو ئازیزان دەبینم...ئەو ئازیزانەی بە تولە ڕێیەک سەرکەوتین، لە نیوەی ڕێگا بە تەنیا لەگەڵ فرمێسک و خەم و سووتان بەجێیان هێشتین...باڵی پەپولەکان دەبینم وەک گەڵا هەڵدەوەرێن. ڕۆحە جوانەکانی شارەکەم دەبینم بە ئاسماندا سەمادەکەن. بە دوای بایەک دەگەڕێن پەیامی خۆیانی پێبنێرن، بە دوای کوچەیەک دەگەڕێن چیرۆکی خۆیانمان لەسەر بنووسن. "شەهید فاخیر" دەبینم لە بەردەم مالیان کەوتووە، دەستێکی لەسەر برینەکانیەتی، دەستەکەی تری بە خەندەیەک لە ملی ئاسۆ کردووە... دۆڵی هیران بە تووڕەیی بانگم دەکا، "تەحسین کاوانی" یێک، ١٦ساڵ بە چەکێکی ژەنگاوی بەرگریم لێبکا، ڕەوایە ئێستا تۆپی داگیرکەرانی تورک لە باوەشی من لەت لەتیکا...


"با" پێم دەڵێ: تا ئێستا هیچکەس لەمن خێراتر هەڵی نەکردووە، ئەوە چ پڵنگێک بوو "شەهید کاروان"ەکەی تۆ، وا تیژ لە سندووقی سەیارەی فاشیەکان خۆی فڕێدا. هاواری "محەمەد قادر" ڕامەچلەکێنێ، بەرەو زیندان رامدەکێشێ.. لووتکەی وورەی "سەفەر" م نیشاندەدا، بە دوو دەستی گۆجکراو و پێیەکی پڕ لە برینەوە، بەڵگەی فاشیەکان بە درۆ دەخاتەوە، حاشا لە لیستی ٦٠ ناوی ڕێکخستن دەکا، کە بەدەستیەوە گیرا.


نازانم تەماشای کامیان بکەم. لەولا "شەهید کارزان" بە پەلە سلاو دەکا ، سەرقافلەی هێنانەوەی ئێسک وپروسکی ٢٣ شەهیدەکانم دەکا...خوێنی "سەفین و سابیر کوردستانی و هیوا" بانگم دەکا، دڕندەیی ئەشکەنجەی جەلادەکانم نیشاندەدا. غەدری چوار کوڕەکەی "حاجی وسو" ستەمی فاشیەکان بەیان دەکا، چ کارەساتێکە، تیرەیەک لە شیرەخۆرو مەمکەمژ و زارۆک بێ باوک لە سەحرای نەبوونی بەرەڵابکا..."حەمیدی وەستا خدر" بەفیزەوە گاڵتە بە ترسنۆکیان دەکا، هەر بەتەنیا وبێچەک سوپایەکی دەوری پارێزگاری زراو تۆقی کرد، کەچی ئەوان بە فەوجێکی قین لە دڵ زمانی قفڵدراوی شۆڕەسوارێکیان پێناکرێتەوە...


"نەریمان و فەلاح وەلی" بەهەموو گێتی ڕادەگەینن کە یاسای ستەمکاران درۆیە. گیانێک چۆن گوللەباران دەکرێ، کە هێشتا گوناحی نەناسیبێ. کۆنترین مامۆستا چۆن ئازار دەدرێ، کە شارێکی فێرە خوێندن کردبێ. دکتۆرێ چۆن ڕەزیل دەکرێ، کە میللەتێکی تیمارکردبێ. سەربازێ چۆن بەرشەق دەدرێ، بەرگری لە شەرەفی تۆ کردبێ...


ئەی شارەکەم! هەرچەند دەمەوێ بە حیشمەت دانیشم، بە بێدەنگی تەماشای جوانی هاوینەهەوارەکەت بکەم، سەرپۆشی ڕزیوی ئازارەکانت هەڵنەدەمەوە. بەڵام ناتوانم..کێ هەیە ئەو هەموو دەلاقەیەی لە دەروونی کرابێ، ئەو هەموو خوێنەی جوامێرانی ڕژابێ، لە هەر ڕاپەڕینێ پێشەنگ بووبێ، لە هەر حەملەی بەکۆمەڵگیرانێ سەرلیست بووبێ، ئێستا ئاوا بێخزمەت و هەژار و بێکەس بێ..نەوەکانیشی تەنیا لە حەوزی لەزەت مەلەبکەن ئاگایان لە هیچ نەبێ...بێدەنگی شار، شار دەکوژێ، بێوەفایی و بەحورمەت ڕانەگرتنی خوێنی قوربانیەکان، جارێکی تر جەرگی دایک وخوشکانمان دەسووتێنێ..ڕۆحی شەهیدانمان لە نۆژەن لەناو ئازار دەخنکێنێ...


کەنەدا - تشرینی دووەمی ٢٠١٤
sherwanosman@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک