په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٤\٢٠١٤

پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا دامەزرا.

جەلال محەمەد      


لە ڕۆژانی "٣ و ٤ و ٥"ی نیسانی ٢٠١٤ و لە ژێر گوشاری مەسعود بارزانی‌دا چوار حیزب بە ناوەکانی: پارتی دیموکراتی کوردی سوریا "الپارتی" (بە سەرۆکایەتی عەبدولحەکیم بەشار) - پارتی ئازادی کوردی سوریا (بە سەرۆکایەتی مستەفا جومعە) - پارتی ئازادی کوردی سوریا (بە سەرۆکایەتی مستەفا ئۆسێ) - یەکێتی کوردستانی (بە سەرۆکایەتی ئیبراھیم برۆ) یەکیان گرت بۆ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا. بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=14011&niviskar=548&cure=3&kijan

 

لە ڕابردوودا "الپارتی" بریتی بوو لە باڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و سێ پارتەکەی دیکەش دوژمن بە الپارتی و مووچەخۆری بارزانیش بوون. ھۆی کۆکردنەوەی ئەم چوار حیزبە لە چوارچێوەی یەک حیزبدا بۆ خزمەتی دۆزی کورد نییە لە ڕۆژئاوادا بەڵکو بۆ ئەوەیە تاکو ببنە ھێزێک لە بەرامبەر پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە"دا ، تاکو بەو یەکگرتنەیان ھەم ببنە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنەکانی ئەو حیزبە و ھەم ببنە ڕێگریش لەبەردەم سەقامگیری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا.


تا چەند ئەم پیلانەی مەسعود بارزانی سەرکەوتوو دەبێت جێگەی ئەم باسە نییە ، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژی ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی. بەڵام ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە پەیوەستە بە ژیانی بەرپرسانی ھەردوو پارتی ئازادی و یەکێتی کوردستانیەوە. چونکە من لەو باوەڕەدا نیم سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕێگە بەوە بدات لە نێو باڵەکەی خۆیدا کەسانێک ھەبن کە خاوەنی کوتلەی خۆیان و تەنانەت خاوەنی کەسایەتی خۆیشیان بن.


بۆ نموونە: لە ساڵی ١٩٩٣دا یەکگرتنێک لە باشووری کوردستان ڕوویدا لە نێوان چوار حیزب کە بریتی بوون لە: پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (بارزانی) - حیزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسک) - پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) - پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان (پارتی گەل)، لە ئەنجامی ئەم یەکگرتنەدا پارتی تازە بەرهەم ھاتوو ناوی لێنرا "پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو" و مەسعود بارزانیش بوویە سەرۆکی.


ئەم حیزبە تازە پێکھاتووە لە زۆر بارەوە ببوویە ژانە سەر بۆ بارزانی، چونکە لە لایەکەوە بەرپرسانی ھەر سێ حیزبی (حسک و پاسۆک و پارتی گەل) خاوەنی پێگە و کوتلەی خۆیان بوون لە نێو حیزبی تازە پێکھاتوودا بە تایبەت (سامی عەبدولڕەحمان و سەعد عەبدوڵا)، لە لایەکی دیکەشەوە ھەم ناوی یەکگرتوو ببوویە بەڵایەک بۆ پارتیەکان و ھەم بەرواری دامەزراندنی پارتیش کەوتبوویە ژێر پرسیارەوە.


کات ھات و چوو، تا لە ڕۆژی جەژندا تەواوی بەرپرسە کاریگەرەکانی پارتی گەل و (ھەردوو سۆسیالیست) لە وێنەی سامی عەبدولڕەحمان و سەعد عەبدوڵا بۆ جەژنە پیرۆزە کۆکرانەوە و بە قودرەتی قادر تیرۆریستێک خۆی گەیاندە ناویان و سەرجەمیانی کوشت بە بێ ئەوەی لەو تەقینەوەیەدا تەنھا یەک کەس لە پارتەکەی بارزانی برینداریش بوبێت.


پاش کۆمەڵکوژی ئەم بەرپرسە کاریگەرانە، بە فەرمانی بارزانی چەند کەسێک لە خانەوادەی کوژراوەکان بەرپرسیارێتی ڕۆتینیان پێدرا کە لە ژیانیاندا نەیان زانیبوو سیاسەت چییە، وەک کردنی بەیانی کچی سامی عەبدولڕەحمان بە نوێنەری بارزانی لە بەریتانیا و دانانی چناری کچی سەعد عەبدوڵاش بە وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان.


پاش ئەم کۆمەڵکوژیە ھەم بارزانی ڕزگاری بوو لە کەسانێک کە خاوەنی کوتلە و بیری جیاوازبن لە نێو حیزبەکەیدا و ھەم پارتیەکانیش ڕزگاریان بوو لە پاشناوی "یەکگرتوو" و ھەم ڕۆژی دامەزراندنی پارتیشیان وەک سەردەمی پێش یەکگرتنەکەیان لێکردەوە، واتە (ھەم ناوی پارتە نوێیەکە بوویەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ھەم ڕۆژی دامەزراندنی پارتەکەش ھەمان ڕێچکەی ١٦ی ئابی گرتەوە بەر). لە ھەمان کاتدا لە جێگەی بەرپرسە تیاچووەکانی (ھەردوو سۆسیالیست) و پارتی گەل کەسانێک دانران کە زۆربەیان بریتی بوون لە کەسە نزیکەکانی بارزانی و چەند کەسێکی دیکەشیان تەواو کۆیلە و غوڵام بوون بۆ بنەماڵە.


لە نێو ئەم پارتە تازە دامەزراوەشدا (پارتی دیموکراتی کوردساتانی سوریا)، بەرپرسەکانی ھەردوو پارتی ئازادی و یەکێتی کوردستانی خاوەنی کوتلەی خۆیانن جیاواز لە باڵەکەی بارزانی. ئایا دەبێت چارەنووسی ئەم بەرپرسانەش ھاوشێوەی چارەنووسی بەرپرسە کاریگەرەکانی "ھەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەلی ڕابردوو بێت؟؟؟


وەڵامی ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە بۆ دوا ڕۆژ. چونکە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە خاوەنی کۆمەڵێک بەرپرسی بازرگان و کۆمەڵە چەکدارێکی مێگەلن، کە بەرپرسەکانیان باش دەزانن بازرگانی بە چەکدارە مێگەلەکەیانەوە بکەن و زۆرترین خەرجی بۆیان وشەی "جیھادە" و دەسکەوتەکەشی ئەو پەترۆدۆلارەیە کە لە ئەنجامی پێکھاتنی بازرگانەکانی ئەلقاعدە و سەرکردەی پارت و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان وەریدەگرن بۆ کوشتنی نەیارەکانی خۆیان لە نێو حیزب و دەوڵەتەکاندا، ھەرچی چەکدارە مێگەلەکەشە کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکھاتوون خاوەنی ھیچ بیرکردنەوەیەک نین تەنھا خەیاڵی ئەو بەھەشتە نەبێت کە لە ژیانیاندا نایبینن، واتە ئەم چەکدارە مێگەلانە چاوەڕوانی فتوای بەرپرسە بازرگانەکانیان دەکەن بۆ خۆ تەقاندنەوە، بەرپرسەکانیشیان لە چاوەڕوانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدان تاکو بکەونە مامەلەکردن بۆ زیاتر گیرفان پڕکردن بە خوێنی ئەو مێگەلانەی کە مشتیان لە بەھەشت خۆش کردووە.


لێرەدا دوو پرسیار دەکەم بۆ دواڕۆژ:


١- بۆ کوشتنی بەرپرسەکانی "ھەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەل، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە درێژکرا بە بێ ئەوەی باس لە ئاڵووێڵی نێوان بازرگانەکانی خوێن بکرێت، ئەی ئەگەر ڕووداوێکی ھاوشێوە بەرپرسەکانی "ھەردوو پارتی ئازادی" و یەکێتی کوردستانی گرتەوە، دەبێت ڕاستەوخۆ پەنجەی تاوان بۆ ھەمان ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە درێژ بکرێت یاخود وەک تەقینەوەکەی بازاڕی زاخۆ پارتێکی کوردی پێ تاوانبار دەکرێت؟


٢- بە کوشتنی بەرپرسەکانی "ھەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەل مەسەلەکە دیزەبەدەرخۆنە کرا بە ھێنانەپێشەوەی چەند کەسێکی سیاسەت نەزان لە خانەوادەی کوژراوەکان، ئەی ئەگەر ڕووداوێکی وەھا لەم پارتە تازە دامەزراوەدا ڕوویدا مەسەلەکە چۆن دیزەبەدەرخۆنە دەکرێت؟


تێبینی:
لە پارتی تازە دامەزراودا (پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا) جێگە بە ھیچ ژنێک نەدراوە، لە کاتێکدا کە دەنگی چەند ژنێکی کاندیدکراو زیاتر بووە لە دەنگی زۆربەی ئەو پیاوە کاندیدکراوانەی کە بوونەتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی. کە بە باوەڕی من لەوانەیە لە پیلاندا بێت کە کەسە خاوەن پێگەکانی ئەم حیزبە تازە دامەزراوە لەناوبەرن و جێگەکانیان بە کچەکانیان پڕ بکەنەوە بۆ شوێنبزرکردنی ڕووداوێکی لەو جۆرە. بڕوانە ئەم دوو لینکەی خوارەوە:
http://www.aranews.org/ar/report/2752-%D9%86%D8%A7%D8%B4%D8%B7%D8%A7%D8%AA-%D9%8A%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%81%D9%86-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A8%D8%B9%D8%A7%D8%AF-%D8%A7%D9%85%D8%B1%D8%A3%D8%A9-%D9%85%D9%86-%D9%82%D9%8A%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%85%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B7%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%8A-%D8%B3%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7.html

http://www.kobanikurd.com/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D8%AA%D9%85-%D8%AD%D8%B1%D9%85%D8%A7%D9%86-%D9%86%D8%AC%D8%A7%D8%AD-%D8%A7%D9%81%D9%86%D8%AF%D9%8A-%D9%85%D9%86-%D9%85%D9%86%D8%B5%D8%A8%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84/

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک