١٥ی ئابی ١٩٩٤ ؛ ئه‌و ڕۆژه‌یه (ئه‌مڕۆ)ی تێدا له‌دایکبوو.
دیار عه‌زیز
١٥ی ئابی ١٩٩٤ ئه‌و ڕۆژه بوو که کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی خه‌مخۆری ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ڕۆژنامه‌ی ئازاد و بێلایه‌ن دوور له چاوی یاساوڵه‌کانی هه‌رێم سه‌ریان به سه‌ری یه‌که‌وه نابوو و بیرۆکه‌ی به‌رنامه‌یه‌کیان داده‌ڕشت، ئه‌ویش دانانی یه‌که‌م به‌ردی بناغه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بێلایه‌ن و ئازاد بوو له‌و بارودۆخه‌ی که ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی تییکه‌وتبوو .
له ڕۆژێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا و له چرقه‌ی گه‌رمایی هاوینی پیره هه‌ولێردا ده‌سته‌یه‌ک لاوی خوین گه‌رم، که له چاو ته‌مه‌نیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به ئه‌زموون و له خۆبوردوو بوون.. سه‌ره‌ڕای قاتوقڕیی و برسیه‌تیی و نه‌داریی و شه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ناوخۆ و ده‌سه‌ڵاتی قه‌ره‌قۆشیانه‌ی پارته زلهێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و دوور له چاوی سانسۆر و هه‌راجخانه‌کانی ده‌رباره‌کان.. مقۆمقۆی داکوتانی یه‌که‌م بزمار بوون بۆ دانانی یه‌که‌م تابلۆی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بێلایه‌ن و ئازاد.
له نێوه‌ڕاستی مانگی هه‌شت پۆڵێک خورتی خورت که خاراوی نێو خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ی شاخ بوون و بڕیاریاندا قۆناغێکی دیکه‌ی خه‌بات ده‌ست پێ بکه‌ن ئه‌ویش گواستنه‌وه‌ی خه‌باتی پێشمه‌رگانه و گۆڕینی فه‌رهه‌نگی شاخ بۆ شێوه خه‌باتێکی دیکه وه‌ک هێزێکی به‌رهه‌ڵستکار و کاریگه‌ری دروستکه‌ر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای کوردستان له ڕێگه‌ی ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌یه‌کی بێلایه‌ن و ئازاد و دروستکردنی سه‌کۆیه‌کی ئازاد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌نگه جوانه‌کان ده‌ربڕی ڕاو ڕای ئه‌ویدی بن، دیاره ئازاد به واتا لیبراڵییه‌که‌ی( به‌ره‌ڵڵایی و بێ‌سه‌روبه‌ریی)و یه‌کدی قه‌بووڵ‌نه‌کردن نا به‌لکو به واتای پڕاوپڕ ئازاد و بێلایه‌ن له بیرکردنه‌وه و ده‌ربڕین و ئه‌فراندندا، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هه‌بوونی (هێڵێکی سۆر) بۆ به‌پیرۆزڕاگرتنی به‌ها مرۆییه‌کان، له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئه‌و پۆله تۆلازه له هیچ هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و چاوسۆرکردنه‌وه‌یه‌ک نه‌پرینگانه‌وه و بێباکانه قۆڵی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییان لێهه‌ڵماڵی و چه‌ند ژماره‌یه‌کیان به ناوی ڕۆژنامه‌ی (ئه‌مڕۆ) ده‌رکرد که به‌ڕاستی نۆبه‌ره‌یه‌کی چاوگه‌ش و جوانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و بێلایه‌ن بوو.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هێزه کۆنه‌پارێز و دژ به ئازادییه‌کان هه‌ر زوو که‌وتنه‌خۆ و جگه له داخستنی رۆژنامه‌که به چه‌ندین شێوه مه‌ترسییان خسته سه‌ر ژیانی کارمه‌نده‌کانیشی، دیاره لێره‌دا زۆر جێگای ئه‌وه نییه باسی هۆی وه‌ستانی بکه‌ین به‌ڵام وه‌ک ده‌زاندرێ پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان چاویان پێیهه‌لنه‌هات و جوانه‌مه‌رگیان کرد. به‌دوای ئه‌وه‌شدا لایه‌نێکی ده‌سه‌ڵات بۆ چه‌واشه‌کردنی خوێنه‌ران و پیسکردنی ناوی رۆژنامه‌که به حوکمی هێز و پاره هه‌ستان به ده‌رکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌ک به هه‌مان ناوی (ئه‌مڕۆ) به‌ڵام به نێوه‌رۆکێکی ته‌واو جیاواز و ته‌واو دژ به ئازادیی.. له‌گه‌ڵ خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و هه‌موو توانا مادیی و چاوسۆرکردنه‌وه‌یاندا نه‌یانتوانی ناوی گه‌شی ئه‌مڕۆ له‌که‌دار بکه‌ن و مێژووه‌که‌ی بشێوێنن، هه‌ربۆیه خوێنه‌رانی تێنووی ئازادیی زوو هه‌ستیانپێکرد و مێژووی پڕشنگدار و راسته‌قینه‌ی(ئه‌مڕۆ)یان له‌سه‌ر دڵی خۆیان نووسیه‌وه.
ئیدی رۆژان هات و رۆژان رۆی، ئه‌و پۆڵه ئازادیخوازه به خۆڕاگریی خۆیان ملکه‌چی فرمانه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌بوون و به ده‌رکردنی چه‌ند نامیلکه‌یه‌ک و نووسینی بابه‌تی جۆراوجۆر له‌و گۆشه و ستوونانه‌ی که ده‌سه‌ڵات ده‌بووایه به ناچاریی ده‌رفه‌تیان پێ‌بدا درێژه‌یان به خه‌باتی رۆژنامه‌گه‌ریی خۆیان دا تا دوای سێزده ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی (ئه‌مڕۆ)دا له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٠٧ جارێکی دی( ئه‌مڕۆ) له تاراوگه‌وه و به شێوه‌ی ڕۆژنامه‌ی سه‌ر ئه‌نته‌رنێت واته ماڵپه‌ڕی(ئه‌مڕۆ) گیانی به‌به‌ردا گه‌ڕایه‌وه.
ئێمه لێره‌وه له تاراوگه‌وه پیرۆزبایی له هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسانه ده‌که‌ین که له ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره‌ی (ئه‌مڕۆ)دا ماندوو بوون و شه‌و شه‌ونخوونیان دیت و گۆڕه‌پانی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردیان رۆشن کرده‌وه، ئێمه ده‌ستی ماندوو نه‌بوونییان به گه‌رمی ده‌گوشین.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشانه له یه‌ک به یه‌کی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ماڵپه‌ڕی(ئه‌مڕۆ) و تێکرای تێکۆشه‌رانی ئازادیی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد - له‌هه‌ر که‌ناڵ شوێنێک که هه‌ن - ده‌که‌ین.
١٥ی ئابی ٢٠٠٩ sangaraziz@yahoo.co.uk
|